$سەرەقەڵەمێ لەسەر کوردەجێ$
نووسیین: #بەختیار مام حەمید#
کوردەجێ یان کوردانجێ یان کوردمانجێ یان کوڕمانجێ یان کوڕمانج، ناوی دێرینترین وڵات و کەڤناراترین ئاخ و جێی جێهانە، کە هۆزە دێرینەکانی کورد لە زینجیرەچیاکانی #زاگرۆس# و #تۆرۆس# (زاگڕۆژ و تۆڕۆژ)ەوە، هێدی هێدی دابەزینەخوارەوە و ئاوەدانیان کردەوە و پڕیان کرد لە جموجوڵ و ئاڵوواڵایی مرۆڤ، و کردیانە جێی یەکەم بیرکردنەوەی قووڵ و یەکەم گومانی مەبەستدار و یەکەم پرسیاری ڕیشەیی و یەکەم جوڵەی مرۆڤی ژیر و سەرزەمینی یەکەم بەرزەگاڤی دۆزینەوەی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی نووسین و وار و وڵاتی پژانی زمان و زوانی مرۆڤی بیرکەرەوەی ئەوکات کە باوداپیرانی کوردەکان بوون.
کوردەجێ لانکەی جموجوڵی مرۆڤە ژیرە بیرکەرەوە سەرەتاییەکانی مێژووە.
کوردەجێ، خاک و وڵاتی بەڕەنج و زەحمەت ئاودێرکراوی ژن و پیاوی کوردی دێرینی قووڵایی مێژووە.
کوردەجێ سەرزەمینی یەکەم پژانی زمان و دەنگ و ئاواز و هێما و پیت و نووسینەکانە.
کوردەجێ ئاوس بوو بە پرسیاری ڕیشەیی (چی بکەین بۆ ئەوەی لە سروشتا سروشتییانە بمێنینەوە؟) و لەدایکبوونی وەڵامی (کشتوکاڵ و کێڵتەڕ(کەلتور) چارەسەرە و ڕێچارەیە.
کوردەجێ، وڵاتی کۆت و نهێنییەکانی مێژووی مرۆڤ بە گشتیی و مرۆڤی ژیرە بەتایبەتی.
کوردەجێ، وڵاتی گرێ و گۆڵ و سەرەتاڵ و سەرەداوە ئاڵۆز و پڕ نهێنییەکانی، زمانی مرۆڤ و هێما و ئاماژە مانادارەکانی ناو زمانە.
هەربۆیە بەلاتانەوە سەیر و خوڕافە هەڵیتوپەڵیت نەبێت کە بێژم: تەواوی جێهان و مرۆڤایەتیی بۆ تێگەیشتنی ورد و مانادار لە مرۆڤ و مێژووی مرۆڤ و مرۆڤی ژیری سەرەتایی و بابەتەکانی پژانی زمان و پرسیارە ڕیشەییە ژیارییەکان، پێویستیان هەم بە خاکی کوردەجێیە (کە ئێستا بە هەڵە و بۆ بچوککرنەوە ناونراوە کوردستان) و هەم بەخەڵکی کوردەجێیە کە کوردەکانن و هەم بە زمانی ئاخێوەرانی کوردەجێیە کە هەموو شێوەزار و شێوەگۆ و بنزارەکانی ناو زمانی گرنگ و ماناداری زمانی کوردیی ئەکات.
ئەمە ڕێی درێژ کورتکردنەوەیە بۆ مرۆڤگەلێکی دڵسۆز و شارەزا و خەمخۆر کە گەرەکیانبێت ورد و باش لە مرۆڤ و ئاڵۆزیی و نهێنییەکانی پێشینەی مرۆڤ تێبگەن، ئەمە دڵسۆزیی ئێمەی کوردە بۆ جێهان و سروشت و مرۆڤایەتیی کاتێک یەژین: هەموو کۆت(کۆد)ە ئاڵوسکاوەکانی مێژوو، لە زمانی کوردییایە و پێویستی بە هەوڵ و هۆڵ و وردبوونەوە و دەرفەت بۆ تەرخانکردن و گەڕیان و کنە و منەی دڵسۆزانەیە و هیچ دوور نیە کە واچە و واژە و پەیڤ و وشەگەلی سادەی زمانی کوردی یەک جێهان کێشەی قووڵی ئێستای پێچارەسەر بکرێت.
کوردەجێ واتە جێ و جا و جە و گای کوردەکان، واتە وار و ئاخ و خاک و وەڵات و سەرزەمینی دێرینی کوردەیل.
هەریەک لە وڵاتەکانی کوردستان، تورکیا، ئێران، سوریا، ئەرمەنستان، ئازەربایجان، بەلوچستان، ئێراق، خۆراسان(ئەفغانستان) و تاد.. بەشێکن لە خاک و ئاخی کوردەجێ و جێی بەمەینەت ئاوەدانکراوەی باوداپیرە دێرینەکانی ئێمەی کوردە لە ناو هۆزەکانی میتانی، هۆری، کاسی، سۆباری، هیتی، ئیلامی، گۆتی، کورتی، ئۆرارتۆ و سۆمەریی(کە ڕەنگە بەشێکیان بن)، لۆلۆبی، کالدی، مانایی، مێدیا، پێشدادی، کەییانی، ساسانی، و تاد.
جێ= شوێن و وار و وەڵات.
قەڵەم=قەڕەم.
کوڕ=چیا و بە کوردەکان وتراوە کوڕدا واتە چیایی و خەڵکی چیا.
کەلتور=کێڵتەڕ و تەڕەکاڵ و قوڕەکێڵ و کاڵان و کێڵانی تەڕپاڕاو.
کۆت=کۆد و گرێ و بەستە.
زاگرۆس=زاگ ڕۆژ، واتە شوێنی لەدایکبوونی ڕۆژ و هەڵهاتنی ڕۆژ.
تۆرۆس=تۆ ڕۆژ، واتە ڕۆژی تۆ، ئەها ئەڵێ ڕۆژ ڕۆژی تۆیە و هات و خۆشییتە.
خۆراسان= خۆرهاسان و خۆرهەڵسان و خۆرهەڵات، کە خۆراسان خۆرهەڵاتی وڵاتی کوردەجێیە.
لە هەڵە و کەموکورتییەکانم مەبوورن، بەڵکو بۆم ڕاست و دروست بکەنەوە، بەمە هەم من قازانج ئەکەم و هەم خەڵکیش زەرەر ناکەن.
[1]