جارێکی تر کوردستان سەلماندی لانکەی شارستانییەتە.
یەکێک لە ناوچە شوێنەوارییە هەرە گرنگەکانی باکووری کوردستان، ناوچەی شوێنەواریی (کۆتێ بەرچەم)ە. دۆزینەوەی ئەم ناوچە شوێنەوارییە سەلماندوویەتی کە کوردستان وڵاتی دەستپێکردنی ژیان، کشتوکاڵ، شارستانیەتی و ئایینە.
کۆتێ بەرچەم بە دووریی حەوت کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای ناوچەی (ئەرکانی) لە ئامەد و لە ساڵی 1963 لەلایەن شوێنەوارناسەکانەوە دۆزراوەتەوە. لە ساڵی 1964 یەکەم هەڵکۆڵینی زانستیی شوێنەواریی تێدا کراوە و بەپێی دەستکەوتە شوێنەوارییەکان ڕوون بووەتەوە کە ئەم ناوچەیە سەرەتای کاری کشتوکاڵی و ماڵیکردنی ئاژەڵە کێوییەکان بووە، بەڵگەش بۆ ئەم بابەتە دۆزینەوەی شوێنەواری دانەوێڵەی وەک گەنم و جۆ و برنجی چەندین هەزار ساڵەیە کە لەم ناوچەیە چێندراوە. ئێستاش برنجی ناوچەی کۆتێ بەرچەم لە بەناوبانگترین برنجە کوردییەکانە
بەپێی دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی ناو ئەم ناوچە شوێنەوارییە، مەزەندە دەکرێت، مێژووی نیشتەجێبوون و ژیان بۆ نزیکەی 10 هەزار و 750 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لەو سەردەمە، ڕێژەی دانیشتووانی کۆتێ بەرچەم، نزیکەی 600 کەس بووە و لە ڕووی بیناسازی، ئاژەڵداری و ژیانی کۆمەڵایەتییەوە شوێنێکی پێشکەوتوو بووە.
توێژینەوەکانی زانستی زەویناسی لەم ناوچەیەدا باس لەوە دەکەن کە مێژووی ژیانی کۆمەڵایەتی و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەم ناوچەیە زۆر کۆنە و دەکرێ لێرەوە ژیان و پیشە سەرەتاییەکان دەستی پێ کردبێت. پاشماوەی باڵەخانە شوێنەوارییەکان دەرخەری ئەوەن کە یەکەمین سیستمی ئاودێری لە کۆتێ بەرچەم دەستی پێ کردووە.
سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئایینی، ئەم ناوچەیە بە ناوچە سەرەتاییەکانی دەستپێکردنی ژیان بە شێوازی کۆمەڵایەتی دادەنرێت و پەرستنی خواوەندی دایک نیشانەی ڕێز و خۆشەویستیی تایبەتی ئەم ناوچەیە بۆ ئافرەتە. هەر لە نزیکی کۆتێ بەرچەم، ئەشکەوتێکی شوێنەواری دۆزراوەتەوە کە دیارە ژیانی گوندنشینی لە پاش بەجێهێشتنی ئەم ئەشکەوتەوە بووە.
بە گوێرەی توێژینەوەکان، ئەشکەوتی هیلار وەک یەکەم شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئەم ناوچەیە تۆمار دەکرێت، بەڵام پاش دەستپێکردنی قۆناغی نیشتەجێبوون لە پێدەشتەکان، خەڵک بەرە بەرە، بەرەو خوارەوەی ئەشکەوتەکە هاتوون و تەنانەت بۆ دروستکردنی خانوو و باڵەخانەکانیان سوودیان لە بەردەکانی ناو ئەشکەوتەکە وەرگرتووە و زۆربەی بەردە بەکارهاتووەکانی ناو باڵەخانەکانی ئەم گوندە لەو ئەشکەوتەوە هێنراون.
پاش تێپەڕینی کات و دۆزینەوەی شێوازە تازەکانی ڕێکخستنی ژیان، ئەم ئەشکەوتە وەک شوێنێک بۆ کردنەوەی ئاگر بەکار هاتووە، لەگەڵ فێربوونی شێوازی دروستکردنی تەندووری ماڵان، ئەشکەوتەکە وەک گۆڕستان بەکار هاتووە. پاش تێپەڕینی کات و دۆزینەوەی زیاتر بۆ ئاسوودەکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی، بەردەکانی ناو ئەشکەوتەکە بە مەبەستی کێلی گۆڕ بەکار هاتوون.[1]