دەقه مێخییەکەی پشدەر
ئەم نامە بزماریە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 2725 ساڵ بەر لە ئێستا و 113 ساڵ پێش ڕووخانی (ئیمپراتۆریەتی ئاشووری) لەسەر دەستی (میدیەکان) لە ساڵی 612 پ.ز. نامەکە لە (قەڵاتی دینکە) ی گوندی نورەدینی ناوچەی پشدەر لە ساڵی 2012 لەلایەن هاووڵاتیەک دەدۆزرێتەوە کە نەیویست ئاماژە بە ناوی بکەین و لە 16/2/2015 لە شاری قەڵادزێ پێشکەش بە بەندە (مەلا سمایل نورەدینی) دەکات، منیش پیشانی پرۆفیسیۆر Karen Radner ی نەمسایی مامۆستا لە زانکۆی (میونخ) ی ئەڵمانیا دا، کە توانی نامە بزماریەکە بخوێنێتەوە و بڕیاریشیدا بۆماوەی 5 ساڵ کاری کنە و پشکینین بۆ ئەم قەڵاتە ئەنجام بدات لە ڕێگەی (بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی و ڕاپەڕین) ، دیارە ئێمە لە ڕووی یاساییەوە نامەکەمان ڕادەستی مۆزەخانەی سلێمانی کرد، مۆزەخانەی سلێمانیش وەکوو پاداشت 150 هەزار دیناری پاداشتی من کرد و منیش تەواوی بڕەپارەکەم بەخشی بەو کەسەی کە نامە بزماریەکەی دۆزیبۆوە و پێشکەشی منی کردبوو، پێشتریش ساڵی 2013 تیمێکی شوێنەوارناسی فەڕەنسی بەسەرۆکایەتی دکتۆرە jessica giraud کاری ڕووپێوی بۆ ئەنجام داوە.
ئامادەکردنی مەلا سمایل نورەدینی.
ناوەرۆکی بەڵگەنامە بزماریەکەی قەڵاتی دینکەی گوندی نورەدینی ناوچەی پشدەر کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (2740) ساڵ بەر لە ئێستا و لەلایەن پرۆفیسیۆر (Karen Radner) ی نەمسایی و مامۆستا لە زانکۆی (میونخ) ی ئەڵمانیا وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و لە توێژینەوەیەکدا بڵاوی کردۆتەوە:
هەرچەندە نیوەی بەڵگەکە فەوتاوە بەڵام ئەوەی کە ماوە باس لە ڕێککەوتنێکی کڕین و فرۆشتن دەکات، کە ئەویش فرۆشتنی کۆیلەیەکی ژنە بە ناوی (کابلا) لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی (هازە) بە (14) کیلۆ مس بە کەسێکی تر بە ناوی (ئوردی) کە ئەویش خزمەتکار و پیاوی کەسێکی تر بووە بە ناوی (ئیزاردوری) . لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە مامەڵەکە تەواو بووە بەشێوەیەک کە ژنەکە تسلیم کراوە و پارەکەش دراوە. وە ئاماژە بە دوو شاهید کراوە یەکێکیان بە ناوی (نینوایو) و ئەوەی تریان بەناوی (هاروازو) کە ناونیشانەکەی بە خزمەتکاری کۆشک نوسراوە. لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بە ڕۆژی مامەڵەکە نەکراوە بەڵام مانگ و ساڵەکەی دیاری کراوە کە دەگەڕیتەوە بۆ (725) ساڵ پێش زایین.
پڕۆفیسۆر ڕادنەر لە توێژینەوەکەیدا باس لەوە دەکات کە گشت ناوەکان ناوی ئاشوری بوون کە بەگوێرەی بەڵگەنامەکان زۆر باو بوون لەو سەردەمەدا. هەروەها ئاماژە بەوە دەدا کە (مس) پارەیەکی بەنرخ بووە لەو سەردەمەدا کە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی ئاشووری بووە. سەبارەت بەنرخی کۆیلە لەو سەردەمدا، پڕۆفیسۆر ڕادنەر ئاماژە بە چەند بەڵگەیەکی کڕین و فرۆشتنی کۆیلە دەدات کە نرخەکانیان نزیکی ئەو کۆیلەیەی ناو ئەو بەڵگەنامەیەیە.
[1]