مرۆڤ بوونمان لەنێوان بەرداشی ژن سالاری و پیاو سالاریدا
#شەماڵ بارەوانی#
سەرەتا بۆ ئەوەی ژنەفێمێنیستەکان تاوانبارم نەکەن بەوەی منیش هەمان شێوەی نێرسالارەکان بیردەکەمەوە، نزم لەژن و ئازادی و ئازارکانی ژنەوە، دەڕوانم و تێڕوانینێکی پاتریارکیانەو نێگەتیڤم بۆ ژن و کریزی ژن هەیه، نەخێر، هەرگیز، من لەمێژە بەنووسینەکانیشم ئەوەم سەلماندووە کەچەندە پشتگیرو لایەنگری ژن و ماف و ئازادیەکانی ژنم، ئەوەش وەک منەت و خۆ هەڵکێشان و فەزڵ و چاکەیەک بەژن نافرۆشمەوە، بەڵکوو ئەوە ئەرک و ئەخلاق و مرۆڤ بوون و پڕەنسیپە لای من، بۆ ئەو خەباتەشم شان بەشانی فێمێنیستەکان، لەپێناو ماف و ئازادیەکانی ژن، لەپێناو سڕینەوەی مینتاڵێنتی نێرسالاری و نەهامەتیەکانی ژن، لەپێناو بوونی ژن و سەربەستیەکانی ژن، کامە ژنە نووسەری بوێر و یاخیەو لای ئەقڵیەتی نێرسالاری و لە دەڤەری نێرسالاری و جڤاتی نێرسالاریدا، تابوو و بڤە و هێڵی سور و قەغەدەیە، من هاتووم و کارم لەسەر بەرهەمەکانیان کردوو و خوێندنەوەو ڕانانم بۆ کتێب و ڕۆمانەکانیان کردووەو لەڕۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەڕەکانیش بڵاو بوونەتەوە، شەش ڕۆمانی خاتوو(نەوال سەعدادی) و چوار ڕۆمانی خاتوو(فەزیلە ئەلفاروق)، و کتێبێکی (فاتیمە مەرنیسی)و دەیان شیعرو نوووسین و بابەتی ترم، سەبارەت بە ژن و مافەکانی، ژن و ئازادیەکانی ژن، ژن و موعاناتەکانی ژن و دژایەتی کردنی ئەقڵی نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی، لەپێناو ژنبوون و یەکسانی جێندەری، لە دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا، بڵاوبووەتەوە،
تەنانەت بەشێک لەپیاوەکان بەوە تۆمەت بارم دەکەن زۆر ژنانە دەنوووسم و ڕۆشتومەتە سەنگەری فێمێنزمەکانەوەو دژایەنی پیاو و نێر دەکەم، ئینجا با بێمەوە سەر ئەسلی مەسەلەکە، بێگومان لەسۆنگەی مرۆڤ بوونم و باوەڕی تەواومەوە بە یەکسانی جێندەرییەوە ئەو قسەیە دەکەم، چۆن پیاوسالاری نەخۆشیەکی کوشندەو دیاردەیەکی قێزەون و نامرۆڤانەو دێرینەیەو کۆمەڵ تووشی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و ئیفلیج و دەردو بەڵاو ئافات و ماڵوێرانی دەکات، ژن سالاریش هەمان شێوە. ئێمە دەبێ دایمە مرۆڤ سالارانە بیربکەینەوەو ژیان بکەین، ئەو دیواری جیاکاری ڕەگەزییە بڕمێنین، کە لەسەر بنەمای جیاکاری جێندەری لەنێوان هەردووک ڕەگەزدا ڕۆنراوە.
ئەو ئەقڵیەتە نێرسالاریە نەخۆشە لەناو بەرین و مرۆڤەکان لەبێ مانایی و مەترسیەکانی ئاگاداربکەینەوەو هەموان لەڕێگای پەروەردە و یاسا، خێزان و ڕاگەیاندنەوە، ئاشنای چەمکی یەکسانی بکەین، هەڵبەت، بیرۆکەی ئەو نووسینەم دوای ئەوەهات بەر لەماوەیەک، بابەتێکم لەسەر ژن و دۆزەخی نێرسالاری نووسی، لەگەڵ ڕانانێکم بۆ ڕۆمانێکی (فەزیلە ئەلفاروق)ی ژنە نووسەر و فێمێنستی بەڕەگەز جەزائیری و شیعرێکیشم بۆ ئازارەکانی ژن، هەردووک نووسینەکەم و شیعرەکەیشم، پێشووتر لە سێ ڕۆژنامەو ماڵپەڕ بڵاو ببوونەوە، گوتم با بۆ ماڵپەڕی(یەکێتی ژنانی…)بنێرم، خۆ هەرسێکیان تایبەتن بەمافەکانی ژن و ئازارەکانی ژن، کەچی بڵاویان نەکردەوە!،
بێگومان نووسینی ئەو بابەتەم وەک غەرەز شەخسی نەنووسیوە، هەرگیز، من شتی کەسێنی تێکەڵ بەناواخنی نووسینەکانم و کاری ڕۆژانامەنووسیم ناکەم و بڵێم بۆ بابەت و نووسین و شیعرەکەیان بڵاو نەکردمەوە. من باکم بەمەنییە و زیاد لەحەڤدە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕیتر هەن، من بەردەوام و بێ بڕانەوە: شیعر و بابەت و وتاریان بۆ دەنووسم، بەڵکو مەبەستی ما لێرەو لەو نووسینەدا، دەرخستنی ئەو جۆرە ئەقڵیەتەی پشت مالپەڕەکەی(یەکێتی ژنانی..)نە، ئەو ئەقڵیەتەی هەمان ڕێچکەی نێرسالاری گرتووەتەبەر و هەمان هەڵەی ئەوان و توندڕۆیی ئەوان دووبارە دەکاتەوە، کاتێک سەیرێکی ماڵپەڕەکەیانم کردو چاوێکم بە بابەتەکانیاندا خشاندا. ئەوەی سەیربوو بەلامەوە و تووشی شۆکی کردم، کاتێک سەرنجی بابەتەکانم دان، بینیم هەمووی تەنها هی ژنە نووسەرەکانەو بابەتی ژنانەن، یانی هیچ نووسەرێکی نێر بابەتی لەوێ بڵاو نابێتەوەو ئەو ماڵپەڕەی یەکێتی ژنانی..تەنها هی ژنە و لەو ماڵپەڕەو لای ئەو جۆرە ئەقڵیەتە، تەنها ژن سەنتەر و تەوەر و کابە و هەموو شتێکەو. پیاو نێر لێرە، هیچ مەوقیع و مەحەللێکیان لەئیعرابا نییەو ڤیتۆیان لەسەر! سەیرە! ئێمە خەبات بۆ ئەوە دەکەین، جیاکاری ڕەگەزی نەمێنێت و یەکسانی جێندەری ببێت بەیاسا و کولتوور و بچەسپێت، پەرژینی ئەقڵیەتی نێرسالاری بڕمێت، تۆ دووبارە دێیت و هەمان هەڵەی نێرسالاران دووبارە دەکەیتەوەو، دیوارێکیتری کۆنکریتی مێ سالاری و ژن سالاری، لەبەرامبەر دیواری نێرسالاری چێدەکەیت و کارەساتی جیاکاری ڕەگەزی قوڵتردەکەیتەوە و قوڕی ئەو جیاکارییە نامرۆڤانەیه بۆ ژیانی مرۆڤایەتی خەستر دەکەیتەوەو حەساسیەت و دوو بەرەکی و دوورکەوتنەوە دەخەیتە نێوان هەردوو ڕەگەزەوە! توندڕۆیی و زیادەڕەوی چ لای پیاو لەدژی ژنەوە بێت، چ لای ژن، لە دژی پیاوە بێت، هەردووکی تراژیدیاو ماڵوێرانکەر و نامرۆڤانەیە، ئێمە دەبێت هەردووک ڕەگەز، دەست لەناو دەست و شان بەشان، کار بۆ سڕینەوەی بیری نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی بکەین، کار بۆ نەهێڵانی ئاسەوارە خراپەکانی ئەو ئەقڵیەتە بکەین، دووبارە مرۆڤ بهێنینەوە سەر سکە تەندروست و ڕێگە ڕاستەکە، ئەویش ڕێگەی مرۆڤ بوون و یەکسانییە، ئینجا دەبێ ئەو ژنە بەڕێزانەو یەکێتیەکەیان، دەبێ دەستخۆشی لەهەر نێرێک و پیاوێک بکەن، کە پشتگیری مافەکان و داوا ڕەواکان و ئازادیەکانی ژن دەکات و لەئازار و نەهامەتی و تراژیدیاو دۆزەخی ژیانی ژنان تێدەگات و دەچێتە بەرەی ژنان و سەنگەری فێمێنزم بوون و دژی ئەقڵیەتی نێرسالاری و چەوسانەوەی ژن و سەلبکردنی ئازادیەکان ژن و لەژن خستن و لەمرۆڤ خستنی ژن، دەوەستێتەوە، نەک ڤیتۆ بخەنە سەر پیاو و دیوارێکیتری ژن سالاری، لەپاڵ دیوارە نێرسالاریەکە دروستکەن و هەردووک ڕەگەز هێندەی تر لەیەکتری دوور خەنەوە!
جا لەهەمووی سەیرتر، بابەتێکم لەو ماڵپەڕە کەوتە بەرچاو، لەژێر ناونیشانی: دورگەیەک تەنها بۆ ژنان و٫ ناوەڕۆکەکەشی ئەوە بوو(ژنە سەرمایەدارێکی ئەمریکی دوورگەیەک دەکڕێت و تایبەتی دەکات تەنها بۆ ژنان و ڕێگە بەپیاوان نادات سەردانی ئەو دورگەیە بکەن.کریستینا ڕۆز دورگەیەکی گەشتیاری لەکەناراوەکانی فێنلاند لە ناو دەریای بەڵتیک کڕی و تایبەتی کرد بە ژنان و ڕێگە نادات بەهیچ پیاوێک سەردانی ئەو دورگەیە بکەن، جگە لە کارمەندانی چاککردنی کارەبا و ئامێرەکان کە دەبێت بە پارێزەرە و دور لە چاوی ژنان کارەکانیان ئەنجام بدەن![1]