پیرۆزە کۆچت ئەربیللی گیان
#شێرزاد شێخانی#
رەنگە سەتان و هەزاران کەسی ئەو شارە ناویان محەمەد ئەحمەد بووبی، بەڵام کە پاشگری (ئەربیللی) دەخەیتە پاڵ ناوەکەوە یەکسەر باڵای بەرزی هونەرمەندێکی مەزنی ڕەسەنت بەرچاو دەکەوێ کە قەڵای دووەمی هەولێری شەکرە شار بوو.
لەساڵانی شێستەکان خەڵک زۆر کەم مەیلی هونەر و گۆرانی خۆماڵی هەبوو، دەنگی محەمەد عەبدولوەهاب و ئوم کەلسوم و عەبدولحەلیم و فەرید ئەتڕەش گۆڕەپانەکەی تەنیبوو، بەڵام کەسیش نەبوو محەمەد ئەحمەد ئەربیللی نەناسی و گوێ لەگۆرانیەکانی نەگرێ و خۆشی نەوێ، چونکە ئەو ناسنامەی هەولێر و ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی هونەری بوو.
ئەربیللی بارتەقای عەبدولوەهاب و فەرید گەورە و داهێنەر بوو، ئەم دووانە دەیان مەدالیای ڕێزلێنانیان لەزۆربەی وڵاتانی عەرەبیدا پێبەخشرا، لەبەد بەختی کورد و هەولێرەکەمانە بەهرەمەندێکی مەزنی وەکو محەمەد ئەحمەد ئەربیللی کە نزیکەی حەفتا ساڵی ژیانی بەخشی بەشار و وڵاتەکەی بەڵام بە کەساسی سەری نایەوە.
ئازارەکانی محەمەد ئەحمەد ئەربیللی ئازاری هەموو کەسێکی ڕەسەنی ئەم شارە بوو، بەڵام چونکە شارەکەمان غەریب کەوتووە و سەقافەت و هونەری ناڕەسەن و نامۆ داگییریان کردووە بۆیە بەهاو قییمەتی کەڵە هونەرمەندێکی وەکو ئەربیللی نەدەگەیشتە لووتێکی عەمەلیاتکراوی کچە مۆدیلە سۆزانیەکانی شەوانی مەسئولانی شارەکەم!
قەدەر وایە، محەمەد ئەحمەد ئەربیللی و تاهیر تۆفیق و مشکۆ و ڕەسوڵ گەردی و حەیدەرە کەچەڵ و یونس مەحمودمان بە کەساسی سەردەنێنەوە، منداڵ و تاڵی گەعدەی مەسئولانیش خەڵات دەکرێن!
پەشێوی مەزنمان پەراگەندەی وڵاتان دەبی، قەڵەمفرۆشە سووک و چرووکەکانی شارەکانیتر لە فێللا و شوقەکانی شارەکەم نیشتەجێ دەکرێن!
خەڵکە ڕەسەنەکانی شارەکەشم دەخرێنە ژێر پێی مۆدیل و سۆزانیەکانی تورک و عەرەب و عەجەم!.
پیرۆزە کۆچت ئەربیللی گیان، ئەم شارەی من و تۆ جوانی جارانی لەدەستداوە..
کەس نەما من و تۆ بناسێ و گوێ لە (یاڵڵا شوفیرەکەت) بگرێ.
بڕۆ تەنیشت مشکۆی نەمر و پێکەوە قۆریاتی هەولێرییانە بدەن بەگوێی فریشتەکانی بەهەشتی خوا، چونکی هەر ئەوان قەدری پیاوی ڕەسەن و دڵسۆز و خەمخۆری میللەتەکیان دەزانن.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!