چرپە
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
رێژوان لەشفرۆشە و بە هۆی دۆخی تازەی دونیاوە زۆر زیاتر لە جاران شانازی بەم کارەوە دەکات. خۆی بەمە ناڵێ لەشفرۆشی. ناوی تری بۆی هەیە. وێنەی ژنە ڕووتەکانی پشت ویترینەکانی کۆڵانەکانی ئامستردام (کە لە ئینتەرنێت دەریهێناون) پیشاندەدا و، دەڵێ لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەمە پیشەیە و تەنیا لای ئێمەیە بە سووکی سەیری دەکەن. ڕێژوان دڵنیایە لێرەیش ئەم کارە بەرەبەرە وەک پیشە جێ دەگرێ و خەڵکی چیتر وەک جاران لێیان ناڕوانن. تەنانەت لای وایە ئەوەندەی نەماوە وشەی پڕ لە سوکایەتیی 'لەشفرۆش'یش بۆ هەمیشە لە زەینی خەڵکیدا بسڕدرێتەوە و لە کەسی وەک ئەوەیش وەک کارمەند بڕوانن. ڕێژوان بە دەنگێکی نەوی، بەڵام مەحکەمەوە دەڵێ جەستە بایەخی ئەوەی نەماوە کەسایەتی لەسەر بونیات بنرێ. کەس بە هۆی جەستەیەوە نە بووە بە خاوەن کەسایەتی و نە سووک و سەلیمیش بووە.
وەک بۆ خۆی دەڵێت بە هۆی کارەکەیەوە توانیوویەتی، جگە لە دابینکردنی ژیان، ڕەگەزی پیاوانیش بە جوانی بناسێت، ... هەر لە پیاوە ئاساییەکانەوە بگرە هەتا پیاوە سیاسییەکان. واتە ئەو کەسانەی وا باس لە کۆمەڵگایەکی باشتر دەکەن و لەم پێناوەیشدا گیراون و دەربەدەریش بوونە. بۆیە ئەو چیتر وەک ژنانی تری شار لێیان ناترسێت. پێدەکەنێ و دەڵێ لە پیاو داماوتر لە دونیادا دەست ناکەوێ. دەڵێ بە هۆی جادوویەکی سەیرەوە کە دەیزانێ دەتوانێ وەک مێو نەرمیان بکا و هەرچی پێی خۆشە پێیان بکات. جگە لەمە هیچ پیاوێک لای ئەو تەقەدوسی نەماوە. تازە تەقەدوسی چی و تەڕەماشی چی، کاتێک هەموویان لەو کاتەدا لە یەک دەچن. بەتایبەت تڕ زلەکانیان!
رێژوان هەموو پیاوە دڵشکاو و بێتاقەتەکانی شار دەناسێ، دەزانێ کامیان فڵانە شەو ژنەکەی لە ناو جێگادا پشتی تێکردووە و ڕووی نەداوەتێ، کامەیان بە دڵی خۆی ژنی نەهێناوە، کامیان لە حەسرەتی بەدی نەهاتنی خەونە گەورەکانی لە دووای خواردنەوەی بتڵێک ئارەق لە دەرگای داوە و کامەشیان وەها لە گڕی هەوەسی خۆیدا سووتاوە کە بە هیچ ئاوێکی تر جگە لە ئاوی لەشی ئەو نەکوژاوەتەوە. لای ئەو لە پیاو گوناحتر لە دونیادا دەستناکەوێ، دەڵێ هەتا بڵێی گوڕەگوڕیان زۆرە و کەچی کاتێک حەزیان لە ناوگەڵ و سەروسینگی ژنانە وەها داماو و دەستەوئەژنو دەبن کە پێت سەیرە.
لەم ڕۆژانەدا کە دونیا زیاتر لە هەر کاتێکی تر شڵەژاوە و ڕوسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراین، ڕێژوان حەسرەتی ئەوە دایگرتووە کە داخۆ بۆچی لە ژیانیدا ئەو پیاوانەی تاقی نەکردووتەوە وا بڕیاری شەڕە گەورەکان دەدەن. ڕێژوان دڵنیایە گەر پوتین تەنیا یەک شەو سەردانی ئەمی بکردایە و بۆ ڕۆژی دوواتر هەڵاتنی ڕۆژی لە پەنجەرەکەی ئەوەوە ببینیایە ئەوا قەت بڕیاری ئەو شەڕە گەورە و پڕ لە مەترسییەی دەرنەدەکرد. ئیتر نە دونیا بە تووش مەترسیی شەڕی ئەتۆمەوە دەبوو و، نە ئەوەندەیش نرخی شمەک و خواردن و نەوت بەرزدەبووەوە کە هەندێ کەس باس لە قات و قڕی بکەن.
رێژوان لە گەڵ ئەوەی پوتینی نەدیوە، بەڵام بە تەواوی دڵنیایە کە پیاوە بە دەسەڵاتە سوورەکەی کرێملین کێشەی لە گەڵ ژنەکەی هەیە. دەڵێ بە گوێرەی ئەزموونی خۆی دەزانێ کە ئەو پیاوانەی وا زۆر لە لایەن ژنەکانیانەوە قنیان تێدەکرێ وەها توند و تیژ دەبن کە بە کەس ڕاگیر ناکرێن. جا گەر کەسێکی وەها خاوەن دەسەڵاتیش بێت و دووهەمین هێزی سەربازیی دونیایشی لەبەر دەستدا بێت ئیتر هەر هیچ و ئا! داخۆ دەبێ چ کارەساتێک چاوەڕوانی دونیا بێت!
کەس نازانێ ڕێژوان تا چەندە ڕاست دەکا. بەڵام لەبەر ئەوەی شت هەر دێ گران و گرانتر دەبێ و ئەوەی ڕێگاچارەیشە بۆ ڕاوەستانی شەڕ تاقی کراوەتەوەو فایدەی نەبووە، پێشنیاری ئەوە دەدەن بە قسەی بکەن و هەر چۆنێک بێت بینێرنە لای پوتین. ئەگەر نە ئابڵۆقە و نە یارمەتیی چەک و چۆڵی ڕۆژئاوا بە سوپای ئۆکراین نەیتوانیوە چۆک بە پۆتین دابدا، وا باشە دەوڵەت بێتە سەر ڕای خەڵکی و پاسپۆرت بدەن بە ڕێژوان و بلیتی تەیارەی بۆ بکڕن و دەمەودەست بینێرن بۆ مۆسکۆ. هەموو دڵنیان کە سوورەی کرێملین تەنیا بە ڕێژوان دەستەمۆ دەکرێ و بەس.
بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ڕێژوان، ئەگەرچی حەزی بەم سەفەرە دەگمەنەیە، بەڵام پێی وایە ئەمە شکاندنی یاسای چەند ساڵەی لەشفرۆشەکانە، ئەو یاسایەی تیایا ئەوە پیاوە تامەزرۆ و بێتاقەتەکانن ڕوودەکەنە سۆزانییەکان، نەک بە پێچەوانەوە. بۆیە داوادەکا پوتین لە مۆسکۆوە سواری تەیارە بێت و ڕوو لە ماڵەکەی ئەو بکا! شتێک کە جێ بە جێ کردنی مەحاڵە.
پلانەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە هەتا خۆبەدەستەوەدانی پاشماوەی سەربازەکانی ئۆکراین لە ئازۆفستاڵی شاری گرینگی ماریۆپۆل. وای لێک دەدەنەوە کە ڕەنگە بە هۆی ئەم سەرکەوتنە مەزنەوە ئیستا هەم حاڵ و هەوای ڕێژوان جۆرێکی تر بێت و هم پوتینیش دەست و دڵ بازتر بێت. بۆیە ڕوودەکەنەوە ڕێژوان و داوای لێدەکەن وەک لەشفرۆشێکی هەنووکە و کارمەندێکی داهاتوو ئەم پیاوەتییە بکات و بە ڕۆیشتنی خۆی بۆ مۆسکۆ مەترسیی گەورەی شەڕی سێهەمی جیهان لە کۆڵ مرۆڤایەتی بکاتەوە. ئەمجارە ڕێژوان دڵی بە خەڵکەکە دەسووتێ و بە سەفەرەکەی ڕازی دەبێ.
ئەو ڕۆژەی دەچێ بۆ فڕۆکەخانە، کاربەدەستان تازە تێدەگەن کە بەڕاستی بە چ ناوێکەوە ئەم ژنە خۆبەخشە بەڕێ بکەن. مقۆمقۆ دەکەوێتە ناویانەوە. یەکیان دەڵێ بە ناوی سەرۆکی وڵاتەوە بەڕێی دەکەین. دەڵێ لە ڕۆژنامەکاندا دەنووسین سەرۆکی پیشوو مردووە و ئیستا سەرۆکی تازە لە یەکەم سەفەریدا دەیەوێ بە کارێکی گەورە کە ڕزگارکردنی جیهان هەستێ و داوا لە پۆتین بکا کە ئاگری شەڕ بکوژێنێتەوە.
سەرئەنجام لە دووی چەند ڕۆژ ڕێژوان بەرێ دەکەوێ و دەگاتە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ. زستانە و هەوا زۆر ساردە و ڕەشەبایەکی توند شێتانە لە دونیا ئاڵاوە. وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، لاورۆڤ پێشوازی لێ دەکا و دەستبەجێ بە سەیارەیەکی کەشخەی ڕەش دەیگەیەنێتە کرێملین. ڕێژوان تا توانیوویەتی باشترین مەکیاژی کردووە و ڕازاوەترین جل و بەرگی لە بەر کردووە. قژی پەرێشانی بە سەر مەمکە خڕ و تۆکمەکانی دا کە بە هۆی مەمکدانێکی بچووک و تەنگەوە دەرپەڕیون، بەرداوەتەوە. چاوەکانیشی ئەوەندە خومارن کە هیچ پیاوێک ناتوانێ خۆی لە بەریا ڕاگرێ و خولیای ناو جێگایەکی خێرا لە دڵ و دەروونی دا خێرا سەرهەڵنەدا.
کاتێک دەگەنە کرێملین، بە ناو داڵان و ژوورە گەورە و دوورودرێژە دەگمەنەکاندا دەیبەن و، سەرئەنجام دەگەنە ژوورێکی یەکجار کەشخە و خۆش کە مێزێکی شەش میتری تیایە بە دوو کورسی لەم سەراوسەریدا. پیاوێکی ئیسکۆرت کە لە دووای ڕۆیشتنی لاورۆڤ بەرپرسایەتییەکەی وەرگرتووە لە تەنیشت کورسیی دەستی ڕاستدا ڕایدەگرێ و دەڵێ ڕاوەستە تا سەرۆک دێت. ئەوەندەی پێناچێ پوتین دێتە ناو هۆڵە گەورەکە و دەچێتە لای کورسییەکەی دەستی چەپ کە شەش میتر لە ڕێژوان دوورە دادەنیشێ و بە دەست ئاماژە بە میوانەکەیە دەکا کە ئەویش پاڵی لێبداتەوە. ڕێژوان دادەنیشێ و ئەوجا موتەرجمێک دێنن.
پوتین لە دووای بەخێرهاتن، باسی شەڕی ئۆکراین و هۆکارەکانی دەکا. ئەوەیکە ڕوسیا ناچار بووە هێرش بەرێتە سەر ئەو وڵاتە لەبەر ئەوەی فاشیزم سەری هەڵداوە، ئامریکاییەکان هێزی شاراوەی سەربازییان لەوێیە و خەریکی دروستکردنی چەکی شیمیایین و ناتۆ ملهۆڕی لە ڕوسیا دەکا و بە بێ گوێدان بە بەڵێنەکانی پێشووی خۆی هەتا دێت زیاتر لێیان دێتە پێشەوە و شتی لەم بابەتە. ڕێژوان کە سەری تەقەی دێت، هەوڵدەدا لەو مەودای شەش میترییەوە کە هیچ بە دڵی نیە و دەبێتە هۆی دەرنەکەوتنی جوانییەکانی لەشی مەڕمەڕینی، چاوی زیاتر خومار بکا و خۆی وەها قنج بکاتەوە بۆ ئەوەی سینگ و مەمکی باشتر دەرکەوێ. بەڵام وادیارە پوتین چاوی لەمە نیە و، غەرقی قسەکانی خۆی تەنیا باس لە مەزنیی ڕوسیا دەکا. ڕێژوان بە ئەزموونی ژنانەی خۆی دەستبەجێ تیدەگا کە ئەو پیاوەی وا شەش میتر دوورتر لێی و لە بەرامبەریدا دانیشتووە، لە پیاوی تر ناچێ و بە چاوە تێر و نیگا تیژ و وردەکانییەوە ئەوەی بیری لێناکاتەوە چاوە خومارەکانی ڕێژوان و سینگ و مەمکییەتی.
سەرئەنجام لە دووای یەک کاتژمێر، کۆبوونەوەکە تەواو دەبێت و ڕێژوان ئەو شەوە لە کرێملین دەخەوێ. بۆ سبەی بە هەمان فڕۆکە بەەرەو وڵاتی خۆی بەڕێی دەکەنەوە.
خەڵکی و حکومەت کە لە گەڕانەوەی ڕێژوان یەکجار خۆشحالن و، لایان وایە توانیوویەتی کارێکی مەزن بکا و بۆ هەمیشە کۆتایی بە شەڕ بێنێ، بە مەبەستی دیدار و گوێگرتن لە قسەکانی هوروژمی بۆ دەبەن. بەڵام ڕێژوان لە دووای گەڕانەوەی تا یەک مانگ ئامادە نابێ کەس ببینێ. ئەو کە حسێب و کتێبەکانی لێ تێک چووە و پێی وانەبوو ئەمەی بەسەر بێت، لەگەڵ ئەوەی دەزانێ پووتین ژن و منداڵی هەیە و جگە لەمە خاوەن دنکە و وەرزشوانێکی چاکیشە، بەڵام دڵنیایە ڕێک لەو ڕۆژەوە بڕیاری شەڕی ئۆکراینی دەرکردووە، یەعنی بە چەند کاتژمێریک پێشی ئەم بڕیارە، خەساندوویانە.
ئەو تەواو لەو ڕاستییە دڵنیایە کە هەموو ئەو پیاوانەی شەڕە گەورەکانیان هەڵگیرساندووە لە مێژە بە هۆی کارەساتی خەساندنەوە هیچ هەستێکیان بۆ ئافرەت نەماوە. دەڵێ کە هەستیش بۆ ئافرەت نەما ئەوا بۆ ژیان و بۆ داهاتووی مرۆڤیش هیچ هەستێک نامێنێ.
بزەیەکی خوار و تاڵ دەنیشێتە سەر لێوەکانی و، لە بەر خۆیەوە دەچرپێنێ چاوەڕوانی شەڕی سێهەمی جیهان بن![1]