غەزەب
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
کە لە کار دەبمەوە، دەمەوێ بچمەوە بۆ ماڵەوە. ئەمڕۆ لە سەر کار زۆر باسی شەڕی ڕوس و ئۆکراین بوو. گوایا ڕوس هێرشی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە و دەیەوێ داگیری بکا. باسی بۆمباران و تانگ و تۆپ و ئەو لەشکرانەی کە لە چەندین شوێنەوە خۆیان بەو وڵاتەدا کردووە. لە گەڵ ئەوەی دەزانم ڕوس و ئۆکراین لە کوێن، بەڵام دەپرسم داخۆ ڕوس و ئۆکراین زۆر لێرە دوورن؟ دەڵێن زۆر. یەکێک لە هاوکاران دەڵێ:
بەزیانەبێ، خۆ ئەوەندە نیە لە کڕۆنا دەرباز بووین، ئیتر ئەم غەزەبە لە کوێوە هات؟!
لەبەر خۆمەوە دەیڵێمەوە: ئەم غەزەبە لە کوێوە هات!؟
ئارام جل و بەرگەکەم دەگۆڕم و لەبەر خۆمەوە دەڵێم وادیارە شەڕ قەت کۆتایی نایەت.
پێش ئەوەی بگەمەوە ماڵ، لە چایخانەیەک لادەدەم و داوای چایەک دەکەم، ... جگەرەیەکیشی بۆ دادەگیرسێنم. کەسێک لە مێزەکەی تەنیشتمەوە دەڵێ:
دووکەڵێکی خەست و ڕەش ئاسمانی ئۆکراینی داگرتووە... لە تەلەفزیۆن بینیم.
بە تەنیشتی چەپمدا دوو لاوی چاویلکە لە چاو دانیشتوون و، لە کاتێکدا یەکیان ڕۆژنامەیەکی بەدەستەوەیە بە گەرمی باسی شەڕەکە دەکەن. یەکیان دەڵێ:
کاکە گاڵتە نیە، ... وەک دەزانی لە هەر سەدەیەکدا چەند شەڕی گەورە ڕوویداوە، بۆ وێنە لە سەدەی نۆزدە شەڕەکانی ناپلئۆن و هەروەها شەڕی فەڕەنسە و ئاڵمان، لە سەدەی بیستیش شەڕی گەورەی جیهانی کە تیایا بە دەیان میلیۆن مرۆڤ کوژران، ... ئیستایش سەدەی بیست و یەکە و نۆرەی شەڕی ترە، ئەمجارەیش شەڕی نێوان ڕوس و ڕۆژئاوا، ... ئەیچۆن ئاوایە! دونیا بە بێ شەڕ نابێ، ... لە هەر سەدەیەکدا دەبێ یەک دوو کارەساتی گەورە لە ناو زلهێزەکاندا ڕووبدات، ئیتر باسی بچووکەکانیان ناکەم!
ئەوی تریان عەینەکەکەی بە قامکی ئیشارەی هەڵدەکێشێ و، دەڵێ:
نا وانیە، چەکی ئەتۆم ناهێڵێ ببێ بە شەڕی ناو زلهێزەکان، لە ترسی تیاچوون ناوێرن.
هاوڕێکەی دەستبەجێ دەپەڕێتە ناو قسەکەیەوە و، دەڵێ:
هەزار چەکی ئەتۆمیش بەری پێ ناگرێ. وەک وتم ڕۆحی شەڕ بە هەر سەد ساڵ جارێک یان دوو جار دونیا دادەگرێ و، دەبێ بە هۆی کارەساتی گەورە. ئەمجارەیش باس باسی ئەتۆمە، باسی تیشکە کوشندەکانی. دەبێ لە بیری خۆماندا بین.
لەبەر خۆمەوە دەیڵێمەوە: دەبێ لە بیری خۆماندا بین!
پووڵی چاییەکە دەدەم و، لە چایخانەکە وەدەر دەکەوم. دێتەوە بیرم کە جارێکیان لە یەکێک لە هاوڕێکانم شتێکم بیستبوو.
لە سەر ڕێگای ماڵەوە، لە دووکانێک لادەدەم. لەگەڵ ئەوەی دەبینم قیمەتی پەتاتە یەکجار هەڵکشاوە، بەڵام تایەکی دە کیلۆیی دەکڕم. دەیدەم بە شانمدا و بەرەو ماڵەوە بەڕێ دەکەومەوە.
خاکەنازەکە دێنم و لە حەوشەی پشتەوە، بەو ئێوارە درەنگانە بە دوور لە چاوی دراوسێکان، ئەوانەی وا بە سەر حەوشەکەمدا دەڕوانن، چاڵێک هەڵدەکەنم و هێڕەلماسییەکانی تیا دەشارمەوە.
لە بیرمە هاوڕێکەم دەیگوت پەتاتە بوو لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا ڕوسەکانی لە برسیەتی ڕزگار کرد. نازانم هاوڕێکەم ئەم زانیارییەی لە کوێوە هێنابوو، بەڵام دڵنیام ڕاستە! لەبەر خۆمەوە بە خۆم دەڵێم ئەگەر تیشکە ئەتۆمییەکان نەیانکوشتم، ئەوا بە پەتاتە سێهەم شەڕی جیهان تێپەڕدەکەم![1]