عەبەی فەرماندە
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
عەبدوڵڵا کە خەڵکی لای موکریان بوو و یەک دوو ساڵێک ئەبوو گواستبوویانەوە بۆ شارەکەی ئێمە، مناڵێکی ڕەزاشیرینی تەمەن هەشت ساڵان بوو کە لە گەڕەکی ئێمە ئەژیا. تەنیا عەیبی ئەوە بوو کەمێک دەمی زل و لچی ئەستوور بوو و جگە لەوە هەمیشە لێوەکانیشی تەڕبوون. گەر نەیسڕینایە، ئەوا دووای ماوەیەک ئاوەکەی وەک لیک بەرئەبووەوە. بۆیە هەمیشە سەر قۆلەکانی، چ چەپ و چ ڕاست، تەڕبوون.
عەبدوڵڵا لە ماڵەوە بانگیان لێ ئەکرد عەوڵاو، ئێمەیش وەک منداڵی گەڕەک و هاوڕێی ئەو، پێمان ئەوت عەبە! هەرچەند من وەک خۆم کاتێک گوێم لێ ئەبوو وەک عەوڵا بانگیان لێ ئەکرد، سەرم سوڕ هەڵئەگەڕا و لە ڕاستیدا قەت بەم ناوە ڕانەهاتم. لام وابوو عەبە برایەکی تری هەیە ناوی عەوڵایە و لە ڕاستیدا هاوار لەو ئەکەن، نەک عەبەی هاوڕێم!
عەبە لە ئێمە بە جەستە و قەڵافەت زلتر و باڵا بەرزتر بوو. ئێمە، یان تا ژێر لووتی ئەهاتین، یان سەر شانەکانی. بۆیە هەمیشە ناوچاوان، تەوقەسەر، گوێچکە و پشتەسەری بۆ ئەو خەڵکەی وا لە دوورەوە لێیان ئەڕوانین، لە ناو ئێمەیا بە دەرەوە بوو.
قەڵافەتی عەبە ببووە هۆی ئەوەی، سەرەڕای غەریب بوونی، ئەم هەستە زۆر خێرا لای بڕەوێتەوە و بگرە هەست بە کۆێخایەتیش لە ناومانا بکا. ئێمەیش ئەمەمان قبوڵکردبوو. نەک قەڵافەت، بەڵکو دەمی زل و هەمیشە تەڕ و لیکاویشی جۆرێک لە کەسایەتی بۆ دروستکردبوو کە لە ئێمە ئەوەندەی تر جیای ئەکردەوە، ... ئیتر ببوو بە سەرۆک، سەرۆکی مناڵانی گەڕەک.
سەرۆک کوڕێکی خراپ نەبوو و قەت ئازاری هاوڕێکانی نەئەدا. یەعنی ئەبێ بڵێم قەت ئازاری کەسی نەئەدا و بگرە هەڵیشنەکەوتبوو لە گەڵ کەسێک، تەنانەت لە دەرەوەی کۆڵان و گەڕەک، بکەوێتە شەڕەشەق و لەیەکتر هەڵدان، وەها کە بزانین بەڕاستی تا چەندە شیاوی ئەو پلەیەی بوو وا لە ناو ئێمەدا پەیای کردبوو. بە هۆی قەڵافەتییەوە هەموو مناڵێک خۆی لێ ئەپاراست.
زەمان دەگوزەرا و قەڵافەتی عەبە هەر وا کاری خۆی ئەکرد. بەڵام وەک بڵێی عەبە ئەمەی بە بەس نەئەزانی و بە شوێن شتێکی ترا بگەڕێ، ڕۆژێک بە ڕێکەوت لە کاتی میزکردنا زانیمان کە کێری عەبە زۆر لە هی ئێمە زلترە. ئێوارەیەک کە بە ڕیز لە تەنیشت یەکترا ڕاوەستابووین و میزمان هەڵدەفشاند بۆ ئەوەی بزانین هی کاممان زیاتر بڕئەکا، بە مەودای هەڵفشانەکەی عەبە هەموو لامان کردەوە و سەیرمان کرد. ئیتر ئاگاداربووین کە عەبە نەک هەر لە باڵادا بەڵکو لەویشا سەرترە.
دایکی وتەنی عەوڵا بەمە ئەوەننەی تر خەنی بوو و زانی کە بۆ پاراستنی شوێنی خۆی لە ناو ئێمەیا نیازی بە شەڕ و شتی لەم بابەتە نیە و هەروا پلەی پارێزراوە. نازانم بنەماڵەکەی، بەڵام دڵنیام، عەبە، موکریانی لە بیر چووبووەوە، بگرە بەرەبەرە لەهجەکەی خۆیشی فڕیدا و تەواو وەک ئێمە قسەی ئەکرد. تەواو دالەکانی وەک ئێمە قوت ئەیا و ئیتر وشە لە زمانیا گیری نەئەکرد!
ژیان لە کۆڵانەکەمانا بەردەوام بوو. مەدرەسە و کایە و ئێواران و ڕۆژانی تەعتیلی و.... هەر چەن ئێمەیش گەورە ئەبووین، بەڵام نەئەگەیشتینەوە عەبە. ئەو هەر وا پێش قافڵەمان بوو. بەڵام بۆ نەگبەتی هەر کە دەورانی سەرەتایی تەواوکرد، کەسوکار عەبەیان لە مەدرەسە هێنادەرەوە و بردیان و کردیان بە شاگردی کابرایەکی میکانیک کە ماشین و ماتۆڕ و شتی لەم بابەتانەی تەعمیر ئەکرد. ئیتر عەبەمان لێ ون بوو. جاری وابوو ئێوارەیان ئەمبینی کە بە جل و بەرگی ڕەش و پیسەوە و بە دەست و سەروچاوی چڵکنەوە دەگەڕاوە بۆ ماڵەوە. ڕێک لە بەر دەم درگاکەیانا کەمێک ڕائەوەستا، سەیرێکی ئێمەی ئەکرد و ئەچووە ژوورەوە. عەبە ئیتر یەکجار لە ئێمە گەورەتر ئەینوان. بە تایبەت بەو قیافە تازەیەوە. ئەو هەتا ئەهات زیاتر لە جیهانی گەورەکان نزیک ئەکەوتەوە و ئێمە هەتا ئەهات دوور و دوورتر. ڕاستییەکەی ئەوە بوو عەبە لە هاوڕێیەتی ئێمە کەوت و، کاتێک بە تووشییەوە ئەبووین بە نیگایەکی غەریب و ڕێک وەک مناڵ لێمانی ئەڕوانی.
دیسان ساڵەکان تێپەڕین. عەبە زۆر خێرا ژنی هێنا و دەنگی تەپڵ و زوڕنا گەڕەکی تەنی. ژنیان لە دێهاتەوە بۆ هێنابوو. بەپێچەوانەی خۆی، کچێکی خڕتەڵەی باڵاکورت کە تا ماوەیەکیش پانتۆڵی هەڵدەکێشا. بەو دەستماڵە سوورەوە کە تا ژێر کەممەری دەهات.
بە ژنهێنانەکەی عەبە وامزانی سەدان ساڵ لەو ڕۆژانە تێپەڕیون وا پێکەوە میزمان بە دیوارەکاندا هەڵەفشاندبوو. عەبە بو بۆ یەکەم جار منی فڕێدا ناو زەمانەوە. ئای عەبەی نەگبەت!
نازانم عەبە لە سەر کارەکەی چۆن بوو، ... ئەوەیکە ئاخۆ وەک جاری جاران لەوێیش سەرۆک بوو یان نا، ... نازانم. بەڵام بە چاوەکانی و بە شێوەی هەڵسوکەوتیا ئەمزانی زەوقی ساڵانی نەماوە. ئەو ئیستا لەگەڵ گەورەکان ئەژیا، ... شەو و ڕۆژ. نیگاکانی جیددی و تیژ بوون. وەک بڵێی ئیتر لەگەڵ کەس شۆخی و گاڵتەی نیە و هەر کەسێک لار بجوڵێتەوە بەڕاستی ئەمجارە تێی ئەسرەوێنێ!
ئەوەننەی پێنەچوو وڵات خرۆشا و بوو بە خۆپیشاندان و بەزم و هەرایەک نەبێتەوە. لە شارەکەی ئێمەیش خەڵک ڕژانە ناو خیابان و هەزاران هەزاران کەس لە دژی حکومەت شوعاریان دا و داوایان کرد بڕوخێ. لەم تەزاهوراتانەیا بوو دیسان بەتووش عەبە بوومەوە. ئەمبینی عەبە زۆر بە جیددی و بە حەزەوە بەشداری ئەکا و هەمیشە بە تەنیشت خەڵکەوە دروشمی ئەدا و بەڕاستی بەو دەنگە زلەی دەوری گرینگی ئەبینی. وای لێهات بۆ خۆی بە دەنگی خۆی ڕێبەریی بەشێک لە دروشمدانەکانی ئەکرد، وەها کە بڵیندگۆ سەرەکییەکە هاواری لێ بەرز ئەبووەوە و داوای ئەکرد خەڵک بە جیاواز شوعار نەدەن و هەموو ئەوەی بڵێنەوە وا لە بڵیندگۆکەوە ئەوتراوە. بەڵام عەبە گوێی نەئەدایە و زۆر جار بە کەیفی خۆی تەنیا ئەسپی خۆی لینگ ئەدا. کەسیش نەی ئەوێرا ڕاستەوخۆ دەنگی با. بۆیە هەمیشە ئەو بەشەی وا ئەوی لێ بوو لە چاو بەشەکانی ترحاڵ و هەوای خۆی هەبوو.
عەبە لە ناو خۆپیشاندانەکانیشا هەروا باڵابەرزتر لە هەموو کەسی تر بوو. وەک بڵێی ئاسمان سوێندی خواردبوو لە شوێنێک یەک بگرنەوە! دەمەو ڕووخانی حکومەت بوو، یان ماوەیەکی کورت لە دووای ئەمە کە عەبە چەک و ڕەختی بەست و ژێ سێ یەکی گەورەی بە شانیا هەڵواسی و لە جیاتی جامانە، ڕەشتییەکی گەورەی لە سەر نا و بوو بە وەزیری دەستی ڕاستی یەکێک لەو حیزبانەی وا تازە سەریان هەڵدابوو.
عەبە بەڕاستی بەو قیافە و بەو چەک و ڕەختەوە سەرنجڕاکێش بوو و، سەرۆکی حیزبەکەیش کە بە جوانی بەمەی ئەزانی لەگەڵ خۆی ئەیگێڕا و تەبلیغی پێوە ئەکرد. زۆر کەس بەم هۆیەوە شوێن حیزبەکە کەوتن و چەکیان هەڵگرت و بوون بە چەکداری عەبە. عەبە ناوەکەی گۆڕا و بوو بە عەبەی فەرماندە.
حکومەتی تازە، هێشتا خۆی نەگرتبوو. لە شارەکەی ئێمە کەس لە کەس بوو و بە چەندین حیزب و گروپ دەوریان ئەگێڕا کە جاری وابوو کەسیان خەتی ئەوی تری نەئەخوێندەوە و بۆیە جۆرێک لە بێ سەرەوبەرەیی حاکم بوو. حکومەتیش کە محاسرەی خستبووە سەر ناوچەکە، دەیانگوت بە تەمای لەشکرکێشی بوو بۆ ئەوەی بێت و هەموو شوێنێک بگرێتەوە و دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی سەر لە نوێ زاڵ بکاتەوە.
دیسان ڕۆژ نەبوو تەزاهورات نەکرێ و خەڵک و لایەنگرانی حیزبەکان نەچنە خیابان و داوای ماف نەکەن. لە ڕادیۆکانەوە گوێمان لێبوو حکومەت هەڕەشەی ئەکرد و حیزبەکانی بە گوێ لە مستی وڵاتانی دەرەوە لە قەڵەم ئەدا و، حیزبەکانیش دەسەڵاتی نوێیان بە حکومتێکی نوێی سەرکوتگەر کە ئەیەوێ جگە لە خۆی هەموو ئەوانەی تر بسڕێتەوە و لە مەیدان بەدەریان بکا.
عەبە یەکێک لەو کەسانە بوو کە یەکجار چالاک بوو. ئەگەرچی قەت لە پشت بڵیندگۆوە قسەی نەئەکرد، بەڵام هەر سەرۆکەکەی تەواو ئەبوو ئەوە ئەو بوو کە بڵیندگۆکەی بەدەستەوە ئەگرت و دروشمی ئەدا و خەڵکەکەیش بە حیماسەوە دووپاتیان ئەکردەوە. دروشمی شەڕی بەرگری و شەڕی شۆڕشگێڕانە ڕۆژ نەبوو نەبیسترێ. باس باسی ڕووخانی حکومەتی نوێ و شۆڕشێکی تر بوو.
من یەکێک لەو کەسانە بووم لە کاتی دووای ڕووخانی حکومەتا ئیتر کارم بە هیچەوە نەما و خۆم لە قەرەی هیچ حیزب و گروهێکیش نەدا، بەڵام بەردەوام عەبە بۆم سەرنجڕاکێش بوو. بە تایبەت کە ئیستاکە ناوی فەرماندەی خرابووە سەر و بەو قەڵافەتەوە ببووە وێردی سەر زمانی هەموو خەڵکی. جاری وابوو بە بێ ئەوەی هەست بە هیچ چەشنە بەخیلییەک بکەم بە خۆم ئەوت سەیری چەرخی گەردوون! کێ ئەیزانی دنیا بەم لایەدا وەرئەگەڕێ و عەوڵا ئاوای لێ دێ!... کێ ئەیزانی!؟
من کە هەڵگرتنی عەبەی هاوڕێم لە پشت مێزی مەدرەسە و ڕاگواستنی بۆ لای کابرایەکی میکانیکم بە غەدرێکی گەورە لێک ئەداوە، بە هۆی دۆخی تازەی عەبەوە لای خۆم داهاتوویەکی زۆر گەشم بۆ کاکی فەرماندە پیش بینی ئەکرد و بە خۆم ئەوت ئەوکات بنەماڵەکەی نەیانهێشت، بەڵام ئەمجارە ئیتر بە کەیفی خۆی ئەبێ.
عەبە بەرنەئەکەوت. هەموو شەوێ لە دەعوەتی و هەموو هەفتەیەک لەم دێ بۆ ئەو دێ یاخود لەم شار بۆ ئەو شار. حیزبەکەی ئەو بوو بە دووهەمین حیزبی گەورەی شارەکەی ئێمە. دڵنیام گەر عەبە و قەڵافەتەکەی نەبووایە شتی وا سەری نەئەگرت.
شەڕ نزیک ئەکەوتەوە. کەس لای وانەبوو حکومەت بەڕاستی هێرش بکات. تەنانەت ڕۆژێکیان دوو تەیارە هاتن و بە سەر شاردا نزم نزم سووڕانەوە و دیواری سەوتیشیان شکاند. خەڵکی شڵەژان. چەندین خانوو شووشەیان شکا و، شەقام بۆ ماوەیەک چۆڵ هەڵگەڕا.
لە تەنیشت شارا سەربازخانەیەکی گەورە هەبوو کە تا ئیستاکە زۆر کاری بە سەر بێنەوبەرەی نێوان حکومەت و حیزبەکانەوە نەبوو. سەربازخانەکە چەند جارێک بە حیزبەکانی ڕاگەیاندبوو کە کاری ئەوان پارێزگاری کردن لە سنوورە و کاریان بە کێشە سیاسییە ناوخۆییەکانەوە نیە. بەڵام دۆخەکە کە هەتا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو، وای لێهات کە حیزبەکان لە بیری ئەودا بن دەست بە سەر سەربازخانەکەیا بگرن؛ بۆ ئەوەی بە نەهێشتنی ئەم بنکە سەرەکییە، پێگەی حکومەت لاوازبکەن و نەهڵێن بە کەیفی خۆی شار و ناوچەکە بگرێتەوە.
ئێوارەیەک، سێ ڕۆژ لە دووای هاتنی فڕۆکەکان، کۆبوونەوەیەک بە بەشداری هەموو حیزبەکان بەسترا و یەک لەو کەسانەی کە تیایا دیار بوو، عەبەی فەرماندە بوو. عەبە بە پێچەوانەی ڕۆژانەوە، مات، بێدەنگ و وڕ دیار بوو. لە کاتی کۆبوونەوەکەدا کاتێک قسە لە سەر گرتنی سەربازخانەکە کرا، بەپێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەی هەبوو و لایان وابوو ئیستا عەوڵا زیاتر لە هەر کەسێکی تر قسەئەکا و پلانی هەیە، کەچی شتێکی وای نەدرکاند. وەزعەکە ئەوەندە بۆ حیزبی دووهەمی شار نالەبار بوو کە ناچار هاوڕێکانی قسەیان کرد. لە کۆتاییا بە بەر نیگا خەمین و مەندەکانی عەبەی فەرماندەوە بڕیاردرا سبەی شەو سەعات دوانزەی شەو هێرش بکەنە سەر سەربازخانە گەورەکە. هەر چەند بە تەواوی بۆ وەها هێرشێک ئامادە نەبوون، بەڵام لایان وابوو گەر درەنگی بخەن هەواڵ ئەگاتە دوژمن و جگە لەمە ئیستا باشترین کات بوو چونکە سەربازەکان هەستیان بە تەنیایی و تەریک مانەوە لەم سەر سنوورە ئەکرد و لەسەر ئەو باوەڕە نەبوون بتوانن دەست بکەنەوە. لە هێرشەکەیا قۆلی چەپیشیان بۆ عەبە و جەنگاوەرەکانی ئەو دانابوو.
ئەو شەوە لە دووای کۆبوونەوەکە، عەبە هەر دەگاتەوە ماڵەوە، تەب و لەرزێکی توند لێی ئەدا و لە ناو جێگادا ئەیخا. ژنەکەی تا بەیانی پەڕۆی تەڕ و فێنک دەخاتە سەر ناوچاوانی و قاچە ڕووتەکانی کە لە بن لێفەکەوە هاتبوونە دەرەوە، دەشێلێ. بۆ بەیانی دکتۆر ئەهێننە سەری و دەرزیەکی لێ ئەیا و چەند قورسێکیشی بۆ ئەنووسێ.
هەواڵەکە بە فەرماندەکانی تر ئەگاتەوە. ئەوان کە نازانن حەملەکە بکەن یان نا، وەفدێک دەنێرنە لای سەرۆکی حیزبەکەی عەوڵای فەرماندە. سەرۆک نازانێ چییان جواب بداتەوە، تەنیا ئەوەندە ئەڵێ کە خۆ بە عەبەوە نەلکاون و خەڵکی تریشی بە دەستەوەیە!
ئەو شەوە کاتێک شەڕەکە دەستی پێکرد، بوو بە حەشر و حەلەلایەک نەبێتەوە. ڕۆژئاوای شار لە ئاگری تەقە و تەقینەوەدا نوقم بوو. لە ترسی تۆپ و خومپارەی وێڵ و سەرگەردان، بەناچار بەو تاریکییە عەبەیان بۆ ژێرزەمین ڕاگواست و چەند ڕوژ دوواتریش کە کەمێک دونیا ئارام بووەوە، سواری تۆیۆتایەکیان کرد و بردیان بۆ دێیەکی دوور.
ئیستا دیسان بەسەر ئە ڕۆژانە، کە بە ڕۆژانی ڕابردوو ناویان دەرکردووە، ساڵان تێپەڕیون. حکومەت ئەگەرچی بە زەحمەت، بەڵام هەر هاتەوە و عەبەیش ئیستاکە وەک جاران لە میکانیکیەکە کارئەکا. هەر وا بە قەڵافەت و زل و سەرنجڕاکێش. هەڵبەت سەرنجڕاکێش نەک لە مانای ساڵاندا: وەک سەردەمی منداڵی یان کاتی شۆڕش و پشێویی وڵات. نا، سەرنجڕاکێش وەک، ... وەک، ئاە نازانم بڵێم چۆن. بەهەرحاڵ بۆخۆتان ئەزانن کە مرۆڤی زەلام، ئەوانەی وا سەرو گەردنێک لە خەڵکی تر بەرزترن و ناوشانێکی پان و هەیکەلێکی پاڵەوان ئاسایان هەیە هەمیشە نیگای خەڵک بۆخۆیان ڕائەکێشن. وەک بڵێی نیگاکان پرسیار بکەن دەی کاکە، ... دەی دوای ئەمە چی!؟
من لام وایە ئەو ساڵانە، واتە ئەو کاتانەی عەبە سەرۆکی ئێمە بوو و، نەک هەیکەلی، بەڵکو کێریشی لە هی ئێمەومانان گەورەتر بوو و میزی تا ئەو سەر کۆڵانەکە هەڵدەفیچقاند، گەر تەنیا یەک شەڕی بکردایە، ئا تەنیا یەک شەڕ، ڕەنگە ئەو بەڵایەی ئەو شەوەی قەت بە سەرا نەهاتایە.
من لام وایە، ... ئیتر نازانم![1]