K24 – هەولێر:
لە هەڤپەیڤینێکدا بێرنارد کۆشنەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا، بۆچوونی خۆی لەسەر پەیوەندی کورد لەگەڵ ئەوروپا، کێشەی ناوخۆی کورد و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
کوردستان24: پێشووتر کورد دەیگووت تەنها چیاکان هاوڕێمانن، بەڵام ئێستا دەڵێن هاوڕێی دیکەشمان هەیە، بۆچوونی تۆ چیە؟
کۆشنەر: ئەگەر بێن بۆ فەرەنسا دەزانن کە وانییە. پێشتر وابوو کە کورد تەنها چیاکانی هەبوو، بەڵام چیدی ئەمە ڕاست نییە. ئێستا سەردەمی خەباتی چەکداریی بەسەرچووە و کوردیش چیدیکە وەکو خۆی نەماوەتەوە. کورد لە پارچەکانی تر دەبێت زۆر وردانەتر قسە بکەن چونکە وەکو یەک بیر ناکانەوە. کورد 40 ملیۆن کەس دەبێت، گەورەترین گروپن کە وڵاتی خۆی نیە. من لە وەڵاتێکی کۆلۆنیاڵ قسەدەکەم و دەزانم ئەو سنورانە کێشراون.
کوردستان24: بەڕێزت زۆر سەردانی کوردستانت کردووە، تۆ تەنها وەکو ئەکادمیست دێیت یاخود بەشداریی دەکەیت لە کۆنفرانسەکان، یان کۆبوونەوە لەگەڵ سیاسییەکان دەکەیت؟
کۆشنەر: نەخێر، من ئەندامی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆکم، بەڵام لە زۆر بواردا ڕۆڵم هەبووە لە کوردستان. لە پرسی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆڵم هەبووە. من هەرگیز لەگەڵ جەنگ نەبووم، هەندێک جار ڕەنگە ئەوە ببێتە ڕێگا، بەڵام ئەو ڕێگایە کۆنە. پێم وایە گەلی کورد دەبێت لەناوخۆیاندا گفتوگۆ بکەن و یەک دەنگ بن. هەست دەکەم، بۆشاییەک لە نێوان کوردانی ڕۆژئاوا و باشوور هەیە. دەبێت کورد لە یەک نزیک ببنەوە و یەکڕیزی نیشان بدات. دەبێت کورد کوردانە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆ بکات و پەیامی خۆی بگەیەنێت. نیگەرانم لەوەی کە ڕەنگە فەرەنسا هاوشێوەی ئەمەریکا، هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە. پێم وایە زیادبوونی هەژموونی ڕووسیا، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ڤلادمیر پوتن. ئەم بەشەی کورد لە عێراق، پێشکەوتووترینە. ئاوەدانییەکی زۆر ئەنجامدراوە، بەڵام دەبێت هەوڵ بدرێت هەموو ناوچەکان ئاوەدانبکرێتەوە. من نازانم ئەنجامدانی ڕیفراندۆم باش بوو یان نا، بەڵام ئەنجامەکەی کەم وێنەبوو. 92%ی گەلی کوردستان لەگەڵ سەربەخۆیین و منیش لەگەڵ ئەواندام. ئەنجامدانی جەنگیش دوای ڕیفراندۆم کارێکی مناڵانە بوو.
کوردستان24: پەیوەندی کوردستان و فەرەنسا بەهێزە و مێژوویەکی دووری هەیە، پێت وایە لە داهاتوو لە هەموو بوارەکان بەو جۆرە دەمێنێتەوە؟
کۆشنەر: من هەمیشە لەگەڵ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە بووم. ئێمە ئەو پەیوەندییەمان لەگەڵ کورد بە تایبەت دروستکردووە، پەیوەندییەکی تایبەتە. ئێمە خەڵکی جیاوازین، بەڵام ڕۆحیەن زۆر نزیکن. ئێمە لەگەڵ کوردانی هەر چوار پارچە پەیوەندی باشمان هەیە. سەرەتا ئەمە سەخت بوو، چونکە زۆر زانیاریمان لەسەر کورد نەبوو.
کوردستان24: تۆ چۆن دەڕوانیت لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە پەیوەندی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق؟
کۆشنەر: ئەمە پرسیارێکی سەختە. هەمیشە پەیوەندییەکان باش نەبوون بۆیە سەختە بتوانی بەردەوامی بەو پەیوەندییە بدەیت. کێشەی ئابووری هەیە، بەغداش دووچاری کێشەی خۆی بووەتەوە. من دڵنیام کە مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە بەرژەوەندی گەلەکەیان کار دەکەن، بەڵام ئێستا پرسی تایبەت هەیە لە بەغدا، بە تایبەت پرسی فرۆشتنی نەوت و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە. من گەشبینم کە ئەمە حکوومەتێکی باشە و دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.
کوردستان24: ئێستا ناسەقامگیریی هەیە و خۆپیشاندان لە عێراق هەیە، فەرەنسا وەک وڵاتێکی زلهێز، ڕۆڵی دەبێت لەم دۆخە؟
کۆشنەر: من پێم وانییە، فەرەنسا چیدی زلهێز بێت. ئێمە ڕوانگەیەکی زلهێزیمان هەیە. فەرەنسا وڵاتێکی زلهێز نەماوە. لە نێو وڵاتانی ئەوروپا، فەرەنسا پەیوەندییەکی باشتری لەگەڵ کورد هەیە. من پێم وایە دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر لێرە بکەن، بەڵام لەسەر ئەم دۆخانە، دەبێت کورد و عێراقییەکان خۆیان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن. هەمیشە ویستی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئێران ویستی ئیسرائیل لە کۆڵ خۆی بکاتەوە، بەڵام شتی وا نابێت، کاتێک تورکیا ڕووبەڕووی کوردانی سووریا بووەوە، ویستی لەناویان بەرێت، بەڵام ئەمانە سەر ناگرن.
کورد پێشمەرگەی قارەمانی هەیە، بەڵام ئایا جەنگ چارەسەرە؟ دەکرێت بەرگری لە خۆت بکەیت، پێم وایە ئێستا شێوازێکی نوێی پەیوەندی دروست بکرێت. پێم وایە دەبێت بەرگریکردن لە خۆت هەبێت، بەڵام چارەسەری سەربازیی هەرگیز سەرکەوتوو نابێت.[1]