نێرگز دەبێتە داعش
#سامان حسینی#
دایەکافە وتی: نێرگزەجاڕ ڕۆیشت و بوە داعش...
فەرهاد بە سەرسوڕمانەوە وتی: چی؟!
نێرگزەجاڕ کچێکی تەمەن چواردەساڵانی ژیکەڵانەی خوێن شیرینی ڕەزاسوک کە عەبدولحەمید ڕازی کردو کردیە داعش.
عەبدولحەمیدی سی ساڵانەی ڕیش درێژی مەندیل لە سەری پانتۆڵ کورت و نوێژو ڕۆژوو پاک، نە بۆنی خۆشی لێ دەهات و نە دەراوی دەمیشی شیرین بوو هەربۆیە فەرهاد زۆری پێ سەیر بوو کە چۆن نێرگزەجاڕ حەزی لێ کردو شوی پێ کردو لە گەڵی بەرەو بنکەو بارەگاکانی داعش وەڕێ کەوت.
فەرهاد ئەڤینداری نێرگزە جاڕ بوو شەوو ڕۆژی نەبوو بەردەوام باسی لە جوانی و چاکی و دڵپاکی و مێهرەبانی نێرگز دەکرد. بەڵام کاتێک دایەکافە وتی: نێرگز ڕۆیشت و بووە داعش فەرهاد گریا...
دیمەنی نێرگز لە دوایین چاوپێکەوتنی لەسەر پەڕەی مێشکی فەرهاد دەقی بەستبوو، ئەو کاتەی کە زۆر بەبێ ترس لە ئایفۆنی ماڵەکەیانی داو هەرچەن نێرگز گوتی: کێ یە ؟ قسەی نەکردو وەڵامی نەداوە
دەیزانی بێتوو بزانێ فەرهادە دەرگای لێ ناکاتەوە هەربۆیە دیسانەوە ئایفۆنەکەی کوتا، ئەمجارەیان دەرگا کرایەوەو فەرهاد بە خێرایی خۆی بەژورا کردو لە پلیکانەکان وەسەرکەوت بەڵام نێرگزەجار بە پێچەوانەی هەمیشە خۆی لە چارشێوێک پێچابوو کە هەر چاوی بە دەرەوە بوو. فەرهاد وتی: ناڕۆم یا بمکوژە یا بێ تۆ ناژیم. نێرگز وتی ئەی نامەحرەم بڕۆ بڕۆ واز بێنە بە الڵە قەسەم عەبدولحەمید بزانێ هەم تۆ ئەکوژێ و هەم منیش لە جیهادو نیکاحی جیهاد مەحروم ئەکا.
لێرەدا بوو کە فەرهاد داما، ڕاماو عەباسا کاتێ بۆ یەکەم جار ئەم جۆرە قسانەی لە زارو زمانی نێرگزە جاڕ دەبیست.
وتی: ئەوە تۆی یا مەلای نێو مینبەرە؟ ئەوە ئەو قسانە لەکوێ فێر بووی چەتیوە ؟ خۆ تۆ 5 کەلاست خوێندوە ئەو قسە زلانە لە کوێ فێر بووی ؟ نێرگزە جاڕ بیری هاتەوە کە دایە کافە وتبووی حەمە ساڵەی باوکی 5 کەلاس زیاتری پێ نەخوێند، وتبووی کچ خوێندنی بۆچیە ئەوەش نەدەبوو بخوێنێ.
کەچی ئێستا نێرگزەجاڕ لە مەلای دوازدە عیلم زۆرتر دەزانێ. فەرهاد وتی: کچێ نێرگز بۆ منیش و خۆشت چارەڕەش و بەدبەخت دەکەی؟ بۆ خۆت وەک قەلەڕەشە لێکردوە حەیفە زۆر حەیفە ئەو هەموو جوانی و ژیری و دڵپاکیە ببێتە دەستەچیلەی داعش، بەڵام نێرگزەجاڕ بەرلەوەی بچێتە ژورو توند دەرکەکە لەسەر خۆی داخا وتی: براکانمان لە جیهاد چاوەڕوانمانن...
دایە کافە ماوەیەکە هەر کەس دەبینێ بە بێ سێ و دوو ئەو هەواڵە ڕادەگەیەنێ: نێرگزەجاڕ ڕۆیشت و بووە داعش، لەیلاش کە سەری لە چوونە ناو داعش دەخورا وتی: نێرگزەجاڕ کێ یە؟ دایە کافە وتی: دەک چاوم کوێرو دەستی شکاوم بۆ نێرگزەجاڕ... دەڵێن شەوی سێ مێردی هەیە.
نێرگزەجاڕ ڕۆییشت و فەرهاد تا ئێستاش بەدوای کچێکی ناسک و شیرینی وەک نێرگزەوەیە.
فەرهاد کوڕێکی مرۆڤ دۆست و ژن پەروەرە. فەرهاد دەڵێ: نێرگزەکان گوڵەکانن بەڵام بە دەگمەن باخەوانێکی دڵسۆزیان بۆ دەستەبەر دەبێ. فەرهاد یەکجار مێهرەبانە بەڵام هیچ کچێک ڕوی تێ ناکا کەچی برا جیهادیەکان وەک پەری و حۆری بەهەشت کچ بە سەروقەدیان دا هەڵدەگەڕێن فەرهاد نرخی نیە کە پڕپڕە لە ئەڤین و سۆزو مرۆڤایەتی فەرهاد نرخی نیە چونکا پڕپڕە لە گریان فەرهاد کەم کچ ڕوی تێ دەکا چونکا پڕە لە هیواو دڵخۆشی، تژیە لە دڵەڕاوکەو ترس و خەم، زۆر جار کە فەرهاد دەچێ بۆ خوازبێنی باوکی کچە دەڵێ جۆن کچ دەدەم بە سەگی وا خۆ سەر بە فەڕزی خوادا نادا... چۆن کچ دەدەم بە سەگی وا کەس لە مزگەوت نەیدیوە؟ چۆن کچ ئەدەم بە سەگی وا... بەڵام نێرگزەجاڕ میداڵی شانازی کاک حەمە ساڵەی باوکیەتی چونکا بۆتە پێخۆری برا جیهادیەکان و وەک دایە کافە دەڵێ شەوی سێ مێردی هەیە... ئەوە ئەمڕۆژانە فەرهاد بە دوای ژن هێنان دا وەیلانە و نێرگزەجاڕیش لە مووسڵ لە لای برا جیهادیەکانی داعش نازانم چۆنە ژیانی؟ ناشزانم لەیلاو دادە کافە بۆ ئەوەندە بە خەمیەوەن کە وەک کاک حەمە ساڵە دەڵێ: ڕۆژ بە قەزا ئەچێ پرسیاری ئەو پیرێژن و کچە لە سەروسۆرا غی نێرگزەجاڕ بە قەزا ناچێ.
دایە کافە هەموو ڕۆژێک لە کاتی گەڕانەوەی کاک حەمە ساڵە لە سەر کار لێی دەپرسێ: کاکە حەمە گیان توخوا هەواڵێکی نیرگزەجاڕگیان؟
کچێ پورەکافە ئەوە تۆ سیخوڕی کێی کە هەموو ڕۆژێک لەو چەتیوەی من دەپرسی جا بە تۆ چی؟ خۆائەزانی جارێکی دیکە لێم بپرسی مەخسەرەی سەگت پێ دەکەم پیرێژن!
دایەعالیەی دایکی فەرهاد کاتێک دەبینێ کوڕەکەی بە پێی نەریت هەموو شەوێک چینێکی باش بۆ نێرگزەجاڕ دەگری سنگ لە باوکی نێرگزەجاڕ دەکوتێ و دەڵێ: یا خوا بە کۆی زوخاڵ بی ئەی ساڵە لینگ کورت کە قوڕت بە سەر کچەکەی خۆشت و کوڕەکەی منیشا کرد، دەک ماڵت وێران بێ پیاو بۆ ویژدانت...
کەس جگە لە کاک حەمە ساڵە هەواڵی لە ژیانی نێرگزەجاڕ و عەبدولحەمیدی مێردی نیە، بەڵام دایەکافە دەڵێ وەک بیستویەتی لە هەر چواربەشەکەی کوردستان نزیکەی 38 هەزار کچی لە نێرگزەجاڕ جوانتر ژنی نۆبە بە نۆبەی پیاوە ڕیش درێژو سامناکەکانن و کەسیان نازانێ منداڵەکەی لە کام پیاو بووە ؟
فەرهاد دەڵێ چ بکەم؟ خۆ ئەگەر هیچیشم لە دەس نەیە دەتوانم نێرگزەجاڕێک لە چنگ داعش ڕزگار بکەم بەڵام کەم باوک ڕازی دەبێ کچەکەیم باتێ هەموو کەس گیر دەدا بە تاعەت و عیبادەتەکەم.
لەیلای هاوتەمەن و هاوڕێی نێرگزەجاڕیش بە دزی بەڵێینی بە بەختیار داعش داوە کە بەم زوانە سنوور ببەزێنن و بەرەو بەرەی جیهاد وەڕێ کەون. دادە گوڵێی دایکی لەیلا کە مێردەکەی دو ساڵ لەمەوبەر لە سێدارە درا کاتێک کە فەرهاد بۆ جاری سێهەم خوازبێنی لە لەیلا کرد لە وەڵامی دا وتی: فەرهاد گیان قەزات لە من کەوێ فریام کەوە و کچەکەم لە چنگ ئەو بەختیارە لینگ کورتە ڕزگار بکە بەخوا پێم خۆشە لەیلا بۆ تۆ بێ نەک بۆ ئەو دەعباو دەعجانیانە.
بەڵام لەیلا کە ئەتوت ئاسکە کێویەکی سرک و ڕەوەکە وتی: بڕۆ ئەی مەلعونی کافر جا من چۆن شو بە نوێژنەکەرێکی چاونەشۆری وەک تۆ دەکەم !؟ ئەگەر ڕاست دەکەی بڕۆ تۆبەیەکی بە حەق بکەو فریای برا جیهادیەکان کەوە ئەوکات هەزار کەس منەتبارت دەبێ ڕۆڵە گیان...
زۆری نەخایاند کە دوو هەواڵی دیکە بە هەواڵەکانی دایە کافە زیاد بوون، یەکەمیان هەواڵی ڕۆیشتنی لەیلاو بەختیار بۆ نێو ڕیزەکانی داعش و دوهەمیش هەواڵی کوژرانی عەبدولحەمید و نێرگزەجاڕ.[1]