خەیاڵاو
#سامان حسینی#
جگەرەیەکی داگیرساوی سەر تەپڵەکێک، چایەکی تاڵی سەر کومبارێکی ڕەنگ پەڕیوو، قەرابەیەک ئارەق و پێکێکی نیوە بەتاڵ، دەوریەک خەیاروهەنارو هەرمێ، جامێکیش گوڵەبەڕۆژە، ژوورێکی بێ دەنگ و کەڵافەیەکی ئاڵۆزاو خەون و خەیاڵ لە کەلە سەرێکی پووکاوەو کۆنەساڵ دا...
جەمسەری کەڵافەکەی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ئەوە نزیکەی کاژێرێکە ئەم گڵۆڵەیە دێنێت و دەبا بەشکم سەروبنی یەک بێنێتەوە...
هەورازوو نشێوو هەڵچوون و داچوونێکی زۆری ویست تا وێکی هێنایەوە، کە سەرە دەزوەکە بەدەستیەوە هات ڕایکێشا...
وەک جادووبازێک جادووی لێ کردبێ، لەودیوو هەزاران شاخ و چیاو پاردەو سنوورو بنارو پێدەشتا لەنێو تەمێکی پەمەیی لەسەر هەمان سفرە دەست دەبا بۆ نیو پێکەکەو بە خۆشی هەرچی غەریب و وەیلان و پەرتەوازەو لانەوازە هەڵیدەدا... وای زانیوە تەم و مژە، ئەگەر نا پروشەی بەفرە.
شاری بە بەفرەوە خۆش دەویست، لە وەرزی بەفرا هات و هەر لەهەمان وەرزیشا ملی دایە بەر سەفەرێکی ناچار، ئەو ڕۆژەی کە ڕۆیشت بیری نەکردەوە کە دەبێ شەوەکەی سەفەر بکا، سەفەرێکی بە ڕێکەوت و داسەپاوو، سەفەرێک وەک سەفەرەکەی پێشووی...
دایکی وتبووی:
بێتوو ئەم جارە چاوم بە کوڕەکەم بکەوێتەوە ئەمان و تۆبە جارێکی دیکە ناچار بەسەفەری کەم.
باوکی وتبووی:
ملی شکا، چاوی دەرهات خوای ئەکرد ئەیانکوشت.
براکانیشی لەبێدەنگی خۆیان دا خەریکی تاوتوێکردنی ئەو تەوژمە بوون کە کاکیان پێی ناچار کرا بڕوا، جاری پێشوو کە گەڕایەوە شەهلای خوشکی لەسەر قادرمەکان بوو، هاواری کردو قیژاندی:
دایە ناسر ناسر هاتەوە
پێشتریش ئەوەندی دیکەی خواردبۆوە، کەوایە سەری تۆزێک لە لەشی قورسترە، وای دابنێین درێژتریشە، ئەوەندەی کە لە ژوورەکەی تێ پەڕاندبێ و لایەکی لە ڕۆژهەڵات و لایەکی لە ڕۆژئاوا.
ئەم سەرە بە لەشێکی لاوازوو بێ دارووباری ناو ژوورێکی تەنیاو بێ دەنگەوە نووساوەو وەک کوکوختیەکی لانەوازوو تەرە لەچرکەیەک دا سەدجار پەرواز دەکاو سەد جاریش لەسەر لەشی شەکەت و خەستەی هەڵدەنیشێتەوە.
ژیان نیشتنەوە فڕینێکی بەردەوامە.
دایکی و براکانی بەرەو پیری هاتن، دایکی خۆی لە خاک و خۆڵ گەوزاندوو هاواروو ناڵەی کرد، وەک ئەوەی بینوێنێ کە زۆر بە تاسووقی سەرلەنوێ بینینەوەی کوڕەکەیەوە بوە کە نزیک بە سێ ساڵ لەبەری هەڵاتوە...
بەڵام ئەم وەک بەرخی تەرە هەرگیز گوانی دایکی نەگرت، بۆیە ئەوەتا جارێکی دیکەش لەژێر زەبری گورچکبڕی ئەوا بەناچاری تەمای هەڵاتنی کردەوەو واشی بە خەڵک نواند کە گۆیا هەر تەنیا دەچێتە شاخ و لە دەوڵەت یاخی دەبێ.
مژێکی قوڵی لە جگەرەکەی دا چڕە دوکەڵێکی خەست، وەک گەرمەخەیاڵێکی چر هەڵدەکشایە سەر، بە لەش لێرە بەڵام بەسەر سەراسەری ڕابردووی تەی دەکردو دواتر پاشەوپاش پاشەکشەی دەکردو لەسەر جەستە خەستەو لاوازەکەی هەڵدەکورمایەوە.
شاری بە بەفرەوە خۆش دەویست، کە بەفر دەباری لەگەڵ کلوە بەفرەکان دا بارانەی شارێک بیرەوەری ڕەش و شین بەسەر وڵاتی مێشکی دا دەبارین، ئەمیش هەرچەندە ڕقێکی تۆڵەهەڵگری لە سەرما بوو بە درێژایی بیست و ئەوەندە ساڵە لەبەر سەرمایەکی تەزێنەردا هەڵلەرزیبوو، بەڵام هێشتاش و سەرەڕای ئەوەش هەر ناخۆش نەبوو مەڵەکردن و نغرۆ بوون لە دەریای بێ بنی ڕابردوویەکی بەفراوی دا.
قەرابەکەی هەڵێنا هێشتا تازە نیوە ببوو، لەسەرخۆ پێکێکی دیکەی تێ کرد، دەستی برد کەوچکێک دەنکە هەناریشی ڕۆکردە دەمیەوە نەیکورماند، هەروا ڕۆی هێشتە خوار، ئەمجا ئانیشکی دایە سەر بالیفەکەی قەراغی و چاوی پڕ بە چیرۆکێکی لێڵ و تاریکی نێو کەلە سەریدا داپچڕی.
تا ئێوارەش لەلای هۆگر بوو، بەڵام نەبۆخۆی نە هۆگر تەمای سەفەریان نەبوو، کەچی وەک ئەوەی هیوا هەستی پێ کردبێ، پرسی:
کاکەگیان بۆکوێ ئەچی منیش بێم؟
وەک هەمیشە وڵامی داوە نا.
هەر لە خۆرئاواوە هیوا چاوی لە کاکەی بوو کە ئاخۆ کەی دەچێتەدەر بەشکم ئەویش لەگەڵ خۆی ببا، زۆرجار لەگەڵ خۆی نەدەبرد، بەڵام ڕێش دەکەوت بیبا، لەناو ڕەوەیەک برادا هیوا لەهەموان دڵسۆزتر بوو بۆی، قەڵەیچکەیەکی گوپن، ئەودەم پانزدە ساڵی تەمەن بوو بەڵام کەمتری دەنواند...
توخوا کاکەگیان با منیش بێم!
پێی دەوت کاکە هەموویان هەروایان پێ دەوت، بەڵام ئەمیان زیاتر لەدەمی خۆش بوو..
نا بەقوربان ئەمشۆ ناکری چوون بەخێرایی تا لای هۆگر دەچم و زوو دێمەوە.
دایکی لە ژوورەکەی پشتەوە هاتبوە دەرو ڕوەو چێشتخانەکە چاوێکی لێ کردبوو، بەڵام نەیوێرابوو یان نەیویستبوو لێی پرسی بۆکوێ ئەچی؟!
هیوا دیسان وتبووی کاکەگیان توخوا با بێم!
سبەی شەو ئەتبەم بۆ سینەما، ئیتر دەنگ مەکە
لەمن و لەتۆ کاممان دوورترین؟
وەڵڵا جا بڵێم چی؟ هەردوکمان بەقەی یەک دوورین وانیە؟
کەس وڵامی نەداوە کەس نەیوت نازانم.
نازانم وڵامی هەمیشە لەسەر زاری ڤیان بوو، هەرچی لێ دەپرسی هەر دەیوت نازانم، ئەویش لەوڵامی دا ئەیوت لە گۆڤەندەکەمانا یەکەم دیاریم تابلۆیەکی پڕ لە وشەی نازانم دەبێ کە پێشکەشی دەکەم... زەردەخەنەیەکی دەکردو چاوی تێ دەبڕی و بێ دەنگ دەبوو...
من بۆخۆشم نازانم چەنە دوورم و چەنە نزیک، بەبێ ئەوەی خۆم بمهەوێ هەر خولە لە جێگایەک، وەک سەگی پێ سووتاو...
ئەی ئێستا لەکوێی؟
ئێستا؟! ئێستا چۆن ئەوە نیە لای تۆم؟!
چارەنووس لەبەرخۆیەوە دەیوت:
فەرمانڕەوای زەمان و مەکانتان م...
قەپێکی لە هەرمێکە گرت، دوو سێ دەنکە گوڵەبەڕۆژەشی قرتاند، پێکەکەی هەڵداو، بەبێزاری زمانی لستەوە، دیسانەوە قەپێکی تری لە هەرمێکە گرتەوە...
دادە پەریزادی دراوسێ یان وتبووی:
سەدبریا هەر نەهاتایەوە!
دایکی وتبووی:
دۆعای مەرگی لێ ناکەم بەڵام یاخوا تا دەمرێ قەت ئۆخە نەکاو نەحەسێتەوە، ئەم ڕێک لەوکاتەدا بەسەریان دا هاتبۆوەو بەبێ هیچ وتەیەک بەلایانا تێ پەڕیبوو، دواتر لەدڵی خۆیا هەستی بەبێزاری و نامرادی کردبوو...
چرپە چرپێکی هاتە بن گوێ، خۆزگەی هەڵخواست دەنگی قاچی ئەو بێ، چاوەڕێی دەرگا کوتان بوو...
ئەگە ئەو بێ دەبێ چی بکا؟!
بۆخۆی دەردم دەزانێ دێتە پەنام دادەنیشی و پڕ بە چاوەکانی بۆم دەگری
دواتر چی ؟
گشت مەراقەکانم هەڵدەڕێژمە بەردەمی، دەڵیم لی یان ڕامێنەو بزانە کە قەت ئاگات لە هیچ شتێکم نەبوو...
دەی تاوانی خۆت بوو بۆخۆت هیچ ت پێ نەئەوتم
دەی باشە ئێستا تۆ بۆچی هاتووی تۆ بۆ خۆت وەیلان کردوە؟
چۆن بە شوێن تۆدا!؟
شەو تا بەیانی بۆت دەگریام کە هەڵدەستام دایکم ئەیوت بەرچاوت ماسیوە، من ئەموت نەخۆشم
یانی هەر بە ڕاست لەبیرت نەکردبووم؟
بەخۆم نەبوو بۆم فەرامۆش نەدەکرای
لە ژووری خەیاڵی دا بەجووت حیلکانەوە
سەری پڕ ببوو لە پیت و وشەو ڕستەی ناو لەشێکی سووکی بێ سەر یان سەرێکی سووکی بێ لەش، خوا داینابوو بۆ خوێندنەوە، خوێندنەوەی ژیانێکی سەخڵەت و شپرزە...
زۆر جار ژیان بەقەدەر مەرگ سەخڵەت و شپرزە دەبێ
سەری ببوو بە کەناری، لەلای فەلەکەی کاژێرەکە، لەسەر گویسبانی سینەماکەی ڕەحمان خان، بەرامبەر مزگەوتەکەی شێخ جەلال ئاوازێکی غەمگینی دەچڕی زۆری پێ نەدەچوو دەهات دەنووکێکی سووری لە شووشە پەنجەرەی ماڵێکی تاریک دەکوتا، هاوکات کچێکی خەواڵوو سەری لەسەر سەرینەکەی هەڵدەگرت و بەبێ وازی بەرەو پەنجەرەکە دەکشا خامە سپیەکەی لادەداو سەرێکی ساردی دەکێشا...
وەی، وتم ئاخۆم چی بوو، لەخەویش بووم
بەڵام ئەم هەروا وەک دەروێشێکی جەزمەگرتوو ئەمبەراو بەری پەنجەرەکە دەکاو دەنووکی تێ دەکوتێ.
بەفر وەک ئاسمانێک پەپوولە سپیە کلوە سپیەکانی بەسەر پانتایی شار دا دەبارێنێ، وەک ئەوەی حەز بکا بەرادەی توانا ئەم خەنی و دڵخۆش بێ، بەڵام ئەم سەد ئەوەندەش بەفری خۆش بوێ، سەد ئەوەندەی دیکەش خەنی، ناچار هەر دەبێ بڕوا، بەهۆگری وتبوو :
دەچینە ماڵی ئێمە دەخەوین ژوورە گەورەکە کەسی لێ نیە، هۆگر وتبووی:
نە دەچمەوە بۆ ماڵەوە، نە دەچیشم بۆ ماڵی ئێوە...
ئەی بۆکوێ بەخێر ؟
دەچم بۆ هوتێل
بەڵام دواجار بۆهیچ کامیان نەچوون چوون بەرەو غوربەت
ئەم سەری داخستبوو بەبێ ئەوەی کە بزانێ ئەمە سەرەتای قەدەرێکی دیکەیە، شتێک بەرەو دوا کشاوە...
لەکاتی پێویست دا هەمووکەس بەرەو پێش دەچێ کەچی ئەم هەر لە پاشەکشەیە...
ئەوەتا هەم هەر پاشەکشەم کردوە
ملکەچ بوو، حەزێک خەونێکی شیرینی خەڵوەتەکانی بوو، دڵی نەهات تەنانەت بەم نرخەش لەکیسی بچێ.
سریوە سریوی بایەکی نەرم و ناسک، وەک سۆزی ئاوازێکی دڵگیرو دڵگر بەناو لەش و لاری پیری چرکەکان دا تێ پەڕ دەبوو، خاکەلێوە قەت ئەوەندە بە غەریبی و بێ دەنگ دەستی بەسەرو زولفی بەهارا نەهێنابوو، شەهلاش قەت ئەوەندە بە خەمی براکەیەوە نەببوو...
سەعدی برام ساڵەهایە بێ سەروو شوێنە، هەموومان بۆی پەرۆش و دڵتەنگین هەمیشە.
ئەمەی بەو دەستە خوشکەی ئەوت کە هاتبوە سەردانی و سەیری ئاڵبۆمی وێنەکانی دەکرد. لێرەدا ئەو سەعدی بوو کە پەنجەی لە چوار ژومارەی تەلەفوونەکەدا چوار جار هەڵخولاند: 3272
بەڵی فەرموو
ڕایەڵەکانی دەنگی وەک سیمی بن پەنجەی تارژەنێک لەرینەوە
ببورە فیان خانم مان دەوێ
جەنابت ؟
من سەعدی عیرفانی
ببورە لەماڵ نیە
ئاخر...
دایکی تەلەفوونەکەی داخستەوە
تەمی خەیاڵەکەی ڕەوایەوە، بیری لە ڕابردویەکی دوورو نزیک دەکردەوە
وای، ڕابردوو بە هزر چ دوورە، بە هەست چ نزیک
ڕابردووی ئەم ڕەنگە ئێستا لەو دیوو ئەو هەموو بەرزایی و نەویایانەوە، لەناو تەمێکی شین باوی پەمەیی دا بووبێتە بووکی بن نوقڵانەی بەفر، کۆڵەبارە قورسەکەی لەوێ لێ بەجێ ماوە، بەڵام خەیاڵ هەر وازی لێ نەهێنا...
لەودیوو پەنجەرەی شەوێکی باراناوی ئاسمانێکی تەڕی هەورن، لە ژورێکی بێ دەنگی بەرین و نیوەتاریکا لەبن زۆپایەکی بەتین، سەری نابوە سەر سەرینێک و لەبن ڕۆشنایی لاوازی چرا دیوارکۆیەکی بێ تینا ڕۆچوو بوو بە ناخی کارەساتی ئەکتەری سەرەکی چیرۆکەکەی ناو پێشکی داو سەرو چاویشی ڕەنگی مردووی لێ نیشتبوو.
کارەبا بەردەوام هەیە کەچی ئەم کوڕە وەک شێتی لێ هاتوە، لە ژوورەکەی دەخزێ و تا شەو شەق دەبێ لەبن ئەو چرا دیوارکۆیەدا چاوی بەر پەڕاوو پەرتووکانا داپچڕیوە
ڕۆلەگیان خوا بەرداری نیە ئەو چرایە وەکوژێنە، گوڵی نێو هەموو ئەو ئینجانانە وشک و سیس هەڵاتن و هەڵوەرین، ئاخرخوا بۆ غەزەبی لەتۆ گرتوە ؟ ئەو گڵۆپە ڕوون و گرشەدارە هەیە چ پێویست بەچرایە بەقوربان ؟!
بەتۆچی ؟
هەر ئەوەندەی ئەوت و بەس، ئیتر زمانی قفڵ ئەکردەوە، دایکیشی بۆڵەیەکی لێ ئەهات و درگاکەی شەق پێوە ئەداوە.
هەورە تریشقە لەو دیوو ژوورەکەوە بۆ چرکەیەک دەوروبەری کردە ڕۆژی ڕووناک
لەدەستم بهاتایە هەورە تریشقەش م دەکوژاندەوە
بە خوسرەوی هاوڕێ ی وتبوو:
خووم بە شەو گرتوە بە تاریکی...
خوسرەو وتبووی :
شێت بووی خوا ڕەحم ت پێ بکا
هەورەگرمە شاری لەراندەوە، ئەوەندەی کە دایچڵەکاندو سەرنجی پێ بریە پەردە پەنێرەکە، بەوەش نەوێستا هەستا پەردەکەی لاداو بە قەراغەیەکی هەڵم و تەڕایی دەلاقە شوشەبەندەکەی سڕی، شار لەبن بارانەی بارانا، وەک کەرەسەیەکی یاری مناڵان دەچوو کە مناڵێکی زیت و ڕونکەڵە لەدوای ئەمبەراوبەر پێکردنێکی زۆرو تێر بوون لە یاری بە هاوڕێ کەی وتبێ:
ئیتر بەسە زۆرمان کایە کرد، هەستە با بچین لەژێر شێرەی حەوشەیا جوان جوان بیشۆینەوە...
تیشکی گڵۆپی سەر کۆڵانەکە ڕیژنەی ئەو تاوە تەرزەی لێ دیارە کە هەر ئێستا دای کردوە...
ئەترسم ئەم تەرزەو ڕەهێڵە ڕایەڵی تەلەفوونەکان بپچڕێنێ
ئەم گومانە دڵگرانی کرد، چاوەکانی چۆلەکەی سەرمابردەن، نیشتن و هەڵکورمان سەر ئامێری تەلەفوونەکە
ئەمشۆ سێ شەوە دەنگیم نەبیستوە
لێم بەگومان کەوتوون، پێم وانیە ئیتر بتوانم قسەت لەگەڵ بکەم
بۆخۆی بەخۆی وت:
خۆ نەی وت ناتوانم، وتی باوەڕ ناکەم، بەشی ئەوەندە هەر...
سەری بەدەلاقەی پەنجەرەکەدا گرتەوەو وردتر ڕوانیە شار
ئاربەبا لە تۆخایی شەوا ون بوو، وەک بڵێی ئەو شارە هەرگیز کێوێکی وای بەسەر سەرەوە نەبووبێ، بیری کردەوە، بانەی بێ ئاربەبا...
لەدڵم دراوە باش دەزانم کە دەڕۆی و بەجێم دێڵی
هەرکاتێ ئاربەبا کۆچی کرد ئەو کاتە منیش دەڕۆم، هەر تۆ نا هەموو شتێک بەجێ دێڵم
بەڵام ئەوەتا کۆچیشی نەکردو هەر ڕۆیشتیشی
نا من دڵنیام کۆچی کردوە، ئێوە جادوو کراون بۆیە دەیبینن
چاوەکانی دڵداری بێ بەڵینن بەو شەوە ملیان لە گەڕانی شار نا...
بەفر نەرم و لەسەرخۆ پروشەی دەکرد، جەڵغەو زەلکاوی قەراغ شەقامەکان لەبن تایەی ماشێنەکان دا هەڵدەپڕژانە گەزێک واوەتر، شوستەکان خزو لووس لەبن تەرمی بەفرا نەدەبریسکانەوە، ئەوەندە نەبێ زۆرجار ڕێبوارە بەپەلەی ئیش و کارەکانیان هەڵدەخلیسکاند، هەبوو خۆی دەگرتەوە، هەشبوو بەسەرەوە لە عەرز دەدرا
من هەموو جارێک بەسەرەوە لە عەرز دراوم
ئەمجاریش خۆی بۆ نەگیراو بەخۆی و جانتاکەیەوە بەپشتا لە عەرز درا
ئەوەندە چاوە چاو ئەکەی ئاگات لەخۆت نیە
ڕۆژی دوایی کچێکی مانتۆ بۆری دەموو چاو باریک هەڵخلیسکا.
خەریک بوو بکەوم خوا ڕەحمی کرد
لەوپەڕی شەقامەکەوە دوو گەنجی سەربزێو کە دیار بوو بەشوێن دوو کچی قوتابی یەوەن دایانە قاقای پێکەنین.
ئەوەندە سەیر مەکە چەتیوە، شوورەیی یە
شار داپۆشراوە بە هەستێکی شاردراوە، کوڕان و کچانی قوتابی، لەبن ئەم هەستە سەرسوڕهێنەرو سیحراویەدا بەبەردەمی فرۆشیاران داو بەبەرچاوی خەڵکانی جۆربەجۆری بازاڕی قەرەباڵغی نیوەڕۆ بەفراویەکان دا کۆتری بیرو خەیاڵیان هەڵدەفڕێنن بەرەو دەڤەری خەوو خەیاڵ و خولیاکانیان، لەژێرەوەش نهێنی ئەم حەزە بەرەهووتە بە حەزەرەوە لە نیگایان دا دەنوێنن...
دوو کچی مانتۆ ڕەشی سەوزەی مامناوەندی جانتا لەشان شل و مل دەگەڕێنەوە بەرەو ماڵ یەکیان دووجار ئاوڕ دەداتەوەو ئەمجا ڕوو لەدەستە خوشکەکەی دەخنێتەوە
ئەوەندەی خۆشم ویست هەر دوراو دوور بوو
خەمت نەبێ، زۆرەها کەس جووتیشن بەڵام هەر دوورن، لەئێوە دوورتر...
شووشەکەی هەڵچۆڕاوە، مێشکیشی هەروا، هەربۆیە خەونووچکە دەیباتەوەو لەپەنا سفرەکەی دا پاڵ ئەکەوێ و زۆری پێ ناچێ بۆنی زەعلەو فەلی هەرمۆتە دەیخەنە قوڵایی خەوێکی لەبن نەهاتوو...[1]