قرپۆکەکان و زەردەمار
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
قرپۆکەکان لە ئەستێرێکی خۆش و پڕ ئاودا ساڵانی ساڵ بوو دەژیان. ئەستێرێکی قوول، بە گژو گیای ناوی و ئەو قەراخانەوە وا چیمەنێکی سەرسەوز دەوری دابوو.
بەڵام چەند ساڵێک بوو ئاوی ئەستێرەکە هەتا دەهات کەمی دەکرد. ئەوان بە ناهومیدی لە کانییە هەمیشەییەکەیان دەڕوانی کە چۆڕە چۆڕ ئاوی پیادەهات و نەیدەتوانی وەک ساڵان قووڵکەی ئەستێرەکە پڕکاتەوە.
خەمین لەم دۆخە، ئێوارەیەک درەنگان، لە بن چەند هەڵزێکی هێشتا پان و پۆڕ و سەوز و پاراودا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی مشورێکی دۆخەکە بخۆن و ڕێگاچارەیەکی بۆ بدۆزنەوە.
هەندێ لە قرپۆکەکان لایان وابوو گوناحی هەتاوە. دەیانگوت هەتاو بە تیشکی گەرم و سووتێنەری، هەورەکان دەکا بە هەڵم و ڕاویان دەنێ و لە پانتایی بێ سنووری ئاسماندا پرش و بڵاویان دەکاتەوە. گوتیان بۆ ئەوەی بەرگری لەم کارەی هەتاو بکەین دەبێ بکەوینە خۆ و هەرچی زووتر مشورێکی باشی لێ بخۆین.
قرپۆکەکانی دیکە کە سەرەتا بۆیان زەحمەت بوو باوەڕ بەمە بێنن، پاش کەمێک قسەو باسی تر و بیرکردنەوە لەو هەتاوە تیژەی وا هەموو ڕۆژێک پشتی ئەوانی گەرم و وشک دەکردەوە و ئەوانیش بەناچار زیاتر خۆیان دەخزاندەوە ناو ئەستێرەکە و بنی گژوگیاکانەوە، باوەڕیان بەم قسەیە هێنا و گوتیان دەی باشە با بیکەین.
قرپۆکێک گوتی لەبەر ئەوەی لە ئاسماندا تەنیا مانگ و ئەستێرەکان هەن، دەبێ پەنا بۆ ئەوان بەرین. جا لەبەر ئەوەی ئەستێرەکان بچووک و بێ دەسەڵاتن، دەبێ پەنا بۆ مانگ بەرین. ئەوسا یەکیان لە ناو خۆیاندا هەڵبژارد و پێیان گوت شەوێک درەنگان کاتێک باڵندە گۆشتخۆرەکان بەدەرەوە نین و زەردە مارە زلە نەگبەتە ترسناکەکەیش ڕاوی خۆی کردووە و لە کوونەکەی خۆی خەوی لێکەوتووە، بچێتە سەر هەڵزێک و لە گەڵ مانگ قسە بکا.
قرپۆکێکی زلی بەتەمەن کە خاوەن دەنگێکی گڕ و بەرز بوو، ئەمەی کرد و داوای لە مانگی چواردە کرد بە فریایان کەوێ و لە وشکەساڵی ڕزگاریان کات. بەڵام قرپۆکەکە هەرچی دووا و هەرچی پاڕایەوە، مانگ تەنیا لێی ڕووانی و بە ڕوویدا پێکەنی و بە بێ ئەوەی یەک تاقە وشە چییە لە دەمی بێتەدەرەوە، بەرەبەرە، بەرەو باشووری ڕۆژئاوا نەوی بووەوە و دەمەوبەیان ون بوو!
قرپۆکەکان دڵشکاو دیسان کۆبوونەوە و، ئەمجارە گەیشتنە ئەو ڕایەی کە سەرەڕای ئەوەی دەنگی قرپۆکی هاوڕێیان گەیشتبووە ئاسمان، بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئاسمان بێ سوودە و دەبێ مشورێکی تر بخۆن.
پێشنیاری ئەوە درا لەگەڵ مارەکە قسەبکەن. زەردە مارێکی زل و بەدقەوارە کە ساڵانی ساڵ بوو لەم دەورووبەرە دەژیا و هەموو شەوێک دەهات و خۆی مڵاس دەدا و قرپۆکێکی ڕاودەکرد و دەڕۆیشتەوە. گوتیان لەبەر ئەوەی مارەکە بەدەسەڵاتترین بوونەوەری دونیایە و ئەویش ڕقی لە گەرمایە و تەنیا بە شەودا دێتەدەرەوە، واباشە لەگەڵی قسەبکەین بەڵکو مشورێکی وەزعەکە بخوا.
هەر هەمان قرپۆکیان ناردە لای و ئەویش قبوڵی کرد، بەڵێنی پێدان بە هەتاوەوە بدات و لە گەڵ هەورەکانیش قسەبکا بۆ ئەوەی کاتێک لێرەوە گوزەران، دابکەن و چیتر ئەستێرەکە بە بێ ئاو جێ نەهێڵن. بەڵام مەرجێکی هەبوو، ئەویش ئەوەیکە ئەوان دەبووایە هەموو شەوێک یەکێکی قەڵەو و خرو خۆڵیان بناردایە بۆ ئەوەی بیخوا. پاش کەمێک مقۆمقۆ، قرپۆکەکان بەناچاری قبوڵیان کرد.
بەم شێوەیە زەردە مارەکە، ئاسوودە، لە کونەکەی خۆیەوە بەدەم خواردنی ژەمەکەیەوە لە ئاسمانی دەڕوانی و زەردەخەنە دەیگرت و دەیگوت لە خۆوە نیە بەم سەر و سکە زلە و، ئەم دەمە دادڕاو و چاوە زەق و دەست و قاچە درێژانەوە ئەوەندە ڕەزاگران دروست کراون و، کاتێک دەڕۆن دەبێ هەڵبخەنەوە!
سەرئەنجام بۆ ساڵی دووایی، باران باری و دونیا لە وشکە ساڵی ڕزگاری بوو. قرپۆکەکان، کە یەکجار کەمیان کردبوو، خۆشحال لەم دۆخە لە جیاتی قرپۆکێک دووانیان دەناردە خزمەتی مارەکە و خۆشحاڵ لەوەی خودایەک هەیە ئاگای لێیان بێت، هەتا دونیا بەرقەرار بوو درێژەیان بە ژیانی خۆیان دا.[1]