هاواری بێدەنگ
#ڕەسول سەفەریانی#
ئاڵۆزم وەک پوورەی هەنگی دەست بۆ براو. وەکوو شارەمێلورەی ئاوتیکراو. ئاڵۆزم و دەڕۆم بێ هێلانە، بێ ئۆقرە و بێ ژین. ئەمەی کە دەڕۆم و دەخۆم و دەخەوم بەس نییە بۆ ئەوەی ناوی ژینی لێبنین. ژیان واوەترە لەو چەند کردە حەیوانییە کە سنوری نێوان مان و نەمانمان بۆ دیاری دەکەن. من باسی ژیان دەکەم نەک باسی مان. مان یانی زیندوبوون و زیندوو بوون بەو چەند شتەوە، واتە خواردن و خەوتن و هەناسە گرێدراوە. من ئێستا لەو سنورەدام. سنوری مان و نەمان. من بومەتە حەیوانێکی گیراوی ڕاگیراو کە چاولەدەستی ڕاوکەرەکەیەتی بۆ ڕاگرتنی لە نێو ژووری مان دا. من وەک باڵندەیێکم کە فڕینم لی زەوت کراوە.
من ئەو ماسییەم کە نامەوێت ئەندامی ئەو پۆلە ماسیانە بم کە کاریان ئەوەیە پێکەوە بڕۆن و پێکەوە بن، بەڵام بۆ ئەوەی خۆراک بن بۆ ماسییە گەورەکان و کۆسەکان. ئەوان بۆیە بە پۆل و گروپ دەڕۆن و دەگەڕن کە ماسییە ماسیخۆرەکان ئاسانتر خواردنیان دەسکەوێت، ئەوان بۆ ئەوە پێکەوە ناژین و ناگەڕن بۆ ئەوەی یەکتر بپارێزن. من نامەوێت چیتر ئەو ماسییەبم. من حەزدەکەم کە سەگی وەحشی بم بەڵام ئازاد بژیم و گروپەکەم بپارێزم و بمپارێزن لە بەرانبەر حەیوانە دڕە زلەکاندا.
من ئێستا دەڕۆم بە نێو ئەم دەریادا و دەبینم چەندە ماسی پۆلژی و بێ ژیانی تێدایە. من بەم دەریا ی خەڵکە بێ شەپۆلەدا دەڕۆم. من دەڕۆم بە نێو ئەم دەریا خەوتووەدا و بانگ دەکەم ئەی خەڵکینە هەستن ئە یدەریای خەوتوو هەستە و شەپۆلێک لێدە. حەزدەکەم ببوایەتم بە دەهۆڵێک کە دەنگم ئەوەندە بەرز و زل بووایێت کە گرمەم سۆنامیێکی لەم دەریا دروست بکردایێت. دەریای خەوتوو یان دەریای مردوو هەر بۆ سواری باشە، هەموو کەسێک بەئاسانی لێیدەدات. کەس خەبەر نییە کۆسەکان بە ئیشتیا دەمانخۆن و ئێمەش هەر ڕەەقس و دانسی گرووپیان بۆ دەکەین.
چ بکەم من نامەوێت لەم سنوری مان و نەمانەدا بمێنم. من حەزم لە تامی ژیانە. ژیان یانی فڕینی بی بەربەست. ژیانی من ئێستا نێوکەی (ژیان) خوراوە، ڕزاوە و کرمۆڵە. من ژنم و پەتی ئەسارەتم لە سەروملدایە. من...
هەر بەدەم ئەم خەیاڵات و بیرانەوە دەڕۆشت و بۆ دەورووبەری دەڕوانی و خۆی وک ماسییە ڕەشەکەی سەمەد بێهرەنگی دەبینی. بێزار بوو لە ماسییە بێدەنگە سرک و ترسنۆکەکان. بیری لەوە دەکردەوە کە چۆن ببێت بەو دەهۆڵەی کە دەریای مردووی خەڵکەکەی پێ ڕاچڵەکێنێت. چۆن بڵێت ئەمە ژیان نییە کە ئێوە هەتانە. ماسی خۆرە دڕەکان بە دەوریاندا هات و چۆیان بوو.
نەیاندەهێشت بڵاوە بکەن و کەس بۆی نەبوو ڕێگای خۆی هەڵبژێرێت. ئەمیش لە پڕ بیری کردەوە کە بچێتە شوێنێک کە سەرنجی پۆلە خەڵکە خەوتووە سڕەکەکە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و باسی فڕین و ئازادی ژیانیان بۆ بکات. بۆیە بەرەو کۆسپایێک ڕێکەوت کە سندوقێکی لەسەر دروستکرابوو بۆ تێلی کارەبا و تەلەفون. بە کێشە و زەحمەت سەرکەوت. چەند ماسیێکی سڕ سەیریان دەکرد. هەستا سەرپێ و بە ئارامی ڕووسەرییەکەی کە وەک پەتی ئەسارەت سەرو ملی پێداپۆشرابوو لە سەری خۆی لابرد. پیاوەکان لەخوارەوە زۆرتر سەرنجیان دا. سەرنجی قژە جوانەکەی. دەمێ ساڵ بوو کەس ژنێکی ئازادی نەدیبوو. ژن بە ئازادی جوانە، زۆر جوانە.
روسەرییەکەی کرد بە دارێکەوە کە پێش سەرکەوتنی بۆ شوێنەکە بەدەستیەوە بوو. بێدەنگ ئەیگرمان وەک دەهۆڵە دەنگ زلەکەی خەیاڵی، دەقیژان بە بێدەنگ و دەیگوت:
خەڵکینە ئێمە هەموومان بەم پەتە ئەسیر و دیل کراوین، وەرن با پێکەوە لەملمانی داماڵین. وەرن با ئازاد بژین، با چیتر ژیانی نێوخوراوە نەبین و ژیانمان ژیان بێت و سالم و کامل.
بەڵام پۆلە ماسییەکان لە خوارەوە نەدەنگەکەیان دەبیست و نە خەویش بەریانی دەدا لانیکەم بیبینن کە ژیان چۆنە. پیاوەکان ئەو نمایشەیان پیخۆش بوو. ئەوان هەر سەروملیان بینی و ژنەکانیش یان بە سرکی هەڵاتن یان چەمۆڵەیان لێدەنا.
چەند دەققە دوای ئەوە کۆسەکان هاتن و، پۆلەماسی دیسان ڕەقسێکی هەڵاتنی کرد و ئەوانیش ژنە ئازادیخوازەکەیان خوارد.
دەنگی دەهۆڵ لە دونیا دەنگی دایەوە و لە هەموو ڕۆژنامەکان وێنەی کچی ڕوسەری بڵاو کرایەوە بەڵام لە دەریای ماسیە ڕەشە بچوکەکە ئێستاش هەر خەو بەردەوامە و دەریا ئارام و بێدەنگی تەنیا تۆنی زاڵە.[1]