پیاگ و کڕۆنا
#ڕەسوڵ سەفەریانی#
هەوای پاییز و نیوەڕۆییکی هەتاوی، هەتاو تا دوای هێزی پاییزی سەرکەوتووە و دارە بەرگ ڕەنگاڵەکان کە دەزانن ئەم تینە دواگوڕەکانی هەتاوە زۆر بە جدی نایگرن و خەریکی سیرمۆنی ماڵئاوایی گەڵاکانیانن. گەڵاکان یەکە یەکە بە ڕاشەکاندنی پەنجە زەردهەڵگەڕاوەکانیان وێڕای ماڵئاوایی لە دایکیان ڕێگای دووری نادیاری چارەنوسیان دەگرنە بەر. ئەم وێنانە منی دانیشتووی سەر نیمکەتەکەی نێو پارکە پاییزگەستەکە دەخاتە بیر و دەمباتەوە بۆ چارەنووسی ئینسانەکان. بیرم دەباتە سەر دابەزاندنی چیرۆک و سەربوردەی منداڵێک کە زۆر دەمێکە بوو مێشکمی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. بیرم لە پێوەندی نێوان ژینگە، ڕاهێنان و داهاتوو و سروشتی مرۆڤ دەکردەوە کە چۆن ئەم سێ کوچکەی بناخەی شکلگیری کەسایەتی ئینسان دەوریان لە دروست بوونی کەسایەتییەکاندا، هەروەها کوڕەکەی چیرۆکی ئێمەش هەیە. خەریک بوو دامدەڕشت کە چۆن چیرۆکەکە دەست پێ بکەم بۆ ئەوەی سەرنج ڕاکێشتر بێت و توانیبێتم زەینی خوێنەر زۆرتر بخەمە گەڕ و هاوکاتیش چیرۆکەکەم گەیشتبێتە ئەنجامی خۆی و کوڕە بچوکەکە و پیاوەکەی داهاتووم ناساندبێت. پیاو ئەو وشەبوو کە لەم چیرۆکەدا زۆرتر لە هەموو وشەیێک قورسایی و سێبەری هەبوو. قورسایێکی بە هەیبەت. یانی سنەیی وتەنی، وتت پیاگ ئیتر هەمووکەسێک هەستی بە بایەخ و مانا و قورساییەکەی بکات و قووڵ ڕۆبێتە ناو ماناکەی و بزانێت چ ئەرک و ماڤێکی هەیە. پیاگەکەی داهاتوو هەر لە ئێستاوە لە ژێر سێبەری پێاگبووندا خەریکی ڕاهاتنە. پیاگەکەی داهاتووی ئێمە جار جار لە دڵی خۆیەوە بیر دەکاتەوە لەوەی کە بەس نەبوو کوڕ بووم و بە کچ لە دایک نەبووم. ئەو بە خۆی دەڵێت ئەوسا دەبووا وەک دایکم شوم بکردایێت. لەوکاتانەدا دەچێتە بەر ئاوێنەکە و ژستێکی پیاوانە دەگرێت و بە خۆی دەڵێت چ پیاگێکم! ئەو تەنانەت جارێکیان کە قەراربوو لەگەڵ بابی بچێتە دەرەوە، لە کاتی خۆ حازرکردندا کە خەریکی جل لەبەرکردن بوو چووبووە بەرئاوێنەکە و دەستێکی بە قژەکەیدا هێنابوو و بە گۆشەی چاو لە ئاوێنەکەوە بابی بینی بوو کە لەبەر درگاکەدا ڕاوەستابوو و سەیری ئەمی دەکرد. ئەمیش خێرا ژستێکی گرتبوو و وتبووی چۆن پیاگێکم؟ باوکیشی وتبووی پیاگێکی تواوی لە خۆم ئەچیت. ئەم وەڵامە کوڕە بچکۆلەی ئێمەی والێکرد کە لەو ڕۆژەوە زۆرتر بیر لە پیاوبوون و پیاوەتی بکاتەوە. بە تایبەت کە گوێی لە بابی دەبوو کە جار و بار باسی کەسێکی دەکرد و بە حاڵەتێکی سەیرەوە دەیگوت ئەوە پیاگ نییە، پیاگ بووایێت ژنەکەی وا نەدەبوو. کوڕە بچکۆلە دەیزانی کە کوڕ گەورە بوو دەبێتە پیاو، بەڵام نەیدەزانی بابی بۆچی بەو کابرانە دەڵێت پیاگ نین. لە خۆی دەپرسی باشە ئەو کابراش گەورەیە و ژنی هەیە و مناڵیشی هەیە ئەی بۆ بابەم دەڵێت پیاگ نییە. ئەو تەنانەت ئەم پرسیارەی لە بابیشی پرسی بوو، بەڵام باوکی وتبووی با گەورە بیت خۆت دەزانیت.
کوڕەکەمان ئەوەندە قووڵ لە پیاگ بووندا ڕۆچووبوو تەنانەت لە یاری لەگەڵ هاوتەمەنەکانی لە کۆڵان و یان لە ماڵەوە لەگەڵ خزمەکانیشی زۆر جار ڕەنگی دەدایەوە و بە شێوەیێک خۆی دەپاراست کە لەگەڵ کچەکان یاری بکات یان زۆر جار هەوڵیدەدا قسەکانی باوکی کە لە کاتی توڕەییدا بە دایکی دەگوت بەڕێوە بەرێت. باوکی هەمیشە دەڵێت فەرمانی ژن بە دەس پیاوە، پیاو دەبێت بڕیاربدات. ژنان دەبێت گوێڕایەڵی پیاوەکانیان بن. ئەو دەڵێت پێغەمبەر فەرموویەتی ئەگەر ژن گوێ نەگرت پیاو دەتوانێت تەمبێی بکات. باوکی دەڵێت پیاگ مەسئولی ژن و مناڵەکەیەتی. زۆر جار کە کوڕەکە گریابوو بابی پێی وتبوو مەگری عەیبە تۆ پیاوی. ئەم دەیبینی کە بابی لە دایکی تووڕە دەبێت تەنانەت بە شەپڵاخە و بە مستەکۆڵەش لە دایکی دەدات و دایکیشی دەگری.
کوڕەکە لەم کاتانەدا زۆر خەمبار دەبێت و لە بابی تووڕەیە بەڵام ناوێرێت هیچ بڵێت، تەنیا باوش بە دایکیدا دەکات و بە دزی باوکییەوە دەگری. دواتر ئەو کاتەی بابی لە ماڵ نییە لە دایکی دەپرسێ دایە مەسئول یانی چیی؟ باوکم ئەڵێ پیاگ مەسئول ژن و ماڵەکەیەتی یانی ئەوەی کە ئەتوانێ...
دایکی لە وەڵامدا دەڵێ خوا هەرچی مەسئولی وایە بیکوژێت. کوڕە دەڵێت: ئەگەر خوا باوکم بکوژێ من و تۆ مەسئولمان نابێت. ئیتر منیش باوکم نابێت. دایکی دەڵێ مەترسە خوا خێرا بە قسەی منی نەکردوە و نایکات. خوا خۆی...
فریانەکەوتم ڕستەکەم تەواوبکەم کە لە پڕ هەستمکرد کەسێک بێ چرپە لە تەنیشتمەوە پەیدابوو. لامکردوەوە کابرایێکی زل و زەبەن و سێبەر قورس، بە سەرێکی زل و دەموچاوێکی پان و جوتێ چاوی قووڵ وەک دوو لایت کە لە بن دوو چاڵەوە تیشک بهاوێژێت، قونیدایە سەر ئەو نیمکەتەی من لەسەری دانیشتبووم. هەرچەند ڕواڵەتی وەک مرۆڤێکی ئاسایی، لە جۆری خوێن تاڵەکانی ئەچوو، بەڵام جۆرێک لە ترسی لە لام دروستکرد و دڵەتەپێیێک دەستی پێدام. هەوڵمدا خۆم بپارێزم لە سەیرکردنی و بە جێگەی ئەوە نووسینەکەم ڕاگرم و کەل و پەلەکەم بپێچمەوە و بڕۆم.
بەڵام ئەو بە بێ ئەوەی بزانێت من گوێی لێدەگرم یان نا، کەوتە قسەکردن. سەرەتا وامدەزانی بە تەلەفون و هەندفری و ئەم شتانە لەگەڵ کەسێک قسەدەکات. بەڵام بە دەنگەکەیدا و شێوازی ئاخاوتنەکەی هەستمکرد لەگەڵ منیەتی. بۆیە لامکردەوە، بینیم کە ڕووی دەمی لە منە و بۆ من قسە دەکات. ترسەکەم قورستر بوو. جۆرێک لە ترس کە تەنیا لە کاتێکدا ڕوو لە مرۆڤ دەکات کە هەست بە مەترسی مردن بکات، کەوتە لەشم. دونیام لا تەنگ و تاریک دەبوو. نەمدەزانی بۆ بینینی کابرایێک هەرچەند خوێن تاڵ، بەڵام عادی وەهام لێدەکات. شڵەژابووم، بەڵام هەوڵمدا ترسەکەم بشارمەوە و خۆم عادی بنوێنم.
بۆ کوێ دانیشە من بۆ لای تۆ هاتووم!
بۆ لای من؟... بۆ تۆ من ئەناسی؟
چۆنت ناناسم، تۆ فڵانی کوڕی فڵانی.
بەم وەڵامە کە بە ناوی دایکمەوە دەمناسێت زۆرتر لەشم تەزوی ترس دایگرت و تاڵەکانی موی سەر و لەشم هەمووی سیخ بوونەوە. هەناسەم قورس بوو، هەستم کرد خوینی لەشم ناسوڕێت، جەستەم ساردسارد بووەتەوە. هەستێکی زۆر زۆر ناخۆش دایگرتم. هەستم بە بێدەسەڵاتی دەکرد، لاقەکانم نەدەجوڵان. تف لە زارمدا وشک ببوو. بە خۆمم وت کە لە خۆوە نەبوو هەر لەسەرەتاوە ترس دایگرتم. دڵم هەڵەناکات. ئەمە شتێکی پێوەیە. ئەم زەبەلاحە لە کوێوە من دەناسێت. هەرچۆنێک بوو خۆم بۆ ڕستەیێک تەیارکرد و وتم تۆ چۆن من ئەناسیت؟
من هەموو کەسێک ئەناسم. من ئیزراییلم.
ئەم وەڵامە هەموو ژیانمی وەک فیلمێکی کورتکراوە بە سەریعی هێنایە بەرچاوم. هەستم کرد کە ئەمە خاڵی کۆتاییە ئیتر تەواو بوو. بیرم کردەوە کە ژیان چەندە کورت بوو. قەت بیرم نەدەکردەوە کە ئیزراییل لە وەها ڕۆژێکی گەرم و خۆشدا لە پارکێکی وەهادا بێت و ئێخەم بگرێت و خاڵی کۆتایی لە دووارستەی چیرۆکی ژیانم دابنێت.
بەهەموو هەوڵێکم دوواوزەم خستە گەڕ و هەرچی هێزم بوو کۆمکردەوە بۆ ئەوەی شتێک بڵێم. تەنیا توانیم بڵێم یانی ناتوانم ئەم چیرۆکە تەواو بکەم پێش ئەوەی چیرۆکی خۆم کۆتایی بێت؟
بە بێ دەرکەوتنی هیچ هەستێک بەروخسارییەوە، وەک ڕوبۆتێکی سارد و سڕ وتی:
با. بۆچی نا، خەمت نەبێت. نەهاتووم بۆ گیانکێشانت. تەنیا هاتووم بڵێم لەگەڵت هاوڕام بۆ ئەو ڕستەی وا دەتەوێ بینوسی.
وتم کام ڕستە... خۆ من زۆرم نووسیوە؟ وتی ترس وڕی کردووی، من پێم وتی ئەو ڕستە وا دەتەوێت بینووسی. وتم من لەبیرم نەماوە کە دەمویست چی بنووسم. تۆ لە بیرت بردمەوە. وتی ویستت بنووسی خوا خۆی زاڵمە و هیچ مافێکی بە ژن نەداوە. منیش هاتم پێت بڵێم ڕاستە خوا زاڵمە
جا تۆ بۆ دەبێ وا بڵێیت؟ خۆ تۆ هەموو قودرەت و ئێختیارێکت هەیە و بۆ تۆ ئێتر ئەبی چی واتای زوڵمی ببێت؟
تۆ ئاگات لە هیچ نییە. من ئێستا ئیتر لە ئیشەکەی خۆما نەماوم.
یانی تۆ ئیتر گیان ناکێشی؟
نا من ئێستا بێکارم و کارم هەر بووە بە خولانەوە. بڕوابکە ژیانی ئێوە ئێستا لە هی من خۆشترە. بەس نییە ژیانی ئێوە دەسپێک و کۆتایێکی هەیە و لەو نێوەشدا ئەوەندە سەرقاڵن هەر نازانن چۆن دەڕوات و دەگاتە کۆتایی. من ئێستا بێ کۆتایی و بە بێ ئیش هەر دەبێ بێم و بچم و هیچ شتێکیش نییە چێژم پێ ببەخشێت. پێشتر ئەوەندە سەرم قاڵ بوو کە جاروبار ڕوویدەدا گیانی کەسم بە هەڵە کێشاوە بە بێ ئەوەی کاتی بێت، یان بە عەکسەوە زۆر کەسم لە بیر چووە گیانیان بکێشم سەرەرای ئەوەی لە کاتەکەیان لایداوە.
وتم جلەکانت لەوەی لەسەر ئیزراییل بیستبووم ناچێت. ڕاستی بۆ بێکار بوویت؟ خۆا کەسی تری داناوە لە جێگەت؟
خۆزگە کەسیتری دادەنا.
ئێستا کە ئیتر وردە وردە خەریک بوو ترسەکەم دەڕەوییەوە و لەگەڵ هەر ڕستەیێک جۆرێک لە جورئەت و متمانەبەخۆ ڕووی تێدەکردم و کەمکەم لە گەڵی خۆیی دەبووم و خۆماڵیتر قسەکانم دەکرد، کردمە گاڵتە و وتم نەکا بڵێی خواش کردوویەتی بە ئاوتوگیرۆ؟
ێیزرائیل زەردەیێکی بێڕەنگی گرت و وتی هەر ڕێک وایە. پاشان بەردەوام بوو و وتی:
سەرەتاکەی خەتای خۆم بوو. ڕۆژێک خوا ئەمری پێکردم وتی بڕۆ ئەم شەخسەم بۆ بێنە. من ئەو کاتە نەمزانی ئەم کابرا کێیە و خوا بۆچییەتی. بۆیە وەک ئەو عالەمەی تر، بە بێ ئەوەی ئیزنی بدەم ژیانەکە تا کۆتایی بنووسێت هەڵمگرت و بردم. لە کۆتاییدا ئەمەی لێدەرهات کە ئێستا تووشی بووم.
باشە ئەو شەخسە کێ بوو وا ژیانی تۆیشی گۆڕی.
ئەوە جەنابی ستیڤێن جابز بوو.
یانی ئەو وەک ئەم دونیا لەوێیش خەریکی ئەو ئیشەیە.
بەڵێ. خودا بردیە لای خۆی و داوای لێکرد دام و دەزگاکەی بۆ بکات بە دیجیتاڵ و ئێلیکترونیکی. خودا ویستی بەم شێوە کاری خۆی ئاسان بکاتەوە. ئێستا پاش ساڵانێک سیستەمە نوێکەی خستوەتە کار. لەم سیستەمەدا ئیتر زۆرێک لە فریشتە و مەلائێکە و تەنانەت پێغەمبەرەکانی لابردووە و ئیتر هیچیانی پێویست نییە. بەم سیستەمە هەموو تاکێکی مرۆڤ وەک دەسگایێکی موبایل یان کامپیوترێکە کە خوا لە ڕێگەی نەرم ئەفزارێکی نوێوە، کە مرۆڤەکان نێویان ناوە کرۆنا، کونترۆڵ دەکرێت و ئاپدەیت ئەبێتەوە. ئەم کرۆنا هەموو مرۆڤێکی هەڵکراوی وەسڵ بە ژیانەوە دەدۆزێتەوە و دەچێتە ناوی. ئەگەر شەخسەکە پڕۆگرامەکانی لەگەڵ سیستەمی نوێ بێتەوە ئەوە ئاپدەیت دەبێت و بەردەوام دەبێت لە بووندا تا ماوەی تەواو دەبێت. ئەگەریش نەگونجێت بۆ ئەم سیستەمە ئەوە بوونی دەوەستێنێت و کۆتایی بە چالاکییەکانی دێنێت. بەم شێوە ئیتر خوا بۆ پێوەندی بە تاکەکانی مرۆڤەوە پێویستی بە پێغەمبەر و ئەسحابە و مەلا و شێخ و کەشیش و کەنیسە و مزگەوت نییە. ئێستا تەنانەت ئەنکیل و مەنکیلیش بێکارن.
ئەی ئەوانەی وا لە قەرەنتینەدان و خۆیان شاردوەتەوە چۆنی لێدێت.
خوا بە تاقەتە و پەلەی نییە. هەر کە هەڵبکرێن و بێنە گۆڕەپانی ئینتەرنێتی ژیان و بوونەوە، ئەوا خێرا کرۆنا دەچێتە جەستەیان و یەکێک لە بەسەرهاتەکانیان توش دەبێت.
ئەی ئەوانەی وا بە کرۆنا نامرن کێ گیانیان دەکێشێت؟
ئێستا وەک دەیبینیت هەموو ڕووداوەکان و تەنانەت شەڕەکانیش کەم بووەتەوە. بەڵام بەشێ زۆر لەوانە هەر لە ڕێگای ئێلێکترۆنیکییەوە دەیانکوژێننەوە و بەشێکیشیان فێعلەن هەر منم. بەڵام لەوانەیە ئەوانەش لە داهاتوودا بچنە سیستەمێکی نوێتر و ئیتر ئەو تاقولۆقە ئەرکانەی منیش نامێنێت.
ئەی جل و بەرگەکەی پێشوت و ئەو شمشێرەی باسیان لێدەکرد چی لێهاتوە، نەکا بڵێی ئەوانەش لەم سیستەمەدا بەکار ناهێندرێت؟
نا ئەوانە لە ڕاستیدا خەیاڵاتی مرۆڤن، ئێمە و هەموو بوونەوەران جلمان نییە و خواش هیچ ئەمرێکی بۆ ئەم بابەتە دەرنەکردووە. مرۆڤ سەرەتا بۆ پاراستنی خۆی لە سەرما شتی لە خۆیەوە پێچا و پاشان وردە وردە کردیە جل. ئێستاش وا ئەزانێت ئێمەش جلمان هەیە، جا لەبەر ترس لە مردن هەوڵ ئەدەن جلی ترسناک لە خەیاڵی خۆیاندا بۆ منیش دابنێن. ئێستاش لەبەر تۆ بەم جلانەوە دەرکەوتووم.
لە پردا دەنگی زرنگەیێکی کورت لە باخلیەوە هات، شتێکی لە شکڵی موبایل لە گیرفانی دەرهێنا و سەیریکرد و وتی من دەبێ بڕۆم، بەڵام من هاتم بڵێم ڕاستە خوا زوڵمی لە ژنان کردووە و لە خلقەتیدا هەڵەی کردووە و ئەم هەڵەشی پێغەمبەرەکان گەورەتریان کردووەتەوە، بەڵام بەم سیستەمە نوێیە ئیتر هەموو تاکێکی مرۆڤ چ ژن و چ پیاو وەک یەک حسابیان بۆ دەکرێت و کەس مافی دەستێوەردانی لە ژیانی کەسی تردا پێ نادرێت.
مەبەستت ئەوەیە ئیتر پیاو ئەو پیاگەی جاران نابێت. ئیتر کوڕی چیرۆکەکەی منیش پێویست ناکات چیتر ڕێگای باوکی بگرێت؟
نا لەمە بەولا کوڕەکانی چیرۆکەکەی تۆ کە دەبنە هاوسەران و باوکانی داهاتوو ئیتر ژن ناهێنن، بەڵکو لە نێوان تاکە ئازادەکاندا هاوسەرگیری دەکەن.
یانی چیتر خوا پێویستی بە نوێنەر و سەرباز و دەمراست نییە؟
بە دڵنیاییەوە بەم سیستەمە تازەوە مرۆڤەکان خۆیان ڕاستەوخۆ وەسلن بە دەسەڵاتی خوداوە و کەس پێویستی بە ڕێنوێنیی ئاینی و زانای شەرعی و لەم بابەتانە نییە. تۆش بڕۆ چیرۆکەکەی خۆتت چۆن پێخۆشە تەواوی بکە. من دەڕۆم.
ئیزراێیل ڕۆیشت و من بیرم لە کۆتایی چیرۆکەکە دەکردەوە کە لە پڕ موبایلەکەم مچورکێکی پێداهات. سەیرم کرد پەیامێکم بۆ هاتووە و تێدا نوسرابوو کە بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە کاک پیاگ بە هۆی تووشبوون بە کرۆناوە چرای ژیانی کوژایەوە و چیتر دەستی بە دەسەڵات نییە و هەموو موڵک و ماڵەکەی ئازاد کراون. دەڵێن لە پرسەکەیدا ژنان هەڵپەڕیوون.
بەم پەیامە من هەستم کرد کە ئیتر شتێک بۆ نووسین نامێنێت. کوڕەکەی چیرۆکەکەمان وەک تاکێک و جندەرێک لە دوو جندەری مرۆڤ درێژە بە ژیانی دەدات و هاوسەرگیری دەکات. ئیتر پیاگ نییە، هاوسەرە و هاوبەش مناڵەکانیان بەخێو دەکەن و....
ژیان لەسەر هێڵ دەڕوات، ئەرکەکان ڕەگەزی نین و ڕەگەزەکان موبایلەکانن و وەک یەک ئیش دەکەن.[1]