ئەم ڕۆژانە وەکو پەیکەر سازێکی پیری کەڕ
بەرد دەگرمە پەیکەرەکانم
لە ئاوێنەدا لە هێڵەکانی نێو چاوەکانم دەڕوانم و دەڕوانمە گەنجیم
دەڕوانمە پەنجەرە شکاوەکانم، دەڕوانمە نائومێدییەکانم
دەڕوانمە پێکەنینەکانی مناڵیم و ڕۆحە بەستووەکەم
دەڕوانمە قەقنەسە لە قەفەس نراوەکانم
دەڕوانمە تەرمی هیواکان
بەفری نیشتووی خەیاڵەکان و
ژینێک کە جگە لە نائومێدی هیچی تری
لە ڕۆحمدا چێ نەکرد
کوان ئەو ڕۆژانەی مناڵیم وەکو
باڵندە هەلەکە سەمام دەکرد و بە عیشقەوە دەمڕوانیە ژیان و وجود و بوونم
ئەو ڕۆژانە لەکوێن هەمیشە هەستم دەکرد
لە پشت هەموو ئازارەکان
حیکمەتێک هەیە خەریکم پیر دەبم و لە هیچ شتێک تێ ناگەم
توانای تێگەیشتم لە شتەکان نەماوە و ناتوانم پەی بە هیچ جوانیەکی سروشت ببەم
پشتم لە ژێر باری ئەو هەموو نالەبارییەدا چەمییەوە و
هەردوو دەستم بە گوێمەوە گرتووە
تا ئیتر هیچ ئاوازێک نەم هەژێنێ
هیچ کارەساتێک نەم تاسێنێ
لە یاساکانی کەون و کائینات وەڕزم
نە لە جوانیدا نە لە پیریدا ئێمە هیچ بە هایەکمان نیە
چل سەدە ئێمە خۆمان فریو دەدەین و سەرەنجامێکی پڕ هیچە، چارەنوسێکی هیچە
لە سەر گۆڕەکەی خۆم دانیشتوم و درەختی سەر گۆڕەکەی خۆم ئاو دەدەم و تۆزی سەر تابوتەکەم لا دەبەم و دەڵێم دەزانی لە ئاوێنەدا زۆر تۆم لە باوەشکرد؟
هەوڵمدا تۆ بە هەمووان نیشان بدەم
هەوڵمدا لە گەڵتدا ئاشتببمەوە
تۆم خۆش بوێت
بەڵام نەمتوانی
تۆ وابەستەی خەیاڵ بوویت و منیش حەقیقەت
تۆ جوانیت دەویست و من ناشرینی
دەمویست تۆ لە کۆڵی خۆم کەمەوە
ئێستا دەڕوانمە ئەم زێرابە دەڕوانمە مرۆڤەکان ئەوانەی کە هیچ شتێک لە ژێر کڵێشەیاندا نیە ئەوانەی
دەستێکیان نیە بۆ ژیان ئەوانەی دەمرن لە پێناوی ژیاندا
خەریکم وەک ڕەبەنێکی ڕووت کە هیچ شتێکم نیە
لەسەر ئەم زەوییە کە ڕووترە لە من
پاڵکەوتووم و پشتم بە پشتی زەوی ناوە تۆ وا دەزانیت
هەموو شتێک تێپەڕی بەڵام لە ڕاستیدا هیچ شتێک
تێ نەپەڕی هیچ شتێک
لەو نێوەندەدا هەستەکەم ڕەبەنێکی کەڕو یاخیم و
لە هەموو یاساکان خۆم بێ بەری ئەکەم
ئاییی لە ساردی و جاڕسکەری ئەم مەملەکەتە ئاییی
خەیاڵ دەکەم، خەیاڵێکی هیچ
منێک وا هەست دەکەم هەزاران ساڵە دەژیم و گوێ بۆ ناماقوڵییەکانی ئەم مرۆڤانە دەگرم
هەزار سەدەیە بەرد دەگرمە ئەو سەرە
هەزار سەدەیە تف دەکەمە نێو چەوانی ئەم دونیا نەگریسەو ئەو چارەنووسە ڕەشە
ئایی چ سەرەنجامێکی هیچە، چ چارەنووسێکی پڕ هیچە.
هۆنەر: #شیلان ئازاد#[1]