وەکو وێنەیەکی کۆنم
لە نێو تابلۆیەکی ڕزیودا
خاک و خۆڵی دونیای لەسەر نیشتووە
کەسێک نیە چوارچێوەکەم
لە ئامێز بگرێت و وێنەکەم ماچ بکات و بملاوێنێ
وێنەی پیرە پیاوێکم بەفری زەمانە
لە ڕیشی نیشتووە
ڕەنگەکانم کاڵبوونەتەوە
نیگار کێشێک نیە دوبارە
ڕۆح بخاتەوە بەبەرمدا
بە جێماوم لە کات و لە زەمەنێکی کۆندا
لەم وەرزە ساردەی تەنهایی بەجێ ماوم
پەنجەکانم تەزیون
چیدی هاڵاوی گەرمی ژیان گەرمیان ناکاتەوە
ڕۆحی خۆم دەکەمە تاڵانی و کڕیارەکانیشم
دونیا و زەمانە و کاتە...
هەرچەندی هاوار دەکەم و دەڵێم
من ئەم جەستەیە و ئەم ڕۆحە
ساردە دەکەمە تاڵانی
بەڵام کڕیارەکانم برسی لاشەم
کات و دونیاو زەمانەیە
سەدەیەکە لاشەکەم لەژێر
باری ئەواندا زریکەی دێت و ڕۆحم بێدەنگە
سەدەیەکە بەناچاری ڕۆحی خۆم
دەکەمە تاڵانی و ڕوحم بێ دەنگە
منێک شۆخێک بووم لەو دەشت و کەژە
پیربووم و ناوم چووە لیستە ڕەشەکەی دونیاوە
منی لەکەلاوەیەکی چۆڵی دورە دەست هێشتۆتەوە
تا ئابڕووی نەبەم و نەچمە سەر سەکۆی ژیان و باسی هەموو ئەو شەوانە بکەم کە غەم لەسەر سینەم دەخەوت توند لە ئامێزی دەگرتم و جوانی لێم دەستاند
وەکو نێرگزی نەو بەهارێک بۆنی دەکردم و
گەنجی هەڵدەمژیم
لێوی دەنا بە کەژو کانیاوی ڕۆحمەوە و تا مەست دەبوو
ئاوی کانیاوە ساردەکانی خۆشبەختیمی دەنۆشی
منیش چاوەکانم بریسکەی دەهات و دەمڕوانیە تاڵانی ڕۆح و جەستە و بوونم
گەرووم پڕ گریان دەبوو
دەمتوانی چی بڵێم ؟
منێک تازە فرۆشرابوومە کاروانەکانی ژیان
منێک هەر ڕۆژەو غەمێک سەری دەبڕیم و
شەرابی لەناو کاسەی سەرم دەخواردەوە
من بوومە تاڵانی کاروانەکانی دونیا
گوزەشتەیەکم، لە کاروانەکانی دونیا
ئێستاش سۆزانیەکی پیرم
بۆ تەنهایی خۆم دەلاوێمەوە
پێم بڵێن سوودی چیە؟
لاوانەوە بۆ عومرێکی لەدەست چوو
سوودی چیە منێکی سیس باسی دونیا بکەم
وەکو مۆمی سەر مێزی مەیخانەیەک
دەسووتێم و کەس باکی بە سووتانم نیە
لەشکر لەشکر تەنهایی ڕۆح و سینەی داگیر کردووم
کەس باکی بە من نیە..!
لە بیرمە کاروانەکانی خەم وەکو گۆشتفرۆشێکی بێ ڕەحم
بە بەر چاوی خۆمەوە هیواکانی
سەر دەبڕیم و سی و جگەرمی هەڵدەواسی و
لێم دەڕوانی
لێم دەڕوانی چونکە دەمزانی هەژارەکان ناتوانن بمکڕن
ئێستا بووم بە کچێکی پیر و شەڕ بە دونیا دەفرۆشم و
داوای کەشتی هیواکانم ئەکەمەوە
کە لە دەریای نائومێدی ئەودا
لەنگەریان گرتبوو
ئێمە سۆزانیەکی پیری دوورخراوەین
دەبێت بێ دەنگ بین و
باسی کاروانەکانی دونیا بۆ ئەوانی
دوای خۆمان نەکەین
دەقیڕێنم و سیگارەکەی دەستم
فڕێ دەدەم و بە هەمووان دەڵێم
کە دونیاچی لە ئێمە کرد
چەندین شەو خەونی مناڵی لەبار دەبردین
من ئێستا سۆزانیەکی بێ باکم و لە ڕۆحی خۆم بێزارم
بەڵام ڕوو دەکەمە دونیا و کاروانەکانی و ڕیسوایان دەکەم
لەسەر تابلۆی ڕەشی زەمانەش
دەنووسم سەدەی ڕسوایی
ئەوە من بووم، لە ژێر باری پڕ
مەینەتی ئەم دونیایەوە
دەم زریکاند و پەنجەکانم دەگەست
ئەوە من بووم بە چاوەکانم
سیحرم لەکاروانەکان دەکرد
تا مەست دەبوون و وەکو مۆم دەکوژانەوە
ئێستاکە پیرم و لەم زیندانەهەڵدەستمەوە
شەڕ بە دونیاو زەمانە دەفڕۆشمەوە
ڕۆحی خۆم دەکڕمەوە
سەما دەکەم تا قاچەکانم خوێنیان لێ دەچۆڕێ
سەما دەکەم و کراسەکەم لادەبەم
تا هەمووان برینەکانم ببینن بەسەر ڕۆحمەوە
ئەو برینانەی شوێن پەنجەی دونیا
وەکو مۆر بەسەریانەوە ماوە
من ئێستا گڕم گرتوە و دەسووتێم
هەمووان لەگەڵ خۆمدا دەسووتێنم
لە پیریدا لەسەر تەختەکەم کەوتووم
نرکەو ناڵەم لێوە دێت
بەڵام ڕۆحم دەشنێ بۆ سەما
پیر بووم و لە ئاوێنەدا خۆم ناناسمەوە
بەڵام هێشتا کاروانەکانی دونیا باش دەناسمەوە
چاوەکانم کز بوون بەڵام بۆنی بۆگەنی ئەوان لە لووتمدا هێشتا ماوە
کاتێک کاروانەکانی دونیا خۆیان دەدەن بەسەر ماڵەکەمدا
قورئانی سەر مێزەکەم دەبینن و قاقا دەکێشن و دەڵێن
قورئان لە ماڵی سۆزانیدا..!
تازە ئێمە پیر بووین و بەسەر چووین و دەبێ بەسەر چین
بەڵام سوێند بێت دەبێت وێنەی ڕووی ڕەشی دونیا
لەسەر دیوار بەدیواری ئەم ماڵانە بکێشم
سوێند بێت ببمە شاعیرێکی مەست
بەیت بەیت بۆ دونیا بنووسم
لە هەر بەیتێکدا دونیا و کاروانەکانی ڕیسوا بکەم
دەبمە سەماکەرێکی چاو مەست
کاروانەکانی دوونیا شێت و مەست دەکەم
ئەبمە نیگار کێش و وێنەی چاوەکانم
دەکێشم و خەون و حەسرەتەکانی ناوی وێنا دەکەم
ئه بمە قافڵە چی و زەمانە وێران دەکەم
ئەبمە کەشتیەک و لە سەر ڕۆخی دونیا لەنگەر دەگرم
کاپتنەکانی زەمانە مەست و گێژ دەکەم
دەزانم بێ هودەیە، سەماکردن لە نێو خۆڵەمێشی خۆمدا، دەزانم.. دەزانم..
هۆنەر: #شیلان ئازاد#[1]