سەرم ئەکێشم بە دیواری زەمانەدا
تۆی لێ وەر ئەگرمەوە
ئەمەوێ لە دەرگای ماڵ بە ماڵی
خەڵکی ئەم شارە بدەم و تۆ بدۆزمەوە
تۆ لە گرێی ڕۆحمداییت
لە نێو چاوەکانمدا دانیشتوویت
سۆراغی تۆم کرد وتیان کەباشی
حاڵی من کەچی؟
ئەسڵەن حاڵی من بە تۆ چی
نەفرەتی کۆڵان بە کۆڵانی شارەکەت
بە پێی پەتی گەڕام تۆم نە دۆزییەوە
وەکو ژنێکی قەرەجی ماست فرۆش
لە ژێر پەچەیەکی ڕەشدا
نیگام کردی
تۆ کە چی؟
لێت نەڕوانیم
وەکو ئەوەی کە نەتناسیبم
هەزار شەو تا بەیان
فرمێسکم بۆ دووری تۆ ڕشتووە
هەزاران تەزبیح بۆ تۆ زیکرم کردووە
وەکو دەروێشێکی سەرو قژ ئاڵۆسکاو
خۆمدا لە دیواری مەرگ
کەچی تۆ منت نەبینی
ئەم ساردییەی تۆ و ڕۆژگار من ئەکوژێت
بۆنی غەریبیت ئەمخنکێنێت
نەدەکرا نیگایەکم بکەیت و بملاوێنی؟
لە ئامێزم بگریت و قوڵپی گریانەکانم ببینی؟
ئاه چەن فەدان تەنهاییت لە لەشمدا دروست کردووە
ویستم ببم بە سۆزانییەک بۆت
بەڵام تۆ هەرات لە نێوان خۆت و غرورم نایەوە
من هەموو خەڵکی ئەم شارەم خۆش ئەوێت
چونکە تۆم خۆش ئەوێت
ئاشقی هەموو سووچێکی ئەم شارەم
چونکە ئەزانم ڕۆژێک تۆ پیاییدا گوزەرت کردووە
چونکە من تۆم خۆش ئەوێت
تۆ نازانیت چەند میل لە غروری خۆمم بەزاندووە
تا بگەم بە تۆ ئەی بێوەفا
دڵم وەکو مەلی سەربڕاو بۆت لێ ئەدا
تۆ لە نێو ڕۆحمدا هێلانەت کردووە
تۆ لە نێو قژە ئاڵۆسکاوەکەمدا
بە نهێنی دانیشتوویت
وەکو شێت هەزار بار دام لە لەدەرگای خودا
بەڵام ئەو تۆی نەدامێ لەبەر دەرگاکەی
وەکو مناڵێکی گرینۆک دانیشتووم و ئەگریم
ئەو تۆم ناداتێ ئەگریم و قاچەکانم ئەکێشم
بەم زەوییەدا بەڵام ئەو تۆم ناداتێ
ئەگەر ڕۆژێ منت لە سووچێکی ئەم شارە بینی
بزانە کە پێم وتیت من تۆ ناناسم، درۆم کردووە
کە پێم وتیت من تۆم خۆش ناوێت
جارێکی تر درۆم کردووە
من تۆم بە ژیانی ئەبەدی ئەوێت
دڵبەری من، ئەی جان و جەهانی من
ئەی ئەوەی بۆت پێم لە غرورم نا
ئەی گیان و ڕۆح کە چیە بۆ تۆ؟
هەموو هۆش و وجودی منت پێشکەش
چەن مانگە لێم ونی؟ تۆراوی لەسەر چی؟
پێت وایە حاڵم لە خاسانە لەبەر چی؟
نازانم تۆ گێلی یان خۆت داوە لە گێلی؟
بەیانیان لە دوای نوێژی بەیانی
بە تەزبیحی خەیاڵەکانم
زیکرو یادی تۆ ئەکەم
ئاخر چۆن ئەکرێ مرۆڤ ئەوەنە ئەحمەق بێت
چۆن سەیرت کردم و نەتزانی چۆن لە گرێی وشەکانمدا ناوی خۆت نەخوێندەوە؟
هۆنەر: #شیلان ئازاد#[1]