خودایا تۆ ئەم شەو من ببورە
بمبورە کە بەندەیەکی ڕووداری تۆم
بەڵام دڵم بۆت تەنگ بوە
بێ درۆ و پێچ و پەنا زۆر بیرتەکەم
ئەو شەوانەی مناڵیم بۆ بگەڕێنەوە
کە لە سەربان ئەخەوتم دەستێکم
دەکردە نێو دەستی دایکم
سەیری تۆم ئەکرد و بۆت پێ ئەکەنیم
ئەو دەمەو عەسرانەم دەوێتەوەوە
کە ڕووم دەکردە تۆو زەوی تۆم ماچ ئەکرد
بەخەیاڵ باوەشم بە زەوی تۆدا دەکرد
ئێستا دەست بۆ ئاسمان درێژ ئەکەم
بەڵام تۆ دەستم ناگری
من بۆت ئەگریم
بەڵام تۆ بۆم پێ ناکەنی
سینگم دەنێم بەم زەوییە سارد و سڕەی تۆوە
بەڵام هەست بە تۆ ناکەم
دەزانی حەزمدەکرد ئەم شەو لەلای من بیت؟
حەزم دەکرد چایەکی گەرمت پێشکەش بکەم
هاڵاوی وەکو هاڵاوی داغستان و تەنوری سینەم بێت
حەزم دەکرد سەر لەسەر شانت دا بنێم و قەهری سەدەیی ڕسواییت بۆ بگێڕمەوە
حەیف کە ناتوانم تەنانەت بە خەیاڵیش بەرجەستەت بکەم
نازانم بۆچی هەمیشە دەرگیرم
لە نێوان واقع و خەیاڵدا
لە نێوان شیر و خوێندا
لە نێوان زەوی و ئاسماندا
لە نێوان ژیان مردندا
لە نێوان بەهەشت و دۆزەخدا
لە نێوان تاریکی و ڕوناکیدا،
ئەو ڕۆژانەم لە دەستداوە کە ڕۆحم بۆ تۆ سەمای دەکرد و دڵم لە سینمدا هەرای دەنایەوە.
هۆنەر: #شیلان ئازاد#[1]