زەمانە قژە ڕەشەکانی تۆشی سپی کرد
قومری زەمانە وەهایە، زەمانە وەهایە
سەرەتا بە خەیاڵ تا کەشکەڵانی ئاسمانت دەبات
ئینجا لە حەواوە هەڵت ئەداتە خوارەوە
سەرەتا تا هەسارەیەکی تر دەتبات
لەسەر یەک قاچ دەتخاتە هەلەکە سەما
ئینجا هەڵت ئەداتە سەر پشکۆکانی
کچۆڵەیەکی لادێی بوویت، دونیا ئەوەندە نەبوو
کە نیشانیان دایت، دونیا ئەوەندە نەبوو
بەبیرت نایەت شەوان لەسەر بانی ماڵە گڵینەکەی باپیرم
دەستمان دەکردە نێو دەستی یەک و ئەستێرەکانمان ئەژمارد؟
بەبیرت نایەت قژی دایکت کەزی دەکرد و ئەتلاواند؟
پێم ئەڵێی گەورە بوویت و بێ ڕەحم بوویت؟
ئەو سەحەرانەی باپیرم لەژێر ڕوناکی چرایەکی کزدا قورئانی ئەخوێند
من لە تۆم ئەڕوانی و بیرم لە تۆ ئەکردەوە
ئەو شەوانەی زستان کە با وەکو لوورەی گورگ خۆی دەکێشا
بە پەنجەرەی ژوورەکەم تا خامۆش دەبوو نرکەو ناڵەی لێوە دەهات
لە ژێر سەقفێکی بچوک من بیرم لە تۆ دەکردەوە
بیرم لە تۆ دەکردەوە ئەو شەوانەی خەم وەکو
چنگی پڵنگ سینەی هەڵەدڕیم من بیرم لە تۆ دەکردەوە
زەمانە وەهایە، زەمانە وەهایە
قژەکانی تۆی سپی کردو پیری کردی
منیشی کردە شاعیرێکی گرینۆک
ئەو ڕۆژە گەرمانەی هاوینت بیرە
کە پێکەوە ئەچووین بۆ گۆڕستان؟
تۆ گۆڕەکەی دایکت ئاو دەداو بۆ تەنهایی خۆت دەگریاییت
من سەراپا جەستەم دەسووتا بەڵام تۆ نەتدەبینی..!
ئەو دەمەی لە ژێر عەباکەتەوە تاڵە قژە سپییەکانتم دەبینی من دەمردم
ئەو ئێوارانەی لە نێو چوار دیوار قورئانم ئەخوێند
دڵم لەلات بوو، دڵم لە لات بوو
چی بکەم ئاخر چی بکەم، تۆ باسی ئێشی گەردونت بۆ نەکردم
جەستەم وەکو زەوی هەزار گڕکانی لێ هەڵدەقوڵێ و خەریکە گڕ دەگرم
فەخری زەمانە بووم ئێستاکە ڕسوای زەمانە
چی بکەم ئیدی، چی بکەم..
زەمانە وەهایە، زەمانە وەهایە
هۆنەر: #شیلان ئازاد#[1]