(مەیان خاتوون)، خانمی یەکەمی ئێزدییان، هاوژینی میرحازم میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لە سەرتاسەری جیهان، لە هەڤپەیڤنێکی تایبەتی ماڵپەڕی (باسنیوز)دا گوتی: ''خەم و ئازاری ژنانی ئێزدی، خەمی منن، جێگای داخە زیاتر لە هەشت ساڵە ئێزدییەکان لە ئاوارەیی و دۆخێکێ خراپی ژیاندان''.
باسنیوز: ئێستا دۆخی ئێزدییان خراپە، ئێوە وەک دەسەڵاداری ئێزدییان چ پەیامەکتان هەیە؟
مەیان خاتوون: بەڕاستی ئێمە زۆر زۆر دڵگرانین و دڵمان ناخۆشە، ئەمە هەشت ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا تێپەڕی و هێشتا کۆمەڵکوژیمان بەردەوامە، تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوون و شتێکی باش دیار نییە، ئێستا زۆربەی دایک و خوشکانمان لە دەست داعشدان و چارەنووسیان دیار نییە، دەمانەویست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیان لە دەستی یەکتر کردبا و چارەنووسی دایک و خوشکی ئێمەیان دیاری کردبا بۆ ئەوەی بزانین لە کوێن، پێویستە بەجددی بەدوایاندا بگەڕێن.
باسنیوز: زیاتر لە هەشت ساڵە خەڵک ئێزدی لە دۆخیکی خراپدان، چ بانگەوازێکتان هەیە؟
مەیان خاتوون: ڕاستە، ئێمە هەشت ساڵە بانگ لە هەموو دونیا دەکەین، بەڵام دەنگمان ناگات، نازانین هۆکار چییە! ئەم کۆمەڵکوژییە زۆر گەورە و قورس و جێی دڵگرانی بوو، چەندین ساڵە لەنێو کەمپەکاندان، ژیانی ئێزدییان ناخۆشە لەبەر گەرمای هاوین و سەرمای زستانن، نازانن چارەنووسیان چی بەسەر دێت، ئاخۆ ئاگر لە کەمپیان دەکەوێتەوە، یان هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، بەڵام حکوومەتی عێراق بێدەنگە و هیشتا هەستی نەکردووە ئێزدییەکان خەڵکی ئەم وڵاتەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانایدا بوو کردی و بە جوامێرانە دەرگا و دڵی خۆیان کردەوە بە ڕووی ئێزدییاندا، ڕاستە بارێکی گرانە، دەمانەوێت حکوومەتی هەرێم لەگەڵ ڕیکخراوەکان و حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکاریی زیاتری ئێزدییەکان بکەن، نەک تەنیا خۆراک، چونکە ئێستا حاڵەتی خۆکوشتن زیاد دەبن لەنێو کەمپەکاندا، ئەمەش دەرەنجامی ئاوارەییە، ناکرێت ئێزدییەکان لە وڵاتی خۆیاندا ئاوارە بن، ئاوارەکانی ئەنبار لە کەمپەکانەوە گەڕانەوە شوێنی خۆیان، تەنیا ئێزدییەکان لە کەمپەکاندا ماون، ئێزدییەکان مەزڵوومن و دەبوایە ئەم پێکهاتە ئایینییە پارێزراو بوایە، ئێزدییەکان چاویان لە پلە و پۆست نییە، تەنیا دەیانەوێت مافیان وەک مرۆڤ پارێزراو بێت و مرۆڤایەتی ویژدانی هەبێت، چۆن دەکرێت لەم چەرخەدا کچەکانمان بڕفێندرێن.
باسنیوز: تۆ وەک خانمی یەکەمی ئێزدییان چۆن هەست بە ئەو ئازارانەی ژنانی ئێزدی دەکەی؟
مەیان خاتوون: مرۆڤ بەختەوەر دەبێت کە خانمی یەکەمی ئایینێک بێت، ڕاستە من هاوژینی میری ئێزدییان و بووکی میری کوچکردوو، میر تەحسین بەگ و کچی میری پێشووتری ئێزدیان، میر کامیران بووم، من دەمەوێ تەندروستیم باش بێت بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی میر بکەم، بۆ ئەوەی بتوانێت دەنگی ئێزدییان بگەیەنێتە تەواوی جیهان، بەڵام من خەمم زۆرە و هەست بە هەموو ئێش و ئازاری ئێزدییان دەکەم، بەتایبەت ئازاری ژنانی ئێزدی، چونکە ئەو ئازارانە خەمێکی قووڵن لە ناخی هەموو کەسێکی بەویژداندا.
باسنیوز: نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئێزدییە ڕفێندراوەکانی لە دەست داعش ڕزگار کردووە، ئەوان دۆخیان چۆنە؟
مەیان خاتوون: ئێستا ئەوانەی گەڕاونەتەوە دۆخیان خراپە، وڵاتێکی وەکوو عێراق خاوەنی داهاتێکی گەورەیە، بەڵام هیچیان بۆ نەکردین، ئێستا ئێزدییەکان بێئۆمێد بوون لە عێراقدا، بینیمان جیرانی ئێمە تەعدایان لێ کردین و کوشتیانین و کچەکانمانیان ڕفاند، هیچ متمانەیەک نەماوە.
باسنیوز: ئێستا دۆخی شنگال خراپە، هەر لایەنێک شنگال بۆ خۆی بەکار دەهێنێت، دەربارەی دۆخی شنگال چیتان هەیە؟
مەیان خاتوون: نەمانویست دۆخی شنگال بگاتە ئەو ئاستە، ئێستاش دەبێ دۆخی شنگال بە دانوستاندن لەسەر یەک مێز چارەسەر بکرێت، تاوەکوو ئەو لایانانە نەگەنە ڕێککەوتن، هەر ئێزدییەکان ئاوارە دەبن، هەندێک خەڵکیش دەگەڕیتەوە شنگال و جارێکی تر ب هۆی بۆردومان و نەبوونی ئاسایشەوە ئاوارە دەبنەوە، خەڵک زۆر ماندوو بووە و جیهانیش بێدەنگە.
باسنیوز: لە پێش چاوی جیهان ئەم کۆمکوژی و ڕفاندنە ڕووی داوە، ئەو ڕێکخراوانەی بە ناوی مافی مرۆڤەوەن، بۆ بێدەنگن؟
مەیان خاتوون: ئەمەش بۆ ئێمە جێگای شۆکە، چۆن لەم چەرخەدا و لەم جیهانگیرییەدا جیهان بێدەنگ بووە و دەبوایە داپەروەری بەرقرار بواییە، دەبێ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەک تەنیا لەسەر ئێزدییان، بگرە لەسەر تەواوی گەلانی مەزڵووم بێتە دەنگ، دەبێ کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهان بکرێت و بۆ چارەسەری ڕەوشی ئێزدییان بێنە دەنگ، چونکە چۆن دەکرێت زیاتر لە 85٪ی میللەتێک لە ئاوارەییدا بژی و ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بووەتەوە؟ زۆر ئەو شاند و کەسانەی هاتوونەتە لالش و دیداری کەسایەتییە جیهانییەکان ئەوەمان پێ گوتوون کە ئێوە چۆن بێدەنگن!
باسنیوز: پێویستە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق چی بکەن بۆ چارەسەری ڕەوشی شنگال؟
مەیان خاتوون: دەبوایەی چاڕەسەر بکرێت، ناکرێت خەڵک هەر ئاوارە و کۆچبەر بێت، حکوومەتی عێراق زۆر کەمتەرخەمە، هیچیان بۆ نەکردووین، تەنیا یاسایەک بۆ ڕزگاربوانی ئێزدییان لە پەرلەمان دەرچووە تا ئێستا ئەویش نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، دەبێت ئەم کەسانە قەرەبوو بکرێنەوە. دەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش زیاتر خزمەتی ئێزدییان بکات.[1]