'داعش دەیانگوت ئەگەر ئێوە ڕا بکەن، ئێزدییەکان دەتانکوژن''
کچێکی ڕزگاربووی ئێزدی لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا باسی دەردەسەرییەکانی خۆی لەبن دەستی تیرۆریستانی داعشدا دەکات و دەڵێت، تیرۆریستانی داعش هەندێک جار تەنیا بۆ چەند کاتژمێرێک کچێکیان لای خۆیان ڕادەگرت و دواتر دەیانفرۆشتەوە و هەندێک جاریش لە یەک ڕۆژدا کچێک لەلایەن هەشت تیرۆریستەوە کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرا.
نەجلا، کچێکی تەمەن 24 ساڵیی ئێزدییە کە لەبن دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار بووە و بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''خێزانی ئێمە لە 11 کەس پێک هاتبوو، ئێستا چوار کەسمان بێسەروشوێنە و ماوەی حەوت ساڵ لەبن دەستی تیرۆریستانی داعشدا مامەوە، ئەو تیرۆریستانە کچان و ژنانیان بردە بەعاج و مووسڵ و تەلەعفەر و پاشان بردیانینە سووریا و دوای ساڵێک ئێمەیان برد بۆ حەسەکە و هەر ڕۆژێکمان لەبن دەستی تیرۆریستاندا پڕ بوو لە چیرۆکی خەمبار و ناخۆش و ڕۆژانە لەلایەن تیرۆریستانەوە کڕین و فرۆشتنمان پێ دەکرا، تەناتە هەندێک جار تیرۆریستان تەنیا بۆ یەک کاتژمێر کچێکیان لای خۆیان ڕادەگرت و دواتر دەیانفرۆشتەوە و جاری وا هەبوو کە لە یەک ڕۆژدا کچێک لەلایەن هەشت تیرۆریستی داعشەوە کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرا''.
ئەو کچە ئێزدییە ڕزگاربووەی بن دەستی داعش ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە ''تیرۆریستانی داعش ڤیدیۆی کاتی گوللەبارانکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی شنگالیان بە من نیشان دەدا و دەیانگوت، خەڵکی ئێوە هەموویان کوژران، چونکە ئامادە نەبوون ئایینەکەیان بگۆڕن و ئایینەکەی ئێوە لەسەر حەق نییە و دەبێت ئێوە ئایینەکەتان بگۆڕن و بەردەوام دەیانگوت کە ناهێڵن ئایینی ئێزدیایەتی بمێنێت و بەوەش دەروون و مێشکی ئێمەیان ئازار دەدا و دەیانگوت ئەگەر بتانەوێت ڕا بکەن، ئێزدییەکان ڕاتانناگرنەوە و دەتانکوژن و بەوەش وایان لە کچان دەکرد کە نەتوانن ڕا بکەن و خۆیان لەبن دەستی تیرۆریستان ڕزگار بکەن، چونکە دەیانگوت ئێزدییەکان پێتان دەڵین ئێوە ئایینتان گۆڕیوە و دەبێ بکوژرێن''.
نەجلا زیاتر گوتی: ''من یەکێک لەو کچانە بووم کە تیروریستانی داعش بەردەوام پێیان دەگوتم، ئەگەر ڕا بکەیت، ئێزدییەکان دەتکوژن، بەڵام کە لەبن دەستی تیرۆریستان ڕزگار بووم، دیتم گەلی ئێمە زۆر ڕێز لە کچانی ئێزدی دەگرن و ئێستا ئێمە سەربڵندین لەنار کۆمەڵگەی خۆماندا و هیچ کاتێک خۆمان نائومێد نەکرد و بەردەوام بیرم لەوە دەکردەوە کە دەرفەتێک بۆ من دەڕەخسێت و ڕزگار دەبم، بۆ ماوەی حەوت ساڵ یەک ڕۆژیش نەمتوانی پەیوەندی بە خێزان و کەسەکاری خۆمەوە بکەم، بەڵام هەر لە خەیاڵمدا بوو کە ڕزگار دەبم و دەگەڕێمەوە ناو خێزان و کەسەکاری خۆم''.
ئەو کچە ئێزدییە ڕزگاربووە ئاماژەی بەوەش دا کە تیرۆریستانی داعش تەنیا بۆ خزمەتکاری و کاری نەشیاو کڕین و فرۆشتنیان بە کچانەوە دەکرد و گوتی: ''من لە حەسەکە لەڕێی کەسێکەوە توانیم پاش حەوت ساڵ لەبن دەستی تیرۆریستانی داعشدا پەیوەندی بە خێزانەکەی خۆمەوە بکەم و ناوونیشانی خۆم دا بە خوشکەکەم و دواتر ڕزگار بووم''.
لە جینۆسایدی شنگالدا شەش هەزار و 417 کەسی ئێزدی لە هەردوو ڕەگەز لەلایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندران کە تا ئێستا بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 550 کەسیان ڕزگار بوونە و هێشتا چارەنووسی دوو هەزار و 700 کەسیان دیار نییە، هەروەها تیرۆریستانی داعش لە 82 گۆڕی بەکۆمەڵدا خەڵکی ئێزدیی شنگالیان گوللەباران کرد و مەزارگەکانی ئێزدییانیان تەقاندەوە.[1]