وڕینەکانی پیاوێک
#ڕەسوڵ سەفەریانی#
دێتەوە، خۆم ئەزانم دێتەوە. ئەزانم، دڵم ڕوونە، ئەمجاریش وەک جارەکانیتر هەر سەفەرێکی کاتییە، موەقەتە. هەموو جارێک هات و هەڵا کراوە و هەوڵیانداوە ناوی بزڕێنن و لە دڵی مندا ڕەشی بکەن، بەڵام تاقەت و سەبری ئاشقانەم سەرکەوتووە و ئەویش گەڕاوەتەوە و ڕووی هەموویانی ڕەشکردووە. من خۆم باشی دەناسم، ئەزانم چۆن مەزاجێکی هەیە. بەتەنیا بیخە نێو فەوجێک پیاو بخەوێت کەس ناوێرێ دەستی بۆ ببات. من ئەیناسم. کوڕە ئەو بەساڵ ڕۆیشتووە و هاتووەتەوە کەچی یەک تۆسقاڵیش هەوەسی نەبوو. من خەریک بوو تۆقم ئەکرد، گشت گیانم هەوەسی لێدەتکا و ئاو بە لالێوما دەهاتەخۆارەوە، بەڵام ئەو زۆر بە خەمساردیەوە دەیوت لاوە لێمگەڕێ. ئەیگوت بڕوابکە هیچ دەماخی سێکسم نییە. ئەیگوت من حەزم لە پیاو نییە. قیزم ئەشێوێتەوە لە پیاو. دوای هەر ونبوونێکی چیرۆکێکیان بۆ سازکرد. ئەم خەڵکە زۆر بێ شەرمن، هەموو شتێک لە چاوی خۆیانەوە دەبینن. لەبیرمە یەکەم جار تەنیا یەک شەو ونبوو، بەیانییەکەی....
ئای لەو جارەش کە یەکەم ونبوون بوو زۆر پەست و بێتاقەت بووم. ڕەنگە هی ئەوە بوو باشم نەدەناسی، منیش وەک خەلکان بیرم ئەکردەوە. کە هاتەوە شەڕێکم پێفرۆشت. تووڕەم کرد، بەڵام شەوەکەی نەمتوانی خۆم ڕاگرم، چووم داوای لێبووردنم لێکرد و ئاشتم کردەوە و وەک هەمیشە سازبووینەوە. ئەو شەوە وتی هێشتا بەهۆی تووڕەیمەوە هەوەسم نییە، لێمگەڕێ، منیش لێیگەڕام.
من ئەوجارەش ئەمزانی ئەگەڕێتەوە سەیر ئەوەیە دەوروبەرەکەم لە خۆم بەتاوتر بوون و بەردەوام ئەیانپرسی لە کوێ بوو. ئاخری خۆم تووڕە کرد و وتم بەئێوە چی خۆم ئیزنم دابوو و خۆیشم ئەمزانی لەکوێیە.
لە کوێیە؟ چەندەم ڕقە لەم پرسیارە. بەدرێژایی ئەم ساڵانە هەوڵمداوە دورە پەرێز بم و لە کەس نزیک نەبمەوە. هەموویان پاش چاک و چۆنی خێرا بە شکلێک دەجوونەوە سەر هەمان پرسیار. ئەرێ ماوەیێکە... نایبینم خەریکی چییە؟ لە کوێیە؟
لە کوێ...ە.
ئەرێ ئەوە لە کوێیت؟
جا بە تۆ چی من لە کوێم. دێمەوە یان نا... بە تۆچی. پێم وتی هەستە با بڕۆین. وتم کاک فڵانی لەگەڵمان دێت، ئەو زیرەکە ڕێگا و بان دەزانێت. وتم من نامەوێت لەوێ بژیم. ژیان لەوێ ئازاد نییە. وتم من حەزم لە ئازادییە بەڵام خۆت نەهاتی. ئێستا تێلم بۆ دەکەیت و دەپرسیت لە کوێم؟ خۆت ئەزانی من بڕیاری خۆمم داوە و ناگەڕێمەوە. ئەڕۆم تا دەگەمە بەهەشتی ئارەزووم. دەڕۆم و هەر لەوێشەوە وێنەت بۆئەنێرم. سەد جار وتم هەستە با بڕۆین. هەرتاوێک بیانویێک، تاوی مناڵەکان، جارێک چاوەڕێی... ێیتر لێم گەڕێ خۆم تێلت بۆ ئەکەم.
لەکوێیە؟ لە ماڵی باوکییەتی؟
دایکی نەخۆشە ئەو ماوەیێک لە لای دەبێت. خۆم ناردم، وتم من ئاگام لە مناڵەکان دربێت تۆش لای دایکت بە تا چاک ئەبێتۆ.
کوڕە ئەو خەڵکە قسە زۆرئەکەن. من بیستم وتیان لەگەڵ کەسێک چووەتە دەرۆ دەیەوێت بچێ بۆ ئوروپا.
گوێ بۆ قسەی کەس شل مەکە، ناتوانین دەمی خەلک ببەستین. با بڵێن، من خۆم ژنی خۆم چاکتر ئەناسم. باشە نەیانوت ئەو کەسە کێیە؟
وەللا وتیشیان، بەڵام من ناوەکەیم لەبیر نییە. کوڕە لێیگەڕی وەک خۆت وتت خەڵک زۆر شت ئەڵێن کە هیچی وانییە. گرینگ ئەوەیە کە ئێوە بەیەکۆ باش بن و ژیانتان خۆش بێت با خەڵک هەر قسە بکەن.
ئەلەو.... ئەلەو...
ئەلەو ئەوە بۆ هەڵیناگریت.
بۆ هەڵیگرم، مەگەر من نەموت ئیتر تێلم بۆ مەکە. لێمگەڕێ با ئازاد بژیم. نامەوێت دەنگت ببیسم. حەز ئەکەم هەر بۆ خۆم بم.
بۆ خۆتی چی؟ ئەوە چی ئەڵێیت. تۆ هێشتا هەر ژنی منی لە هەر کوێ بیت هەر بەناو ژنی منی. هەرچی بکەیت ئەڵێن ژنەکەی فڵانە کەسە.
با بڵێن، جا کوا من گوێم لەو قسانە بووە. ئەوەنییە تا ئێستا توانیوتە پیاوێکی تەواو بیت. بڕۆ قوڕبەسەر من لێرە حاڵ ئەکەم و ماوەیێکیتر دەگەمە ئورووپا و لەوێوە تێلت بۆ ئەکەم و پیشانت ئەدەم کە لەکوێم.
باوە خەڵک ئەڵێن لەگەڵ کەسێک پێکەوە ڕۆیشتون، ڕاستە؟
بۆ خۆت ئەدەی لە گێلی مەگەر خۆت نازانی، ئەوەتا هەر هاوڕێکەی خۆمە وا پێم وتیت. ئەو نەبووایێت من نەدەگەیشتمە ئێرە. ئەی بینیت؟
ئا ئەیبینم. بەڵام ئەو خەڵکە چۆنیان زانیوە؟ مەگەر لەویێش کەسی ناسراوی لێیە؟ کەس ئێوەی پێکەوە بینێوە؟
نازانم، بەڵام من بۆم موهیم نییە. جا تۆش خۆت ئەزانی، ئەتەوێت ئەمەیە و ناتەوێت تەڵاقم بە و مارەییەکەم بۆ بنێرە. ئەو کارەش ناکەیت بڕێ پارەم بۆ بنێرە.
ئای لەم خەڵکە زۆر سەیرن، هەموویان ئەڵێی هەر بە سیخوڕی لەدایک دەبن. نازانم ئەم هەموو زانیارییە لەسەر ژینی من چۆن دەسدەخەن. هێشتا خۆم نەمزانیوە ئەوان ئاگادارن. هەمیشە لە دوو چاوەکەیان یەکیان تەرخان کردوە بۆ چاودێری من و ژیانی من. بەڵام نابێ ڕوویان بدەمێ ئەگینا تەواو دێنە نێو ژیانەکەم و ئەوەندەیتر تێکی ئەدەن. هەر ئەوەندە بڵێم وایە و ئێوە ڕاست ئەکەن ئێتر خێرا دەستور و ڕێ و شوێنیشم بۆ دەکێشن و بەسەرمەوە دەوەستن کە ئیجرای بکەم. ئەمەش یانی ئەوەی کە واز لە ژنەکەم بێنم و هەر خێراش دەستم بخەنە ناو دەستی کەسێکیتر و سەڵەواتێک و قوتار.
ئەوە چی دەڵێیت. تەڵاقی چی و شتی چی. من بەس پرسیارمکرد. ئاخر تۆ ئەبێ بیر لەمنیش بکەیتەوە و خۆت بخە جێگای من. لە ڕوانگەی منیشەوە بڕوانە بۆ پرسەکە. تۆ خۆت لێرە نیت و نازانیت خەڵک چی دەڵێن.
هەر وەک وتم من گوێم لێ نییە خەڵک چی دەڵێن. هەر بۆم گرینگ نییە و نامەوێت خۆم بخەمە دەس و دەمی خەڵک. ئەی تۆ بۆ ناییت لە چاوی منەوە بڕوانیت. وەرە بزانە لە ڕوانگەی منەوە پرسەکە چۆنە. دەوەرە بیبینە ئەوەی وا من ئەیبینم. ئەوەی کە تۆ قەت نایبینیت و هەستیشی پێ ناکەیت. وەرە دەی بێ لێرەوە لەم شوێنەوە، لە چاوی منەوە بزانە چی ئەبینیت و چۆنی ئەبیبیت.
من نامەوێت چیتر لەو شوێنە و بەو شێوە بژیم. زۆر هەوڵمدا دەربازبم لەو قەفەسە و بچمە دونیای فڕین. من ئەمەوێت ئاوەها بژیم، بڕوانە. ئەیبینیت؟
ئەرێ ئەینینم. دونیای بێ بەربەست. ئازاد لە هەموو شتێک لە هەموولەمپەرێکی ڕەوشتی و ئەخلاقی و ئاینیی. تۆ ئەتەوێت باڵەکانت بەکار بێنیت و بفڕی. بفڕی لە ئاسمانی بێ بەربەستدا. وەک مەلێک لە هەر کوێ پێت خۆش بوو بنیشیت و لەگەڵ هەرکەس حەزت کرد هێلانە سازبکەی.
ئەرێ وایە بەڵام من هێلانەم ناوێت. هێلانە بەستراوەیی دێنێت. من ئەمەوێت پابەندی هیچ نەبم و خۆم بە کەس و هیچەوە نەبەستمەوە. ئەگەر لەبیرت بێت ئەو مناڵانەش خەتای تۆ بوو. من حەزم لە مناڵ و مناڵ بەخێوکردن نەبوو.
بەڵام خۆ مناڵی قوڕبەسەر نەبوونەتە لەمپەری ڕێگای تۆ. هەتا ئێستاش تۆ هەر بەو شێوە ژیاویت کە ویستوتە. کوا تۆ قەت لە بەر مناڵ دەستت لە حەزێکی خۆت هەڵگرتووە. من خۆم قووربانی هەمووتان کردووە. ڕاستە من لە ڕوانگەی تۆوە هەتا ئێستا دونیام نەبینیبوو، بەڵام قەتیش ڕووانگەی خۆمم نەسەپاندووە بەسەر تۆدا، لەراستیدا تۆ قەت گوێت بۆ ڕوانگە و بۆچوونی من نەگرتووە. تۆ هەر لە مێژە بە بێ بەربەست ژیاویت. من هەموویم...
لێگەڕێ کابرا ئەوە ئەتەوێت چی بڵێیت دیسان. دیسان ئەتەوێت بڵێیت هەموویت قەبوڵکردوە لەبەر ئەوەی خۆشت ویستووم. بیستومە و سەدجاریشم بیستوە....
راستە دەی با ئیتر قبوڵی نەکەم. چیم خۆش ئەوێت؟ کێ؟ ها کێ، کێم خۆش ئەوێت. دە بەستە ئیتر ئەڵێیت باسی ئەشقی ڤەرهاد ئەکەیت بۆ شیرین یان مەم و زین. ئەوە نییە ئەویش خەریکە ئەسوتێت بۆ تۆ و دەستی نەیار ناهێڵێت. خۆ تۆ خۆیشت قەتت نەزانیوە ئەڤین چییە و لە کوێی ئینسان دەئاڵێت و چ تامێکی هەیە. کەس نەزانێت خۆت ئەزانیت ئەمە کە تۆی بەستوەتەوە و ناتەوئت ئەم پەتە پرتوکاوەی هاوبەشی لەگەڵ ئەو بپچڕێت، ئەشق نییە. ترسە. هەر ڕێک ترس لە نەزانین. تۆ نەتزانیوە و نازانیت چۆن خۆشەویستی بکەیت و چۆن گەرای خۆشەویستی لە لای بەرانبەرەکەت دروست کەیت و ئەو گەرا بکەیتە ئەشق. لەبیرتە کە تازە ڕیش و سمێڵت لێهاتبوو، دڵت چوبووە سەر کچی نانەواکەی گەڕەک. چیت کرد؟ توانیت بینوێنیت و سەرنجی ڕایکێشی؟ نە بەخوا، هەر لە دڵتا هێشتەوە تا پیست کرد و لەبارت برد. خۆزگا هەر لەبار بچوایێت، وای لێهات کە دڵیشمی لە گوڕ بردۆ و وەک دانی عەسەبکێشراو ئیتر قەت نەیزانی ئازاری ئەوین چییە. ئاخر ئەوجۆرەی بیستوومە ئازاری ئەوین هەوێنی شەرابی خۆشەویستییە. خۆشەویستیش هۆی سەرخۆشییە و سەرخۆشیش جەوهەری ئیلهامی هەموو نووسینەکان و حیماسەکانە و تەنانەت خولقانی کارەساتە گەورەکانیشە. منی بێ بەش لەو هەوێن و شەرابە، قەت بەو سەرخۆشییە نەگەیشتووم کە بوێرم هەنگاوێکی حیماسی هەڵگرم. بەڵام دەزانم ئەو کردویەتی و چێشتویەتی، بۆیە هەنگاویشی بۆ هەڵدەگرێت.
دەزانم هەر لە بەیانییەوە، ڕەنگە هەر لە ئێستاوە دەسپێدەکات. هەر ڕێک لەدووای ئەم ئیمزا. ئای چەندە ڕقم لەم ئیمزا بوو. ڕەنگە هەموو باجەکانیش کە تا ئێستا داومە تەنیا بۆ خۆ بواردن لەم چرکەساتە بوو، لەم ئیمزا. ترس بوو ترس کە خستمیە ئەم ڕۆژە. ترس ژیانی منی وێران کردووە. چەندە من ترسنۆک بووم ئەوەندە ئەو بوێر. هەرچیێکی ویست کردی و وتی و وتم فەرموو، تەنیا بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە هەڵنەگرێت. ئەوهەنگاوەی کە لە ئەساسدا من ئەبووا هەڵیگرم بەڵام ئەو بە جێگای من هەڵیگرت. وتی بە مەرجێک دێمەوە نیوەی ماڵەکە بکەی بە ناومەوە، وتم باش. هاتەوە. وتی دانانیشم ئەگەر مارەییەکەم نەدەیتێ. وتم فەرموو. وتی لەم شارە دانانیشم، حەزئەکەم بچینە شارێک کەس نەمانناسێت. ئەوەشم کرد. وتی تاقەتی قسەی خەڵکم نییە، حەزناکەم بە پێوەندی لەگەڵ خزمەکانت. وتم باشە. هەر وتی، وتم باشە. وتی کارێکم ماوە کە بیکەم ئیتر بە ئاواتم ئەگەم.
دڵخۆش بووم کە پاش ئەو کارە ئیتر دادەنیشێت و چڵاوچڵ ناکات. بە جۆرێک ئەو قسە هیوابەخش بوو بۆم. وتم سالهایە بەدوای حەزەکانیەوە بوو، وادیارە بە هەمووی گەیشتووە. تەنیا یەکیان ماوە با بیکات، پاش ئەوە وادیارە منیش بە تاکە حەزم دەگەم. ئیتر هەر لام دەبێت و بە تەنیام ناهێڵێت. خۆم ئەمزانی کە ڕۆژێک ماندوو ئەبێت و دادەنیشێت. دادەنیشێت و تەنیایی پیریم بۆ پڕ دەکاتەوە. ئیتر وەک هەموو ئەو خەڵکە شان بە شانی ئەچمە گەشت و میوانی. ئیتر ترسم نابێت لە دیداری خەڵک، چیتر پرسیار هەراسم پێ هەڵناگرێت. خۆم لە خەڵک نادزمەوە. چاوەڕێ بووم زووتر دواکاریش بکات. دواکار، دواشت، نەمزانی ئیمزایە.[1]