بابەت: ڕامیاری
نووسین: #لەتیف فاتیح فەرەج#
یەکەم/
بەرلەماوەیەک یەک دوو وتارم لە سەر سەرۆک کۆماری عیراقی فیدراڵ و پرسی کەرکووک و مەسەلەی کورد نووسی، دۆستێک دیاربوو بە دنە دانی خەڵکانێک پێی ووتم ئه و وتارانە دەچنە خانەی پیاهەڵدانەوە لە کاتێکا وتارەکان سەرنج و ڕەخنه و تێبینی و بەرچاوڕوونی بوون، کێشەی ئێمە لە باشوری کوردستان ئەوەیە دەبێت بە میزاجی حزب و کەس هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە بۆ ئەوانی تر بکەین، یانی ئەوان گەرەکیانە لە چاوی خۆیانەوە سەیری دنیاو ئەوانی تر بکەین، لە کاتێکا خۆمان خاوەنی چاوو بیرکردنەوه و ئاوەزی خۆمانین.
جێی سەر سوڕمانە مرۆڤی کورد یان بەشێک له و بوونەوەرە ئاوا هەنگاو بنێت هەرکات لە کەسێک بخۆی یان خواستەکانت بە دیبێنێ ئیتر ئەوە مرۆڤی باڵایه و هەر کات پشتت تێکرد دەبێت بیدەیتە بەر تانه و تەشەر، ئەم ڕوانینە کوردیە لە هیچ کوێی تری دنیادا نیە، لای کورد نەبێت.
دووەم/
لە 2003ەوە تا ئێستا عیراق سێ سەرۆک کۆماری کوردی هەبووە، قسە لە جیاوازی و هەڵسەنگاندنی ئەوان ناکەم، قسە لەوەش ناکەم ئەمە بۆ وڵاتێکی وەک عیراق دیاردەیەکی دەگمەنە، باسی دەسەڵات و هەست و کەوتەکانیشیان ناکەم، قسەم لە سەر ئەوەیە ئەم سێ سەرۆک کۆمارە هەرسێکیان زۆرتر تیری نەیارو دژەکانیان لە نەتەوەکانی تر ئاراستەیان کرا، یان تیری خۆمانە، ئامانج له و هەموو نەیاریە کوردیە بەوان چیە، بۆچی لە بری پاڵپشتی و هاوکاری بەردەوام سەنگەریان لێگیراوە، بە تایبەت سەرۆک کۆماری ئێستا کە هەر لە سەرەتاوە کوردزمانەکە خۆی لێی چووە سەنگەرەوه و هەوڵی شکاندنی دا، کەچی هەر ئه و کوردەش لێره و لەوێ داوای زیاتر له و دەکات، تا ئه و ڕادەیەی داوای کاری نەکرده و خورمشی لێدەکات و دەڵێت دەبێت هەڵوێستی هەبێت.
لەلایەکەوە دەیشکێنێ و لە لایەکی دیکەشەوە داوای پاڵپشتی و هاوکاری لێدەکات، ڕاستی سەرۆک کۆمار هەرچی بۆ میلەتەکەی خۆی بکات دەکرێ وەک ئەرک و بەرپرسیارەتی و ئاکاری مرۆییانە سەیر بکرێت، لێ لەگەڵ ئەوەشدا خۆ دەبێت لە بری دژایەتی و سەنگەر لێگرتن لانی کەم وەک نوێنەری کورد لە عیراقدا چاوی لێبکرێت.
سێیەم/
ئەوەندەی من ئاگادار بم لە سەر پرسی هەرێمی کوردستان، پرسی پێشمەرگە، پرسی بودجەی هەرێم و هەموو ئه و بابەتانەی پەیوەندیان بە هەرێمی کوردستانەوەیە سەرۆک کۆماربێدەنگ نەبووە و بەردەوام قسەی خۆی هەیە، کێشەکە لە هەرێمەوەیە، هەرێم پێیەکی لە ئەستەنبوڵ و پێیەکی لە شوێنێکی تره و ڕووی دەمی لە بەغدا، ئەمەش لە تەک لۆژیک و ئاوەزا نایەتەوە، هەرێم سیمای حکومەتێکی پڕزەبرو زەنگ و پۆلیسی گرتوە، ڕۆژنامەوان و میدیاکاردەگرێت و تۆمەتی جاسوسی و کونسڵکوژی دەداتە پاڵ، هەرزەکاری شازده و هەڤدە ساڵ دەکوژێ، موچەی پێشمەرگە ئەمەریکا دەیدات و ئه و دەستی بە سەردا دەگرێت، نەوت دەفرۆشێت و پارەکەی ونە، ململانێی حزبی هەرێمەکەی کەلەلاکردووە، کەچی داوای هەڵوێست لە سەرۆک کۆمار دەکرێت.
هەڵوێست پرسێکی ئاکاریە و پەیوەستە بە هەردوو لایەنی پەیوەندیدار یان زیاترەوە ناکرێت لایەک هەیبێت و لاکەی تر نەیبێت، هەرێم پێویستە بەر لەوەی داوای هەر هەنگاوێک لە سەرۆک کۆمار یان هەر کەسێکی تر بکات، بە خۆیدا بچێتەوه و لە هەنگاوەکانی خۆی بپرسێ.
[1]