کاژێرەکان ئەمپیرێنن
#ڕەسوڵ سەفەریانی#
من نامەوێ لێرە بژیم لەم سەردەمی تەکنولۆژیا و کاژمێر و ڕۆژمێر و ساڵنامەدا. من نامەوێت هەموو ڕۆژێک بە سەد بۆنەی جۆراوجۆرۆ بیرم بخەنۆ سالەکانی بەناو تەمەن تێپەربووی من چەندە دەبێت. من بێزارم لە تەقویم و ساڵژمێر و کاژێرەکان. من پیرئەکەن بە بێ ئەوەی هەست بکەم ساڵەکان چۆن تێپەڕکران. ئەمپیرنن بە ژمارە و ئەمتاسێنن لە هەست و سۆز. من نامەوێت لێرە بژیم لەم سەردەمە دەسکردەدا کە ئامێرەکان پاسەوان و چاوەدێری گشت سات و کاتی ژینی منن. من بە مەیلی خۆم نەهاتووم بۆ ئەم ژارخانەی بە ناو ژینە. من بێ گوناە حەوادرام بۆ ئەم ئاڵۆزکەدەی دووکەڵزەدەی تەماح و ماڵ.
دانیشتبووم بە بێ خەم و بێ ڕۆژژمێر و ساڵ و مانگ، لە بن ڕەشماڵێکی دەسکردی ساکار و جوان لە هاوینێکی پڕ لە تاو و دار و بەر و میوەی بەتام، لە پڕ گیرام و حەوا درام بۆ ئەم دەڤەرە کە سەرپڕە لە هەڵا و قرمە و هەرا. من بێ گوناە دوورۆ خرام لە ئامێزی بە سۆزی ئەو. لەورۆژەوە نە ئارامی دەمناسێتۆ و نە هەتاویش ڕووم پێئەدات. لەورۆژەوە ئیتر خۆمیش خۆم ناناسم، نامۆم لەخۆم. پەنجەکانم هەر خەریکی ئەشکەنجەمن بە بێ ئەوەی چاوەکانم بیانبینێت، یا خۆ ڕەنگە خۆ گێل ئەکەن لە بینینی و ئێهمالی ئەکەن. لاقەکانم کە پێمدران بۆ ڕۆیشتن و بەرەپێش چوون، ئێستا ئیتر نەک هەر نامبەن بۆ پێشەوە بەڵکو بەڵکو هێندە دژی یەکن کە زۆر جاریش خۆ دەدەنە بەر یەکتر و یەکتر دەخەن. زبانیشم هەر خەریکی نانوتکە و هەڵبەستنی بوختانە بۆ ئەو دڵەم، دڵیش دەڵێی لە جیاتی خوێن ڕەشاوی نێو گونجەکانی ئەم شارەیە دەینێرێت بۆ ئەندامەکان. لەو ڕۆژەوە هاتومەتە ئەم دەڤەرە، یەک تاکە وشەم بەم گوێیانەم نەبیستوە بیسەلمێنێت من زیندووم و هێشتا ژیان لەلام ماوە. یەک شوێن نییە لە جەستەمدا دەمارەکان وەک خۆیان بن، وەکو پێشتر بە هەناسەی وەرزەکانی ئەم سروشتە ببزوێن و ڕەنگ و تام و بۆنی ئەوان هەست پێبکەن و بموەرزێنن.
من نامەوێت لەم جیهانە بێ وەرزەدا بمێنمەوە. لێرە تەنیا لەسەر لاپەڕەکانی تەقویمی نێو ئامێرە چاودێرەکان وەرز ئەبیت. ئیتر لێرە تەنیا ڕۆژمێرە دیاری دەکات ئێستا کەیە و ئەبێ من لەکوێ بم و ئیشم چی بێت. لێرە خەو نایێت بۆ چاو، چاو بە بینینی کاژێرەکە دەڕۆا بۆ خەو. پێش ئەوەی خەو چاو بەربدات بە زڕەی زەنگی ئامێرێک وەک کۆترێکی سرک دادەچڵەکێت و بە بێ ماڵئاوایی دەفڕێت و ئاوڕناداتەوە. بۆیە نامەویێت لێرە بژیم و بچمەوە بۆ ئەو دەورانەی کە ساڵەکان بە ڕۆژ و کاژێر و تەقویم نەدەژمێران، من سروشتی بووم و وەک دارێک یان ڕووەکێکی گەڕۆکی سروشتی دەژیام و گەشەم دەکرد و قەت لە چرکە و سەعات و ڕۆژ و تەنانەت مانگ و ساڵیش بیرم نەدەکردەوە. لە باوشی سروشتدا بە ئاوازی سروشت دەخەوتم و بە هەناسەی سروشت وەک هەموو گیا و گیانلەبەرێک هەڵدەسام و دەژیام. دەژیام و پێوەرم بۆ ژیانیش هەر سروشتی بوو. ماڵ و خانووم لە قوڕ و بەرد و خشتی قوڕین ساز دەکرد و پێخەف و بژێویی و تەنانەت گەرما و فێنکایشیم لە سروشت وەردەگرت. سروشت فیری کردبووم کە تەنیا تا تێربوونی سکم بخۆم و پاشەکەوتم پێویست نەبوو بۆیە لە وایرۆسی تەماح نەگلابووم.
ئەو دەمانە لەگەڵ بەهار هەناسەی سێحراوی وەرزەکە، سروشتی لە خەوێکی زستانی ڕادەژەند و لە ڕووبار و باخ و دەشت و سەحراوە ژیان دچۆڕی و منیش لەم شیلەی ژیانەم دەگرتە خۆم و، قۆڵی کار و کشت و کاڵم لی هەڵدەماڵی و شان بە شانی وەرز دەکەوتمە گیانی عەرز. لەگەڵ هاژەی ڕووبار گۆرانیم دەوت و بەدەم قەڵبەزەکانیەوە پێدەکەنین و بەهاری دەبوویم. ئا دروستە بەهاریێکی تەواو وەک سروشت. لە گەڵ خۆر هەڵدەستام و تینم دەخوارد و گەڵام دەکرد و گوڵم دەدا و سەوزاییم لێ دەتکا.
خۆر سەری دەکرد و گوڵ دەبووە بەر و گیا مەیلەو زەردی دەکرد، منیش ڕەنگی سروشتم دەگرت و ڕەنگم دەگۆڕا و دەبوومە هاوینی، وەها هاوینیێک کە دارو دەوەن لەخۆیانیان جیا نەدەکردمەوە و پەنجەکانم دەخستە سنگی بێسان و بە مێهرەبانی و بێ ئازاردان شەمامەکانیم دەگرت و لە لێوو قەیسییەکانی داریش ماچم وەردەگرت و گۆنای قۆخم دەمژی و زوڵفی خاو و زەردی گەنم و جۆم شانە دەکرد. لە هەر کوێ ماندویی بیگەستایەتم بێ سێ و دوو هەر لەوێ، بن برد یان باخڵی گیا و بن دارێک، دەرمانی وەنەوزێکم لێدەدا و دەمبوژامەوە و ڕێگای ڕۆژم تا کۆتایی و هاتنی ئاسمان و وریشەی ئەستێرەکانی شەو دەبڕی.
کە بۆنی هەنار و سنجو نیشتە گوزەرەکانی بازار منیش پڕ بە سییەکانم هەڵمدەمژی، کە هاواری گوێزی ئازا و خڕەی بادام سەرنجی مشتەری ڕاکێشا وقەیسییەوشکە بە کۆگا لە سەر مجمعەی عەڵافەکان هەڵدرایەوە، ئەوسا منیش لەگەڵ هەر هەناسەیێک ڕەنگم دەگۆڕاو، بە بینینی زەردە گەڵا و بیستنی خشەی گەڵا ئیشکەکانی بنداری بنار و باخ لە ژێر پێی ڕێبواران دا کە ئاوێتەی جریوە و گۆرانی باڵندە بە پۆلە کۆچەرییەکان دەبوو و موسیقا و سەمفۆنیای پایز پائیزیان دەژەند، منیش دەچومە دۆخی پاییزیم و پاییزی دەبووم و گۆرانی پاییزم دەچڕی و بە هەموو خانەکان و شانەکانی لەشم پایزم هەست دەکرد. ئەوسا نە کەس تەقویمی بوو و نە کەسیش ڕۆژژمێر، تا باڵای پاییز بپێون. پایز هەستێک بوو وەک بەهار و هاوین و زستان. هەستی پایزی پێی دەوتیت وەک مێرولە بە قەد وەرزێک لە سروشت بژێو وەلابخە، پاشان خۆم بۆ وەرزی سەهۆڵ و بەفر و سەرما تەیار دەکرد و لە پەنای کوورەی دار و بن کورسی خەلوزدا خۆم لە گەستنی سەرما و سەهۆڵ دەپاراست. سەرما تا پشت پەنجەرە و درگاکە دەهات و سەری بە دەلاقەکانەوە دەنا و جار و باریش لە درزی شوشەیێکەوە یا خۆ لە قەڵەشی درکا دارەکەوە دزەیان دەکردە ژورەکان بەڵام زەفەریان بە جەستەی خزاوە ژێر کورسیەکانیان نەدەبرد. ئاسمان کراسێکی گوڵە بەڤریی بە باڵای دونیا دەبڕی تا گۆڤەند و شادی زستانەی نێو ماڵەکان درێژی شەوانی وەرزە خەو ببڕێت. بە شەوچەرە و حەیران و گۆرەویبازی و پوزەوانە و کڵاوی دەسچن و ڕاوەکەو دەچومە ناخی زستان و زستانیانە دەژیام و دەمزانی ئەوەندە زستانم دیوە و ساڵە سەختە بەفراوییەکانیشم دەکردە دیاری بۆ وەبیرهێنانەوە ساڵە تێپەڕ بووەکان و دەمگوت لە ساڵی بەفرە زۆرەکەوە. ئیتر ڕەقەم لەسەری نەبوو و هەرکەسە و ژمارەیێکی بۆ دادەنا کە هەر گرینگیش نەبوو.[1]