دەوڵەت
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
من و باوکم ژنمان دەوێ. ژنەکەی باوکم (واتە دایکی من)، لەمێژ ساڵە مردووە. ئیتر لەو کاتەوە، بەهەر هۆکارێک بێت، هەتا ئیستا باوکم نەیتوانیوە ژن بێنێتەوە. منیش ئەگەرچی بگرە لە قەیرەبوونیش لامداوە، بەڵام بە ژیانم چییە ئافرەتم بەخۆمەوە نەبینیوە. تەنیا لە دوور و نزیکەوە لێم ڕووانیون. گەر بە درۆیش نەبێ دەبێ بڵێم جاروبارەیش بۆنیانم هەڵمژیوە. کاتێک تێپەڕیون.
من و باوکم زۆر دەست و پێ سپین. جاری وایە ڕوودەکەمە باوکم و دەڵێم ئەیچۆن توانیت دایکم بێنیت. ئەویش دەڵێ ڕۆڵە باوکم بۆی هێنام. باوکی، واتە باوەگەورەی من. بیردەکەمەوە دەبێ چەند زیرەک بووبێ و لایشم سەیرە لەو زیرەکییە هیچ بەر باوکم و لەوێوە بەرمن نەکەوتووە. بڵێی باوەگەورەم وەجاخ کوێر نەبووبێت!
ئێمە زۆر جار لە ژوورەوە دادەنیشین و بێدەنگ بە سەعات لەبەردەمی خۆمان دەڕوانین. ئەوسا باوکم دەڵێ هەستە چاییەک لێنێ. منیش چای لێدەنێم. بەدەم سازکردنەکەیەوە مل دەکێشم و لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوە دەکەم. ژنێک دەبینم بە چارشێوی تەنکەوە. لەش و لاری چەند جوان دەلەنگێتەوە. دەڵێم باوکە یەکی تریان دەرکەوت! باوکم دەست دەبا بۆ بن پشتوێنەکەی، تووتن و پەڕە و دەمنەکەی دەردەهێنێ و جگەرەیەک دادەگیرسێنێ. لەبەر دووکەڵ لەیەکتر وندەبین. باوکم وەستای قاندانی ژوورە.
بەلام وەک دەڵێن بە خۆشییەوە ماوەیەکە کوڕێکی دراوسێمان کە تازە لە خوێندن گەڕاوەتەوە و زۆر زیرەک دەنوێنێ و لە گەڕەکەکەماندا ناوبانگی دەرکردووە، بۆ هەموو شتێک ڕێگاچارەی پێیە. ڕێگا چارەکەی لەگەڵ خۆی هێناوەتەوە و گوایا یەکجار دەگمەنە. تا ئیستا کەس شتی وای نەبیستووە. ڕۆژێ بەڕیکەوت لە کۆڵان بە تووشییەوە بووم. من کە وەک هەمیشە خۆم لە خەڵکی دەبوارد و بەڵام لە دڵەوە حەزم دەکرد بمبینن و بمدوێنن، بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا کەسێک دەنگی هەڵبڕی و هاواری لێکردم. ڕاوەستام. بە بزەوە و بە ڕوویەکی یەکجار خۆشەوە دەستی لەگەڵ لێدامەوە و، لەپاش پرسینی حاڵ و ئەحواڵ گوتی کە:
خەم مەخۆ، ... هەم تۆ و هەم باوکت! لە خەم و لە کێشەتان دەگەم. دڵنیابە دووای ئەوەی بووین بە خاوەنی دەوڵەت، ئێوەیش دەبن بە خاوەنی ژن. بەدبەختی ئێمە لە بێ دەوڵەتییەوەیە! دەوڵەت هەموو شتێ چارەسەر دەکا. ڕۆژە ڕوون و گەشەکان چاوەڕوانمانن.
ئەوسا دەستی کرد بە مشت، بەرزی کردەوە و چەندجارێک بە تووندی ڕایوەشاند.
هەر کە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە ئەمەم بۆ باوکم گێڕایەوە. باوکم گوتی دەوڵەت! ئەوسا بە قووڵی چووە فکرەوە.
ئیتر لەو ڕۆژەوە من و باوکم چاوەڕوانی ئەوەین ئەو کورە ببێ بە خاوەن دەوڵەت و ژن بۆ من و باوکیشم بێنێ.
رۆژان و هەفتان هاتن و گوزەران، بەڵام هیچ خەبەرێک نەبوو. ڕۆژێک باوکم وتی ئەرێ ڕۆڵە هەستە و بڕۆ بزانە ئەو جوانخاسە نەبووە بە خاوەن دەوڵەت، بەڵکو بووبێ و خوا ڕەحم بکا و کاری ئێمەیش ڕێک بخا، ... بە خوا دەترسم ئێمەی لەبیر چووبێتەوە.
وتم باوکە لێیگەڕێ، بەخوا ئەوەی من بینیومە قەت ئێمەی لەبیر ناچێتەوە، ئاخر خۆی قاوی لێکردم، خۆ من نەچووم بە دەمییەوە.
باوکم دەستدەکاتەوە بە بن پشتێنەکەیدا و دیسان ژوورەکە قاندەداتەوە.
راستییەکەی ئەوە بوو منیش بەرەبەرە بێ تاقەت ببووم. زۆری خایاندبوو. بۆیە ڕۆژێک هەستام و بە ئەنقەست بە بەر ماڵەکەی ئەواندا چەند جارێک ئەمسەراوسەرم کرد، بەڵکو بە ڕێکەوتیش بووە بیبینم. بەخۆشییەوە دەرکەوت. بەرەوڕووی یەکتر ڕۆیشتین. من سەیری ناوچاویم نەکرد. خۆم لێ حۆلکرد. بە تەنیشت یەکتردا تێپەڕین بە بێ ئەوەی وەک جارەکەی پێشوو دەنگ هەڵبرێ، بانگم لێبکا و بمدوێنێ. کە تێپەڕی، بە دزییەوە لامکردەوە. نا هیچی پێنەبوو. ئەی دەوڵەت لەکوێ بوو؟
رۆژێ باوکم وتی بەخوا ڕۆڵە ئەمیشمان فت !
من کە ئەمەم زۆر پێناخۆشبوو، وتم نا باوکە وا نیە، دەبێ چاوەڕوان بین، هێشتا زۆری لێنەڕۆیشتووە.
رۆژێک گوێم لە دەنگی تەپڵ و زوڕنا بوو. چوومە دەرەوە. بە شوێن دەنگەکەدا ڕۆیشتم. گەیشتمە کۆڵانی کوڕەکە. شایی و زەماوەندێکی سەیربوو. خەڵکی جمەیان دەهات. گووپەکانی کاکی زوڕناژەن لەوانە بوون بتەقێن. لۆتییە تەپڵژەنەکە بەدەم گۆرانی وتنەوە ڕەگی ملی بەقەد بەنەخوێنێک هەستابوو. ئەوسا زاوا و بووکم بینی هەڵدەپەڕین. کە جوان سەیرمکرد، بینیم زاوا خۆیەتی، هەمان کوڕە جوانخاسەکە.
بەپەلە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە. وتم باوکە موژدە، ... موژدە، ... کوڕە جوانخاسەکە ژنی هێناوە، ... دەوڵەتی هێناوە، ... خۆزگە لەوێ بوایتایە و بتبینیایە!
باوکم بە سەرسوڕمانەوە لێمی ڕووانی. بێدەنگ بێدەنگ. ئەمجارە باوکم ژوورەکەی قاننەدا. هەستا چووە بەرپەنجەرەکە. لەبەر خۆیەوە وتی: بێ دەوڵەت خۆم، ... ئاخ بێ دەوڵەت خۆم!
بەڵام من بەردەوام باوەڕم بە جوانخاسەکە هەیە. بۆ خۆی وتی کە دەوڵەت هات هەموومان دەبین بە خاوەن ژن.
دوو ڕۆژ دوواتر چووم لە دەرگاکەیانم دا. کورەکە خۆی دەرگاکەی کردەوە. دەڵێم:
باوکم عەرزی سڵاوی هەیە و دەفەرمێ نۆرەی ئێمە کەی دێت؟! [1]