هەرگیز نابینن ئەحمەد کایە ڤیلای لە نزیک کەنار دەریادا
ئەحمەد کایا، بەر لەوەی کۆچی دوایی بکات، لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی (7)ی تورکیا دیمانەیەکی ئەنجام دا، گوتەکانی ئەوەندە جوان بوو، حەزمان کرد خوێنەرانی (باسنیوز)ی لێ بێبەش نەکەین و گوتەکانی کایە لەگەڵ ئێوەدا بەش بکەین.
کایە، لەبەر ئەوەی بە مانای وشە هونەرمەند بوو، گوتی حەز ناکەم بچمە شوێنێک گۆرانی بڵێم کە ئەو شوێنە مەشرووبی تێدا بخورێتەوە.
پێشکەشکارەکە پێی گوت، ماڵەکەت چۆنە؟ ئەو، گوتی ماڵەکەم زۆر سادەیە، زۆر زۆر بچووکە و تەنانەت چێشتخانەی ماڵەکەم ئەوەندە بچووکە، شەرم دەکەیت سەیری بکەیت.
کایە نیگەران بوو لەو کەسانەی پێیان وایە، کایا لە ڤیلایەکدا دەژی و دەڕوانێتە سەر دەریا و گوتی: هەرگیز ئەو ڕۆژە نابینن کە کایە لە ڤیلایەکدا بژی، تا لە تورکیا بارودۆخی خەڵک بەو شێوەیە بێت''.
کایە باسی لە چەمکی ئاشتی کرد و گوتی: لە تورکیا ئەو چەمکە زۆر بەهەڵە لێک دەدرێتەوە، ئاشتی هەر ئەوە نییە، دوای شەڕ دروست ببێت، نەخێر دەبێت ڕێگە لە شەڕ بگریت، تا ئاشتی بەرقەرار بێت.''
ئەو سەیری پێ هات لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆنی تورکیا، باس لە قارەمانی سەربازەکان دەکرێت، کاتێک دەیاننێرن بۆ شەڕ، دەڵێت ئەوانە گەنجن و دڵیان بە ژیان خۆشە، بۆچی بە ئاهەنگ و شایی بەرەو مەرگیان دەبەن، دەبا ئاشتی لە وڵاتەکەماندا بەرقەرار بکەین و ئەو گەنجانەش بژین، نەک بەرەو مەرگ بەڕێیان بکەین.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لە سیستەمی سیاسیی تورکیا کرد. کایە پێی وابوو ئەو سیستەمەی تورکیا دیموکراتیی تێدا نییە، بۆیە دروشمی ئەوەیان بەرز کردووەتەوە، ”ئەوەی ئەم سیستەمەی خۆش ناوێت با بڕوات“.
کایە دەڵێت: ”مانای چییە ئەوەی ئەم سیستەمەی خۆش ناوێت با بڕوات، ئەم وڵاتە وڵاتی هەموومانە و ئێوە چین تا بڵێن بڕۆن. ئەم وڵاتە وڵاتی هەموو ئەوانەیە کە تێیدا دەژین، تورک و کورد و لاس و چەرکەس و ئەرمەنی. کاتێک دەچمە وڵاتانی ئەورووپی، تورکێک دەبینم پێی دەڵێم، دەبێت تۆ جیاوازی بکەیت لە نێوان ئەوەی ڕقت لە تورکیایە یان سیستەمەکەی؟ ئێمە دەبێت وڵاتی خۆمانمان خۆش بوێت، بەڵام دژی سیستەمەکەی بین“.
کایا ئەو کەسانەی پێ بێنامووسترین کەسە کە ڕقیان لە وڵاتی خۆیان دەبێتەوە و دەڵێت کێ هەیە ڕقی لە نیشتمانی خۆی بێت.
دەشڵێت: ”لەم وڵاتەدا پێویستمان بە غیرەت هەیە، ئەمە گەورەترین کێشەی تورکیایە“.
کاتێک دێتە سەر باوکی، دەڵێت: زۆر حەزی دەکرد ببمە گۆرانیبێژ، بەڵام تا لە ژیان بووە بە چاوی خۆی نەیبینیوە کایە بووەتە گۆرانیبێژ و زوو دونیای بەجێ هێشتووە.
کاتێک هاتوونەتە ئیستانبوڵ، باوکی لە شووشتنگەیەکی سەیارە کاری کردووە، ڕۆژانە سەیارەی دەوڵەمەندەکانی شووشتووە، بۆیە دەڵێت: ”منداڵ بووم، کاتێک دەمبینی باوکم سەیارە دەشوات تا ئێمەی پێ بەخێو بکات، دەمگوت دەبێت گەورە بم و بتکەم بە خاوەنی شووشتنگە و بۆت بکڕم، بەڵام قەدەر ڕێگەی نەدا ئەو خەونەی باوکم بهێنمە دی“.
کایە، دەیتوانی شاهانە و لەناو کۆشکی گەورەی وا کە بڕوانێتە سەر دەریا بژی، چونکە تەنیا بە داهاتی ئەو کاسێتانەی دەیفرۆشتن دەیتوانی ئەو ژیانە دروست بکات، بەڵام کاتێک میللەتی تورکیای دەبینی بەو حاڵەوە، وەکوو سۆسیالیستێک و مرۆڤدۆستێک، ڕێگەی بە خۆی نەدەدا، شاهانە بژی، بۆیە هەمیشە لەناو دڵی میللەتدا دەمێنێتەوە و چۆن بە گەورەیی ژیا، هەروا بە گەورەییش دەمێنێتەوە و یادی دەکرێتەوە.[1]