ناسیونالیزم و دژەکانی
ئامادەکردنی: کامۆ حەوێزیی
ناسیونالیزم ئەو چەمکەی بۆ نەتەوە ژێردەستەکان جێکەوتە بووە و بووە بە ئایدۆلۆژیایەکی ڕووت، باشتر بڵێم نەتەوەخوازیی کرد بە مەتڵەبێکی سیاسی، بەو ئاڕاستەیەی کە نەتەوەی ژێردەست لە ژێر چەپۆکی نەتەوەی سەردەست نەمینێ ، دەرئەنجام ڕژێمێکی سیاسی خوڵقاندووە کە هەندێ جار زۆر دوور کەوتووەتەوە لە ستراتیژیی نەتەوەیی، تا ئەو جێگەیەی کە ڕەوایەتی بە دەستەبژێرێکی بەناو سیاسی داوە و جۆرێک لە بازاڕی سیاسی گەرم کردووە، هەروەها ئەم چەمکە بەڕادەیەک تووندڕەویی بەرهەم هێناوە کە دواتر پاشگری ئیزمی بۆ هەریەک لە ڕژێمە فاشی شۆفێنیزم و...هتد، هێنایە ئارا و جەنگێکی تری خوڵقاندووە، هەر ئەوەی کە ئێستا وەکو ئەزموونێکی ناحەز و نابووت تەماشای دەکرێت، بیروباوەڕی ئینتەرناسیونالیزمیش کە بیرکردنەوەیەکی پێچەوانەی ناسیونالیزمە.
مێژووی بزوتنەوەی سیاسی گەلان لەسەرانسەری جیهان بریتییە لەو چیرۆکانەی کە لە ئەنجامی کێبڕکێ گەلان و چینەکاندا نووسراونەتەوە، بەم هۆیەوە بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات، کۆمەڵێک چەمکی جیاواز خزاونەتە نێو سیستمە سیاسییەکانەوە، بۆ هەر یەکێک لەو چەمکانەش بیانویەکی بۆ دۆزراوەتەوە و لۆجیکێک لەباگراوندیدا ڕاوەستاوە و بەرگری لێدەکات.
تیۆرەکانی سیاسەت و دەوڵەتی نەتەوەیی
یەکەم: سیاسەت
دووەم: تیۆری یۆنانی ئەرستۆ
سێیەم: تیۆری ڕۆژئاوا
$سەرەتایەک لە بارەی سیاسەتەوە$
سیاسەت وەکو پێناسە بە مانای وشە ئەوەیە کە لە عەرەبیدا (السوس)ە و بە مانای سەرۆکایەتی کردن بۆ بەرژەوەندیی کەسێک، یا چەند کەسێک، یاخود کۆمەڵگەیەک یا دەوڵەتێک دێت، لە زمانە فەرەنسییەکەشدا بە مانای دەوڵەت و شار و هاووڵاتیانی دانیشتوو دێت. لە بارەی شیکردنەوەشدا سیاسەت ئەو چەمکەیە کەهەم لەلایەنە جیاوازەکانی سۆسیۆلۆجیای سیاسی و هەم فیکرێکی کۆنە و هەم پرسیارگەلێکە لەسەر عەقڵ و لۆژیک، هەروەها میتۆدێکی زانستی ترە بە هەموو بۆچوونە جیاوازەکانییەوە، لەم کتێبەدا سمکۆ محەمەد زۆر بە وردیی چەمکی ناسیونالیزم و تەواوی ئەو تەونانەی کەڕاستەوخۆ سەروکاریان لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا هەیە خستووەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، هەر لەسەرەتاوە لەبارەی تایبەتمەندیی ناسیونالیزم قسە دەکات و، ئەو تەڵە و داوانەشمان بۆ شی دەکاتەوە کە چۆن لە هەناوی ئەو چەمکەدا گەرا دەکەن و دواتر تایبەتمەندیی ئەو چەمکە وێران دەکەن، هەر خودی چەمکی ناسیونالیزم لە ناوچەیەکی فرە نەتەوە و ئەتنی، بۆخۆی ئامادەگەیی لەباربردنی ئەو چەمکەی تێدایە، واتا ئەو چەمکە بەر لەوەی لەدایک بێت گرفتی هەیە، ئەم گرفتە لە خودی ناونیشانەکەدا نییە، بەڵکو لە هەلی دروستبوونی ئەو چەمکەدایە، ئەگەر یەکسانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیی بوونی هەبێت، ئەوا بیرکردنەوە لە ناسیونالیزم هیچ مانایەکی نابێت. واتا شەڕەکە بەر لەوەی سیاسی بێت، ئابوورییە، بیرکردنەوە لەشەڕی ئابووری بیرکردنەوەیە لە مانەوە لەسەر حیسابی ئەوانی تر، ئەم فەرهەنگە مەترسیدارەیە چەمکی مەترسیداری دی دێنێتە بەرهەم.
$ناسیونالیزم بیرێک بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژئاوا$
زۆرێک لەو بیرمەندە ڕۆژئاواییانەی کە پرسی نەتەوەخوازییان تاوتوێ کردووە، جیاوازیی فەرهەنگ و ڕژێمی سیاسییان لە قەوارەیەکدا گیرکردووە، هیردەر گرنگیی زۆری بە نەتەوە داوە و بە زمان و فەرهەنگەوە گرێی داوە.
دەکرێت لەم پەرەگرافەدا ناسیونالیزم وەک بۆچوونەکەی هێردەر تەماشا بکەین، ڕێک دەکرێت ئەوە ناسیونالیزم بێت، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە لە دەوڵاتێکی فەرە نەتەوە و بوونی ململانێی و ناکۆکیی سیاسی، ئەم فۆرمە لە ناسیونالیزم کاریگەریی نێگەتیڤی لێ بەرهەم نایات؟
هەموو دەزانین هەر خودی تایتڵی ناسیونالیزم لەسەردەمی ململانێی چینایەتیدا وێنەیەکی زۆر ناشرینی لەبەرکرا، ئەم وێنە ناشرینە دەرئەنجامی سیاسەتی هەژموونی دەسەڵات و شەپۆلی داگیرکاریی ئابووری وڵاتە لەلایەن یەکێک لەو دوو بەرە هاودژە.
بۆ ئەوەی تێگەیشتنی وردمان بۆ چەمکی ناسیونالیزم و دەرهاویشتە و پلانی ناشرین کردنی ناسیونالیزم و تەواوی ئایدیاکان بزانین، پێویستە سەرەتا شارەزاییەکی باشمان لە بارەی ململانێی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی قۆناغەکانی شۆڕش لە خۆرئاوا و پاشان خۆرهەڵات هەبێت، ئەم کتێبەی سمکۆ محەمەد یش گەواهی ئەوەمان بۆ دەدات کە ململانێکان سەرچاوەیان ناسیونالیزم وەک چەمک نییە، بەڵکو وەک هەڵسووکەوتی سیاسی تووندوتیژە.[1]