رۆمانی پاشای گەورە وەک مێژوو
#یوسف محەمەد بەرزنجی#
ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی مێژووییە و ئارێز عەبدوڵڵا نووسیوێتی، 356 لاپەڕەیە، ساڵی 2022 چاپکراوە، پێشتر چەند کتێبێکی ئارێز عەبدوڵڵام خوێندۆتەوە، وەک (وەرزی تەمومژ، 2019، 190 لاپەڕە سەرەتاتکێی سەربردان بەرگی یەکەم، 2019، 198 لاپەڕە، ئەم دوو کتێبەی زیاتر چیرۆکی بیرەوەری و بەسەرهاتەکانی خۆی و دەڤەرەکە بوون، وەک سەردەمی پێشمەرگایەتی خۆی بابەتەکانی بەزمانێکی ئەدەبیی جوان و بەرز پێکەوە چنیوە، مایەی چێژ بەخشین و جوان و سەنگین بوون، زمانەکەشی زمانێکی دەوڵەمەند بوو، بەڵام ئەوەی من تێبینیم کرد بێت، ئەم ڕۆمانەی نووسەر سادەتر و زمانی چڕی ناوچەیی گشتگیری تێدا بەکارنەهێناوە، ڕەنگە زمانی ڕۆمان و تەکنیکی مێژوویی ڕێگربووبێت لە زمانی جیاوازی کوردی دوو بەرهەمەکەی پێشووتری، یان مەبەستی بووبێت بە زمانی سادە و ساکار قۆناغ و ڕووداو قەوماوەکان، دۆخ و هەلومەرجە مێژووییەکان پەرچەڤە بکات و بیانخاتەڕوو بۆ ئەوەی خوێنەر لەڕاستەقینە و ئەمانەتی مێژوو کەنارگیر و تەوەلا نەکات و زیاتر سەرنجڕاکێش و ڕایکێشێتە ناو بابەتەکانەوە و سەرنجی بخاتە سەر کەسایەتی و هەڵوێست و مێژووە درەوشاوەکەی پاشاوە، نووسەر کوڕی دەڤەرەکەیە و شارەزایی لە جوگرافیا و مێژووی ناوچەکەی هەیە، ئەم ڕۆمانە لە دەڤەری سۆران لە دایکبوون و گەشەکردنی نووسەردا ئامادەیی هەیە من وای بۆ دەچم نووسەر زۆر بابەتی میژوویی بەزمانی کوردی و عەرەبی و تورکی، فارسی بینێبێت و خوێندبێتەوە، بۆیە بە جوانی قۆناغبەندی و زمانی مێژووی لە ڕۆمانەکەیدا بەکارهێناوە و جوان ڕووداو و کارەسات و قەوماوەکانی پێکەوە گرێداوە.
$لە موکریانەوە تا کەرکووک$
ئەم ڕۆمانە لە ناوەرۆکدا باس لە مێژوو و قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی سەردەمی پاشا محەمەد کوڕی میر مستەفا یان میرایەتییەک دەکات کە دراوسێی دوو دەوڵەت و دوو ئیمپراتۆرییەتی ناوچەکە بوون، یەکێکیان عوسمانی تورکی و ئەودیکەیان قاجاری فارسییە، ڕۆمانەکە مێژوویەکی ڕاستەقینە و دروست و بێ پێدا گوتنی نادروست دەگێڕێتەوە. بۆیە ناوی بە پاشا بردووە و میری فەرامۆشکردووە، وەک حکومەت و دەسەڵات مامەڵەی کردووە، خاوەنی سکە و پارە و سوپا و تۆپ و جبەخانە و سنوور و دەستوور و یاسای خۆی بووە، قەڵەمڕەوی ئەم پاشایە پشتاوپشت لە باوکەوە بۆ کوڕ ماوەتەوە. محەمەد پاشا سەرۆکی دەڤەرەکە بووە و سنووری دیاریکراوی هەبووە. خاوەن دەسەڵات و توانا و هێزی سوپا و لەشکری هەبووە، پاراستنی سنوورەکانی وەئەستۆ گرتووە، سنوورەکانی لە موکریانەوە تا کەرکووکی ئێستا درێژبۆتەوە، چەند میر لەژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەویدا بوون و فەرمانیان لەپاشای سۆران وەرگرتووە. دوژمنەکانیش بە ئینگلیز و تورک و فارسەکانەوە ڕکەبەری سەرسەختی ئەم فەرمانڕەوا عادیل و دادپەروەرەیان بەدرێژایی مێژووە دیاریکراوەکەی کردووە و هەمیشە لە بۆسەی ڕۆژگاردا بوون بۆی بەمامەکانیشییەوە کە پێشتر دەست و پەنجەیان لەگەڵ دوژمنانی وەک بابان و ئێران و تورانیشەوە، نەرمکردووە، وەک یەحیا بەگ و تەمەرخانی برای باوکی پاشا میرمستەفا.
$وەزیر و وەزارەت$
پاشا محەمەد ئەرکی بەشێوەیەکی کارگێڕی و ڕێکخستنێکی تۆکمە دابەشکردووە، دژی دزی و ناعەدالەتی و خراپەکاری وەستاوەتەوە، ڕێکوپێکی لەکار و فەرماندا بەلای دوژمنانی کوردەوە جێگەی سەرنج و مەترسییە بۆ دەوروبەر و بۆ سەر پێگە و دەسەڵاتییان، بۆیە هەمیشە لە مەترسی و گەورەبوونی پاشا سڵەمیونەتەوە و بەمەترسی بۆ سەرخۆیان داناوە، مەلا عزیز ڕەواندوزی وەزارەتی پیشەسازی لە ئەستۆ بووە، وەستا ڕەجەب وەزارەتی بازرگانی، مستەفا بەگ هەناری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ئبنوئادەم ئابووری و دارایی، فەقێ ئەحمەد گەنجینەدار، محەمەد شاتری کاروباری تایبەت، ڕەسوڵ برای میر محەمەد سەرلەشکر، چەند پێگەیەکی تریش.
$پارێزگاری و ئاسایش$
لەسەردەمی مێژووی میر محەمەد ئاسایش و ئارامی زۆر تۆکمە و بارودۆخ سەقامگیری زۆر هەبووە، خەڵک پشتیوانی سەرەکی پاشا و دەسەڵات بوون، کاروبار و یاسا باش بەڕێوەبراوە زوڵم و ستەم یەکجار کەم کراوەتەوە، کێشەکان زۆر کەم بوون، چارەسەر بە دەسەڵاتی حەکیمانە و یاسای میرنشینەکە و پاشای بەهێز بەڕێوەبراوە، کێشە هەبوون، بەڵام ناوخۆیی و کەم بوون و سەرەکی نەبوون، پاشا لە دوژمنان گەیشتووە و زانا و ڕاوێژی کردووە، گوێیی لە زانا و حەکیمەکان گرتووە و خاوەنی بڕیاری دروست بووە، هەڵەی کردووە، بەڵام کەم بووە و خویشی دان بەهەڵە و کەموکورتیدا دەنێت، کەسێکی لەسەرخۆ و لوتبەرز و لەخۆبایی نەبووە، هەمیشە لە ئامێزی خەڵک و لێیانەوە نزیکبووە، زۆر کەسیش خیانەت و ملکەچی لە سەردەمی فەرمانڕەواتیی ئەم پاشایەدا تێکەڵ بەخوێن و جەستەیان بووە و لە بۆسەی دوژمنایەتیدا بوون بۆی، وەک مەحمودخانی برادۆست، لەعلیخان. ئەمانە و کەسانی شاراوەی تر بە نموونە دوژمنی ناوخۆ بوون و لەگەڵ ڕاپۆرت نووس و ئەڵقەلەگوێ و سیخوڕانی ناوخۆ لەپشت پەردەو بەنهێنی خەریکی نەخشەی پلانسازی و بۆسە و دەرفەتی گونجاوبوون بۆ پشت لەئەرزدانی پاشا و تێکشاندنی و دڵخۆشبوونیان بەداڕمانی دەسەڵات و پایەی پاشا و گرێدانی بەرژەوەندییەکانیان بەدوژمنانی سەرەکییەوە.
گەشەکردنی حوکمداری
لەم ڕۆمانەدا کە زەمەن و مێژووەکەی دیاریکراوە و بە سەردەم و کاتێکی دیاریکراوەوە پەیوەستکراوە، باس لەحوکمداری دەڤەرەکە و پاشایەکی ئارام و عەقڵمەند دەکا و سوود و کەڵکی بەڕاوێژ لەزانای و داناییی هاوەڵانی وەرگرتووە بۆ حوکمڕانی خۆیی و دەڤەرەکەی و دەسەڵاتەکەی.
لەسەردەمی ئەم میر و پاشایەدا، وڵات لەڕووی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوبان گەشەی پێدراوە، لەسەردەستی وەستا برایمی ماویلی بەناوبانگی ئەرمەنی و قەڵاکان چاکراون و نۆژەنکراونەتەوە، مزگەوتی نوێ و قوتابخانەی دینی دروستکراون و خوداپەرستی و ڕێزی دین و دینداری زیاتر گیراوە و گەشەی کردووە، ڕێز لە مەزهەب و دابونەریتی گشتی گیراوە بە کەمینە و زۆرینەوە، یاسا و ڕێساکانی فەرمانرەوایەتی باشکراوە، بازرگانی و دارایی ئاستی بەرزبۆتەوە و پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە. ئارامی و دڵنیایی و ئاسایش و سەقامگیری دەڤەرەکە هۆکار بووە بۆ گەشەی ئابووری و پێشکەوتن و چونە پێشەوەی دەسەڵات.
$پێگەی ژن لەحوکمڕانیدا$
رەنگە هەر باسی ژن بکرێت ئەوینداری و داستانە ئەویندارییەکانمان بیر بکەوێتەوە، بەڵام ڕاستە ئەم بابەتەش فەرامۆش نەکراوە و وێنای ئەم بابەتە بەجوانی لەناو ڕۆمانەکەدا، لەچەند وێستگەیەکدا کراوە و گرنگی و ڕۆڵی ژن لەرۆمانەکەدا پیشاندراوە و بەکەم سەیر نەکراوە، زۆر بە گرنگی و جوانی و گەورەیی ژنی خستۆتەڕوو، وەک جەنگاوەر و حوکمڕانی و سیاسەتیش باس لە میرەژنی دەڤەرەکە خانزاد و سوپا و میرنشینەکەی ئاوێتەی ڕۆمانەکە کراوە و سەردەم و کاتەکەی خستۆتە پێشچاو، تاقیکردنەوە و مێژووەکەی خانزادی لە چاوی نووسینەوە لەرۆمانەکەدا وێنەگرتووە، وەک قارەمان و ژنی ئازا و بە توانا ئەزموونەکەی پیشانداوە، ناونانی کانی و قەڵا و شوێنە گرنگەکان بەناوی ئەم ژنەوە نیشانەی ئازایەتی و سەرکەوتن و پێشکەوتنی ژن و خانزاد بە نموونەی جوان دەخاتە ناو مێژووی سەردەمی خۆیەوە و بە دادپەروەرێکی گەورەی سەردەمەکەی خۆی و پاش فەرمانڕەوایەتی میر سلێمانی برای، بە یەکێک لە ژنەمیرە مەرد و کاریگەرەکانی دەچوێنێت. لە میرانی پیاوان زیاتر بەگرنگییەوە، لێی دواوە. هەروەها لە سەردەمی میر محەمەد پاشادا باس لە کاریگەری و هەڵبژادنی میر دەکات بە میرێکی دادپەروەر و هەڵبژاردەی کەسێتییەک، هەرچەند گەنجە و ئەزموونی تەواوەتی لەحوکمڕانیدا نییە، وەک میر محەمەد لەلایەن دایکییەوە (شازەمان خاتوون) دیاریکراوە بۆ ئەو پۆستە، ئەم ژنەش لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیدا شارەزا و بە ئەزموون بووە، هەمیش کاریگەری لەسەر مێردەکەی و دەوروبەری لەفەرمانڕەواتیدا هەبووە و گوێی لێگیراوە و قسە و ڕاوێژەکانی بەهەند لەلایەن مێردەکەیەوە میر مستەفا وەرگیراوە. هەڵبژاردنی کوڕەکەی جگە لە براکانی میر مستەفا، یەکێکە لە باشترین هەڵبژاردەکان کە لەلایەن ئەم ژنە مەزنەوە (شازەمان خاتوون)وە کراوە و بە دروستی وەک مێژوو خراوەتەوە ڕوو، کەواتە نووسەر بە جوانی ڕووداوەکانی چنیوەو جوان وێنای ژنی سەردەمەکەی ئاوێتەی ڕۆمانە مێژووییەکەی کردووە.
$کۆتایی داو و بۆسەی مێژوو$
ململانێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان، زۆر کاریگەری گرنگی لەسەر دەسەڵات و فەرماڕەوایی و خۆبەڕێوەبردن لەکوردستاندا داناوە، پێوەرە مێژووییەکان بۆ سەدەکانی پێشتر لە حوکمڕانیدا بۆ ئێستاش بە پێی هەلومەرج و سەردەمەکە ناڵێین هەمووی بەشێکی دروست و ڕاستن، ئەوەی سەیری مێژووی کورد بکات جگە لە پەرتەوازەیی ململانێ زەقەکانی ناوخۆ زیاتر کوردی تووشی کەوتن و وێرانکاریی کردووە، دوژمنەکان بەزەبری هێز کێشەکانیان یەکلاییکردۆتەوە، خۆشمان سادە و ساکار و بە بەزیی و لاواز و بێ پلان و بەرنامە لەمێژوودا دەرکەوتوین، ئەوەندەی ململانێ و سڕینەوەمان لە بەرانبەر یەکتردا هەیە، نیو ئەوەندە لە بەرانبەر دوژمناندا پلان و هێز و بەچاوڕوونیمان نییە، یان بڵێن: لاوازە ڕەنگە ئەمە بۆ سروشتی هەڵکەوتەی تاکی کورد بگەڕێتەوە، کورد پێی نەنگییە لەبەرانبەر یەکدیدا دڵفراوان بن و بە شتێ کەمتر بۆ یەکتری گفتگۆ و ڕێکەوتن و یەکتری بەبرا سەیر بکەن، بەڵام لەئاست دوژمنەکانیدا پێچەوانەکەی دروستە، بۆیە کەوتن و هەرەسەکان هەمیشە بەباڵای شۆڕش و فەرمانڕەوا و سەرکردەکاندا بڕاوە، گەر ملکەچکردن بۆ یەکتری سەرکەوتن بێت زۆرباشترە لەوەی دوژمنان بە گشتی تارومارمان کات و لەیەکتریمان جیابکاتەوە، ئەوەی سەرلەبەری دوژمنە، دوژمن وەک نیشتمانپەروەرەکە سەیری دەکات و خوێنەوەی بۆ بەرهەمدەهێنێت و زوتر بەژەهری لەناوبەر قەڵاچۆی دەکات، میرەکانی ئێستاو ڕابردوو، بە بەڵێنی دوژمنان شاگەشکە و مەستن و بەبەڵینی ناتەبایی نزیک بەمەرگن، حکومداری کورد و قارەمانەکانی کە پێشڕەوەکەیان (میر محەمەد)ە لەم ڕۆمانەدا، لەنێو ململانێکانی ناوخۆ و دوژمندا بۆ بەزەییی پێداهاتنەوە و پارێزگاری لەدەسەڵات و پاشایەتی بەرەو پیرچونی دوژمن بەدەرفەتی مانەوەو دەسەڵاتی خۆی هەڵدەبژێرێ و مانۆڕی سیاسیی و پشتکردن لەبراکانی لە باکوور و باشوور لە بابانەکانەوە بۆ ئەوانیتر بەسەرشۆڕیی و زەلیلی دەزانێ، ئەمە مێژووی کۆتایی دەسەڵات و فەرمانڕەوایانی کوردە، ئەو بەپێی خۆی و شوێنکەوتنی هەوادارەکانی خۆی بە گێلی و سادەیی دەچێتە بەردەم تەڕبووش بەسەر والییەکانی عوسمانیی و بەهێواشی و بێدەنگی لەداو و بۆسەی مێژوودا لەناویان دەبەن، لەم میرەوە بۆ دواتر بۆ سەیدڕەزا و شێخ سەعید و شێخ مەحمود، ئیسماعیل ئاغای شکاک سمکۆ، قازی و... ئەمە مێژووی ئێمەیە، بەڵام کەی وانەکانی مێژووی فێر دەبین و لە دڵڕەقی دوژمنان و سادەیی و خەیاڵدانی شاعیرانە و ئەم ڕۆمانە و شتەکانی تر بەهەند وەردەگرین، ئەمە بەرئەنجامی ڕۆمانی پاشای گەورەیە. [1]