ناونیشانی پەڕتووک: بەرەو ڕێنووسی پێوەری کوردی
ناوی نووسەر: #بێهرووز چەمەن ئارا#
دەزگای پەخش: چاپەمەنی مانگ
ساڵی چاپ: 2022
ژمارەی چاپ: چاپی یەکەم
زمانی کوردی یەکێک لە هەرە گەورەترین و لە هەمان کاتدا لە پڕ کێشەترین زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینه. ئەم زمانە لە لایەکەوە بەهۆی لێکپچڕاوی و بزربوونی حەڵقە پەیوەندییە مێژوویییەکانی لەگەڵ زمانەکانی چاخی ناوەڕاست و لە لایەکی دیکەوە لەبەر پان وبەرینیی جوگرافیا و ڕەنگاوڕەنگیی زاری، هەڵگری پرسیار، کێشە، بیر و بڕوای ڕەنگاوڕەنگی زۆرە.
بەپێچەوانەی ڕوانگەی ئەوانەی کە ڕێنووس بە دیاردەیەکی نەگۆڕ و ڕاوەستاو دەزانن، مێژووی ڕێنووسی کوردی پیشاندەری هەوراز و نشێوی زۆر و گۆڕانکاریگەلی بەردەوامه، بۆیە پێویستی بە خاوەندارییەتی و چاودێریی بەردەوامە. پێواژۆی گۆڕانی نووسینەوەی نەریتیی سەرەتایی (حوجرەخانەیی) بەرەو ڕێنووسی نوێ، بە شێوەی ئاشکرا لەژێر کاریگەریی گەورە خانەدان و گەورەدەسەڵاتدارەکانی کورد، بەتایبەت لە سەدەی بیستەمدا بووە. [1]