خاتوونی هونەرمەند بێگەرد سەلیم یەکێکە لە هونەرمەندانی کوردستان بەشداری چەندین کاری هونەری شانۆیی وتەلەفزیۆنی کردووە ویەکێک لە ئەندامانی تیپی شانۆی پیرە مەگروون، لە یەکەمین فیستڤاڵی شانۆی سەر شەقام (سۆران – ڕواندز) خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی وەرگرت بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
سەرەتا پێمان باش بوو بۆ زیاترناسینیت لەلای خوێنەرمان باس لە ژیانی هونەری خۆتمان بۆ بکەیت.
- من بێگەرد حەمە سەلیم، ساڵی 1990 لەشارۆچکەی پیرەمەگروون لە دایکبوم، سەرەتای کاری هونەریم وەک ئەکتەر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013 لە کورتەفلیمی هەڵە نوسین ولە دەرهێنانی هونەرمەند ئومێد کەمال بوو.
سەرەتای ئاشنا بوونت بە هونەری شانۆ چۆن بوو و کێن ئەوانەی هاوکارت بوون؟
- من لە ساڵی 2008 ەوە بەردەوام لەکارەکانی تیپی شانۆی پیرەمەگروون ڕۆڵم هەبووە بەڵام ئەوکات وەک میکیاژ و کاری تری تیپەکە کارم دەکرد، دواتر لە ڕێی هاوڕێیانم لەو تیپەداو هاندانیان بۆم دەستم بەهونەری نواندن کرد، لەگەڵ ئەو تیپە جوانەدا تائێستا، بەشداری ئەم شانۆییانەم کرد بەڕۆڵی سەرەکی(باشترین مرۆڤی کۆمەڵگا، سواڵکەر، ژن و خودا، کوژەر، تۆ نا یەکێکی تر، تابووت)، لە هەمان کاتدا لەم ئەم کورتە فیلمانە(هەڵە، درۆزان، ئاکامی هەڵەکان) بەشدار بووم، هەموو ئەندامانی تیپەکەم هاوکارم بوون.
بەرێزتان لە بواری هونەری شانۆ و تیڤی کار دەکەن زیاتر لە کەمەیان خۆت دەدۆزیتەوە؟
- من لەدوای دروست بوونی بەرنامەی مقۆمقۆ لە کەناڵی سپێدە لەو بەرنامەیە کارم کرد کە ئەمە ئەزموونێکی نوێ بوو بۆم لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی بەئەزموون کار بکەم، کە هەموویان پاڵپشتی گەورەو هاندەرم بوون، دواتر هەر لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە بەشداریم کرد لە درامای(ئاسەوار) بەیەکێک لە ڕۆڵە سەرەکیەکان کە ئەوەش بۆمن قوتابخانەیەک بوو لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە بەگشتی و، بەتایبەت هونەرمەندان م.سەباح عبدالرحمن و کاک زاهیر عبدوڵا زۆرترین بەرکەوتنم هەبوو، من لە بواری شانۆ وتیڤی ئاسودەم و هەردووکیان هونەرێکی جوانن.
ئێوە لە کۆمەڵگای پیرەمەگروون کاری هونەری دەکەن پێشوازی جەماوەری ناوچەکە کارە هونەرییەکانت لە چ ئاستێک دایە؟
- پیرەمەگروون یەکەم قوتابخانە بوو بۆ ئێمە، بۆیە ئێمە قەرزداری پێشوازی و پاڵپشتی زۆری ئەو بینەرە جوانەین کە لە پیرمەگروون بە تامەزرۆییەوە دێن سەیری کارەکانمان دەکەن و دەستخۆشیمان لێ دەکەن.
ئاستی ژنانی کورد لە بواری شانۆ و دراما چۆن دەبینی؟
- ژنانی کورد لە بواری هونەری شانۆ و دراما، گەر پاڵپشتی و هاندانیان بکرێن هەمیشە پێشەنگی داهێنان دەبن لەگەڵ ئەوەش دا، لەئێستادا خانمانی کورد لە ئاستێکی باشدان.
لەیەکەم فیستیڤاڵی شانۆی سەر شەقام لە سۆران- ڕواندز خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ وەرگرت ئەم خەڵاتە چی پێبەخشی؟
- وەرگرتنی خەڵاتی یەکەم ئەکتەری کچ لە فیستیڤاڵی شانۆی شەقام لە ڕواندز -سۆران بۆمن بەرپرسیاریەتی زیادکرد، کە دەەبێ هەنگاوی باشتر بنێم بۆ داهاتووم سوپاس بۆڕێکخەرانی فیستیڤاڵ و لیژنەی هەڵسەنگاندن، بۆ ئەوانەی منیان بەشایانی ئەم خەڵاتە زانی.
هونەرمەند (ئومێد کەمال)ی هاوسەرەت تاچەند تاچەند هاوکارو پاڵپشتە لە کارە هونەرییەکانت دا؟
- هونەرمەند ئومێد کەمال جگە لەهاوسەر هاوڕێ و بۆ من مامۆستایەکە، کە هەمیشە هانم دەدا بۆ بەردەوام بوونم لە کاری هونەری.
پرۆژەی هونەری نوێت هەیە؟
- لەگەڵ ناوەندی هونەری زەنێ و کۆمپانیای بابلیۆن (سوپاسیان ئەکەم) بەردەوامین، وە لە ئێستادا لە پڕۆگرامی (مقۆمقۆ) بەشدارم جگە لەوە لە درامای (سەمەرە) وەک نووسەری چیرۆکەکان کارم کردووە لە سیناریۆی هونەرمەند ئومێد کەمال ودەرهێنانی هونەرمەند جەمیل مەفاخیری کە بڕیارە لەمانگی ڕەمەزان لەشاشەی کوردسات پەخش بکرێت بەرهەمی ناوەندی هونەری زەنێ و کەناڵی کوردساتە.
PUKmedia هەڤپەیڤپن- کامەران حاجی ئەلیاس.[1]