هونەرمەند عبدالسمیع جەوهەر مەولوود ناسراو بە (ئارا هەولێری) ماوەیەکی زۆرە لە بواری هونەری شێوەکاری و هونەری (میناتۆر) وەکو هونەرمەندێک کار دەکات، تا ئێستا بەشداری لە (14) پێشانگای هاوبەشی کردووە، پێمان باش بوو بۆ زیاتر ئاشناکردنی خوێنەرانمان بە چەندپرسیارێک بەسەری بکەینەوە.
سەرەتا ئەگەر بکرێت باس لە کورتەیەک لە ژیانی هونەری خۆتمان بۆ بکەیت.
- من ناوم (عبدالسمیع جوهر مولود) لە 1/10/1970 لە شاری هەولێر - ئیسکان لە بنەماڵەیەکی ئاینی هونەری چاوم هەڵهێناوە، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە چاوم بە زۆری هونەرەکان ئاشنابووە.
بەتایبەتی هونەرەکانی شێوەکاری لەنێوان پێنج برای هونەرمەند، لە (وێنەکێشان و خۆشنووسی و میوزیک و خوێندنەوە و شیعر و ئەدەب)، ئەوانە هەمووی هۆکاربوون کە منیش ئاشنای بەشێک لە هونەری شێوەکاری بم, لە ساڵی 1987 دەستم بەکاری دارتاشی کرد لەگەڵ کاک نەجات جەوهەری برام کە هەم هونەرمەندێکی بەتوانا و کاری دارتاشییەکەشی زۆر هونەری و ناوازە بوو، لە ڕێگەی ئەوەوە توانیم ئەو پیشەیە تێکەڵ بەم هونەرە بکەم.
هونەرەکانی هەڵکۆڵین و نیمچە پەیکەر لەسەر دار، وە لە بواری ئەکادیمیش ئامادەیی پیشەسازی بەشی دارتاشیم تەواو کرد, سەرەتای دەستپێکردنم ئارەزووی لاسایی کردنەوەی هەموو شتێکم هەبوو کە بە بچووکی، بێ ئەوەی بزانم کە ئەم هونەرە پێی دەڵێن (میناتور) بەردەوام هەوڵم دەدا توانای زیاتری خۆم نیشان بدەم لە بچوککردنەوە. تا توانیم لە میانی مومارەسەکردنم لەم هونەرە بە ناوەکەشی ئاشنابووم، لە ساڵی 2003 لە بەشەکانی پەروەردەی پیشەیی بە مامۆستای پیشەیی دامەزرام کە زۆر یارمەتی دام لە پەرەپێدان و کاتی زیاتر کارکردنم، وە بووە هۆی بەشداریکردنم لە چەندین پیشانگای هاوبەش لەسەر ئاستی هەولێر و ئاستی هەرێمی کوردستان، وە کردنەوەی چەندان خولی فێرکردنی هونەرەکانی دارتاشی لە کەمپی ئاوارەکانی سووری و عێراقی لە ڕێگەی ڕێکخراوی ئینتەرسووسی ئیتاڵی و چەند خولێک بۆ مامۆستایانی پیشەیی وەک مامۆستا. وە تائێستاش بەردەوامم لەکاری هونەری.
. ئەگەر بکرێت پێناسەیەکی هونەری میناتۆر مان بۆ بکەیت
هونەری میناتور (miniature) - - واتا زۆر بچووککردنەوە یان وێنەی بچووککراو، بەپێی مێژوو ئەم هونەرە دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین، وە هەندێک لە مێژوونووسان پێیانوایە کە میناتور بە پڕی مانایەکەیەوە لەسەردەمی ساسانییەکان بووە.
لە ڕێگەی ئەم شوێنەواری کێشانی وێنەی ڕاوشکار و پەیکەری بچووکی لەدەست دروستکراوی مرۆڤ و ئاژەڵ و گۆزە و دیزەی جۆراوجۆر، میناتور دەکرێت لە هەموو بوارەکانی شێوە کاری و دەستی کاری لەسەر بکرێت بۆ نموونە پەیکەرسازی، هەڵکۆڵین، وێنەکێشان، دیزاین، سیرامیک, کارە دەستیان و زۆر بابەتی تر تەنانەت لەسەردەمی زوو لە بچووککردنەوەی کتێب کاری لێ کراوە.
هەوڵیانداوە کە کتێبێک بە نزیکەیی 25 جار لەخۆی بچووکتر بکەنەوە، لە کۆتایی دەتوانیین بڵێین میناتور بە مانای ئەوە دێت کە شێوەی لەدەست دروستکراو بچووک بکرێتەوە بۆ چەندینجار لەخۆی بچووکتر.
بەرێزتان جگە لە هونەری شێوەکاری لە بواری هونەری میناتور کار دەکەیت، چۆنییەتی ئاشنا بوونت بەم هونەرە مان بۆ باس بکەیت؟
- بەڵێ من هەر لە بواری شێوەکاری دار کار لەسەر داتاشینی دار لە شێوەی سریالی دەکەم کە ئەویشیان هونەرێکی جیاوازە لە میناتور کە داتاشینی پەیکەرێک یان کێشانی وێنەیەکی ئاژەڵێک یان مرۆڤێک جیاواز لە واقیعی خۆی یان شێوەیەکی نیمچە خەیاڵی، ئەم وشەیە لە زمانی فەڕەنسی وەرگیراوە بە مانای سەرووی ڕاستییەکان (فوق الواقع). کە جوڵەیەکی ڕۆشنبیرییە لە هونەری نوێخوازی (الفن الحدیس).
مێژووی هونەری میناتور لە کوردستان بۆ کەی دەگەرێتەوە؟
- پێموایە هونەری میناتور مێژوویەکی کۆنی نییە لە کوردستان. لەوانەیە لە دوای ساڵانی نەوەدەکان تاک تاکێک کاری لێ کرابێت. ڕەنگە ئێمە سەرەتایەک بین لە دەستپێکی ئەم هونەرە.
ئەو کەرستانەی لە هونەری میناتور بەکاردێن چین؟
-ئەم کەرەستانەی لەم هونەرە بەکار دێت چەقۆی تاشین، شەفرەی بچووک و کارتیخی بچووک و سمارتە و زۆر کەرەستەی تر لە بابەتی چەقۆ و شەفرە کە بۆخۆمان دروستی دەکەین بە بچووکی کە لە کوردستان دەست ناکەوێت.
پێشوازی بینەران لە هونەری میناتور لە چ ئاستێک دایە؟
- بەڕاستی ئاستی ئەم هونەرە تاڕادەیەکی زۆر ڕادەبەدەر سەرنجی خەڵک و بینەرانی ڕاکێشاوە، زۆرێک لە هونەرمەندانیش هانی ئەوەم دەدەن کە بەردەوام بم لە هونەری بچوککراو (میناتور).
تا ئێستا بەشداریی چەند پیشانگای شێوەکاریت کردووە؟
- تائێستا بەشداریم لە (14) پێشانگای هاوبەش لەگەڵ پەروەردەی پیشەیی کردووە و (4) پێشانگا لەسەر ئاستی هەرێم لە شارەکانی (هەولێر، دهۆک، سلێمانی)م کردووە، و لە ساڵی 2007 لەگەڵ مامۆستای هونەرمەندی سیرامیک سەربەست محەمەدەمین شێخە بۆ یەکەمجار بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لقی هەولێر هەڵساین بە کۆکردنەوەی زیاتر لە (35) هونەرمەند و کردنەوەی پێشانگایەکی هاوبەش کە خۆشمان بەشداربوون بە چەند بەرهەمێک، وە بەشداریم لە چەند پێشانگایەکی هاوبەش بە بەرهەمێک یان زیاتر، وە لە پێشانگای کونسوڵخانەکانی لە کوردستان لە هۆڵی کونسوڵخانەی زانکۆی چیکی، وە دووا پێشانگای بەشداریم تیا کرد لە سێپتەمبەری 2021 لە پێشانگایەکی هاوبەشی هونەرمەندانی هەولێر لەگەڵ هونەرمەندانی بەغدا سەر بە کۆمەڵەی هونەری مشکاتی عێراقی کرد، وە لەم ماوەیەش بەشداریم کرد لە پێشانگایەکی ئەلیکترۆنی لە لوبنان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە بەشداریی (160) هونەرمەند لە هەموو وڵاتانی عەرەبی بە ناوی ئارت لوبنان، وە لەهەمانکاتدا بڕوانامەی ڕێزلێنانم پێ بەخشرا بەسوپاسەوە.
هەماهەنگیتان لەگەڵ هونەرمەندانی کوردستانی و عێراق لە چ ئاستێکدایە؟
- هەماهەنگیم لەگەڵ هونەرمەندانی کوردستان زۆر باشە و لەگەڵ هونەرمەندانی عێراقیش تاڕادەیەک هەیە، هیوادارین لە داهاتوو لەگەڵ سەرجەم هونەرمەندانی جیهانیش هەبێت.
زیاتر حەز لە نیگارکردنی تابلۆی هونەری دەکەیت، یان لە تابلۆی میناتور؟
من لەڕاستیدا زیاتر حەز لە داتاشینی دار لەشێوەی میناتور و سریالی دەکەم، وەک لە وێنەکێشان، وە هەست دەکەم کە لەم هونەرەدا زیاتر خۆم دەدۆزمەوە و تیایدا سەرکەوتوو دەبم.
ئێمە زۆر سوپاسی بەرێزتان دەکەین بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی.
-لە کۆتاییدا هیوادارم هونەری بچوککراو (میناتور) پەرە بسێنێ لە کوردستانیش بڵاو ببێتەوە بەسەر هەموو بەشەکانی هونەری شێوەکاری، وە زۆر سوپاس بۆ ئێوەی ئازیز بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیە گرینگیدانتان بە هونەری میناتور.
PUKmedia هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس[1]