ژوور
هاری مولیش
وەرگێڕ: #ئارام ڕەشید#
لە یادم نییە، یەکەم جار کەی دیقەتم دا. بەس ئەوە دەزانم کە لەو ڕۆژە بەدواوە، بۆ ماوەی دوو ساڵی ڕەبەق گیرۆدەی بووم. هەر جارێک بەوێدا گوزەرم دەکرد هەستم پێ دەکرد، هەر جارێکیش بەهێزتر لە جاری پێشتر. ئەو ژوورە ئەو خانووە شتێکی بوو جۆرێکی تایبەت بوو. خانوویەکی سادە نەبوو. ڕەنگە لە پێش چاوی کەسێک خانوویەکی سادە بووبێت کە لەناو هەزاران خانووی هاوشێوەدا هیچ خاڵێکی جیاواز بەدی نەکات.
ئەم ژوورە، کە تایبەت دەکەوتە پێش چاوم، ژوورێک بوو لە نهۆمی یەکەمی ئەو خانووە و دەیڕوانی بەسەر شەقامەکەدا. خانووەکە دوو پەنجەرەی هەبوو. یەکێک لە پەنجەرەکان هەمیشە کرابووەوە. هەمیشە. هاوین و زستان. شەو و ڕۆژ. لەو پەنجەرەیەوە کە کرابووەوە دەمتوانی کتێبخانەیەکی گەورە ببینم کە لەو ژوورەدا بوو. ئەم کتێبانە... ئەم کتێبانە ڕاڕایی فکریم بوون.
چ بابەتگەلێک... چ شتێک لەم کتێبانەدا بوون؟ وا دیار بوو کتێبگەلێکی تایبەت بوون. واتا نەدەکرا کتێبگەلێکی ئاسایی بن. من هەستم بەمە دەکرد، دەمبینی، تێیی دەگەیشتم.
ئەو پەنجەرەیەی تر هەمیشە داخرابوو، هەمیشە پەردەیەکی مات و سپی ئەستووری پێدا درابوو، کە نەمدەتوانی ئەودیوی ببینم. شەوان، لەو پەنجەرەیەی کە کرابووەوە، دەنگی ژەنینی پیانۆ دەهاتە گوێ و ژوورەکە ڕووناک دەبووەوە. تیشکێکی کز و پەمەیی ژوورەکەی ڕووناک دەکردەوە. هەموو شەوێک، چەندین کاتژمێر ڕادەوەستام و گوێم بۆ ئەو ئاواز و نەوایە ڕادەدێرا تاکوو مۆزیکەکە لەناکاو دەپچڕا و ڕووناکییەکە خامۆش دەبوو.
وێڕای ئەوەی بە چەندین کاتژمێر ڕادەوەستام و لەو خانووەم دەڕوانی، بەڵام هەرگیز کەسم تێدا نەبینی. هەر چەند زیاتر چاوەڕوانم دەکرد، هیچ کات کەسم لەو ژوورە یان لەو خانووەدا نەبینی. نە هیچ کەس دەهاتە ئەو خانووە، نە لێی دەچووە دەرەوە. نە شیرفرۆش، نە پەنیرفرۆش، نە پیتزافرۆش، تەنانەت هیچ کەس نەدەچووە بەردەرگاکەشی. بەڵام بۆچی شەوان گڵۆپی ئەو ژوورە لەخۆوە پێ دەبوو و دەنگی ژەنینی پیانۆ بەرگوێ دەکەوت؟
سەرم لێ بەدەرنەدەکرد. هێندە بیرم لەم بابەتە کردبووەوە سەرم ژانی دەکرد. ئەمە چ جۆرە مۆزیکێک بوو، کە لەو خانووەوە بەرگوێ دەکەوت؟ هەر چییەک بوو مۆزیکێکی تایبەت بوو! ئاسایی نەبوو. شتێکی تێدا بوو کە هیچ کات لە هیچ ئاوازێکی دیکەدا بەرگوێم نەکەوتبوو. شتێکی لە ڕوونکردنەوەنەهاتوو و وەسفهەڵنەگر. شتێکی ئێجگار ناسک.
هەر جارێک دەکەوتمە سەر ئەوەی بڕوا بەخۆم بهێنم بڕۆم و لە زەنگی ئەو خانووە بدەم، یاخۆ بە هەر ڕێگایەک بووە لەگەڵ نیشتەجێبووانی گریمانەیی ئەو خانووە (لە هەر حاڵێکدا دەبێت کەسێک لەو خانووەدا بژی!) پەیوەندی بگرم، هەموو جارێک شتێک، هێزێک، پێشی پێ دەگرتم. بە مێشکمدا نەدەهات دەربارەی خانووەکە یان نیشتەجێبووانی لە کەسێک یان هاوسێکان، پرسیار بکەم. دەنگێک دەیسرپاند بە گوێم دا کە ئەم شتانە دروستکراوی مێشکی خۆمن و بووم بە قووربانی وەهمێک.
کە ڕۆژ دەبووەوە، خۆیشم پێم لێ دەنا کە تووشی وەهم بووم و لە شێتێک بەولاوە شتێکی تر نیم. بەڵام هەر لەگەڵ شەو دادەهات، هەر هێندەی بە بەردەم ئەو خانووەدا گوزەرم دەکرد (حەتمەن ناچار بووم بەو ڕێگایەدا و بە بەردەم خانووەکەدا گوزەر بکەم!) هەر لەگەڵ گوێبیستی دەنگی پیانۆکە دەبووم، لەناکاو بیرکردنەوەم دەگۆڕا.
دوو ساڵی ڕەبەق بەم شێوازە تێپەڕی. تاکوو ئەوەی کتوپڕ بەشێوەیەکی سەیر کۆتایی هات. هێشتاش دەلەزرم و مووی گیانم ڕەق دەبێت، وەختێک دەیهێنمەوە یادی خۆم کە چ هەستێکم تێگەڕا لەوەی کە لەو شەوە شوومە (ڕەنگە شەوێکی باشیش!) ئەو خانووەم بە چۆڵیی بینی. وەکوو ئەوەی سیحر و جادووەکەی بەتاڵ بووبێتەوە. خانووەکە چۆڵ چۆڵ بوو. لە بەردەمم خانوویەکی زۆر ئاسایی هەبوو، بە ژوورگەلێکی ئێجگار ئاساییتر. دەبێت پێی لێ بنێم، لەو ساتەدا فرمێشک زایە چاوەکانم و تاکوو قەیرێکی زۆر، بێتاقەت بووم. پاش ئەوە، بە هەر جۆرێک بوایە؛ لە ڕۆیشتن بۆ ئەو خانووە، خۆم دەبوارد.
ئێستا چل ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەو ڕۆژە و ئەو ڕووداوەدا تێپەڕیوە و بە هۆی ئەو ژیانە پڕ لە ڕووداوەی پاش ئەو هەمبوو، بە تەواوەتی ئەم بەسەرهاتەم لەیاد کردبوو. من نزیکەی ساڵێک پاش ئەو بەسەرهاتەی بۆم گێڕانەوە، ئەو شارەم جێهێشت؛ کە زێدی خۆم بوو. تاکوو دوو هەفتە پێش ئێستا، بەنزیکەیی پاش چل ساڵ دووبارە گەڕامەوە زێدەکەم و بینیم پارێزەرەکەم بە شێوەیەکی تەواو ڕێکەوت، ڕێک هەمان ئەو خانووەی لەسەر هەمان شەقام، بۆ بەکرێ گرتووم، ئیتر ئەو کاتە بوو کە یادەوەرییەکانی ڕابردووم هاتنەوە بیر.
چوومە ناو خانووەکە و خرۆشاوانە لە لای ئەو ژوورەوەم ڕوانی کە دەیڕوانی بەسەر شەقامەکەدا، لە کونجکۆڵی بەولاوە هیچ شتێک نەبوو بتوانێت پێیەکانم بەرەو ئەو ژوورە بەکێش بکات.
تێپەڕینی ساڵەکان و ئەو ژیانە پڕ لە بەسەرهاتەی هەمبوو، شتگەلێکی زۆریان فێر کردبووم. ئەزموونم زیاتر بوو بوو، بەپێچەوانەی زۆرێک لە بنیادەمەکان لەم جۆرە دۆخانەدا دەمتوانی ئارامیی خۆم بپارێزم. هەر بۆیە بە ئارامیی و لەسەرخۆیی بەرەو ژوورەکە ڕۆیشتم.
ئەوەی کە ئەو ڕۆژە و لەو چرکەساتەدا چاوەڕوانی بینینی شتێک بووم لەو ژوورەدا یان نا، خۆیشم نازانم. بەڵام هەقیقەتی ئەو ژوورە نهێنئامێزە شتێک بوو بەدەر لە چوار دیواری بەتاڵ و کاغەزدیوارێکی کۆنی پرتوکاو، کە لە چەند شوێنێکەوە بە دیوارەکەدا شۆڕ بووبووەوە. ئێ هەر چییەک بێت ئەم خانووە چل ساڵی تەواو چۆڵ و بێ خاوەنماڵ مابووەوە. چل ساڵی ڕەبەق کەس تێیدا نەژیابوو. چل ساڵی ڕێک چۆڵ و هۆڵ! کێ دەزانێت، ڕەنگە چاوەڕوانی من بووبێت؟! خۆیشم پێکەنینم بەم بیرکردنەوەیەم هات.
بەڵام ئەمێستا، لەم ساتەدا ئیدی پێکەنینم نایەت. بە هیچ کلۆجێک پێکەنینم نایەت؛ چونکە هەر هەوەڵ شەو کە پێم نایە ناو ئەم خانووە و ئەو ژوورەم وەکوو ژووری نووستنی خۆم هەڵبژارد، هەر لە شەوی یەکەمەوە، واتا سێ ڕۆژ پێش ئێستا، نەخۆشییەکی نەناسراو، نەخۆشییەکی شووم، کەوتووەتە گیانم و کۆڵم لێ نادات. دەزانم لەم نەخۆشییە کوشندەیە گیان دەر نابەم. ئێشتا باش دەزانم پاش چل ساڵ چ شتێک منی بەرەو ئەم خانووە، بەرەو ئەم ژوورە، بەکێش کرد.
دەزانم ئەم ژوورە، ژووری مەرگی منە![1]