نیشتمان بە زمانی با دەدوێ
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
ئەگەرچی بۆ خۆی دەڵێ نیشتمان بە هیچ شتێکی ئەو دونیایە ناگۆڕێتەوە، بەڵام یەکێک لە داڵغەکانی، دونیای ئەو دیوی سنوورە. دادەنیشێ و ڕۆژانە بە سەعات بیری لێدەکاتەوە.
پێی سەیرە وای لێهاتووە. قەت باوەڕی نەدەکرد بکەوێتە ناو دۆخێکی وەها نەخوازراو و دژوارەوە. کەی و چۆن وایلێهات، نازانێ. ئەمیش وەک هەموو دیاردەکانی ژیان، ڕازێکی تر.
ئەو دیو سنوور لەبەرچاویدا هەمیشە تێکەڵێک بووە لە ڕاستی و لە خەیاڵ. بگرە زۆرتر خەیاڵ. ئەو پێی وایە ئەگەرچی مرۆڤ لە هەموو شوێنێکی دونیا هەر مرۆڤە، بەڵام سنوورەکان دەیانکەن بە جۆرێکی تر، بگرە ئەوەندە جۆرێکی تر کە دەبێ ڕۆژێک لە ڕۆژەکان ئەو دیو کەوێ و ڕاستەخۆ ئەزموونی بکا، ئەگینا بە دانیشتن لێرە مەحاڵە بیگاتێ.
لە خەیاڵی ئەو جۆرە مرۆڤە (مرۆڤانە) تێرنابێ.
جاران زۆرتر لە ڕێگای کتێب، وێنە و فیلمەکانەوە دونیا نامۆکەی لەبەرخۆیەوە وێنادەکرد، ئێستاکە لە بەرەکەتی جیهانی ئینتەرنێت، دونیاکە ئەوەندە نزیک کەوتووەتەوە کە جاری وایە هەست دەکا گەر دەستەکانی ڕاکێشێ ئەوا دەیگاتێ و، دەتوانێ بە جوانی لەمسی بکا. وێنەکان، دەقەکان و قسەکان ئەوەندە زیندوو و بەرجەستە بوونەتەوە کە جاری وایە پێی سەیرە بۆچی ناتوانێ بە کردنەوەی دەرگای ژوورەکەی، خۆی لەوێ ببینێتەوە.
نیشتمان هەر لێرەیە. بەردەوام. ئەگەر بە سەدان جاری زیاتریش بیر لەو دیو سنوور بکاتەوە، ئەوا نیشتمان هەر لێرەیە. بوونەوەرێک کە بۆ هەست پێکردنی پێویست بە خەیاڵ ناکا. هەر لەو شوێنەی دانیشتووی، دەتوانی هەستی پێبکەی. زۆر سادە، تەنیا پێویستە چاوەکانت بقونجێنی و هەست بە با و بەو بۆنانە بکەی کە بە دەوری جەستەتدا ساڵانی ساڵە دێن و دەچن. ئیتر گەر حەزت بە بەڵگەی زۆرتریش بێت ئەوا تەنیا چاوەکانت هەڵبێنە و سەیر کە. ڕەنگە ئاشناکان کە ئەم پێی وایە لێرە لە نیشتمان لە چاو شوێنەکانی تر دەبێ جۆرێکی تر بن، لەبەر تیشکی هەتاو و ڕووناکیدا دەدرەوشێنەوە و خۆدەخەمڵێنن. گەر بیریشی لێ بکەیتەوە ئەوا هێشتا باشتر. ئیتر هیچ شتێک بە قەدەر نیشتمان نابێ بە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر. لەناو بیردا نیشتمان دەبێ بەو وشە و ڕستانەی کە تەنیا خۆیان تەعبیر لە خۆیان دەکەن، بە بێ هیچ ناوبژیوانێک. نیشتمان شیعرە.
لای ئەو، نیشتمان شتێکە لە نێوان چاوقونجاندن، چاوهەڵێنان و بیرکردنەوەدا.
بەڵام سەرەڕای حوزوری نیشتمان و ڕاستەقینەترین هەبوونی، ئەوا خەیاڵ نامەردە، دەڕوا. حەزی بە بەزینی سنوورە. لە لای خۆیەوە بیردەکاتەوە کە ڕەنگە هی ئەوە بێت بە بێ سنوور و ئەو دیوی، ئەوا ئێرە واتە نیشتمان ناتوانێ نیشتمان بێت. گەر بە شوێنێک بە زۆری خوویان پێ نەگرتبێتی و لە سەرەتاوە لێیان نەپرسیبێتی کە داخۆ حەزت لێیە یان نا، ئەوا قەت نابی بە خاوەن نیشتمان.
نیشتمان شتێکە وەک ڕێکەوت، زۆرەملی، ڕاهاتن و ڕستەیەکی بێ نیشانەی پرسیار.
ئیستا دەزانێ کە بۆچی خەیاڵی دەفڕێ. بەڵام نا! لای ئەو نیشتمان نابێ تەنیا ئەمانە بێت. دەبێ شتێ زیاتر بێت. بەڵام چی؟ کامە؟ کەواتە خەیاڵ هەڵیدەگرێ بۆ ئەوەی باشتر هەست بە ئێرە بە نیشتمان بکا!
شەوانە لە دووای سەعاتی نۆ. حەزدەکا بچێ بۆ دارستانەکەی تەنیشتی شار. دارستانەکەی باشوور. ئەو شوێنەی وا لێیەوە هەموو شار دیارە، بە گڵۆپەکانییەوە، بە شەقام و کۆڵانە ڕاکشاوەکانی ناو ڕووناکی، تاریکی و فەزا نیوەتاریکەکاندا. کە دەچێ لە سەر سەکۆیەکی چیمەنتۆ لە نێوان دوو درەختی ئاشنادا دادەنیشێ و لەبەردەمی خۆی دەڕوانێ. لە نیشتمانی ڕاکشاوی ناو تاریکی، هەتا دوورەدەستەکان. شاخەکان شتێکن وەک تاریکییەکی قووڵتر، سێبەریان شار زیاتر دەکرۆژێ.
کتوپڕ بیرێکی سەیر مێشکی داگیردەکا: لە نیشتمان ماندووە بووە؟ نا نا، سەربادەدا. نا، چۆن شتی وا دەبێ؟ ئەوێک کە هەموو ناسنامە و ژیانی بە نیشتمانەوە دەناسرێتەوە، چۆن دەکرێ لێی ماندوو بێت؟ بەڵام بیرەکە جێی ناهێڵێ. دەگەڕێتەوە. ئەم ئەگەرچی خۆی لێ گێڵ دەکا، بەڵام ئەو خەریکی سەرەتاتکێیە، لە پشت درەختەکانەوە لە شوێنێ لەناو تاریکاییەکاندا، ئەگەرچی نابیندرێ، وەلێ بە چاوە تیژ و گەشەکانی لەم دەڕوانێ. بیرەکە وەک ئاسکێکی جەستە چوست و چالاک بەناو دارەکاندا لە سەمای چاوشارکێدایە. هەوڵدەدا بە بیرکردنەوە لەو 'شەو'ەی لە ئاسمانی شاردا پرش و بڵاوە، زەینی بۆ شوێنێکی تر پەلکێش بکا. بێسوودە. ئارام ئارام لادەکاتەوە و لە پشت سەری خۆی دەڕوانێ. بریسکەی چاوەکان دەبینێ. مژۆڵ لێنادەن. نا، لە نیشتمان ماندوو نەبووە! دووپاتبوونەوەیە، هەستی ئەوی وەک ڕووبارێکی ئارام لە بەستێنێکی بێ گرێ و گۆڵ دا ماندووکردووە. ئا، دووپاتبوونەوە. ڕووبارێک بە بێ هیچ چەشنە قەڵبەزێک. ئاوەکە چیدی ناخرۆشێ، چیدی ناگرمێنێ، ئارام و بە کاوەخۆ لە ڕابردوویەکی کۆنەوە بەرەو داهاتوویەکی ون دەڕوا. ڕووبارێک کە ڕەنگە قەتیش نەیهەوێ بگرمێنێتەوە.
رادەبێتە سەر پێ. ڕقی لەم هەستە بێت یان نا؟ ئەوێک کە تەواوی ژیانی بریتی بووە لە ئەشقێکی بێ نموونە و پاک و خاوێن بۆ نیشتمان، هەست بە شەرمێک لەخۆیدا دەکا. بەڵام نا، ئەو دیو سنوور دەتوانێ مانای زیاتر بەم ئەشقەی ببەخشێ. ئەو دیو سنوور، قەڵبەزە. ئەم بیرە لە دەروونەوە کەمێک ئارامی دەکاتەوە. ئەو بیرەی کە ئیستاکە لەلای ئیدی ئارامبەخشە! بیری هەموو ئەو کەسانە دەکەوێتەوە کە بۆ نیشتمان و لە پێناوی نیشتماندا ئەو دیو سنوورەکان کەوتن، بە ساڵانی ساڵ، بە بێ ئەوەی لەبیری بکەن. تەنانەت بەهێزی تریش گەڕانەوە. جا بۆ ئەمیش نا؟ گەر تەمەن ئیزن بدات!
سەرێک لەبەر خۆیەوە ڕادەوەشێنێ و بە ڕوخسار زۆرتر بەشوێن ئەو بایەدا دەگەڕێ کە هەڵیکردووە. چ نیعمەتێکی کتوپڕی و بەجێ! 'با'کە لێی دەئاڵێ. ئاڵانێکی ئاشنا.
پاڵ بە یەکێک لە درەختەکانەوە دەدات و ئیتر بەدڵ دان بەوەدا دەنێ کە ماوەیەکە لە نیشتمان بێ تاقەت بووە. نیشتمان ئەوەی لێنەهات ئەم خەونی بۆ و پێوە دەبینی. نیشتمان ئەوەیە کە هەیە. خاوەنی مانا و حەزی خۆی و خۆیەتی. خاوەنی لۆژیک و شێوازی خۆی. زۆر خۆبەدەستەوە نادات. گوێ دەگرێ، دەژنەڤێ، دڵی لێدەدات، پێدەکەنێ، دەگری و سەرئەنجام جاری وایشە، ئەویش بە دەگمەن، وەڵام دەداتەوە، بەڵام لەدوواساتدا تەنیا خۆیەتی بڕیاردەدا. ئای نیشتمان چەند دڵ ڕەق و بێ بەزەییە! نیشتمان بەشوێن کەسدا ناڕوات. دەبێ تەنیا بۆی بدوێی و ئەوسا لێیگەڕێی بزانە چی دەبێ. ئەگەرچی جاری وایە هەست دەکەی بە ساڵانی ساڵ دوواتر ئەو ڕستە و وشانە گوێ لێدەگرێتەوە کە تۆ کاتی خۆی بەدڵ بۆت هەڵڕشتوون. کەس نازانێ بۆ وایە، بۆ ئەوەندە خاوە؟ بە چییەوە لە ڕاستیدا خەریکە کە ئەوەندە ئاستی کاردانەوەی دادەبەزێ؟
بەڵام داخۆ ئەم زۆر پەلەی نیە؟ ئەم پرسیارە بێ ئۆقرەی دەکا. ڕستەیەک کە تاهەنووکە قەت بیری لێنەکردبووەوە. ئەسڵەن ئەم بۆ دەبێ کاتێک بیرلەنیشتمان دەکاتەوە دەبێ بە خەونەوە بیری لێبکاتەوە؟ ناکرێ نیشتمان ئەوە بێت کە هەیە؟ ئەم وەک خۆی و ئەویش وەک خۆی؟ پەیوەندی و متوربەیەکی بەرامبەر و پڕ لە ڕێزی دوولایەنەی وەک یەک؟ ئەگەرچی لە دەروونەوە شتێک پێی دەڵێ کە خەونەکانی ئەم شتێکن کە نیشتمان کاتی خۆی بە زمانی بێ زمانی بە گوێدا چرپاندوونی. ئاخر نیشتمان خۆ دەم و زمانی نیە بتوانێ بدوێ. نیشتمان لیدەگەڕێ تا تۆ تەنیا بیتەوە. جا چ لە شەوێکی وەک ئەمشەودا، یان لە ژوورەکەی خۆت کاتێک لە ناو جێگادا گێنگڵ دەدەی، یان خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکی. ئەوسا دێتە گۆ و لەگەڵت دەدوێ و، باسی حەز و خواست و باسەکانی خۆیت بۆ دەکا. تۆیش دەبێ گوێ بگری. دۆخەکە وەهای لێدێ دەبێ گوێ بگری، جگە لەمە چارەیەکی ترت نیە. هیچ شتێک لەم دونیایەدا بەقەدەر نیشتمان خۆسەپێن نیە. کە دێت بە هەموو بوونییەوە دێت. وەها قورس و پڕلە داوا کە کەس ناتوانێ خۆی لێ نەبان کا! نیشتمان دیکتاتۆرترین بوونی جیهان!
ئەو ڕۆژانەی بەجوانی لەبیردێ کە چۆن گوێی لێگرت. لە ڕۆژێکی بەهاریدا بوو، لەکاتێکدا ئەم لە ژوورەکەی خۆی خەریکی خوێندنەوە بوو، بایەک لەناو باخەکەوە بەئەسپایی گوزەریکرد و خۆی بە ژوورێدا کرد. باکە بە ناو ژوورەکەدا سووڕێکی خوارد، بەناو ڕەفەی کتێبەکاندا گەشتێکی کرد، دیوارەکانی لستەوە، بە سەقفەکەدا بۆ ماەیەکی یەکجار کورت لکاو ئەوسا لەوێوە دانەوییە خوارەوە و لە جەستەی مێرمنداڵی ئەم ئاڵا. ئاڵانێکی چەند چرکەیی. ڕەنگە زیاتریش لە چرکەکان. لاپەڕەکانی شەمزاند. ئەوسا چەند سوڕێکی تری خوارد و لەپەنجەرەکەوە ڕۆیشتەوە دەرەوە.
ئەم خەوی لێکەوت. چەند سەعات، چەند ڕۆژ، چەند مانگ و ساڵ؟ نازانێ. هەر ئەوەندە دەزانێ کاتێک خەبەری بووەوە، دونیا جۆرەیەکی تر بوو. حەوشە، باغەکە و شاخەکەی بەرامبەر ئاوازییان دەچڕی. ئەم گوێی لەو ئاوازە ناوازەیە بوو.
لەو ڕۆژەوە بە چاک یان بەخراپ هەموو شتێ گۆڕا، زۆر خراپیش گۆڕا!
نیشتمان بە زمانی 'با' دەدوێ.
بەسەرەوخوارییەکەدا دادەگەڕێ. دارستان، ئاسکەکە و تاریکاییەکە جێدێڵێ. ئەوەتەی ژیان هەبووە، وەها بووە. جێدێڵی و دەگەی. دەگەی و جێدێڵی. هەمیشەیش لەگەڵ جۆرێک هەستی نۆستالۆژی بۆ ئەو شتانەی کە جێیان دێڵی. بگرە بۆ ئەو شتانەیش کە ڕقت لێیانە. ئای نیشتمان تۆ چیت کە هەموو جۆرە شتێک تێتدا جێی دەبێتەوە؟
کەدەگاتەوە ماڵ، ئیتر تەواو لەوە دڵنیایە کە ئەو دیو سنوور خەریکە دەبێ بە بەشێک لە حەز و خولیای نیشتمان. 'با' کە، لەوێ لە دارستانەکە، کە لە ڕوومەتی دا ئەمەی بە گوێدا چرپاندبوو، ئەگەرچی وەکوو ئەو ساڵە ئەم بە مانگ و بە ساڵ خەوی لێنەکەوت. هەندێ حەزی نیشتمان هەن کە یەکجار ڕاستەوخۆن. نابێ ماتڵیان بکەی. پاڵت پێوە دەنێن. ژێر پێت دێننە خورو! ئەو خوروەی تەنیا بە بەستنی کاڵەی ئاسن و ئارەقکردنەوەی ناو ڕێگا دوورەکان ژانەکەی دەشکێ، ئەویش ئەگەر بشکێ. لە دەروونەوە ڕقی لە خۆیەتی کە ئاوا کاتی خۆی گوێی لە نیشتمان گرت. دەبا ئەو کاتانە بیناسیایە. ئەوێک کە کتێبی دەخوێندەوە، بیری دەکردەوە و هەوڵیدەدا لەهەموو شتێک وردتر بگا، چەند زوو خۆی دابووە دەست ئەو بایەی وا لە باغەکەوە گوزەری کردبوو. زمانی نیشتمان چەند نەرم و بێ بەزەییە! چەند پڕ لە بۆنی گوڵ و ڕێگا دوورەکانە!
ئەگەرچی نیوەشەوە، بەڵام زۆر خێرا جانتاکەی دەپێچێتەوە. پێویست ناکا زۆر شتیش بپێچێتەوە. ڕێگاکان وەهان کە بۆخۆیان بۆ سەرەتاییترین پێداویستییەکان بەدەمتەوە دێن. لەتێ نان ئەگەرچی لە پاشماوەکانیش بێت بۆ خواردن هەر دەست دەکەوێ، سەقفێک ئەگەرچی ئاسمانیش بێت هەر دەست دەکەوێ، ئاوێک بۆ خۆشۆردن، ئەگەرچی لە بناری کێوەکانیش بێت، لەسەر ڕێگات هەڵدەتۆقێ. نا، دڵ لە دڵ مەدە! خێرا جانتاکەت بپێچەوە!
بە باغەکەدا کە ئیستاکە پیر بووە، تێدەپەرێ. ئەگەرچی باغ بە پیربوونیش بۆنەکانی پیرنابن. ئیستاکەیە لە ڕەمزی پیرنەبوونی پەیامی نیشتمان دەگا. لە یەکێک لە لکەکان نزیک دەکەوێتەوە و ورد ورد لێی دەڕوانێ. لکێک وەک هەموو لکەکانی تر. بێگومان لەهەمان ڕەگەزی لکەکانی ئەودیوی سنووریش، بێگومان!
نیشتمان وەهایە، وەرەزت دەکا و لەگەڵیشی وەڕەزییەکانی خۆشت بە کۆڵتدا دەدا و ئەوسا بەڕێت دەکا. مەترسە ناشهێڵێ تەنیا بیت. هەتا سەر سنووریش لەگەڵت دێت. لەوێ دەستێک بە سەر شانتدا دەدا و بۆ یەکەمین و دوواهەمین جار زمانی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و باوەڕنەکراو دێتە گۆ و، دەڵێ:
بڕۆ، سەفەر ئۆغر! بەڵام لەبیرت بێت لە هەموو شوێنێک باغێک هەر دەست دەکەوێ! لەهەموو شوێنێک.[1]