خۆم و ئەستێرە گەشەکان
ئەحمەد حسێن
مایەی شانازییە بۆ ئەو گوژمە قەڵەمانەی کە باسکی خزمەتی لێ هەڵدەماڵن لەو بەرهەمانەی لە هەر بوارێکدا پێشکەشی دەکەن تەمەنی درێژ و مانەوە بەخۆیانەوە دەبینن و لەهەمان کاتدا دەبنە سەرچاوەی باوەڕ پێکراو و بەهێز و کاریگەر بۆ ڕاژە و خولیای نەوە بەهرەمەند و نووسەر و هونەرمەند و ڕۆژنامەوانەکان و...تاد، ئەمڕۆ و سبەینێ، ئەم هونەرە لەدەست هەموو کەسێک نایە، مەگەر ئەوانەی کە گیانی داهێنان و زمان ڕەوانی و خاوەن ئەزمون بن، لێرەدا ئاوا شۆڕ دەبینەوە بۆ لەدایکبوونی چرۆی ئەم بەسەر کردنەوەیە.
لەم ڕۆژانەدا لەلایەن هاوڕێ و ئەدیبی بەتوانا و ئەمەکدار کاک جەمیلی مەلا قەرەوە بەرگی یەکەم لەکتێبی ناوازەی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)م پێگەیشت، لە نووسین و ئامادەکردنی کاک نەجمەدین عەزیز سمایل، تازە چاپی هەولێر ساڵی 2022 قەبارە گەورە و بەرگ تێگراوی 539 لاپەڕەییە.
تابڵێی چاپێکی قەشەنگ و هەڵەبڕکراو و بایەخ پێدراوە، دیمەن و ناوەڕۆکی بەرهەمەکە سەرنجی خوێنەر بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت بەچەشنێ حەز ناکات دەست لە خوێندنەوەی هەڵبگرێت هەتا تەواوی نەکات، لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکاندا، سەرەتا بە تێشووی پێشکەشکردنی نووسەر و پێشەکییەکی پوخت و بەباڵا بڕینێکی تێروتەسەل لەلایەن مامۆستا و ئەدیبی مەزن، نازم دڵبەند لەژێر ناونیشانی(خۆم و ئەستێرە گەشەکان سیمبولێک بۆ گەورەیی مێژوو) تۆمارکراوە لە تێڕوانینی ئەم گەنجینەیەدا، 102 کەسی هەڵبژاردەی بە کاک نەجمەدین خۆیەوە، لە خۆگرتووە. گەرچی نووسەری بەڕێز ئەوەی نەخستۆتەڕوو کە لەکەیەوە بەرنامەی بۆ داناوە و دەستی بەم پڕۆژە گرنگە کردووە، پێدەچێت تەمەنێکی پڕ لە ماندوو بوون و بەدواداچوونی بێ کۆڵنەدانی لەگەڵ تاک بەتاکی ئەم مەڵۆ و شارایانە بردبێتە سەر تاکو ئەم خەرمانە بەبڕشتەی لێ پێکهێناوە، خەرمان بەرەکەت !
کورد واتەنی دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە، خەرمانێک ئەمەندە بەڕووی ئاسۆو ڕاستگۆییدا بەڕێک و پێکی چنراوە و هەڵکشاوە، تەنانەت پڕا و پڕی ئامێزی دڵ و چاوەگەش و تیژەکانی ویژدانن.
لە هەمووی جوانتر ئەزمون و هزری برای نووسەرە، کە وەک یادگارێکی جوان بۆ مێژو و لەپێناسە و هەڵسەنگاندن و ژیانی زۆرینەی کەسە شیاوەکانی هێناوەتە ئاراوە، وەک پشتگیری و پێزانین تیشکی یادەوەریی خۆی بە چەند دێڕێک ئاوێتە کردووە، هەروەها بەدەر لەهەندێ نووسەر و مێژوونووس و لێکۆڵەر و بیرەوەرینووس، هاتووە خەرمانی بەرهەمەکەی بەهەموو کەسێتییە بیروڕا جیاواز و ڕەنگەکان ڕەنگین کردوە، ئەمە ڕچە شکێنێکە بۆ کەسانی دی، وانەیەکی لەبار و بەرجەستەیە بۆ سەلیقەی هەستی زیندوو و لەروانگەی بیری ڕۆشن و فراوانی ڕێزی نەتەوایەتیی و مرۆڤایەتی، تا بکرێت کەسانی شایستەی دی فەرامۆش نەکەن، بوێر بن و با ڕەخنەی بابەتیش لەئارادا بێت مافی ڕەوای خۆیان پێبدەن.
هەروەها شکۆ و جوانییەکی تری دائیرەی مەعاریفی کتێبەکە ئەوەیە ڕەنگدانەوە و پەیڕەوکردنی یاسای زمانی گوڵە، دیسان کۆکردنەوە و ڕێکخستنە گشتییەکی گونجاو و بەرچاوی پێوە دیارە بەتایبەتی لەبوارەکانی ئەدەب و هونەر و مێژوو و کەلەپوور و ئینجا هەڵدانەوەی لاپەڕەی شکۆفەی خەبات و هەڵوێست و خستنەڕووی زۆرینەی بەرهەمی کەسە خەمخۆر و ڕابردو گەشەکان.
گیرسانەوەیان لەدامێنی پڕ بژوێنی لوتکەدا، بگرە لەباسی زۆربەی کەسێتییەکاندا بڕێک زانیاری و دەستەواژە و وێنەی هەمەجۆر و حیکایەتی ڕێزلێنانیان ئەگەر پێویست بووبێت لە جێی خۆیدا بۆ شکۆی کەسەکە بەڵگەی لەمەو پێش خراوەتەڕوو، شایانی باسە شەکەت بوون لەم پێناوەدا بریتییە لە پڕکردنەوەی کەلێنێکی دیار لە کتێبخانەی کوردیدا، دیارە لە داهاتوودا حیسابی ئەرێنی بۆ دەکرێت. لەکۆتاییدا خوازیارین بەرگی تریشی بەدوادا بێت، بە هەمان خوێندنەوە درێژە بە کرۆکی پەلکەزێڕینەی مەبەستەکان بدرێت.[1]