سێ نامە
#گۆران ڕەئوف#
1
لێرە خوێن فوارە دەکات،
بۆنی خاوی خوێن یەک پارچە ماڵەکەمی داگیرکردووە!
هەتا ژمارە ناکۆتاکان دڵم تەنگە، تووشی بێخەوی هاتووم، هەستەکەم تەنانەت وشەکانیش توانای گوزارشتێکی ڕاستەقینەیان نییە بۆ ئەم دۆخەی تێیدا دەژیم، دەرەوەی ماڵەکەم دۆزەخێکی تەواوە، ماڵەکەم لە دۆزەخی دەرەوە سوێنەرترە، نازانم لەکوێوە دەستپێبکەم؟ بەڵام دڵنیابە من خۆمدەکوژم! من هیچ ڕازی نیم بە ژیان، هیچ دڵخۆش نیم بە هیچ شتێکی ئەم هەسارەیە، شەوانە دەگرییەم و نازانم بۆ، بێدەنگ دەبم، لەپڕ هەستەکەم دوبارە چاوەکانم تەڕبوونەتەوە، لەبیرم نەماوە عەشق چییە؟ جگە لە وێڵبوونی ڕۆح و نەهاتنەوەی؟ سەرم دەدەم بە دیواری ژوورەکەمدا، شونێکی سەرم نەماوە نەشکابێت، ماڵەکەم شوێنێکی نییە خوێنی سەری منی پێوە نەبێت، نازانم ئەم ژیانە بە کوێ دەگات جگە لە خەوێکی بێتام و بێئەنجام، ئێمە هەر دەمرین، هەر دەبێت بتۆپین! ئێمە ناچارنین بژین، باوەڕبکە هیچ ناچارنین ئەم ژیانە پووچە قبوڵبکەین، زۆر بیرم کردۆتەوە زۆر، ئاساییە ئەم ژیانە ڕەتبکەینەوە، ئاساییە نەمانەوێت بمێنین.
پێشتر ساڵەکانی پێشوو کە پێکەوبووین و لە نزیکەوە گفتوگۆمان دەکرد، گومانم هەبوو لە بیرکردنەوەکانم، بەڵام لە ڕاستیدا من هەمووکات ویستومە خۆمبکوژم! بە خەیاڵی خۆکوشتنەوە ژنم هێنا، ئێستا هاوسەرەکەم سکی پڕە، گوناهە، لاوازبووە ئەوەندە خەم بۆ چارەنوسی خۆی و بەدبەختی من دەخوات، هیچ دەسەڵاتێکی نییە، بەڵام من هەر دەمەوێت خۆم بکوژم، دەمەوێت ژن و منداڵەکەی ناوسکی لەم دۆزەخەدا جێبهێڵم، من مردم لە دەوامی فەرمانگە و بینینی ئەو مرۆڤە داماوانە، ڕۆژانە هەست بە توانەوەی خۆم دەکەم کە ناچارم مامەڵە و گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکیدا بکەم، سەیرکە مرۆڤێک هەست بە توانەوەی خۆی بکات لەنێو مرۆڤەکاندا کەی ناچارە بژییەت؟
نازانم بۆ دەبێت ئەم شتانە بۆتۆش باسبکەم؟ بەڵام وەک چۆن دەمەوێت بوونی خۆم بسڕمەوە ئاوەهاش هێزێک هەیە کە هەستی پێدەکەم و دەمەوێت ئەم شتانە بەتۆ بڵێم، چاوەڕێی هەواڵی خۆکوشتنەکەم بکە، باوەڕناکەم زۆر بخایەنێت مانەوەم لە ژیانەدا..
هاوڕێی هەیشە دڵتەنگت
ئیسماعیل
2
گوڵەکان بۆنیان دێت،
گوڵەکان جوانن،
گوڵەکان پێویستیان بە ئێمەیە،
پێیان بڵێین ئێوە جوانن،
ئێوە بۆنتان خۆشە!
سڵاو سەمە گیان
من سپاسی دایک و باوکم دەکەم منیان هێناوەتە بوون و ئێستا دەژیم و بوونم هەیە!
زۆرکات بیرلەوە دەکەمەوە من بوونم هەیە و وەک ئادەمیزادێک دەژیم، دڵخۆشم لە نەبوونەوە هاتوومەتە بوون، ڕەنگە زۆرکات وەک تۆ لەم هەبوونەم نیگەران بووبم بەڵام هەنووکە دڵخۆشم کە خودا ئەو چانسەی پێداوم لەم بوونەدا بوونم هەبێت و بژییەم، من باس لە چانسێک دەکەم کە ڕەنگە زۆر نەبووی تر ئاواتیان بێت بێنە بوون! دڵنیام پێش بوونی هەرکەسێک و هەر بوونەوەرێک لەبارەی ژیان و بوونییەوە باسی ژیان و گەردوونی بۆ بکرێت بێگوومان حەزدەکات ئەم بوونە تاقیبکاتەوە! حەزدەکات هەبێت و هەناسە بدات و لەمسی بوونی خۆیی و ژیان بکات، حەزدەکات زەوی ببینێت و تەماشای شەڕەکان بکات و خۆی شەڕبکات، بەر برسێتی و قاتووقڕییەکان بکەوێت، دڵنیام دەیەوێت عاشق بێت و بۆنی بەهار بکات، لە گەرمای هاوینیدا بەشوێن سێبەردا ڕابکات و لە ئاوە سازگارەکان بخواتەوە، پایزان لەنێو گەڵای وەریودا بخەوێت و وێرانبوونی ژیان بدات بەخۆیدا، زستانان ڕۆحی تەزیوی بە گەرمی عەشق و خۆشەویستی مرۆڤەکان گەرم بکاتەوە.. عەشق یەکێکە لە شتە جوانەکانی ژیان، تۆ هەرگیز زانیوتە ئەم ژیانە دەرفەتێکە بۆ ئێمە، کە بەکاریبهێنین و چێژ لە ئازار و لە خۆشییەکانی ببینین، من تێدەگەم مرۆڤ دەمرێت! باوەڕبکە هەڵەیە بۆئەوەی نەمرین خۆمان بکوژین، وەرە هێزی بوونی خۆت بەکاربهێنە و ئەم ژیانە ئیستغلال بکە بۆ خۆت، هەموومان ئەو دەرفەت و چانسەمان هەیە وابکەین.
تۆ هەرگیز ڕاوە ماسیت کردووە؟ هەرگیز بەسەر شاخە سەوزەکاندا هەڵگەڕاویت؟ هەرگیز لەبەر ئاوێنەدا بیرت لە جوانی خۆت کردۆتەوە؟ هەرگیز بیرت لە چاوەکانت کردۆتەوە مەودا دورەکان دەبینن، خەیاڵەکانت! سمە گیان مرۆڤ خەیاڵی هەیە، مرۆڤ کەی هیچ شتێکی نەما لەم دنیایەدا، خەیاڵەکانی هەیە پاڵیان پێوەبدات، تۆ مرۆڤێکی ڕەنگە هەزاران مرۆڤ ئاواتەخوازی ناسنامە و کەسایەتی و شتە بەرهەمهاتووەکانی تۆ بن، تۆ شتایەکت هەیە هیچ مرۆڤێکی تر نییەتی، من نامەوێت تۆ خۆت بکوژیت؟ ئەم قسانەش هەربۆئەوە دەکەم کە تۆ ئەو کارەنەکەیت، بەڵام لۆژیکێکم بۆ باسبکە ئەم قسانەم بە ڕەهایی ڕەتکاتەوە؟
تۆ بمێنە سمە گیان تۆ بژی، ژیان دەرفەتێکە و لەنێوان ئەو ملیارەها نەبووەدا تۆ هەیت! من و تۆ هیچ شتێکمان خەرج نەکردووە بە بوونمانەوە، مرۆڤەکان بەبێ خەرجی دێنەبوون، باوەڕبکە نەبوو هەیە گەر بۆیبکرێت ملیارەها ملیارەها خەرج دەکات تا بێتە بوون، لەکاتێکدا من و تۆ هیچ شتێکمان وەک قوربانی و خەرجی نەداوە کەچی بوونمان هەیە؟! بۆ ڕێز لەم بوونە ناگریت، بۆ ناتەوێت بەهاران سەفەری کوێستانەکان بکەیت و لە بەر تاڤگەکاندا خۆت بشۆیت؟ بۆ بیر لە شارە گەورەکان ناکەیتەوە؟ بۆ تێناگەیت لەم دەرفەتە کە ئێمەی مرۆڤ هەیەتی؟ ئێمە خەیاڵمان هەیە ئێمە دەتوانین عەشق بکەین دەتوانین خۆشەویستی ببەخشین و خۆشەویستی وەربگرین، دەتوانین وەرزش بکەین و بخۆین و بخۆینەوە، دەتوانین هەموو ئەو شتانەبکەین کە خۆمان دەمانەوێت، تۆ ئێستا یەکسەر دەڵێیت خۆ دەتوانین خۆشمان بکوژین! باوەڕبکە ناتوانین! چونکە ئێمە بەتەنیا بونێک نین بە ڕەهایی هی خۆمان بین، بەڵکو بوونی هەر یەکە لە ئێمەی مرۆڤ پشکی تەواوی ئەم بونەی تێدایە، منداڵەکەت کە هێشتا لە سکی دایکیدایە پشکی لەتۆدا هەیە، هاوسەرەکەت پشکی لەتۆدا هەیە، دایک و باوکت بەهەمان شێوە.. من ئێستا باخچەیەکی بچکوم دروستکردووە، گوڵەکانی پشکوتوون، گەر بمەوێت خۆم بکوژم، ئەو گوڵانەش پشکیان لە مندا هەیە، بەیانیان چاوەڕێمن ئاویان بدەم، قسەی خۆشیان بۆبکەم، باوەڕدەکەی گوڵەکانیش پێویستیان بە قسەی خۆشی ئێمە هەیە؟ بێهێنە پێشچاوت گوڵەکان حەزدەکەن پێیان بڵێم ئێوە جوانن، ئێوە بۆنخۆشن!
سمە گیان دەمەوێت پێتبڵێم دەرفەتی بوونی خۆت بەهەل بزانە و بژی، ئەم دەرفەتەت هەرچۆن پێبەخشراوە، ڕێزی بگرە و خۆشتبوێت، دەرفەتێک بڕەخسێنە دێم بۆ لات و دەچینە سەر ڕوبارەکە ڕاوەماسی دەکەین، ڕادەکەین، کەمێک باسی ژیان دەکەین و گوێ لە میوزیک دەگرین، وەرە هاوار دەکەین و دەگرییەین، خۆمان مەست دەکەین و باوەشدەکەین بە یەکدا و دەڵێین ئەم دەرفەتی بوونەمان نادۆڕێنین!
هاوڕێی خۆت
ڕێبوار
3
ڕێبوارررر، ڕێبوارررر، ڕاکە چ ماسییەکەم گرتووە! وەرە دەی خەریکە قولاپەکەم دەپچڕێت.[1]