دەستەواژەی کۆیی و خۆیی لە چییەوە هاتووە؟
هاوژین عەبدولواحید
شارۆچکەی کۆیە یەکێکە لە شارۆچکەکانی پارێزگای هەولێر، مێژووی دروستبوونی بۆ 2500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
ژمارەی دانیشتوانی 95 هەزار و 246 کەسن، هەر لە دێر زەمانەوە دانیشتوانەکەی زۆر یەکیان خۆشویستووە و یەکگرتوو بوون لەگەڵ یەکتریدا، لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ دەستەواژەیەک بۆ خەڵکی کۆیە زۆر بەکارهاتووە ئەویش (کۆیی و خۆیی یان کۆیایەتی و خۆیایەتییە).
$مێژووی دەستەواژەکە$
لەوانەیە دەستەواژەیەکی سادە و ساکار بێت بەلای زۆر کەسەوه، بەڵام زۆر مانای تایبەت لەخۆ دەگرێت، هەر بۆ ئەو مەبەستەش چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی چەند کەسایەتییەکی کۆیە کرد.
نووسەر و ڕوناکبیر عەبدولکەریم شێخانی لەبارەی ئەم دەستەواژەیەوە وتی: ئەم دەستەواژەیە کۆیایەتی و خۆیایەتی لە ڕووی زمانەوانییەوە جگە لە ماناکەی ڕیتمێکی مۆسیقایە و وەک ئاوازێک دەزرینگێتەوە لە گوێچکەی کۆییەکاندا.
هەروەها لەبارەی بنچینە و مێژووی ئەم دەستەواژەیەوە دڵدار جەلیلزادە ئاماژەی پێدەکات و دەڵێت: مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ژیان و بنیادنانی کۆیە بەحوکمی ئەوەی کۆیە مێژوویەکی کۆنی هەیە و هەڵگری ڕیفۆرمێکی شارستانیەت بووە ژن و ژنخوازی و تێکەڵاوی و تەبایی و خۆشەویستی وایکردووە ئەم دەستەواژەیە بەکاربهێنن. بۆ نموونە ئەگەر دوو کەس دڵیان لەیەک شکابێت، بەڵام لە دەرەوەی کۆیە تووشی یەکتربن بەوپەڕی سۆز و خۆشەویستییەوە توند یەکتر لە باوەش دەگرن، هەروەها لایەنێکی تری ئەم دەستەواژەیە لەوەوە سەریهەڵداوە هەر بارودۆخێکی نالەبار هاتبێ لە ناوخۆ تەنها یارمەتی یەکتریان داوە، واتە قەدری خۆیان بۆ خۆیان زانیوە.
$دەستەواژەکە گۆڕاوە$
رەهبەری سەید برایم لەم بارەیەوە دەڵێت: ئێستا کۆیایەتی و خۆیایەتیمان گۆڕیوە بۆ کۆیایەتی و کوردایەتی، کۆیایەتی و خۆیایەتی زیاتر کێش و سەروایە، بەڵام ئێستا ناومان لێی ناوە کۆیایەتی و کوردایەتی.
کۆییەکان لە دەرەوەی کۆیە ئەم زاراوەیە بەکاردەهێنن لە نامۆییدا ئەگەر کاریان بەیەک بێت یەکگرتوون و بەدوای یەکدا دەگەڕێن و کۆیایەتی خۆیان دەکەن، بەڵام لەناو کۆیە وانین.
لە شاری کۆیە بە سەدان کەسایەتی مەزن و کارامە هەڵکەوتوون، بەڵام وەک پێویست ئەو کۆیایەتی و خۆیایەتییەی لەگەڵ ناکەن، ڕەنگە کەسانێک هەبن لە دەرەوەی کۆیە شانازی بەو کەسانەوە بکەن، بەڵام لەناو کۆیە وانییە.
هەر لەدرێژەی ئەم باسەدا لەبارەی ژن و ژنخوازییەوە لە کۆیە دکتۆر جەمال فەتحوڵڵا وتی: پێشتر ئەم خزمایەتییە لەناو خۆیدا بوو زیاتر، بەڵام ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە و ژن و ژنخوازی فراوان تربووە، دەشڵێت: ئەوانەی لەناو کۆیه دهژین خزم و خۆیین و نزیکن له یهکترو داکۆکی له یەکتر دەکەن وەکو دەڵێ هی خۆمانن.
شێروان غەفوری 26 ساڵە لە سوید دەژی وەک کۆییەک دەڵێت: زۆر هەست بەغوربەت دەکەم لێرە حەزدەکەم هەفتانه لەگەڵ کوردی سوید ئەوێ کۆببمەوە بەتایبەت کۆییەکان هەستدەکەم خۆیین و لە من نزیکترن، کۆدەبینەوە و کاتێکی خۆش لەگەڵ یەک بەسەر دەبەین، هەروها لە کاروبارەکانماندا لەوێ زۆر هاوکاری یەکتر دەکەین و زۆر یەکترمان خۆشدەوێت، مساڵانە جارێک تا دووجار حەزەکەم بێمەوە کۆیه و دڵم پێی ئاسوودە دەبێت، چونکە کەسوکارم لێرەیە و کۆیە بۆ من زێدی باب و باپیرانە ئەگەریش لەوپەڕی دونیابم کۆیە بۆ من ماڵ و خێزانه.[1]