کۆسار عوسمان
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، 20 هەزار کورسی بۆ دامەزراندنی مامۆستایان لە باکووری کوردستان و تورکیا تەرخانکراوە و لەنێویاندا تەنیا سێ مامۆستای زمانی کوردی دادەمەزرێن.
ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی پەروەردە بۆ زمانی عەرەبی 175، زمانی ئینگلیزی 1004، زمانی ئەڵمانی 1 کورسی تەرخانکردووە. بەڵام لە کۆی ئەو 20 هەزار مامۆستایەی کە بڕیارە دابمەزرێن، تەنیا سێ مامۆستایان تایبەت بە زمانی کوردین کە زمانی دووەمی قسەکردنە لە کۆماری تورکیادا.
لەو سێ کورسییەی بۆ زمانی کوردی تەرخانکراوە، دووانیان بۆ شێوەزاری کورمانجی و یەکێکیان بۆ شێوەزاری زازاکی دەبێت.
خوێندنی زمان و شێوەزارەکان لە سیستەمی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لە چوارچێوەی وانەی بژارە لە ساڵی 2012ەوە کاری پێدەکرێت. وەزارەتەکە ساڵانە وادەیەک دیاریدەکات بۆ دایک و باوکی قوتابییان بۆ ئەوەی بە ویستی خۆیان وانەی بژارە هەڵبژێرن.
زمانی کوردیش بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی لە وانە بژارەکاندان. بەگوێرەی سیستەمی خوێندن لە وانەی بژارە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژارە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی دایک و باوکی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە ساڵی خوێندنی 2015-2016 لە تورکیا و باکووری کوردستان 77 هەزار و 931 قوتابی وانەی بژارەی زمانی کوردییان هەڵبژاردبوو. لەم ژمارەیەدا 71 هەزار و 616 قوتابی وانەی شێوەزاری کرمانجی و 6 هەزار و 315 قوتابیش وانەی شێوەزاری زازاکییان هەڵبژاردبووە.
لە باکووری کوردستان و تورکیا ملیۆنێک و 148 هەزار مامۆستا هەن؛ 79یان مامۆستای زمانی کوردین. لە ساڵی 2018دا تەنیا 3 مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندران، ساڵی 2019 مامۆستای زمانی کوردی دانەمەزرێندراوە، ساڵی 2020 تەنیا 1 مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندرا و ساڵی 2021یش 3 مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندران. ئەمساڵیش بە هەمان شێوە بڕیار لەسەر دامەزراندنی سێ مامۆستای زمانی کوردی دراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2012ەوە لە زانکۆکانی ئارتوکڵو لە مێردین، ئاڵپئەرسڵان لە مووش، چەولیگ لە چەولیگ و مونزور لە دێرسم و ساڵی 2017ەش زانکۆی یوزونجوییڵ لە وان؛ بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی کراوەتەوە، تاوەکو ئێستا 1500 کەس لەو بەشانە دەرچوون. [1]