فرەژنیی و ئینکارکردنی واقیع
#مەریوان وریا قانع#
لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا بەهۆی هێنانی ژنهێنانی چوارەمی ئەمیری کۆمەڵەی دادوەریی، عەلی باپیرەوە، مشتومڕێکی گەورە دروستبو، کە بەداخەوە زۆربەی ئەوەی کە گوترا سنوری هێرش و پەلاماریی شەخسیی و شێوازی جێنودان و سوکایەتیکردنی تێنەپەڕاند. کەسانێکی زۆر بەگژ ئیسلام و ئیسلامییەکاندا چونەوە، لەشکرێکی دینیی جنێوفرۆشیش بەگژ عەلمانیەت و عەلمانییەکاندا. ئەوەی غائیب بو ئەگەری ناسینیی ئەو کێشانەیە کە ئەو هێنانی ژنی چوارەمە لەلایەن عەلی باپیرەوە هێمای بۆدەکات.
با لەسەرەتاوە ئەو خاڵە بۆ خوێنەر ئاشکرابێت کە دیاردەی فرەژنیی، لە دیدی مندا، لەسەر مامەڵکردنێکی تەواو نایەکسان و نائینسانیی ژن دروستبوە، لە جەوهەریشدا بەخشینی وزەیەکی سێکسی گەورەترە بە پیاو و مامەڵەکردنی ژنە وەک کەسێکی بێحەز و ئارەزو و چێژی سێکسیی. هەمو ئەمانەش بەشێکە لە دونیابینییەکی بیمار کە کۆمەڵگای پیاوسالاریی دروستدەکات و هەیمەنەی پیاو لەناویدا، دەپارێزێت. لە دونیای ئەمڕۆشدا، فرەژنی شوێنی لەناو ئەو مافە سەرەتاییانەدا نابێتەوە کە مرۆڤەکان، بە ژن و پیاوەوە، لە سەدەی بیستەمدا و دوای خەباتێکی زۆر بۆ یەکسانیی و دادپەروەریی، بەدەستیهێناوە.
فرەژنی لە یەککاتدا دیاردەیەکی دینیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییە، لە سەردەمە کۆنەکاندا لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی جیهاندا ئامادەبووە، هەم لە دینی جولەکە و هەم لە ئیسلام و هەم لە چەندان دینی دیکەی نایەکتاپەرستدا، ڕێگەپێدراوە. بەڵام لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەم دیاردەیە تەنها لە کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا و لای ئەو موسڵمانانەی کە سەرمایەدار و پارەدارن، بە شێوەیەکی بەرفراوان ئامادەیە. لای ئەمانە فرەژنی دراوەتە پاڵ ویستێکی خودایی و جێبەجێکردنیشی وەک جێبەجێکردنی ئەمرێکی خودایی مامەڵەدەکەن. ئەمانە خواستە سێکسییە شەخسییەکانی خۆیان بە خواستی گشتی خوداوە بۆ هەمو مرۆڤەکان، گرێئەدەن.
هەمو ئەمانە لەکاتێکدا لەناو مێژو و کەلەپوری ئیسلام خۆیدا، چەندان کەسایەتی دینیی گەورە و چەندان خوێندنەوەی جیاواز لە ئارادان، کە تەواو ناکۆکن بەو خوێندنەوانەی کە فرەژنی وەک خواستێکی خودایی مامەڵەدەکەن. هەر لە سەدەی نۆزدەهەمدا ئیمامێکی وەک محەمەد عەبدە، کە بە گەورەترین کەسایەتی دینیی سەدەی نۆزدەهەم و موفتی وڵاتی میسر ناسراوە، بە ئاشکرا ڕەفزی فرەژنی دەکات و بەگژیدادەچێتەوە. ڕەفاعە تەهتاوی، دیسانەوە ئیمامێکی دینی گەورەی هەمان سەدە، نەک تەنها دژی فرەژنی بو، بەڵکو گرێبەستێکی لەگەڵ ژنەکەیدا ئیمزاکرد کە تا ئەو لە ژیاندابێت ئەم بەهیچ جۆرێک ژنیتر، نەهێنێت. لەناو شیعەکاندا، تەنانەت کەسێکی وەک عەلی خامەنەئی بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ فرەژنی دەربڕیوە و پێی لەسەر ئەوەداگرتوە کە پیاو نابێت تەنانەت وەک نوکتەش باسی ژنی دوهەم لەگەڵ هاوەسەرەکەیدا بکات و دڵی بشکێنێت. ئەوە با واز لە ڕاوبۆچونی ئەو ژنە خوێندەوارە موسڵمانانە بهێنین کە باوەڕیان وایە قورئان تەنها لەڕێگای خوێندنەوەیەکی پیاوانەی ناڕاستەوە شەرعیەت بە فرەژنی ئەدات، دەنا فرەژنی شەرعی نییە و لەگەڵ گوتاری دادپەروەرانەی خودادا ناگونجێت، لەوانەش بۆ نمونە خوێندنەوەکانی ڕیفات حەسەن، ئەمینە وەدود، هبە ڕەئوف و ئەوانیتر.
بەڵام ئایا بەڕاستیی فرەژنی چ جۆرە دیاردەیەکی ناو دونیای ئەمڕۆکەی ئێمەیە؟ کێن ئەو پیاوانەی فرەژنی دەکەنە بەشێک لە یاسا و عورفێکی دینیی و بەبەرچاوی هەموانەوە ئەنجامیئەدەن؟
با لەو خاڵەوە دەستپێبکەم کە کێشەی ژمارەیەکی ناو کۆمەڵگای ئێمە لەمڕۆدا کێشەی فرەژنیی نییە، بەڵکو کێشەی بێژنیی و کێشەی نەبونی توانای پێکهێنانی خێزان و شوکردن و ژنهێنانە. ژمارەی ئەو پیاوانەی کە دەتوانن زیاد لە ژنێک بهێنن، ژمارەیەکی کەمن و سەر بەو نوخبە ئەرستۆکراتیی و سەرمایەدارە دەوڵەمەندەن کە لە دونیای پڕ لە دزیی و جەردەیی دوای ڕاپەڕیندا دروستبون. ئەمانە فرەژنی وەک جۆرێک لە بەرخۆریی تەماشادەکەن، وەکچۆن زیاد لە ئۆتۆمبێلێک و زیاد لە ماڵێک و زیاد لە چەند ملیۆنێک دۆلاریان هەیە، ئاواش زیاد لە ژنێکیان هەیە. ڕۆحیەتی مەسرەفگەرای مادیی ئەمانە بۆ ناو مەسرەفکردنی سێکسیی و لەوێشەوە مەسرەفکردنی ژنان گواستراوەتەوە. ئەمانە دەتوانن لەناو ئەو دۆخە قەیراناوییەی لە هەرێمدا دروستبوە، شێوازی بەرخۆریان لە بەرخۆریی شتومەکەوە بۆ بەرخۆریی ژنان، بگوازنەوە. لەمەشدا هەم نوخبە دینییە دەوڵەمەندەکە و هەم نوخبە نادینییەکە وەکو یەک بەشدارن، نوخبە دینییەکە بەناوی دین و خوداوە ئەم بەرخۆرییە ئینسانییە ئەنجامئەدەن و نوخبە نادینییەکە بەناوی ئازادیی شەخسیی و ئازادیی هەڵبژاردنەوە.
وەک وتم کێشەی ژمارە یەکی بەشێکی گەورەی گەنجانی وڵاتەکە، بە نێر و مێوە، ئەوەیە کە ناتوانن بۆ یەکجاریش خێزان دروستبکەن و ژیانێکی سێکسیی گونجاو و ڕێکخراویان هەبێت. ئەمەش بە بۆچونی من، وادەکات کێشەی سەرەکیی هەرێم کێشەی فرەژنی نەبێت، بەڵکو کێشەی نەبونی توانابێت بۆ دروستکردنی خێزان و بۆ بەیەکگەیشتنی نێر و مێ لە چوارچێوەی خێزاندا.
بە پێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاماری پارێزگای سلێمانی کە لە ساڵی 2019، ئەنجامدراوە، ڕێژەی ئەو کچانەی لە تەمەنی 30 تا 49 ساڵیدا هاوسەرگیرییان نەکردوە لە پارێزگای هەولێر 42%، لە سلێمانی 43% و لە دهۆک کەمەکێک زیاترە لە 43%. بەمەش دەردەکەوێت ئەو کچانەی لە هەرێمی کوردستاندا تەمەنیان هەڵکشاوە و هاوسەرگیرییان نەکردوە ڕێژەکەی دەکاتە 42.6%. بەپێی ڕوپێوێکی تری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 241 هەزار و 417 کەس، کە تەمەنیان گونجاوە بۆ کارکردن، بێکارن. کە دەکاتە زیاد لە 22 لە سەدی کۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان. ساڵانەش 14000 دەرچوی زانکۆ دەچنە ڕیزی بێکارانەوە. بەشی هەرەزۆری ئەم ژمارە گەورەیە توانای ژنهێنان و شوکردن و دروستکردنی خێزانیان نییە. ئەم ژمارە تۆقێنەرانە نیشانمان ئەدەن کێشەی ژمارەیەکی هەرێم فرەژنیی نییە، بەڵکو بێتواناییە لە شوکردن و ژنهێناندا.
خاڵێکی گرنگ کە بڕێکی زۆر لە ئەندامانی هێزە ئیسلامییەکان نایبینن و ناچێتە ناو هۆشیاریی کۆمەڵایەتییانەوە، ئەو ڕاستییەیە کە چاوەڕوانییەکانی بڕێکی گەورە لە کچان و ژنانی ناو دونیای ئەمڕۆ، گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتوە. بەشێکی گەورەی ژنانی وڵاتی ئێمە هەم خوێندەوارن و هەم چاوەڕوانی ئەوەن وەک بونەوەرێکی خاوەن ڕا و کەرامەت، وەک کەسێکی خاوەن کەسایەتیی و سەربەخۆ و یەکسان بە پیاو، مامەڵەبکرێن. نەک ئەوەی دو دو و سێ سێ و چوار چوار ببن بە ژنی ئەم پیاو یان ئەو پیاو بەتەنها. زۆرینەی ژنانی کۆمەڵگا موسڵمانەکان، فرەژنی، وەک غەدرلێکردن و ڕێزنەگەرتن لە ژن تەماشادەکەن، بەبێ ئەوەی باوەڕیان بە ئیسلام وەک دین لەق بوبێت. واتە ئەوان هەم خۆیان بە موسڵمان و هەم خۆشیان بەخاوەنی کەسایەتیی و ماف دەزانن و فرەژنیان قبوڵ نییە.
لە ڕاستیدا بڕێکی زۆر لە ئیسلامییەکان توانایەکی گەورەی نەبینین و ئینکارکردنی واقیعیان هەیە. ئەم ئینکارکردنەش تەنها سەر بەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو بەشێکە لە مێژوی زیاد لە گروپێکی دینیی ئەم ناوچەیە. بەناوبانگترین نمونەیەکی مێژویی کە ئەم جۆرە ئینکارکردن و داننەنان بە واقیعدا نیشانئەدات، بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم دەگەڕێتەوە. کاتێک ناپلیۆن بۆناپارت لە ساڵی 1798دا میسر داگیردەکات، پیاوانی دین و شێخەکانی ئەزهەر لە قاهیرە کۆدەکاتەوە و قسەیان بۆدەکات. ناپلیۆن پێیاندەڵێت عەرەب و موسڵمانەکان لەسەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدین دا لەبواری زانست و هونەردا باڵادەست و پێشکەوتوبون، بەڵام ئەمڕۆ لەناو جەهل و نەزانینێکی قوڵدا دەژین. هیچ شتێکیان لە زانستی نەوەکانی پێشخۆیانەوە بۆ نەماوەتەوە. شێخەکانی ئەزهەر لە وەڵامی ناپلیۆندا دەڵێن: نا ئێمە قورئانمان بۆ ماوەتەوە و هەمو زانستەکانیش لەناو قورئاندا ئامادەیە. ناپلیۆن لێیان دەپرسێت: باشە قورئان فێرتان دەکات چۆن تۆپ و چەکی مۆێرن دروستبکەن. ئەزهەرییەکان بە بەیەک دەنگ و بە حەماسەتەوە دەڵێن: بەڵێ. فەتحی بن سەلامە، دەرونشیکاریی بەناوبانگی عەرەب، لە شیکردنەوەی ئەم ڕوداوەدا دەڵێت ئەزهەرییەکان لەو دانیشتنەدا توانایەکی گەورەی ئینکارکردنی واقیع نیشانئەدەن. واقیعێک وایکردوە ناپلیۆن میسر داگیربکات و ئەزهەرییەکان لەو کۆبونەوەیەدا کۆبکاتەوە.
رەفزکرنی سەیرکردنی واقیع بەو شێوەیەی کە هەیە بیمارییەکی دەرونییە و لە دونیای ئێمەدا بەشێوەیەکی بەربڵاو، ئامادەیە. بەرگریکردن لە فرەژنی لە دونیای ئەمڕۆدا هەم بەشێکە لەم بیمارییە دەرونییە و هەم لە ونکردنی هەمو هەستێک بەو واقیعەی لە ئێستادا، دروستبوە.[1]