ساڵێک بێ شەرمەزار بوون
#ڕزگار لوتفی#
لە مێژە دەمەوێ ئەمساڵم وەک پار نەچێ و واهەست بکەم ئەوەی پێی گووتم ساڵی نوێت پیرۆز ئەم دەستەواژەی خەسار نەکردووە و لە گەڵ دۆخی من یەک بێتەوە؛ بەڵام نازانم بۆ تا هەنووکە نەمتوانیوە دۆزێکی وەها بخوڵقێنم پڕاوپڕی پەرداخی ئەم دەستەواژە بێ و چیدی لەوە زیاتر شەرمەزاری بێژەرەکانی نەبم.
ئەغڵەبی ساڵ، ڕۆژی بیستی ڕەشەمە ئەو ڕۆژەیە وا هەست دەکەم ئەو ساڵەش خەریکە دووایین چرکەکانی تەمەنی کورتی خۆی خەرج دەکا و تا چەند ڕۆژی داهاتووی، سیک و چرووک دەکەوێت. هەر لەو کاتانەدایە کە تینی کەم هێزی هەتاو مژدەی دڕانی بەرگی هەژارت پێ ئەدا و، لە بەڕۆچکێک دەگەڕێی لەشت هەڵبخەی و لە بەر تیڕێژی زێڕینی خۆردا خاو بیتەوە و، بتڵیسێیتەوە؛ ڕێک وەک قوڵەمارێکی سڕ کاتێک لە سەر تاشە بەردێکی تەخت خۆی هەڵدەخا و ئارام ئارام دەژیێتەوە. هەر لەو کاتەشدایە کە زەینە وشیار یان گێلەکەت یەک ئان ئەو کورسییە چیمەنتۆیەی پارکی قەڵای شارەکەتت دێنێتەوە یاد کە ساڵانی ڕابوردوویش چەند کاتژمێرێکت ڕەگەڵیا بردۆتە سەر و لەوێوە، لەو بەرزاییە دڵڕفێنەوە، شکۆمەندی گمۆ، بەرزترین چیای ئەو دەڤەرەت بۆ نوێندراوەتەوە و لێت هەڵڕوانیوە؛ گەرچی دەکرا ئەو نشینگەیە ڕووپەڕی گابەردێک بێ لە ناو دڵی پێنج گوێزەکەی چیای بابۆس، یان تەختایی نەرمانکێک بێ لە سەر سینەی چیای دووزینی پاڵکەوتوو.
لای کەسێک گەر بە درێژایی تەمەنی، شوێنێک ناوەند بووبێ و ئەوێی دی پەڕاوێز، ئەستەمە بتوانێت لە ئانێکدا جێ گۆڕکێیان پێ بکات و جۆرێکی تر بڕوانێت. قەڵا، پارکە گچکەکەی ئێستای قەڵا، لە زەینمدا، نەقشی هەمان ناوەند دەگێڕێ و شاریش، بە هەموو نەگریسیەکانیەوە ڕۆڵی پەڕاوێز. بۆیە تا دەگەینە بیستی ڕەشەمە، ئەوەی لە هەموو شتێکی دیکە زەینم هەڵاوگیر دەکا جووڵان بەرە و هەمان شوێنەو، تا نەچمەوە ئەوێ و لەسەر ئەو کورسییە چیمەنتۆ ڕەنگپەڕیوە دانەنیشمەوەو لەو بەرزاییەوە سووڕێک لە هەموو شار نەڕوانم ئارام نابمەوە و ئۆقرە ناگرم. کاتێکیش هێشتا جێ سمتم گەرم نەبووە و لە سەروبەندی ڕامووسینی شەختەی چیمەنتۆکەدایە، بیرۆکەکان لە بەر چاومدا ڕێژە دەڕۆن و تەمایانە سەرنجم لێ بقۆزنەوە.
یەکەم بیرۆکە کە کراس سووری بەر تیپە و لە پێش هەمووان دەگاتێ، بیرۆکەی کاتە؛ ئەو کاتەی ساتێک لێی دەڕوانم و دەیبینم کە چەند هەنگاو پێش یەکەی بیرۆکەکان کەوتووە و زوڕنایەکی درێژی بە دمەوەیە و تێی دەتووڕێنێ و، جگە لە دیمانەکەی، دەنگی ناگات یان هەر دەنگی لێوە نایات. ئەو کاتەی، تا ئێستا نەمتوانیوە بە ڕوونی پێناسەی بکەم کە ئاخۆ: بوونەوەرە، دیاردەیە، پێکهاتەیە یاخود هەر شتێکی دیکەی لەو بابەتە! تەنها هێندە دەزانم کە بە درێژایی تەمەنم هەمیشە پێشقەراوڵی یەکەی بیرۆکەکان بووەو، هەموو ساڵێک لەم کاتەدا بە جلێکی فەرمی ڕەنگ سووری تۆخترەوە خۆی نواندۆتەوەو، تا تەمەنیشم هەڵدەکشێت لە جیهانی زەینمدا فەزایەکی فرەترو بەربڵاوتر داگیر دەکات.
ئەوەی بیرۆکەی دووهەم چوون تاکێک لە ڕیزی پێشەوەی ڕێژەی بیرۆکەکاندا دەگونجێنێت پێداویست بوونی نییە بۆ سەری ساڵ و بە کار هێنانی لەو دەمەدا، بەڵکوو نیازێکی دەروونیە کە بە پێی مێژوو لە قوڵترین و نامۆترین هەرێمەکانی ناخمدا ڕەگاژۆبووە و پێگەی خۆی قایم کردووە. ساڵ بە ساڵ و ڕەگەڵ هەڵدانیشی، دەبێ باشتر لە پار و پێرار و، ساڵەکانی تریش پاراو بکرێ و، بەو جۆرە تینووێتیەکەی بشکێت؛ ئەویش دیاردەیەک نییە جگە لە دەستەبەرکردنی سووتمانی ئاگرێکی مەزنی ئابڕوومەند بۆ ئێوارەوەختی نەورۆز و، چرکەساتی دەستپێکی ساڵێکی نوێ.
هێشتا بیرۆکەی سێیەم لە جەغزی هەڵبژاردنی قاتێک قووماشی نوێی پیاوانەدا دەخولێتەوە کە لە ناکاو دەکەوێتە بەر تیری تیژی ئاماژەی سەرنجم و بە پەڕاوێزی بازنەکەدا دادەکوترێت.
ناگەم بیرۆکەکانی تر هەڵپەردێوم بایەکی بە تەوژم ڕشتەکانیان دەپسێنێ و وەک هەوداکانی تاقمێ کۆلارەی یەکدەست، لە مستیان دەئاڵێنێ و، بەرە و بەرزاییەکان ڕایاندەپێچێت. خاڵ و بەڵەکیان بەو بەرزاییەوە لە پۆلێک پنتکی ڕەش دەکەن تفەنگچییەک بە خەشابێکی حەفتاوپێنجی دایبێژتبێت و ئاسەواری گوللەکانی، بەو قووماشە بێ خەوشە شینەی ئاسمانەوە جێ مابن.
هەر بیرۆکەیەک و پنتکێکی ڕەش بە بەرۆکی ئاسمانی ساماڵەوە!
هێشتا لە هەژماردنی خاڵەکان نەبوومەتەوە نووکی زمانی بڵێسەکانی ئاگرێکی مەزن سەر لەو پنتکانە دەسوێت. تینی ئاگرەکە پشتم دەبرژێنێت. ڕەگەڵ ئاوڕدانەوەکەمدا مانای ئەو 'جل الخالق'ەی بە تەوژم لە زارمەوە هەڵڕژا تا دواسنوورەکان دەمواقێنێت!
ئاگرێکی نەورۆزانەی وا و، لێ ئانی مێژووێکی کۆن تەشقی سەرمای دەم شێوی بیستەمین ڕۆژی ڕەشەمەی شکاندووە و بوولێڵی درەنگوەختی ئێوارەیەکی، بە جەنگ خواستووە. ڕمبەی دەهۆڵ لەرەی ناوەتە هەیکەڵی چیاکانی دەورووبەر، خوشکە زوڕناش زێدەتر. چۆپیکێشی دوانزەسوارە، چەند گەز، گەڕی هاوەڵەکانی جێ هێشتووە و، هەر تەقە و قرچەی دەسماڵیەتی. پووزلەخ، ڕانک و چۆغە، پشتوێنی حەوت قەف، فەرەنجی، جامەدانە و گەلێک بەرگیتر کڵاشەیانە. فیشکەی چوپوغەکەی خانیش لەو بەرەوە بە ناو گڕ و هەڵڵادا مەودابڕە. گورگئاسان بریسکەی چاوی چەکدارەکانی خان. ناتوێنەوە پرووشەکان و ناگەنە سەر زمانی بڵێسەکان؛ دەبنە هەڵم. تەمتۆمانی گڕ و گەڕ و پرووشە و دەنگە. گێژەنێکی فرە ڕەنگ و فرە ڕەهەندی وا، ڕەنگە بە بیری سڵێمانبەگی باپیریدا بێت. ئەوەی ڕاماندوویەتی و گەلێک لای سەیر هاتووە دەرکەوتنی لە ناکاوی ئەو شایلۆغان و گەڕە مەزنە نییە، بەڵکوو قەبارەی هەڵچوونی ئەو هەموو هەست و سۆزەیەتی کە پەرێزی ساڵەکان هیچ، سنووری چاخەکانیشی بڕیوە و، خۆی بە غەریبیش نازانێت. دەڵێی ڕەگەڵ یەکە بە یەکەی ئەو حەشیمەتەی ئێستا لەوێدا خڕن و بەزم دەگێڕن هەر لە خان، کەیخودا، تفەنگچی، کۆڕی هەڵپەڕکێوە بگرە هەتا ڕەشایی، گزیر، گاوان و نزمترین پلەکانی ئەو ئاوەدانیە، بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی ڕۆحی هەبووە و، لە گەڵیاندا ژیاوە. بێ خەبەر لەوەی هەنووکە لە سەدەی بیست ویەکەمدا ڕێ دەکا و، وا دە ڕۆژی دیکە سەری ساڵە و، دەبێ دیسانەوە بیر لە وەڵامێکی پڕ بە پێست بۆ ئەو دەستەواژە بکاتەوە کە ساڵێکی نوێی دیکەی لێ پیرۆز دەکات! کەچی ئەم هەر هاتۆتەوە سەر ئەو کورسییە چیمەنتۆ ڕەنگ پەڕیوەی پارکی قەڵای شار و، تازە، بیر لە دابین کردنی تەقەمەنیش دەکاتەوە بۆ ئێوارەدەمی نەورۆز.[1]