وتووێژێکی دە دەقیقەیی
نووسین: شەهلا شەفیق
وەرگێرِان: #سەرگوڵ بێتوشی#
سەعات یازدەی بەیانی لە دەرگایان دا. بە خێرایی و بەردەوام. ژنەکە چاوێکی لە سەروسیمای خۆی کرد. بیری کردەوە کە دەبێ پۆستەچی بێت. بە گشتی هەر پۆستەچییەکە بەمشێوەیە لە دەرگای دەدا. دڵنیا و بەردەوام لە دەرگاکەی دەدا واتە پاکەتێکی پێیە بۆ ئەو، یا خود نامەیەکی ڕاسپاردەی پێیە. لە کونی دەرگاکەوە سەیرێکی کرد. ڕوخسارێکی پانکیلەی کچانە و سوورکارە و گەش بەرچاو دەکەوت. بە چەشنێک ڕاوەستابوو کە جەستەی بە تەواوەتی دیار نەبوو. گومانی ژنەکە وەرِاست گەرِا. بە دڵنیاییەوە پاکەتێکی هێنابوو، یان دیاریی ڕێگای دوورە یا خود کاسێتێکی نێردراوی مۆسیقای کچەکەی. لەوانەشە دیسان نامەیەکی ڕاسپاردەی لە لایەن فەرمانگەی باج بێت. هەناسەیەکی هەڵکێشا و دەرگاکەی کردەوە. چاوە شینەکانی کچەکە دەدرەوشانەوە. باڵابەرزێکی ناوشان پان. قژەکانی لە شێوەی تاجێک کۆ کردبۆوە.
لێوە بچکۆلە و سوورەکانی لێک کردنەوە:
زۆر سوپاس کە وەکو دراوسێکانتان.
دەستەکانی ئاواڵا کرد و ئاماژەی بە دەرگاکەی تەنیشتیان و پشتەوەی خۆیان کرد:
پێشوازیتان لێکردم. چەند دەقیقە لە کاتتان دەگرم. بۆ وتووێژ سەبارەت بە نیشتمان پەروەری و پێویستیی پاراستنی سامانی گەل.
دەنگی کچەکە لە داڵانەکەدا دەنگی دایەوە. وشەکان، یەک لە دوای یەک لە دەمە چکۆلە و لێوە سوورەکانی دەهاتنە دەرێ. ژنەکە لە کردنەوەی دەرگاکە پەشیمان بۆوە، بەڵام وشەی نیشتمان پەروەری و ڕێزگرتن لە سامانی گەل وایان لێکرد کە زیاتر لە شتەکان ورد بێتەوە. هیچ پەیوەندییەکی لە نێوان ئه و وشانە و ئه و شمەکانەی کە فرۆشیارەکان دەیانخەنە ڕوو نەدەدۆزیەوە. یەکسەر خەیاڵێک بە مێشکی داهات. هەر ماوەیەک لەمەوبەر داوای هاووڵاتی بوونی فەرِانسەیی کردبوو. وابیری کردەوە کە لەوانەیە پرسیارەکانی ئه و کچە پەیوەندیی به و مەسەلەیەوە هەبێت. بە خێرایی دەستێکی بە قژی داهێنا. کچە گەنجەکە بە بێتاقەتی دەهات و دەچوو:
ئیزن دەدەی؟ وتووێژێکی چەند دەقیقەییت لە گەڵدا بکەم.
ژنەکە بە نەخوازراوی چوە ئەولاوە و کچە گەنجەکە ڕۆیشتە ژوورەوە.
وەکو کەسێک کە زۆر شارەزای ناوماڵەکە بێت یەکسەر بەره و چێشتخانەکە ڕۆیشت و لەوێ ڕاوەستا. ژنەکە چاوێکی بە دەوروبەری خۆیدا گێرِا. کچەکەی کتێبەکانی قوتابخانەی هەروا بە کراوەیی لە سەر مێزی نانخواردنەکە بە جێ هێشتبوو. فەرِشێک کە لە نێو داڵانەکەدا ڕاخرابوو بە تەواوی خوار ببۆوە. ویستی دابێتەوە و ڕێکوپێکی بکات. بەڵام کچە گەنجەکە لە چێشتخانەکەوە نەیهێشت:
دەتوانین دەست پێبکەین؟
ئاماژەی بە کورسییەکە کرد. ژنەکە بە شێواوی سەری لەقاند. کچە گەنجەکە لە جانتاکەی خۆی دەسەسرِێکی دەرهێنا. وردکە نانەکانی سەر کورسییەکەی خاوێن کردەوە و ڕژاندیە نێو چێشتخانەکەوە و بزەیەکی بە ئاماژەی سەرکەوتن هاتێ. دواتر ئه و پەرداخە چاییەی کە نیوەی خورابۆوە بردیە گۆشەیەکی مێزەکە و شوێنێکی بۆ دەفتەرەکەی دۆزیەوە. لە پێش ئەوەیکە ئانیشکی بخاتە سەر مێزەکە بە دەسەسرِێک ئه و شوێنەشی خاوێن کردەوە. ژنەکە پاڵی بە شوفاژەکەوە دابوو و چاوی برِیبوە جوڵاندنی قامکە ئەستوور و سپییەکانی کچەکە و تاجە بۆرەکەی سەر سەری. لە بەر خۆیەوە بیری کردەوە کە واباشە فەرمووی چایی خواردنەوەی بکات. بەرەولای کترییەکە چوو کە دەنگە تیژەکەی کچەکە بەرز بۆوە:
ئەگەر دابنیشی وتووێژەکەمان دەست پێدەکەین.
ژنەکە چوە لای کورسییەکە و دانیشت. پەرداخە چاییە نیوەییەکەی وەلا نا. بە بێ هیوایی چاوی لە پەنجەرە پیسەکانی چێشتخانەکە کرد. باران زۆر بە تووندی دەباری و پەڵە چەوریەکانی سەر شووشەی پەنجەرەکانی شاردبۆوە. بە خۆی وت چ باشتر کە کچەکە پشتی لە پەنجەرەکەیە. کچەکە دەستە گەورە و پانەکانی بە سەر ئه و کاغەزەدا هێنا کە لە پێشی بوو، بۆ ئەوەی لوول دراوییەکەی ڕاست بکاتەوە. لە سەر کاغەزەکە چەند پرسیارێک هەبوو، کەمێک لەولاتریش چوارگۆشەی وەڵامەکان.
لیموژ دەناسی؟.
لیموژ؟ هەڵبەتە یەکێک لە شارەکانی گرنگی فەرِانسەیە.
کچەکە بە ئاماژەی ڕازی بوون بزەیەکی هاتێ. ددانەکانی وەکو سەدەف ورد و ڕێک بوون.
کاتێک کە باس لە بارەی کەلوپەلی چینی دەکرێ چی بە بیرتان دا دێت؟
چاوە شینەکانی لە سەر ژنەکە ڕاگرتبوو. چاوەکانی خرِ و برژانگەکانی بۆر و تەنک بوون. کاتێک کە برۆ قاوەییەکانی هەڵدەتەکاندن بە تەواوی شێوەی ڕوخساری دەگۆرِا.
ئێستا ئیتر برۆکانی لەسەر یەک بوون و ڕوخساری کچەکە چاوەرِوان و بێ ئارام دەهاتە بەر چاو.
ژنەکە وتی: چینی؟
چ شتێکتان دەهێنێتەوە یاد؟ چ ناوێک؟ له و کاتەدا بە نووکی پێنوسەکەی لە مێزەکەی دەدا.
ژنەکە بە خێرایی بیرەوەریەکانی هێنایەوە بەر چاوی خۆی: لیموژ؟
برۆکانی هاتنەوە سەر شوێنی خۆیان، کچەکە بزەیەکی بە نیشانەی ڕازی بوون هاتێ:
هەڵبەتە! لیموژ، شاری کەلوپەلە چینییە جوان و ڕازاوەکانە.
بەبێ ڕاوەستان درێژەی بە قسەکانی دا و: بۆچی چینییەکانی لیموژت خۆش دەوێ و لێیان ڕازیت؟ هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا. ژنەکە دەیتوانی لە سەر پێستە سپییەکەی کچەکە ڕێگای هەناسە کێشانی ئه و تاوەکو ڕومەتە سوور و پتەوەکانی ببینێ.
کچەکە دووپاتی کردەوە:
بۆچی چینییەکانی لیموژت ئەوەندە پێ باشە؟
وە لە چاوەرِوانی وەڵامدا چاوێکی بە دەوروبەریدا گێرِا. ژنەکە بیری لە دەفرە چینیەکان دەکردەوە. بیری له و دەورییانە دەکردەوە کە بە گوڵی سوور ڕازابوونەوە و هەمیشە لە نێو کومیدەکەی دایە گەورە هەڵچنرابوون. بیری لە ژێر پیاڵە چینییەکانی دروستکراوی ڕوسیە و ئه و کەلوپەلە چینییانە دەکردەوە کە دەست فرۆشەکان هەموو ڕۆژانی جومعە دەیانهێنایە گەرِەکەکەی ئەوان. کچەکە لە سەر کورسییەکە کەمێک شوێنەکەی خۆی گۆرِی و لاقی لە سەر لاقەکەی تری دانا. شەڵوارە چەرمییەکەی کە ڕانە پرِ و پتەوەکانی داپۆشیبوو خشەی دەهات. ژنەکە سەیری کرد بزانێ کچەکە چاو لە کوێ دەکات. دەرگاکانی کابینێتەکەی چێشتخانەکە هەموویان بەسترابون. لە بەر خۆیەوە بیری کردەوە کە تەنانەت یەک دەستە چینیشی نییە. چوارپێنج دانە دەوری چینیی هەبوو لە شێوەی جیاوازدا.
ناوچاوانی تێک نابوو. کچەکە لێوە چکۆڵە و سوورەکانی بە بێتاقەتی لێک دەسوون.
ژنەکە بە ئارامی و لە سەرەخۆیی وتی: باشە، لە بەر ئەوەی زۆر جوان و ڕازاوەن، جوان و ڕازاوە.
کە دیتی کچەکە ناوچاوانی کرایەوە هەستی بە ئارامی کرد.
کچەکە لە بەرامبەر پرسیارەکانی سەر کاغەزەکەی بەردەمی نووسی: جوان و ڕازاوە و هێڵێکی بە ژێر ئه و دوو وشەدا هێنا.
ژنەکە پاڵی بە کورسییەکەوە دا. له و کاتەدا بیر و هۆشی هاتەوە لای خۆی و تەنیا بیری لە یەک شت دەکردەوە: کچەکە، فرۆشیاری کەلوپەلی چینی بوو. سەیرێکی موەکانی سەری کرد کە لە شێوەی تاج دروستی کردبوون و سەرە خرِ و گەورەکەیان داپۆشیبوو و پێی وابوو ئه و لە دڵی خۆیدا زۆر توورِیە.
کچەکە سەری هەڵبرِی و وتی: زور باشە!
دەنگێکی تیژ و دیاری هەبوو:
من دەمهەوێ پێت ڕابگەیەنم کە ئه و کەلوپەلە چینییە جوان و ڕازاوانە خەریکە لە ناو دەچن و نامێنن. سەرمایەدارێکی چینی خەریکە شتە نوێیەکانی کۆمپانیای لیموژ دەکرِێ. بە ڕای ئێوە فەرِانسە نابێ بەرگری لە سامانە نەتەوەییەکانی خۆی بکات؟
ژنەکە وتی: هەڵبەتە کە دەبێ. بەڵام.
ویستی بڵێ کە کاتی نییە وتووێژەکە درێژە پێبدات بەڵام کچەکە چووە نێو قسەکانی:
ئێستا دەگەینە ئه و پرسیارانەی کە پەیوەندییان بە خۆتەوە هەیە. وە بە بێ ڕاوەستان یەکەم پرسیاری ئاراستە کرد: ناوت چییە؟
ژنەکە بە بێ هیوایی ڕازیی بوو. لە بەر خۆیەوە وتی کە ڕووداوەکە خەریکە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە؛ ناو و ناوبانگ و ناردنی نامە. کچەکە دەنگێکی بەرز و ڕەسای هەبوو. زۆر خێرا و بە پرِتاو:
ناوت؟ پیشەت؟ ناوی هاوسەرەکەت؟ پیشەی هاوسەرەکەت؟ نەتەوەت؟
ژنەکە بە وشەی کورت وەڵامی دەدایەوە. وەڵامەکانی لە گوێی خۆیشیدا شتێکی نامۆ بوون. هەموو شتێک بە لایەوە سەیر و سەمەرە بوو.
ئەوەی کە ئێرانییە، ئەوەی کە هاوسەر و دوو منداڵی هەیە، پیشەی هاوسەرەکەی و ئەوەی کە بۆ خۆی ماڵدار بوو. کچەکە بە لۆمەوە چاوێکی بە دەوروبەری خۆیدا گێرِابوو. بەڵام ئێستا بە خۆشحاڵییەوە چەپڵەی لێدەدا:
بەختەوەر دەبم ئەگەر بەشێک لە هونەرە نەتەوەییەکانی فەرِانسەتان پیشان بدەم.
بە خێرایی داهاتەوە و لە جانتا دەستییەکەی خۆی سێ پایەیەکی ڕەشی بچوکی دەرهێنا و لە سەر مێزکە داینا.
یەک دانە دەوری چینی سپی هێنایە دەرێ و بە دەسەسرِێکی ڕەنگ قاوەیی پاکی کردەوە و لە سەر سێ پایەکە داینا. دەوران دەوری دەورییە سپییە چینییەکە بە شێوەی کەوانەی زێرِین ڕازابۆوە. گۆشەی کەوانەکان هەتا نێو دەورییەکە هاتبوو، بە خەتێکی زێرِین لە سەری نووسرابوو: ژان و ماری. لە خواری دەورییەکە ڕێکەوتێک وەبەرچاو دەکەوت.
کچەکە بە گورجی دەورییەکی دیکەی لە جانتاکەی دەرهێنا و بە دەسەسرِێک پاکی کردەوە. لە سەر دەورییەکە گوڵی ڕەنگ کارەبایی زەرد بەرچاو دەکەوتن و لە سەرووی ئەوانەوە نووسرابوو:
ویرژینی و ژاک. دەیەمین ساڵوەگەرِی هاوسەرگیری 1994.
کچەکە هەناسەیەکی هەڵکێشا:
زۆر ڕۆمانسییانەیە.
دەورییەکی دیکەی لە جانتاکەی دەرهێنا. بە گوڵی وردی سوور نەخشێنرابوو. ژنەکە بێ ئەوەی کە بیهەوێت، قسەیەک بە سەر دەمی دا هات و وتی: ئەوەیان زۆر جوانە.
کچەکە بە خێرایی دەورییەکانی دیکەی خستەوە نێو جانتاکەی و ئه و دەورییەی کە بە گوڵی سوور ڕازابۆوە خستیە سەر سێ پایەکە و لە پێش چاوی ژنەکە داینا:
ئایا تۆ ئەوەیانت پێ باشترە؟
ژنەکە وتی: زۆر جوانە.
کچەکە پاڵی وە کورسییەکە دا و کەمێک دەنگی بەرزتر کردەوە:
بەڵی هەڵبەتە! زۆر جوانە! ئێمە دەمانهەوێت لە پاراستنی ئه و جوانییە و هونەر و سامانی نەتەوەیی فەرِانسەدا یارمەتیدەری ئێمە بن.
ئەو دەورییە بە دەستی کەسانی هونەرمەند دروست کراوە و شەش سەد فرِانک نرخەکەیەتی. بەڵام بۆ ئەوەی کە ئێوە بتوانن بەشداریی لە پاراستنی سامانی نەتەوەیی دا بکەن، ئێمە تەنیا....
لەو کاتەدا لاقی لە سەر لاق لابرد و بە ڕێکی دانیشت.
تەنیا سێ سەد فرِانک و یان باشتر بڵێم دووسەد و نەوەد و نۆ فرِانک.
وەرەقەیەکی بۆ لای ژنەکە برد و هێمایەکی جارانی زەرِبی لە خوارووی کاغەزەکە بە سەر چوار گۆشەیەکدا هێنا:
ئێرە ئیمزا بکە!
ژنەکە بە نارِەحەتییەوە لە سەر کورسییەکە خۆی تەکان دا و:
گوێت لێ بێت، نزیکە و نوئێلە و من بودجەم.
کچەکە بە پەلە قسەکەی پێ برِی:
بەڵام نوئێل خۆ جەژنی نەتەوەیی ئێوە نییە. ئێوە ناچار نین ئه و جەژنە بگرن. وانییە؟
لە دەنگی ڕا دەزانرا کە لۆمەی دەکا.
ژنەکە هەوڵیدا کە بۆی شی بکاتەوە کە هەر چۆنێک بێت مناڵەکان بۆ نوئێل دیارییان دەوێت. بەڵام کچەکە کە هەروا ناوچاوانی تێک نابوو زۆر ڕاشکاوانە ڕایگەیاند:
هەر به و جۆرەی کە جەختت کردەوە، ئەرکی هەموومان ئەوەیە کە بەرگری لە هونەر و سامانە نەتەوەییەکان بکەین.
هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا:
نابێ لە دەست بچێ.
سەری هێنایە پێشەوە و:
ئێمە لە هەنگاو هەڵێنانی خۆشەویستانەی ئێوە بەرامبەر بە لیموژ سوپاستان دەکەین.
چاوە خرِەکانی برِیبوە ژنەکە:
ئێوە بۆ قیستی یەکەم تەنیا سەد فرِانک دەدەن، پاشماوەی قیستەکە لە کاتی وەرگرتنی دەورییەک دەدەن.
وە بە هێمنی بزەیەکی هاتێ:
پێت خۆشە ناوی کێی لە سەر بنوسین؟ تۆ و هاوسەرەکەت، یان کچەکەتان، یا خود کورِە بچکۆلەکەتان؟
ژنەکە وتی: کچەکەم. ناوی کچەکەی شی کردەوە.
فرۆشیارەکە هەناسەیەکی هەڵکێشا:
ناوێکی قورسە.
لە دواییدا پسوولەی بانکی لێ وەرگرت و بە وردی ژمارەکەی نووسی.
کاغەزەکانی لێک جیا کردنەوە و پەرِەیەکی ڕەنگ پەمەیی لە سەر مێزەکە دانا:
ئەوەش پسوولەی ئێوە. لە بیرتان نەچێ لە کاتی وەرگرتنی دەورییەکەدا ئه و پسوولەیان نیشان بدەن.
ئێستا کچەکە قیت و قنج لە ناوەرِاستی چێشتخانەکە ڕاوەستابوو.
ئێستا ئیدی ئاسودە بوو و ناوچاوانی کرایەوە و بگرە یەک لۆچیش لە دەموچاویدا نەدەبینرا.
بە شەڵوارە چەرم و بارانییە ڕەشەکەی شێوەی پەیکەرێکی دەدا کە لە ناکاو لە وێ دانرابێت.
ژنەکە چوو بۆ لای کترییەکە:
پێت خۆشە کۆپێک چایی بخۆیتەوە؟
سوپاس حەزم لە چایی نییە.
ژنەکە ویستی فەرمووی قاوەی بکات، بەڵام کچەکە ئێستا لە لای دەرگاکە بوو. لە ناکاو دەرگاکەی کردەوە و ماڵئاوایی کرد و ڕۆیشت.[1]