ئێشکگر
#ئازاد نەجم#
بەفر، ورد ورد دەباری. کلوە بەفرەکان بەسەمایەکی تایبەتەوە – کە هەر خۆیان دەیزانن - هێدی هێدی دەهاتنە خوارێ. زەویی و شەقام و دار و درەختەکانیان بەڕەنگی سپیی داپۆشیبو. جارجار، بایەکی توندی سارد، بە قینەوە هەڵیدەکرد و ڕیتمی سەمای کلوە بەفرەکانی دەشێواند و ڕایدەماڵین و، دورتر لەو شوێنەی کە بڕیاربو کۆتایی بە سەما ئەفسوناوییەکەیان بێت، دەیخستنە خوارێ.
(م)، لەنێو خاڵی چاودێرییەکەدا ڕاوەستاوە. تفەنگەکەی بەشانەوە و هەردو دەستی خستۆتە گیرفانیییەوە. لەپەنجەرە چکۆلەکەوە، هەرجارەو سەیری لایەک دەکات. لەسەرمان خۆی کوشم هەلێناوە و بە بێ ئۆقرەییەوە چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی ماوەی پاسەوانییەکەیەتی. بڕیاربو دوای نۆرە ئێشکی خۆی، هاوڕێکانی – کەهەمویان لەخەودا بون – مۆڵەتی بدەنێ بڕواتەوە ماڵ. مەگەر تەنیا لەئامێزی گەرمی ژنەکەیدا بتوانێ ئەم سەرما نەفرەتییە فەرامۆش بکات و گەرم بێتەوە. (م) وا هەستیدەکرد کە کات و ساتەکان هەمیشە دژی مرۆڤن. ئەو ساتانەی خۆش و چێژبەخشن و مرۆڤ حەز دەکا زیاتر چێژیان لێوەرگرێ، هەر لەخۆڕا تێدەپەڕن و ساتە دژوار و ناخۆشەکانیش وەک لاستیک دەکشێن و کۆتاییان نایە.
جگەرەیەکی داگیرساند و سەیرێکی کاتژمێرەکەی دەستی کرد. بیست خولەکی تر دەگەڕێتەوە ماڵ. ماڵێکی گەرموگووڕ، ئارام، بێدەنگ، ناچار نابێت تا بەیانی تفەنگەکەی بخاتە ژێر سەرینەکەی. یان لەشیرن خەودا بۆ دەسگیر کردنی تاوانبارێک ڕایپەڕێَنن. یان چەند دەمژمێرێک بە چاوی خەواڵوەوە ئێشک بگرێ.
ببیرکەوتنەوەی ماڵ بۆخۆی دڵگەرمی و ئومێدێک بو. لەم کاتەدا لەناکاو گوێی لە دەنگی پێ بو. هەستی ڕاگرت، دواتر لە نێو خاڵی چاودێریەکە هاتەدەرێ و سەیرێکی ئەملا و ئەولای کرد، بەڵام هیچی بەرچاو نەکەوت. لەدڵی خۆیدا گوتی لەوانەیە پشیلەیەک، یان سەگێکی بەرەڵڵا بوبێ. بەسێ چوار هەنگاوی خێرا، گەڕایەوە نێو خاڵی چاودێریەکە و دەستەکانی لێک خشاندن و بە فو گەرمی کردنەوە. سەیرێکی کاتژمێرەکەی دەستی کرد، ماوەی ئێشک گرتنەکەی تەواو ببو. خێرا بەرەو ئەو ژوورەی کە هاوڕێیەکانی لێی نوستبون ملی نا، (ن) ی هاوڕێی - کەبڕیاربو دوای ئەم ئێشک بگرێ - لەخەو هەستاند و بۆ خۆشی چوەوە نێو خاڵی چاودێرییەکە و چاوەڕوان مایەوە تا (ن) خۆی ئامادە دەکرد.
دوای ماوەیەکی کورت، هاوڕێکەی هات و ئەمیش خواحافیزی لێکرد و بەرەو ماڵ – کە هەر چارەکە ڕێیەک لە بنکەکەیانەوە دور بو - کەوتەڕێ. بەفریش هەروا دەباری. جلو بەرگەکانی ئەمیش وردە وردە ڕۆحی بەفرەکەیان هەڵدەمژی و تەزویەکی ساردیان بەجەستەیدا دەهێنا. کەوتەوە یادی ئەو بەڵێنەی کە بە کوڕە تەمەن شەش ساڵانەکەی دابو. بەڵێنی دابویە کاتێ موچەی وەرگرت، پاسکیلێکی جوانی بۆ بکڕێ. بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوەی دڵی لەخۆی دانەمێنێ دەبوایا شتێکیش بۆ کچەکەیان – کەهەمیشە ڕەنگ زەرد و نەخۆش بو – بکڕێ. دڵی بە ژنەکەی سوتا کە هەمیشە شەکەت و ماندو بو بەدەست پەروەردەکردنی منداڵەکانەوە.
بەدەم ئەم بیرکردنەوانەوە، کاتێ بەخۆی زانی گەیشتەوە بەر دەرگای ماڵ. دەستە سڕبوەکانی لە گیرفانی ڕاکرد و ڕستە کلیلەکەی هێنانە دەرێ و یەکێک لە کلیلەکانی جیا کردەوە و خستیە نێو قفڵەکە و چەندجارێک بایدا و لەترسی ئەوەی نەوەک ژن و منداڵەکانی لە خەو بکا، بەهێواشی دەرگاکەی کردەوە و خۆی بەحەوشەدا کرد و پێڵاوەکانی لەترسی تەڕبون لەپەنایەکدا دانا. بە هێواشی چەشنی دزێک هەنگاوی دەنا. بەسپایی دەرگای ژورەکەی کردەوە. بەڵام جگە لە منداڵەکانی – کە بەتەنیشت یەکترەوە نوستبون – کەسیتر لەژورەکەدا نەبو. تەزویەکی سارد بەجەستەیدا هات. دڵی کەوتە تەپە تەپ. لەدڵی خۆیدا گوتی حەتمەن شتێکی ناخۆش ڕویداوە. بەخێرایی بەرەو ژورەکەی تر هەنگاوی هەڵێنا. بەخێرایی دەستی بۆ دەسکی دەرگاکە درێژ کرد. دەرگاکە کلیل نەدرابو، لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکەدا پیاوێکی بینی لەباوەشی ژنەکەیدا خەوتبوو.[1]