ناو: محەمەد
نازناو: موفتی زەهاوی
ناوی باوک: ئەحمەد حەسەن بەگ
ساڵی لەدایکبوون: 1793
ساڵی کۆچی دوایی: 1890
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: #بەغداد#
$ژیاننامە$
محەمەدی کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی حەسەن بەگ کوڕی ڕۆستەم بەگی کوڕی کەیخوسره و بەگی کوڕی ئەمیر بابا سلێمانە. ئەمین زەکی بەگ لە کتێبی (مشاهیر الکرد) دەڵێ ؛ ئەمیر بابا سلێمان کوڕی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەیە، واتە لە خانەوادەی بابانە. لە ساڵی (1208 ک/ 1793ز) لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە ساڵی (1308 ک/ 1890ز) لە شاری بەغداد کۆچی دوایی کردوە و لە مەدرەسەکەی خۆی کە پێی دەڵێن (مەدرەسەی سلێمانی) نێژراوە. پیاوێکی باڵابەرزی سوور و سپی چوارشانەی تووکنی داڕێژراوی بەخۆوە بووە، سەرێکی گەورە و دوو چاوی ڕەشی پانی تیژی بریسکەداری بەسامی بووە، پڕ بەچاو تەماشای هەر کەسێکی کردبێت شڵەژاوه و چاوی داخشتوە، دەنگی دلێرو نێرو بەرز بووە. دایکی خەڵکی زەهاو بووە. بەهۆی زویربوونی مەلا ئەحمەدی باوکی لە حاکمی بابان، چەند ساڵێک سلێمانیان بەجێهێشتوە و بە خاوو خێزانەوە چوون بۆ زەهاو بۆ لای ماڵی خاڵوانی، بەم بۆنەیەوە لەپاش هاتنەوەی لە زەهاو پێی وتراوە (زەهاوی). لە تەمەنی شەش حەوت ساڵیەوە لای باوکی دەستیکردوە بە خوێندن. پاشان دەچێتە لای زانای بەناوبانگ (شێخ مەعروفی نۆدێیی) و چەند ساڵێک لەلای دەخوێنێت، زانستەکانی نەحوو سەرف و مەعان و بەدیع و بەیان و عەرزوی لەلا تەواودەکات. پاشان چووە بۆ هەڵەبجە و لە مزگەوتی گەورە لەلای زانای بەناوبانگ (شێخ عەبدوڵای خەرپانی) لۆجیک و فیقه و ئوسوڵی فیقهی خوێندووە. پاشان دەچێتە (سنە) و لەلای شێخ سەعیدی تەختیی و شێخ محەمەد قەسیمی مەردۆخی زانستەکانی حیکمەت و کەلام بۆ چەند ساڵێک دەخوێنێت. دواجار دەچێتە سابڵاغ و لەلای مەلا محەمەدی مەشهور بە (ابن الرسول) ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت.
$لە سلێمانیەوە بەره و بەغداد$
دوای وەرگرتنی مۆڵەتی مەلایەتی، موفتی زەهاوی دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لە مزگەوتی (شێخ باباعەلی) دەستدەکات بە وانەوتنەوە. بەڵام ماوەیەکی زۆر لە سلێمانی نامێنێته و ه و دەچێتە کەرکووک و پاشان لە بەغدا دەگیرسێتەوە. شێخ محەمەدی خاڵ دەڵێت؛ لە باپیرمم بیستوە، ڕۆژێک یەکێک لە پیاو ماقوڵانی سلێمانی لە موفتی دەپرسێت بۆچی سلێمانیت بەجێهێشت؟ لە وەڵامدا دەڵێت؛ چونکە لەناو زانایان و پێشەوایانی سلێمانیدا جێگام نەدەبووەوە و لە هیچەوە دیار نەبووم. پاشان دەڵێت؛ ڕۆژێک لە سلێمانی لە مزگەوتی مەلا عەبدوڵای ڕەش (سەیید حەسەنی ئێستا) مەلاکان هەموو کۆبوونەوە لەگەڵ مەلا عەبدوڵادا قسەیان لە بابەتێکی زانستی دەکرد، منیش قسەیەکم تیاکرد، کەچی مەلا عەبدوڵا پێیوتم؛ بۆچی ڕۆڵە تۆش خوێندوتە؟! ئه و ماوەیەی لە کەرکووک دەبێت دەچێتە گەڕەکی (قۆریە) و دەبێتە مودەڕیسی مزگەوتی (موسلیم). دواتر لەسەر داوای (عەلی ڕەزا پاشا)ی والی بەغداد دەچێتە بەغدا. لە ساڵی (1266 ک) بووەتە (رئیس المدرسین). لە (1270 ک) لەلایەن (گوزلگی ڕەشید پاشا) والی کراوەتە موفتی بەغدا و تا مردنی له و پۆستەدا ماوەتەوە. لە بەغداد، مەلاکانی ئه و سەردەمە زۆر بە عەرەبی زانینەکەی موفتی سەرسام دەبن، بۆیە لێی دەپرسن؛ تۆیەکی کورد کە لە کوردستاندا پێگەیشتوی ئەم عەرەبییە چۆن فێربووی؟ ئەویش وتویەتی؛ من لەلای شێخ مەعروفی نۆدێ عەرەبیم خوێندوە.
$ئاستی زانستی زەهاوی$
زەهاوی لە پایەی زانستیدا پلەی (حەرەمەین)ی بووە، لە زانستەکانی؛ نەحوو سەرف، مەعان، بەیان، بەدیع، وەزع و عەروز، کەلام و مەنتیق، ئاداب و حیکمەت، فیقهو ئوسوڵ فیقهو تەفسیر، حەدیس و ئوسوڵ حەدیس، حیساب و هەندەسە، پێشەواو پایەیەکی ئێجگار بەرزی هەبووە، ئەگەر کتێبی ئه و زانستانە نەمایە دەیتوانی لەبەر کتێب بۆ هەمویان دابنێت، بەڵکوخاوەنی بیری خۆی بووە.
#شێخ ڕەزای تاڵەبانی# لە باسی پایەی زانایی موفتیدا دەڵێت؛
ئەی مادەری گێتی تۆ هەتا ئێستا نەزاوی
زاتێکی وەکو فەیزی ئەفەندی زەهاوی
مومکین نیە ئیدراکی حەقایق بە تەواوی
مومکین نیە ئیدراکی نەکا زیهنی زەهاوی
موفتی لە تەمەنی بیست ساڵیەوە دەستیکردووە بە دەرس وتنەوە تا مردنی، واتە هەشتا ساڵ لەسەر یەک تەدریسی کردووە. ئەمین زەکی بەگ لە کتێبی (تاریخی سلێمانی وە وڵاتی) دەڵێت؛ لە شەش هەزار کەس زیاتر لە خزمەتیا خوێندویانە و زانستییان لێ وەرگرتووە. بەدەر لە زانست، موفتی بە (کوردی و عەرەبی و تورکی و فارسی) شیعری وتوە. مەعروف ڕەسافی شاعیری بە بنەچە کورد دەڵێت؛ ئەوەندەی من و جەمیل زەهاوی بەشیعرەوە خەریکین، ئەگەر موفتی زەهاوی نیوەی ئەوە بە شیعرەوە خەریک ببوایە، گەلێ گەلێ لە ئێمە شاعیرترو شیعری زۆرتری دەبوو. شیعرەکانیشی لە بوارەکانی؛ ستایش (موناجات)، تاک و تەنیایی خودا (توحید)، فەلسەفە، سکاڵا لە دەست ڕۆژگار، پەندو ئامۆژگاری، دڵداری، لاواندنەوە، زەم و مەتەڵدایە. بۆ ماوەی (38) ساڵ لەسەریەک موفتی بەغداد بووە، لەگەڵ تەدریسدا فتواشی داوە. هەرچەندە کوردێکی سوننی و شافیعی مەزهەب بووە. بەڵام دوای ئەوەی بووەتە موفتی بەغداد و ئەهلی ئه و ناوچەیەش هەموو حەنەفی بوون و فتواش پێویست بووە هەر بە حەنەفی بێت، والیش حەنەفی بووە، بۆیە ئەمیش بووە بە حەنەفی.
$کوردایەتی و کەسایەتی زەهاوی$
زەهاوی کوردێکی مەرد بووە، هەمیشە ئاگاداریی کوردەکانی کردووە، هەر کامێکیان ڕۆژگاری ناهەموار ناچاری کردبێت بە کۆچکردن و چوونە بەغداد، موفتی زۆر چاک دەستی گرتووە، لەلای والی یان موشیر یان هەر کەسێکی تر بووبێت تکای بۆ کردوە تا دایمەزراندوە. لەکاتی موفتیدا هەموو مەدرەسە گەورەکان و مزگەوتە نایابەکانی بەغدا بەدەست زانایانی کوردەوە بووە. لەناو ماڵ و مناڵی خۆیدا قسە و گفتوگۆی هەر بە کوردی بووە، وەسیەتیشی کردوە بۆ نەوە و وەچەکانی کە لەدوای خۆی هەر بە کوردی قسە بکەن. جەمیل سدقی زەهاوی دەڵێت؛ باوکم زۆر حەزی لە شیعری شاعیری کورد (عەلی بەردەشانی) کردووە و زۆر شیعری ئەوی لەبەر بووە، زستانان بە شه و دایدەناین و شیعری ئەوی بۆ دەخوێندینەوە. لەڕوی خەسڵەتەکانی کەسایەتییەوە، کەسێکی زۆر بەرچاو تێر بووە، هەرگیز پارەی کۆنەکردۆتەوە، حەزی لە کاڵای جوان و خواردنی خۆش کردوە، هەرچییەکی بووە لە میوانداریدا بەختی کردوە، بەتایبەتی بۆ ئه و کوردە بێنەوایانەی پەنایان بۆ بردووە و لە دیوەخانەکەیدا ماونەتەوە تا بە مەبەست و ئاواتی خۆیانی گەیاندوون. هەرگیز زیانی بۆ کەس نەبووە و ناوی کەسی بە خراپە نەبردووە، تا توانیبێتی یارمەتی و دەستگیرۆیی هەموو کەسێکی کردووە بەبێ جیاوازی. پیاوێکی مەرد و بەوەفا بووە، هەر کەسێک چاکەیەکی لەگەڵدا کردبێت هەرگیز فەرامۆشی نەکردوە، لەهەر کاتێکدا بۆی هەڵکەوتبێت پاداشتی داوەتەوە. زۆر قسەزان و قسەنەستەق و قسەخۆش و نوکتەباز بووە، لەسەر هیچ قسەیەک دانەماوە. وێڵ و پابەندی ماڵی دنیا نەبووە. تەنانەت دەگێڕنەوە والی مەدحەت پاشا زۆر تکای لێکردوە کە موقاتەعەی (بەلەدروز)ی بداتێ بە پارەیەکی زۆر کەم، مانگه و مانگ شتێکی زۆر کەم بدات بە حکومەت، بەڵام قبوڵی نەکردوه و وتویەتی؛ نامەوێت نەوەک زۆر دەوڵەمەند ببم و لەدوای خۆم منداڵەکانم یاخی ببن و ڕوو لە خوا وەربگێڕن.
$خێزان و کوڕەکانی موفتی زەهاوی$
موفتی زەهاوی، دووخێزان و دوو کەنیزەکی هەبووە. خێزانەکانی یەکێکیان ناوی (گوڵناز) و خەڵکی سلێمانی بووە، ئەویتریان ناوی (پیرۆز)و خەڵکی کۆیە بووە. کەنیزەکەکانی یەکێکیان ناوی (رەیحان) و ئەوی تریان ناوی (رەندێ) بووە. لە گوڵناز پێنج کوڕو کچێکی بووە. لە پیرۆزیش چوار کوڕو کچێکی بووە. لە ڕەیحان کوڕێک و لە ڕەندێ سێ کوڕو کچێکی بووە. عەبدولحەکیمی کوڕی لە سووپای عوسمانیدا گەیشتۆتە پلەی (عەقید)و یاوەری مەدحەت پاشای والی بەغداد بووە. محەمەد ڕەشیدی کوڕی لە چەند قەزایەکی ئێراق و سوریادا بووەتە قایمقام، لە بەغداد ئەندامی دادگای تێهەڵچونەوە بووە، لە کەربەلا بریکاری موتەسەڕیف بووە. محەمەد ساڵحی کوڕی خوێندەوارێکی بەرزو زانای ئاینی بووە. عەبدولەتیفی کوڕی چەند ساڵێکی زۆر قایمقامی کازمیە و مەندەلی و کوت بووە. محەمەد سەعیدی کوڕی لەدوای مردنی باوکی بووە بە موفتی بەغداد و لە پایەی زانستیدا پلەی (حەرەمەین)ی بووە. لەپاش نەمانی دەوڵەتی عوسمانی، بووەتە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی بەغدا و لە ساڵی (1921) لە بەغدا مردووە. محەمەد سەلیم بووەتە بەڕێوەبەری ناحیە. عەبدولحەمید بووە بە یوزباشی. عەبدولغەنی کوڕی شاعیر بووە و شیعری فارسی زۆری هەیە. جەمیل سدقی وتویەتی؛ کاکم لە فارسیدا لە من شاعیرترە. جەمیل سدقی ئەندامی ئەنجومەنی مەعاریفی بەغدا بووە، بەڕێوەبەری چاپخانەی ویلایەت و موحەریری ڕۆژنامەی (زەورا) بووە. ئەندامی دادگای تێهەڵچونەوە بووە. نوێنەری بەغدا بووە لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەستەنبوڵ. دوای دروستکردنی دەوڵەتی ئێراق و لە ساڵی (1925) بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی ئەعیان. لە (1935) مردووە. بە زمانەکانی (کوردی و عەرەبی و تورکی و فارسی) شیعری هەیە. پازدە بەرهەمی چاپکراوی هەیە.[1]