کتێبی “ئەورۆییەک ل وەڵاتێ کوردان” لە نووسینی هێلێن قاسملوو، هاوسەری شەهیدی نەمر د.عەبدولڕەحمان قاسملوو بە کرمانجی و پیتی لاتینی چاپ و بڵاو کرایەوە.
لە 33 هەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆرکرانی د. قاسملووی نەمر و هاوڕێیانی دا، وەکوو چالاکیەک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەو ڕێبەرە گەورە و بڵیمەتەی کورد، پەرتووکی “ئەوڕۆپیەک ل وەڵاتێ کوردان “لە لایەن پێشمەرگەی نووسەری حیزبی دێموکرات، سەلیم زەنجیری”یەوە کراوەتە کورمانجی.
ئەو بەرهەمە کە نوێترین وەرگێرانی سەلیم زەنجیری لە فارسییەوەیە، پێشتر بە چەندین زمانی دیکەی وەکوو فەرانسەوی، چێکی، ئینگلیزی، فارسی، تورکی، عەرەبی، کورمانجی خواروو و ئێستاش بە کورمانجی سەروو چاپ و بلاو کراوەتەوە.
وەرگێڕ لە 33هەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی د. قاسملوو و هاوڕێیانی دا، ئەو بەرهەمەی پێشکەش بە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات، بە نەسرین خانم، دایکی وەفاداری کوردان و هەروەها هەموو شەهیدانی کوردستان کردووە.
ئەو بەرهەمە بە دیزاینێکی جوان و خەمڵێندراو بە هەندێ وێنەی پێوەندیدار بە ناوەرۆکی پەرتووکەکەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە کە لە 304 لاپەڕە پێکهاتووە.
شیاوی ئاماژەپێکردنە کە وەرگێر “سەلیم زەنجیری”، پێشتر لە یادی 25 ساڵەی تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی دا، کتێبی بەناوبانگی “کوردستان و کورد”ی د. عەبدولرەحمان قاسملوی لە فارسیەوە وەرگێرابووە سەر کورمانجی ژووروو.
ناوبراو بێجگە لە وەرگێڕانی پەرتووکی “ئەوڕۆپیەک ل وەڵاتێ کوردان” و هەروەها “کوردستان و کورد” ی د. قاسملووی نەمر، سێ وەرگێڕانی دیکەی چاپکراوی کورمانجی لە سەر ئەنفالی کوردانی باشوور بە ناوەکانی “گەلاوێژ”- “شەمیلە” و “حەپسە”ی هەیە.
[1]