بابەت: وتار
نووسین: #بەختیار مام حەمید مەولانی#
ئەم بابەتەم بە تایبەت بۆ کوردپێدیا لە ڕۆژی #11-07-2022# نووسیوە.
$عەشیرەتی ئاڵی بەگی یەکێک لە عەشیرەتە دیارەکانی کورد$.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە ماوەیەکە لەناو کوردا باسی هۆز و خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە و تەنانەت خێزان بووەتە عەیبە و نەک هەر ئەمە بووەتە نیشانەی گوایە دواکەوتن و نەزانی و کێشە و ئاژاوە.
بە بۆچوونی من ئەم بیرە لە نەخوێندنەوەی دۆخ و ڕووداوەکان و حساب نەکردن بۆ کاریگەریی تاک و خێزان و کۆمەڵ و عەشیرەت و خێڵ و شار و لادێ و ناوچە و دەڤەرەکانەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئەم بیرە واتە بیری ڕەتکردنەوەی هۆز و عەشیرەت و خێڵ لە ناو کوردا، بە تێگەیشتی من تەمەنێکی کەم و بنەمایەکی نالۆژیکیی هەیە و تیایا هیچ حسابێک بۆ سروشت و بارودۆخی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵی کوردی نەکراوە و ورد خوێندنەوەی کۆمەڵناسییانەی گشتیی و بەتایبەت کوردییانە و کوردانە بۆ بابەتەکانی بونیاتنانی خێزانی تۆکمە و هۆزی کاریگەر و نەتەوەی بەهێز و گەلی سەربەخۆ و لە هەمووی گرنگتر تاکی وابەستەی بڕیاری دروستی کەتواری شوێن و کاتی هۆزی سەربەست، نەکراوە.
ڕەنگە بۆ فرەڕەنگیی کوردان و سروشتی فرەجیای تاکی سرک و یاخیی و نەوەستاوی کورد و پاراستنی هەموو شێوەزار و شێوەگۆ و بنزارەکانی زمانی کوردی کە یەکێکە لە هۆرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی مانەوەی کورد وەک کورد، و هێڵانەوەی کەڵتوری ڕەنگاڵەی فرەچەشنی هەزاران ساڵەی ئەم کوردەجێ(کوردستان)ە وابەستەبوونی تاکی خێڵ و هۆز و عەشیرەت بۆ پاراستنی دابونەریت و فەرهەنیگی خێڵەکەی وەک بەشێک لە فەرهەنگی ئەم گەلە(ئەگەرچی جێهانێک ڕەخنە و تێبینییمان هەیە لەسەری)، خێڵ و هۆز و عەشیرەت پێویستییەکی بەلایەنی کەمەوە هەنووکەییە.
ئەکرێت، وە پێویستی ئێمە بابەتی خێڵ و هۆز وەک پرسێک بەناوی (سوود و زیانەکانی خێڵ بۆ کوردان) بخەیە بەردەم ڕەخنە و شیکردنەوە و تێڕوانین و پرسیار و ڕاستکردنەوە و دەیان گفتوگۆ لەم بارەوە ڕێک بخەین و ئەندامانی خێڵ و ڕیشسپییەکانی خێڵ لە ژن و پیاو، هەر خێڵە و بە جیهانبینیی خێڵەکەی بەشداربێت و دواتر تەواوی گفتوگۆکە بخرێتە بەر باس و ڕەخنە و ژێر نەشتەری پرسیاری ڕیشەیی و ئەنجامدانی چاکسازیی و پاکسازیی بەتایبەت لە هەنێ کەڵتور و دابونەریتی ناکوردییانەی دەرەوەی جێهانەکەی ئێمەی ناو هۆز و خێڵە کوردییەکان کە بە پێی تێپەڕبوونی دەرفەت و کاتەکان و کاریگەریی نەیارەکان، دزەی کردۆتە ناو فەرهەنگی خێڵی ئێمەوە، بۆ نمونە، نەریتی (ژنکوژی، حسابنەکردن بۆ لاوان، پشتگیریی لە ستەمی ئەندامانی خێڵ، یەک سەرۆکی و یەک بڕیاریی و یەک ڕایی سەرۆکی خێڵ، دوورخستنەوەی ژن لە بەشداریی لە بڕیارداندا) بەمەیش هەم خێڵمان وەک بەشێک لە فرەڕەنگیی کوردان بۆ ئەمێنێتەوە و هەم فەرهەنگ و کەڵتور(کێڵتەڕ)ەکەیشمان پاکوخاوێن ئەکرێتەوە لە ژەنگوژاری دەرەوەی جێهانە تایبەتەکەی کورد و سروشتە پاکەکەی کوردەجێ(کوردستان).
ئێستا گەرەکمە بە کورتی باسێک عەشیرەتێکی گەورەی ناو هۆزی جافتان بۆ بکەم کە عەشیرەتی (ئاڵی بەگی)یە و سەرەڕای تێکدان و گومکردنی مێژووەکەی هێشتایش یەکێکە لە عەشیرەتە گەورەکانی کورد و لە دەڤەرەکانی گەرمیان، شارەزوور، پێنجوێن، دەشتی نەینەوا، دۆڵی جافەتی، ناوچەی قەرەداخ، شارباژێڕ، بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات، دانیشتوون و هەبوونیان هەیە.
مێژووی ئەم عەشیرەتە زۆر دێرینە، مامە حاجی حەمەغەریبی مەولانی ئەیوت: عەشیرەتی ئاڵی بەگی مێژووەکەی زۆر لە حەزرەتی ئێڵ بەگی جاف(عەلی بەگ، عالی بەگ، ئاڵی بەگ) کۆنترە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئاڵی بەگ یەکێک بووە لە مرۆڤە ژیر و وریا و خوێنەوار و چاوکراوەکانی ناو عەشیرەتەکە و بەم هۆیەوە عەشیرەتەکە کراوە بە ناوی ئەوەوە، تەنانەت ئەیوت: دوور نیە کە عێل بەگی جاف دووەم عێل بەگی ناو عەشیرەتی ئاڵی بەگی بێت و بە ناوی عێل بەگی یەکەمەوە ناونرابێ کە لە کۆنا ئەوە باو بووە کە کوڕ یان کچ بە ناوی کەسایەتیە گەورەکانی هۆزەوە ناو ئەنرا.
عێل بەگی جاف کە یەکێکە لە باپیرانی عەشیرەتی ئاڵی بەگی، شاعیر و فەیلەسوف و ڕابەر و پێشبینکارێکی مەزنی سەردەمی خۆی بووە و نزیکەی پێنج سەت ساڵ پێش ئێستا لە دەڤەری شارەزووردا ژیاوە. وە هەندێک پێیان وایە کە یەکێکە لە پیرەمەزنەکانی یارسان، تەنانەت لە ناو ئاڵی بەگیی و بەتایبەت بەرەی مەولان(خەرجنەدەر)دا، هێڵانەوەی سمێڵی گەورەی کوردانە کەڵتور بووە کە میراتی میترایی و یارسان و ئێزەدییە.
عێل بەگ، بەرگرییەکی ئازایانە و ئازادانەی لە سنووری خۆی و خاک و کەڵتورە کوردییە ڕەسەنە میترایی و یارسانییەکەی کردووە و سەرەڕای خوێنەوارییەکەی جەنگاوەرێکی چاونەترسی کۆڵنەدەر بووە.
دەیان بەیت و پێشبینیی گرنگ و سەیری هەیە و لە جێیەکا زۆر ورد ئەفەرموێ:
جیهان پڕ لە غەوغا دەبێ
ئەداکەری پەیدا دەبێ
گەلێ سەران بێ سەر دەبێ
فتنە و شەڕێ بەرپا دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ.
هەر بەو هۆیەی کە ئاڵی بەگییەکان جێهانێکی بچوککراوەی کوردان و سروشتیی کورد و هەڵگری سیفات و خەسڵەتی ڕەسەنانەی کوردیی بوون، بۆیە لە لایەن عوسمانیی و سەفەوییەکانەوە هەم پەرشوبڵاوکرانەتەوە هەم مێژووەکەیان تێکدراوە و هەمیش دژایەتییەکی زۆر کراون و ڕەهەنە کراون بۆ ناوچە جیاجیاکان.
کەسایەتییەکی تری دیاری ئەم عەشیرەتە، حەزرەتی #مەولانا خالیدی نەقشبەندی# ە، کە ناوی خالید ئەحمەد حوسەین سانئەحمەد قەرەوەیسە، یان خالید ئەحمەد حوسەین قەرەوەیس، قەرەوەیس پیاوێکی ئازا و لێهاتووی ئاڵی بەگییە و لە جەنگێکا کوژراوە وڕۆژی کوشتنی لە ناو کوردا بووەتە پەند و ئەڵێن بوو بەو ڕۆژەی وا قەرە کوژرا.
مەولانا خالید، خوێنەوارێکی زۆر بەئاگا و ژیر بووە، گەشتیارێکی کۆڵنەدەر بووە هەم لە پێناوی زانین و ئەزموونی زیاتر و هەمیش لە پێناو قبوڵنەکردنی منەتی دەوروبەر. مەولانا یەکێکە لە سیما و هێماکانی ناسینەوەی کورد لە جێهانا.
هەر لەم عەشیرەتەدا، شاعێرێکی مەزن و مرۆڤێکی چاوکراوەی تر هەبوونی هەیە کە حەزرەتی #نالی#(خدر ئەحمەد شاوەیسی ئاڵی بەگی)ە.
لای هەمووتان ڕوونە کە ئەگەر حەزرەتی نالی لە وێژەی کوردی بە تایبەت وێژەی شێوەزاری کوردیی ناوەڕاست، دەربکەین کەلێنێکی گەورە دروست ئەکات و نالی زۆر ورد و ژیرانە و عارفانە ئەسپی خۆی لە گۆڕەپانی وێژە و واژەی کوردییا تاوداوە.
بۆیە هەر بە سادەیی ئەتوانم بێژم کە عەشیرەتی ئاڵی بەگی نەک بۆ جاف و کوردی باشور و ڕۆژهەڵات، بەڵکو بۆ تەواوی کوردان جێگای شانازیین و پێویستە ئەم عەشیرەتە خوێندنەوەی ورد و بەدواداچوونی گرنگ بکرێت بۆ مێژووە دزراوە تێکدراوە گومکراوەکەی و هەڵدانەوەی لاپەڕەی کەڵەپیاو و کەڵەژنەکانی.
[1]