من باخی عەدەن و ئاوی کەوسەر و شیر و شەڕابم ناوێ
کەسێکم دەوێت گڕ بەربداتە لاشەکەم
خۆڵەمێشەکەم بدات بەدەم گەردەلول و زریانە وێرانکەر و وەحشیەکان
کەسێکم دەوێت لەبری گریان هەلهەل بۆ مەرگم بکێشێ
ژنێکم ئەوێ لە جیاتی فرمێسک چاوەکانی
پڕ بکات لە کلی حەج و قژی ڕەشی لە نێو حەوادا مەوج بدات
لەبری شیوەن و زاری سەما لەسەر گۆڕەکەم بکات
من ئەم کلتورەم ناوێ مەمخەنە دوو توێی خاکەوە
دوو فریشتەم ئەوێ بە قامچیەکەی دەستیان
ڕۆحم هەلا هەلا بکەن، بەهەشت بۆ ئێمە حەرامە
ئێمە ئەهلی دۆزەخین، دەبێت تاماوین لەم دۆزەخەدا
گریە بکەین و وەکو سۆزانی دەستە دەستە بۆ ئەو گڵە بگەڕێینەوە
من هەلهەلەی مەخلوقێکم ئەوێ ئازارەکەنیان وەکو قژیان کەزی کردبێ
ئەمەوێ ڕۆحم ئازاد کەم لەو هەموو نەنگیە
لەو هەموو کۆتە، لەو هەموو ترسە
لە فاحیشەتی ئەم دونیا سۆزانیە و لەم چارەنووسە ڕەشە
من پرسەم ناوێ، ئاهەنگم ئەوێ، ئاهەنگێکی شایستە بە ڕۆحم
شکۆمەندی و شەرەفمەندی ساختە و هیچ تەواوکەرێکی ئیمانیم ناوێ، من بۆ ئەبەد کچێکی ڕەسەنم
هۆنەرنووس: #شیلان ئازاد#[1]