بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گوومڕا 03
#شەماڵ بارەوانی#
بەڵێن بێت بەو دەستانەی خۆم سەری مەلا بەختیار ببڕم!..
وەکو لە بەشی یەکەم باسم کرد، بەرلەوەی تووشی گۆڕانی فیکری بم، سەر بە هێزێکی ئیسلامی سیاسی کۆنزەرڤاتیڤ بووم، کە خۆی بە مەدەنی ناوزدە دەکرد، وەلێ من لەناخەوە هەڵگری بیری ڕادیکاڵی بووم و کەسێکی زۆرئایدیۆلۆژیست و تابڵێیت بیرتەسک و ئەقڵ ژەنگاوی و ئاسۆ داخراو بووم.
جا بەو بۆنەیەوە،
هێشتا لە قۆناغی غەیبوبەی فیکری و زۆر بە تووندنی لە ژێرکاریگەری عاتیفەی دینی دا بووم و بەنجی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بەری نەدابووم و فەقێیەکی تابڵێیت دۆگماتیزم و بناژۆ خواز بووم.
بیرمە لە حوجرە بووم و ڕۆژێک فەقێیەک سیدیەکی هێنا حوجرە، دیباتێکی نێوان مەلا بەختیار و ئەبووبەکر کاروانی ئیسلامی سیاسی و چەند کەسێکی تری ئاڕاستە سیکۆلار بوو،
مێژووی مونازەرەکە، دەگەڕایەوە بۆ ساڵی1999.
مونازەکە سەبارەت بە(ئازادی ژن و بنەماکانی مەدەنیەت)بوو.
جا ئێمە بەو پەڕی عاتیفی و حەماسەتەوە لەگەڵ فەقێیەکان بەدەم سەیرکردنەوە، کاتێک سەرەی قسەکردنی کاروانی ئیخوانی دەهات، دەستمان بە چەپڵەلێدان و دەنگ هەڵبڕین و پێکەنین و خۆشخاڵی دەربڕین دەکرد، وەکوو ئەوەی بڵێیت لە هۆڵەکە و لەگەڵ ئامادەبووانی مونازەرەکە ئامادەبین و بڵێین ئەها بردمانەوە و کاروانی ئیسلامی، مەلا بەختیاری سیکۆلاری بەزاند و ئەوەی ئەم بەوی کرد، با بە دەواری نەکردووە، حەققەت واش نەبوو، قسەکانی مەلا بەختیار زۆر واقیعی تر و لۆژیکتر و بڕوا پێکراوتربوون و مەلا بەختیار زۆر زاڵتر و پڕ مەعریفەتر و لە دەربڕینا زۆر بە هێزتروو لە مونازەکەش دا، زیرەکتر و بە تواناتربووو کاروانی هەر بەو بەراورد نەدەکرا.
وەلێ ئێمە ئەو کات، ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی و هەست و سۆزی ئایینی و دەروێشایەتی کردن بۆ ئیسلامی سیاسی کوێری کردبووین و هەستی بینینی حەقیقەتی شتەکان وەک خۆی لێ سەندبووینەوە و بە فەلسەفەی بشفڕێت، هەربزنە، کارمان دەکرد و
دەمانگووت: مەلا بەختیار هەر چی بڵێت و چی بێت، لە ڕۆشنگەری و عیلم و مەعریفە و فەن و سەقافەت دا، هەر کاروانی لەو زیرەکتر و بە تواناترە و مەلای مولحید و سیکۆلاریست، هەرگیز، ناتوانێت موناقەشەی کاروانی بک!..
جامن لەژێر لێویشەوە دەمگووت: بە کوێرایی چاوی ناحەزان و کافران،
ڕۆژێک دادێت و دەوڵەتی ئیسلامی و حوکمی ئیسلامی دەگەڕێتەوە،
بەڵێن بێت مەلای بەختیار، بەو دەستانەی خۆم، گۆشە و گۆش سەرت بڕم.
ڕۆژگار هات و چوو، بەر لەوەی دەوڵەتی سیوکراتی درووست بێت، ئەو دەوڵەتەی هەموو خەون و ئاواتی من بوو، (خوایە کوێربم و لە خەونیش ئەو ڕۆژە ڕەشە و حوکمی ئیسلامی سیاسی نەبینم)، من تووشی گۆڕانی فیکری بووم و دواتر لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا و فەیسبووکەوە، من و مەڵا بەختیار بووین بە فرێند و ڕۆژانە ڕاو بۆچوونمان لە سەر کۆمەڵێک چەمکی وەکوو:ڕۆشنگەری، فێمێنیزم، ڕیفۆرمی ئایینی، ئەقڵانیەت و فێندەمێنتالیزم و..تاد. دەگۆڕیەوە و دیالۆک و گفتوو گۆمان لە سەریان دەکرد.
وەئێستاش، من بە حوکمی کاری نووسەری و ڕۆژنامە نووسیمەوە، بۆ (23)، ڕۆژانامە و گۆڤار و ماڵپەڕی ئاڕاستە سیکۆلارست و نەتەوەیی و چەپ، دەنووسم، بەردەوام و بێ بچڕان، وە لەنێوان ئەو ژمارەیەدا، پێنجیان ماڵپەڕەکانی مەلا بەختیارن،
ماڵپەڕی:(دابڕان)، و (چاودێر)، و (ڕوانگە و ڕەخنە)، و (گەلاوێژ)، و (فێمێزمی ڕۆشنگەری)،
بابەتی ئەدەبی و فیکری و سیاسی و ڕۆشنبیری دەنووسم و دەیان بابەتیشم سەبارەت بە بوارەکانی: کۆمەڵایەتی و فیکری و ئەقڵانی و مەدەنیەت و مۆدێڕنێتە و فێمێنیزم و سیکۆلاریزم و فێندەمێنتالیزم و ڕانان بۆ پەڕتووکە ئەدەبی و فیکریەکان و ڕۆمانەکان و هەروەها شیعری خۆیشم لەو ماڵپەڕانە دا، بڵاو بووەتەوە و تائێستا لە سەر پێشنیاز و داواکاری خودی مەلا بەختیار خۆیشی، لە سەر یانزە پەڕتووک و تێزێکی بەڕێزیان، لە نموونەی:
1-دیموکراسی دوای جەنگی سارد.
2- ئازادی ژیری و کۆمەڵی مەدەنی.
3- دیموکراسی و دوژمنانی
4-پێشبینی سەرهەڵدان و مەترسیەکانی داعش
5- دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتەو پۆست مۆدێرنێتەدا.
6- کوردەواریی و ڕۆشنگەری هاوچەرخ.
7-یەکەمین کۆڕ، یەکەمین مونازەرەی دوای ڕاپەڕین.
8-تۆتالیتاریزمی ڕۆحی و ئەرکەکانی ڕۆشنگەری هاوچەرخ.
9-شۆڕشی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی سەردەم.
10-دوڕیانی دیموکراسی و سەلەفیەت.
11-دوور لەڕق و تەرەفگیری چەند سەرنجێک لەسەر لەبری بیرەوەری.
12-ژن جەوهەری دیموکراسییە لەو سەردەمەی جیهانگیریدا.کە ئەمەی دوایی تێزێکەی بەڕێزیان بوو.
نووسیومەو کە خۆی زیاتر لە(20)، لە پەڕتووکەکانی خۆی بە دیاری بەخشی بەمن و لەو دوانزە پەڕتووکەیش کە لەسەرم نووسیون،
چەندین ڕەخنەیشم لێی گرتووە، لە میانی نووسینەکانم سەبارەت بە پەڕتووکەکانی ئەو، بە دڵێکی زۆرفراوان و زۆر بە خۆشحاڵیشەوە قبوڵی کردووە و بەر لەوەی لە سەریشیان بنووسم، پێشم گووت: هەرگیز، موجامەلەت ناکەم، ئەلحەق گووتی: بە دڵی خۆت بینووسە و ناتبوورم، ئەگەر بە دڵی خۆت و زۆر ئازادانە، ڕەخنەم لێ نەگریت و هەڵسەنگاندن و ڕانان بۆ پەڕتووکەکانم نەکەیت. هەموویشی لە ماڵپەڕەکانی:(دابڕان)، و (چاودێر)، و (ڕوانگە و ڕەخنە)، و (گەلاوێژ)دا، بڵاوبوونەتەوە، بێ ئەوەی دەستکاری یەک دێڕی نووسینەکانم بکرێت، یان ڕەخنەیەک و وشەیەکم لابرابێت، یا مەلا بەختیار پێی دڵگران و قەڵس ببووبێت.
ئێستاش (ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر) وا خەریکن، هەمووی لە دوو توێی پەڕتووکێکدا لە چاپ دەدەن و دواتر بڵاوی دەکەنەوە.
ئەوەش بڵێم:
دووەم پەڕتووکی شیعریم(پارچە شکاوەکانی دڵم)، مەلا بەختیار لە سەر ئەرکی خۆی بۆی چاپکردووم.
لە کۆتایی ئەو بەشەدا، ماوەتەوە بڵێم:
بەو چەشنە، ئیتر من گۆڕام و ئەو فەقێ دۆگماتیزم و وشک باوەڕ و فێندەمێنتالیزمەی جاران نەمام، تابڵێم سەری مەلا بەختیار، یان هەر سیکۆلاریست و چەپ و بێ دینێک دەبڕم،
گەر دەوڵەتی سیوکراتی و حوکمی سیوکراتی بگەڕێتەوە، یان ڕقێکی بێ ئەندازەی مەزهەبیانە و ئایدیۆلۆژیانەم لە دڵ دا، لە بەرامەریان دا،
هەبێت و تف و نەفرەت و نزای خراپیان لێ بکەم، وەکو ئەوەی کاتی سەرەتای فەقێیاتیم، لە هەمبەر حزبی شیوعی و بارەگای حزبەکەیان دەکرد، لە هەولێری پایتەخت، نەخێر ئەو سەردەمە گوزەشت و ئەوە جاران بوو، من ئیتر ئەو قەناعەتە داعشی و ئەو هەموو ڕق و دەمارگیری و نەفرەتەم لە مێشک و دڵ و دەروونم دا، بۆ هەرمان و هەمیشە دەرکرد و فڕێدا و ئێستا بە پێچەوانەوە،
من لە بڵاوکراوەی چەپ و نەتەوەیی و سیکۆلاریستان، وتار و بابەت و شیعرەکانم بڵاو دەبێتەوە و بۆ کاکە مەلا بەختیاریش،
سەڕەڕای جیاوازی نێوانمان، لە دنیا بینینمان سەبارەت بە هەندێک چەمک و بۆچوونی سیاسی و، حزبایەتی، وەلێ خاڵی هاوبەشمان زۆر زیاترە، ئەوکات من کەسێکی فۆندەمێتالیست و ئیسلامیست، ئەویش لیبڕاڵ و سیکۆلاریست بوو، ئێستا منیش هەمان شێوە کەسێکی ئاڕاستە لیبڕال و سیکۆلارم.
لە کۆتایی دا، جیهان بینی و تێڕوانینی مەلا بەختیار هەرچییەک بێت لە بارەی حزبەوە، یاخود سیاسەتەوە، ئەوە ئازادی و مافی خۆیەتی و منیش مافی خۆمە هاوڕا، یاخود ناتەبا و جیاوازبم، مەرجیش نییە من وەک نووسەرێک کە هەمیشە بێ لایەنانە دەنووسم، لەگەڵ وشە بە وشەو دێڕ بە دێڕ و تەواوی ناوەرۆکی پەڕتووکەکان و زمانی نووسین و هەموو دەستەواژە و دەربڕینەکانی مەلا بەختیار. هاوبیر و تەباو هاوڕابم، وەلێ سەرەڕای هەر جیاوازیەک لە دید و تێڕوانینمان.
من هەردەستێک لە خزمەت پڕۆژەی ڕۆشنگەری و پڕۆسەی مەدەنیەت و نەتەوەکەی خۆی و مرۆڤ دۆستیدا بێت،
لە خزمەتی بەهاکانی سیکولاریزم و دنیای مەدەنیەت و بیری مۆدێڕنێتە و یەکسانی جێندەری و چەمکی نەتەوە پەروەری و ڕێبازی مرۆڤ دۆستی و خەباتی چینایەتی دا بێت،
کە هەموو ئەو کۆنسێپت و مەفهومانە، سەنگەر و ڕوئیا و ئەقیدە و پڕەنسیپ و پیرۆزیەکانی من و ماکی پێنووس و هێڵ و هەنگاوی منیشن.
هەردەستێک لەو بوارە کاربکات، من ئەو دەستە دەگووشم و دەست خۆشی لێ دەکەم و پشتگیری و هاوبیری و هاوبەشی دەکەم. جا هەردەستێک بێت.[1]