خۆبەدەستەوەدان
#سامان حسێنی#
یەزدان به شەیتانی فەرموو: کڕنووش بەره بۆ مرۆڤ. شەیتان کڕنووشی نەبرد وتی: ئاگر منەتباری خاک نییه. یەزدان تووڕه بوو فەرمووی: کڕنووش یان نەفرەت؟
هەڵبژێره! شەیتان وتی: کڕنووش بەرم یان نەیبەم هەر نەفرەتلێکراوم. یەزدان فەرمووی: دەبڕۆ به نەفرەتی یەزدان بی. شەیتان ڕۆیشت.
چوو بۆ کوێ؟
شەیتان چوو بۆ کوێ؟
ئەمه پرسیاری ئەو منداڵه دەم به پرسیاره بوو که سالانێکی دوور بەر له ئێستا له شەوێکی چلەیجستان داو لەبەر زۆپایەکیپەتڕۆڵیدا سەر لەسەر ڕانی باوکی لەکاتێک دا باوکی چیرۆکی یەزدان و شەیتانی بۆ دەگێڕایەوه لە بەرامبەر تەوژمی نەفرەتەکەی یەزدان دا خەمی شەیتانی خواردبوو، بۆیه پرسیبووی:
چوو بۆ کوێ؟
شەیتان چوو بۆ کوێ؟
باوک هەر چەنده پێی وابوو تا ئەو ساتە وەختەش هەر ملکەچی خواوەند نەبووه و وەک هەمیشه له بەرامبەریدا ڕاوەستاوه بەلام بۆ ئەوەی نەبێته خەیاڵێکی ناخۆش بۆ کوڕە بچکۆلانەکەی بێدەنگ بوو، بەلام زارۆکه هەر دەسبەردار نەبوو بۆیه باوکه بۆ پاساو وتی: بەرنەفرەتی یەزدان کەوت کوڕم!
ئەزانم نەفرەتی لێکرا بەلام ئەی چوو بۆ کوێ؟
باوکه نەیدەزانی شەیتان چووه بۆ کوێ هەر ئەوەندەی دەزانی که له خوا یاخی بووه و بەڵێنی داوه مرۆڤ له ڕێبازی خواوەند چەواشه و گومڕا بکا کەچی سەرەڕای ئەوەش دڵنیابوو ئەگه هەموو مرۆڤی سەر زەوی گومڕا کردبێ، ئەوی گومڕا نەکردووه چونکه ئەوەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ هەر بەندەیەکی ملکەچیەتی، چۆن ئەوە نیه به چاوی خۆی دەسەلاتی خۆی و نوێنەره زەمینییەکانی تاقی ئەکاتەوه و هێشتاش هەر سوپاسگوزاره.
مناڵەکه لەبەرامبەر پرسیارەکەیدا سام و دڵەڕاوکەیەک له چاوانی باوکیدا بەدی ئەکا، کەچی سەرەڕای ئەوەش سامی باوکی لهو پرسیاره ئەوەندەیتر ئازای ئەکا که بڵێ:
بەلام تۆ له چیرۆکی ئادەمیزادیش دا وتت مرۆڤ بەهۆی خواردنی سێوێک له فیردەوس دەرکراوه و لەوێش هەر نەفرەتی لێکراوه. باشه ئەوه ئەو خواوەندەی تۆ بۆ ئەوەنده بێ بەزەییه؟
بۆ هەر سەرقاڵی نەفرەت کردنه کەچی تۆ هەر ئەڵێی نا ڕەحمەته ڕەحمەت.
باوکی سەر لەنوێ به دەنگێکی هیوابراو وتیەوه:
ئەرێ کوڕم ڕەحمەته ڕەحمەت.
مناڵەکەی سالانێک لەوه پێش سالانێک لەوەدوا هەستی کرد نەفرەتەکەی خواوەند ئەویشی گرتۆتەوە وتی:
خۆمن شەیتان نیم ئەی بۆ بارانی غەزەب بەسەرما ئەبارێ؟
لەو کاتەدا باوکی مرد بوو ئینا ڕەنگه بیوتایه:
چونکە فەرمانبەر و گوێ لەمست نی.
ئەوکات که ئەو کوڕه ئه و پرسیارەی ئەکرد باوکیشی بەر نەفرەتێکی ڕەش کەوتبوو، نەفرەتێکی ئەوەنده ڕەش که له گۆڕی پەستێوێ ئینا ڕەنگه بشیوتایه:
دەی ئەگەر ئازای، خۆت له نەفرەتی ڕزگارکه!
بەدڵ دەیویست له نەفرەتی ڕزگار ببێ بەلام بیری خۆ ڕزگارکردن لەنەفرەتی خواوەند نیازی به وەلامی پرسیارێک هەبوو
شەیتان له کوێیه؟
ئەگەر شەیتان یاخی بوو بێ له یاسای یەزدان، ئەیچ شوێنێک له دەرەوەی ئەو یاسایەیه؟
بیریدێتەوه ئەو کاتەی که باوکی چیرۆکی یەزدان و شەیتانی تەواو کرد بوو خۆی له و پرسیاره دزیبۆو، ئەو، ئەو کات پێی وابوو باوکی ڕقی له شەیتانه بۆیه شوێنەکەی دەستنیشان ناکا بەلام ئێستاکه دڵنیایه که ئەویش هەر وەلامی ئه و پرسیارەی نەزانیوه بەهەمان شێوه که بۆ خۆی نایزانێ و هەنووکه ئامادەیه هەزار سوێند و قوڕئان بخوا که شوێنی نیشتەجێ بوونی شەیتان له زانستی هیچ ئادەمیزادێک دا نیه.
مناڵه گەورەکه هەر چەنده هەر نەیتوانی بزانێ شوێن و پێگەی ڕێبوارانی ڕێبازی شەیتان له کوێیه و هەر چەنده دەشیزانی که هیچ شوێنێک نیه له دەرەوەی یاسای یەزدان بێ، بەلام خەونی ڕزگار بوون له نەفرەتی یەزدان ئارا و قارا و حەجمینی لەبەر هەڵگرتبوو تا ئەوەی به ناچار ڕۆژێک له ڕۆژان شوێن قەتارەی ئەو تارماییه کەوت که خەڵکی دەیانوت هێماکانی شەیتان له نێوچاوانیان بەدی دەکرێ. پێ و شوێنی تارماییەکەی گرتەبەر وەک تروسکاییەک که پێ و شوێنی تاریکی بگرێ بەلام مەخابن هەتا زۆرتر دەچووه پێش، تارمایی دوورتر ئەکەوتەوه ئەم هەر دەڕۆی و تارماییش هەر دوور ئەکەوتەوه بەلام ئەو هەر هەوڵیئەدا که هیوا بڕا و نەبێ له تێکوشانەکەی لەپێناو ڕزگاربوون له نەفرەتی یەزدان و دواجار ڕۆژێک له ڕۆژان هەر بگاته بارەگای شکۆمەند و مەزنی شەیتان.
بەمجۆره کوڕه دوای هەزاران شەو و ڕۆژ عەوداڵ بوونی بەشوێن تارماییەکەی شەیتان دا ڕۆژێک له ڕۆژان کاتێ به هەموو هێزیەوه هەستی به سێبەری ڕەهای یەزدان کرد بەسەرسەریەوه ڕێک ئەو ڕۆژه بوو که ئەوەنده ساڵەیه شوێن ئەو کاروانه یەزدانیه کەوتبوو که بۆ فریودانی خەڵک ئەیانوت:
ئێمه بەره و مەکۆ و بارەگای مەزنی شەیتان بەڕێوەین
سەرەڕای ئەمەش هێشتا هەروا کۆڵنەدەرانه لەپێناو گەیشتن به ئامانجەکەی چالاکی دەکرد و کەمترین گومان و دوو دڵی له دەرونیدا چەکەرەی نەکرد بوو واته بەو ڕادەیه بەرچاوی ڕوون نەببۆوه ببینێ ئەگەر چی ئەو قەتارچیانەی بەناو ڕوه و شەیتان لەڕواڵەت دا شەیتانخواز و له یەزدان یاخین بەلام به دزی و له بنەوه هەزار جار زۆرتر سەرشۆڕ و زەبونترن له ملکەچەکانی بەرقاپی یەزدان. به دزی نوێژ ئەکەن ڕۆژ و ئەگرن و جیهاد ئەکەن بەلام که لێ یان ئاشکرا دەبێ ئەڵێن نا ئێمه لەخوا یاخین ئێمه ناڕازین به بەشی خوا.
کاتێ که زیاتر بەرچاوی ڕوون بۆوه و به تەواوی لەو ڕاستیه تێگەیشت وتی:
مادام ئەم کاروانه درۆزنه و هیچ فڕی بەسەر ناوەرۆکی ڕاستەقینەی شەیتانەوه نیه بۆ خۆم به تەنیا بەشوێن شەیتان دا وێڵ دەبم. وێڵ بوو…
ڕۆیشت و ڕۆیشت و ڕۆیشت بەلام تارمایی شەیتان بەهەر هەنگاوێکی ئه و هەزار هەنگاو دورتر ئەکەوتەوه وتی:
بێت و نەبێ یەزدان فووی لێ ئەکا.
تەمەنی هەروا بەرەوژور دەچوو بەسالاچوو سەروڕیشی تاڵیڕەشیان تیا نەما پیربوو ئەژنۆکانی سست و بێ هێزبوون تەنانەت واپێدەچوو شەیتان له بنەوه داوای لێ بوردنی له یەزدان کردبێ بەلام ئه و هەرنەگەیشته شەیتان ئەوەبوو کاتێ غەزەبه گەورەکەی یەزدان بەسەر سەریەوه قورسایی کرد ئه و کات ئیتر به تەواوی دڵنیای دڵنیابوو که شەیتان ئاسەواریشی نەماوه جا یان بەخشراوه یان ئە ویش غەزەبی لێ گیراوه و له دۆزەخ پەستێندراوه یان ئەوەی که هەر له سەرەتاوه نەبووه و به درۆ ناونراوه.
ئالێره بوو که بیری قسەکەی باوکی کەوتەوه:
دەیئەگه ئازای خۆت له نەفرەتی ڕزگار بکه.
ئەوکات ئه و شتانەی ئێستای نەدەزانی ئەگینا ئەیوت:
وەلڵا شەیتان زۆر ڕزگاربووه نۆبەی منه!
کەس له نەفرەتی ڕزگار نابێ تەنانەت ئەو، ئه و نەک هەرله نەفرەتی ڕزگار نەبووه بەڵکوو تەنانەت زۆرتر له هەمیشه دەستەوستان و پێملیەتی هەربۆیه بیری کردەوه جارێکیدیکەش مل کەچی ببێ هەر وەک جارەکەی
پێشوو، بەلام ئەمجارەیان بۆ هەمیشه. هەمان ئه و ملکەچ بوونەی که به منداڵی و لەکاتی گێڕانەوەی چیرۆکی شەیتان و یەزدان لەلایەن باوکیەوه گەمەی پێیئەهات کەچی ئەوەتا ئەمڕۆ دیسانەوه داوێن گیری بۆتەوه
جارییەکەم دەستی بەره و ئاسمان هەڵبڕی و وتی:
یەزدانی مەزن بمبوره.
یەزدانی مەزن ولامی نەدایەوه بەلام لێیخۆش بوو لێخۆش بونێک که تەنانەت نەفرەتەکەی به جۆرێک له جۆرەکان زۆرتر کرد به ناچار دیسان بیری شەیتان کەوتەوه که وتبووی:
کڕنووش بەرم یان نەیبەم هەر نەفرەت لێکراوم.
ئەوە بوو که سەرلەنوێ به هێزو هیوایەکیترەوه بەره و بنکه و بارەگای شەیتان خوازەکان ملیڕێی گرتەوەبەرو ئەوەتا ئێستا بۆ جارێکی دیکەش نەفرەتی یەزدان دیسانەوه ئاوقای بۆتەوه.
کوڕەی شەیتان خواز لەیەک کات دا هەستی کرد هەر له سەرەتاوه هەڵخەڵەتاوه و دەربازبوون له دەسەلاتی یەزدان جگه له خەیاڵێکیخۆش شتێکی دیکه نیه بەلام زورتر له و نەفرەتەی یەزدان که گەمارۆی دابوو نەفرەتێکی قووڵتر له باوکی سەرتاپای ڕایەڵ و پۆی لەشی داگرت:
باشه ئه و پیاوه خوێڕیلکەیه که هەموو ئه و ڕێگایانەی خەون و ئاواتی تاقی کردبونەوه بۆچی بەرلەوەی من ئەم هەموه ببمه دەستەچیله و گاڵتەجاڕی شەیتان خوازه درۆزنەکان تێینەگەیاندم؟
باوکی له ژوریسەریدا ولامی دایەوه:
من ئەوەی که زانیم وتم، ئەوەتۆبووی که ئەڤین و خەون و خەم سوزو هیوایناکام داڵدەی دابوی و گێژی خەیالات و بەختی ڕەشت بووی و گوێی بیستنی ڕاستیەکانت نەبوو.
خۆزگەی خواست باوکی نەمردایه و لەیەک کات دا هەزار پرسیاری بەگژدا بکردایه لەیەک کات دا شەرمەزاری هەردوو جیهانی بکردایه لەیەک کات دائەم هەموو گاڵتەی که پێیکرا بخستایه ئەستۆی و پێیبسەلماندایه که باوکەکان دەبنه هۆی ئەوەی که منداڵەکان زۆر به سانایی ببنه گاڵتەجاڕو قوربانی یەزدان پەرەسته به ڕواڵەت شەیتان پەرەستەکان تاکوو گیرفان و بن زگیانی پێ تێر بکەن.
تازه له دوای چوان نەچی باشه ڕابردوو به کەس ناگەڕێتەوه ئاوای به خوی وت: وتی:
ئەوەی نەدەبوو ببێ، بوو. هەربۆیه ئەمجارەیان بڕیار دەدەم نەک هەر خۆم به دەستەوەبدەم بەڵکوو دەبێ لەهەوڵ دابم
خۆشم خۆم به نوێنەری یەزدان بناسێنم و هەوڵ بدەم هەموولایەک کڕنووشم بۆبەرن و بەمجۆره ڕەنگه له پۆست و پله و پایەی خوداوەندیدا کارێکم پێ بکرێ. هەربۆیه دەبێ ئەم ئەزموونه به جۆرێک لەجۆرەکان ڕاگوێزمه بەرەی داهاتوو. وتی:
هەرچەنده ئەمه زۆرلەمن ناوەشێتەوه بەلام دڵنیام لەگەڵ سەربزێویەکەم دا هەر ئەوەندەی جیاوازی هەیه کەلەمیان دا ئیتر لەخەون و خەیاڵ دا نغرۆ نابم و هەڵناخەڵەتێم تەنانەت ڕەنگه بتوانم زۆرکەسیش له فریوخواردن ڕزگار بکەم.
ئەگەرچی یەزدان کوڕەی نەبەخشی (جاری دووهەم) بەلام کوڕه بڕیاری دا ئەمجارەیان بۆهەمیشه واز له شەیتان خوازی بێنێ و تاوابێ ئه و ڕێبازه به درۆ بزانێ. بەلام دەی باشه ئێستا دەبێ چ بکا؟
بەداخەوه ئه و تازه سەرانسەری تەمەنی بەختی وەهمی شەیتان ببوو بۆیه به باشی تێگەیشتبوو که ناجوامێرانه بۆته قوربانی خەونی کڕنووش نەبردن و ئەبێ تازه بۆهەتاهەتایه هیوابڕاویش بێ له بەرەکەت و ڕەحمەتی یەزدان بیریکردەوه:
گرینگ نیه، دیسان دەڵێم گرینگ نیه بەلام تەنیا داخێکم هەیه داخێک که له سەر جەرگ و دڵم چەکەرەی کردوه ئەویش ئەوەیه که دڵنیام هەرئێستا که من ئەم ئەزموونه دۆڕاوەم به کۆڵی ماندووم دا داوه لەشەوێکی زستانیدا به ملوێنها زارۆکی وەک ئه و سەردەمەی خۆم له کاتێکدا باوکیان چیرۆکی یەزدان و شەیتانیان بۆ ئەگێڕێتەوه سەرلەسەر ڕان و له گوێی سۆبەیەکیپەتڕۆڵی خەون به یاخیبونێکی شەیتانیەوه ئەبینن و دڵگرانن له بێ بەزەییبوونی خوداوەندگارو خەمی ئەوه لەئارادایه ئەوانیش هەرهەمان ئەزمون و سەراب و دۆڕان و مەرگەساتەکەی ئه و دووپات بکەنەوه.
بیری کردەوه دەبێ چۆن بکرێ بەر بەم دووپاتەبوونەوەی خەون و سەرابه له گەردونەی مێژوو مرۆڤ دا بگیردرێ؟[1]