سیانزە بەرد
#ڕزگار لوتفی#
باوکم مردووە، کەچی کاتێک گرتە ویدیۆییەکانی دەبینم واهەست دەکەم لەم خانووە ئاپاڕتمانییەی ئێستا تێیدا دەژیم واقیعیترە، بە تایبەت ئەم دیویدییەی کە باوکم هەشت مانگ بەر لە کۆچی دوایی، بە خەتە شپڕێوەکەی لە سەری نووسیویەتی: سیانزە بەدەری ساڵی 1392ی کۆچی هەتاوی. هێشتا چاوی تەلەفزوێنەکە بە یەکەم دیمەنی گرتە ویدیۆیەکە نەپشکووتووە دەزانم کامێراکە بە خێرایی لە پڕایدە 132ە سپییە یەخچاڵییەکەی باوکم مەودا دەگرێ و دەڕوا پژۆ 405ە زێوینییەکەی منیش دەربخات. دەرگای سندووقەکەی ئۆتۆمبیلەکەم کراوەیە، لەو دیویەوە بزاوتێک هەست پێدەکرێ و کەللە سەرێک مسۆگەرە. پڕایدەکە ڕووی لە چۆمەکەیەو پژۆکەش پێچەوانەی ڕاگیراوە. هێندە ئەم گرتە ویدیۆییەم بینیوە بست بە بستی دیمەنەکانیم لە بەرە. بە تایبەت چون خۆم دەرهێنەرەکەی بووم و کامێراکەشم بە حەزو لەزەوە بەم لاولادا گێڕاوە گەیشتووەتە قووڵایی یادگەم و بە سانایی ڕەگی داکوتاوەو جێگای خۆی خۆش کردووە. تا کامێراکە لە ئۆتۆمبیلەکان مەودا دەگرێ و دوورتر دەکەوێتەوە سرووشت ئامێزی ئاوەڵاتر دەکا. لێڕەوارێکی چڕوپڕی بێ جل وبەرگ بەرەو مە دێ و تیوتیوەی حەزمان دەدا زووتر وێککەوین و لە مابەینی دارەکانی و لە سەر چیمەنە ساواکەی دامێنیاندا ئۆقرە بگرین. بەر لەوەی بیگەینێ؛ ڕووبارێک هەڵوەدای لاقە ڕووتەکانمانە و بە تەمایە نازیان بکا. تێکڕای بنەماڵەکەمان بە کەل و پەلەکانی دەستیانەوە لە قەراغ بواری چۆمەکە خستوویانەو خەریکن گۆرەوییەکانیان دادەماڵن. ئەم بەشەی گرتە ویدیۆییەکە، دیمەنی لە هێلکە دەرچوونی کیسەڵە دەریاییەکانم دەخاتەوە یاد. هەموو جارێ لێرەدا زووم دەکەمە سەر ئەو بێچووە کیسەڵانەی هێشتا بە جوانی چاویان نەپشکووتووە و بێ سەبرانە بە ناو لمی قەراغ دەریادا بەرەو دەریان. دایکم لە پێش هەموواندا دەپەڕێتەوە، دەبێتە قریوەو هەڵڵا. ئاوی ڕووبارەکە بەفراوی کێوەکانی دەورووبەرو کانیاوە تازە تەقیوەکانە. بە دوای دایکمدا برابچووکەکەم و دواتر خوشکەکانم دەپڕنەوە. بە گوومانم تا ئەم کاتە لاقەکانیان خۆری دیتبێ!، لە باوکم دەچمە پێشێ، هێشتا بە لاقی ڕووتەوە بڕیاری پەڕینەوەی نەداوەو لە شوێنی خۆی دانیشتووەو لە بنەماڵەکەی دەڕوانێت. نازانم بیر لە چی دەکاتەوە. زووم دەکەمە سەری و دەمەوێ کەمێک بیبزوێنم. دەمەوێ بە بیرلێ کردنەوە ڕستەیەکی مانادار بهۆنمەوە و ئاراستەی بکەم، بەڵام لەو دەرفەتە کورتەدا ئەوەم پێناکرێ یاخود لەوانەیە لە دەستم بەر نەیەت. بۆ ئانێک پێموایە بەرە پێم چووەتە سەر وردە شووشەو دەشبێ مەودایەک بەوجۆرە ببڕم. شووشەکان لە ژێر پێمدا دەخرمێنن و، منیش لەرزۆکانە دەئاژوێم. هەر کاتێک دێمەوە سەر ئەم باژی ویدیۆییە؛ بێ ئەم لاولا دەچمەوە سەر ئەو وردە شووشە گەش و ڕوونانەی هەڵڕژاونەتە بەرپێم و دەستبەجێ خۆفێک بە هەناوما ڕادەخووشێ و پاش چرکەساتێک جێگاکەی دەدا بە دڵەکوتەیەکی ناباو. گرفتەکەم لەوەدایە ناتوانم زوو بیر بکەمەوەو بە پەلە بڕیار بدەم. بۆ ئەوەی چاونەترسانە لە سەر بابەتێک هەڵوێستە بکەم و تێیبفکرم دەبێ لە بێدەنگی و مەندییەکی ڕەهادا بچەقم. مەندییەک سریوە پێی نامۆ بێ و چرپە پێی غەوارە.
باوکم نیگای قورسی خۆی خستووەتە سەر دارستان و بنەماڵەکەمان لەوبەر و، ئاگای لە من نییە چۆن شێلگیرانە لە پرسیارێکی هەواڵنێرانە دەگەڕێم بەشکوو بیخەمە دۆخێکی نەخوازراو و بۆشم نابینرێتەوە. دۆخێکی وا تەواو و کەماڵ بە دڵی خۆم. بیرۆکەیەک بە مێشکمدا تیژ دەبرووسکێنێ و یەک ئان مێشک و چاوم دادەگیرسێن: بابە! ماشەڵڵات لێ بێ خۆ ئەم ساڵ گەنج تری لە پار!. بزەیەک دەیگرێ و واق وڕماو لە کامێراکە دەڕوانێت، دەپەشۆکێ و واهەست دەکەم چاوەڕێی دەربڕینی ئەم وتەیە نەبووبێت. دەڵێم: بۆ ئەوە دەبی سێ ژنی دیکەت لێ مارە بکەن بابە!. دەدا لە قاقای پێکەنین و بە دوادا دەکەوێتە سەر گازەرەی پشت. بە دەم پێکەنینەوە دەڵێ: ئەگەر ئازای بچۆ لە مەرکەز وا بڵێ ڕۆڵە، مەرکەز!. وشەی مەرکەز، تەرکیزی خۆم و کامێراکەم دەشێوێنێت. تا ئەو ڕادەیەی ڕووی کامێراکەم دەنواڕێتە دووردەستەکان و بە دامێنی ئەو کێوانەی هێشتا بەفرەکەیان نەچۆتەوە هەڵدەزنێت، ڕێک لەو شوێنەوە کە گەڵاجاڕەکان کۆتاییان دێ و شان و ملی ڕووتەنی چیاکان خۆ دەنوێنن. مەرکەز وشەیەکی نامۆ نییە بۆ ئێمە. ڕەنگە پێشینەکەی بچێتەوە سەر باوەگەورەمان یاخود بەرەو پشت تریش. بەڵام ئێستاشی لە گەڵ دا بێ نەمزانیوە ئەم وشەیە کەی کەوتووەتە ناومان و بۆ هێندە دەکار دەکرێت. بە تایبەت ئەو کاتانەی لای باوکم باسی ژن هێنان دێتە گۆڕێ و ئەویش دەست لە سەر پەلەپیتکە، دەستبەجێ دەستەواژەی ئەگەر ئازای بڕۆ لە مەرکەز وا بڵێ لە زارییەوە دەپژێت. ئێستا وەختییەتی بەر لەوەی لووتکەی چیاکەی ئەو بەرمان بەڕێ بکەین، کامێراکە بگەڕێتەوە سەر باوکم و بژاری بەردووچکەکانی قەراغ چۆمەکە بنوێنێت. پاشان زووم بکاتە سەر ئەو سیانزە بەردە لووسە ڕەنگاوڕەنگەی ناوچنگی باوکم و دواتر هەنگاوێک بکشێتە دواوەو چاوەڕوانی هەڵدانی بەردەکان بێ بۆ پشت سەری. بەرد بە بەرد زووم بکاتە سەریان و ئاخاڤتنی باوکیشم بەرجەستە بکاتەوە. هێشتا باوکم یەکەم بەردی نەهاویشتەوەتە پشتەوە، وێردێک فەزای ئەفسووناوی دەکاتە ناواخنی گرتەکە. ترووکە ترووکی لێوەکانی باوکم پتر سەرنجی کامێراکە دەبزوێنێت. پاش قەدەرێک دەنگی لە بەرزیدا دەپژێتەوەو بە چاوی نووقاوەوە دەڵێ: ئەم بەردەیان لە نییەتی ئەوەی ئەم ساڵە پڕ لە نەگبەتی و نەهامەتییە بڕوات و هەرگیزاوهەرگیز نەگەڕێتەوە. دەستبەجێ بەردووچکەیەک هەوارگەی دەستی جێ دەهێڵێ پڵتەی ماچەکەی، تێکەڵ بە لرڤەی چۆمەکە دەبێت. لە هەڵدانی دووهەم بەرددا دەبێ ڕاوەستم گرتە ویدیۆییەکە بگاتە جێ. باوکم دەڵێ: ئەمەشیان لە نییەتی تووڕهەڵدانی گرانی؛ بڕوا و هەرگیز نەگەڕێتەوە. بەردی دووهەم و سێهەم و چوارەم و.. دواتر پشوویەکی بۆ دەگرێت، پاشان بە ئارامی پشتە چەق بەستووەکەی ڕاست دەکاتەوەو بە بێ مەیلییەوە هیوای دووبارەی دەروونی دەژیێنێتەوە. جامەدانەکەی دەکاتە ملپێچ، کڵاوەکەی بە قیتەوە دەنێ و مەودای نەکەم نەزۆری ڕووبارەکە دەبڕێت. گەر باوکایەتی و چرچەکانی ڕووخسارو دەوری ملی نەبان، لەوانەبوو لە گەڵ عەبدووڵڵا ئۆجالان دا لێکم نەکردبانەوە، بەو جیاوازییەوە ئەم تا ئێستا لە بەرەی ناندا خەباتی کردووەو ئەو...
نازانم چ ڕازێکە، کاتێک گرتە ویدیۆییەکە دەگاتە ئەم بەشەی خۆی، دڵەڕاوکێ کۆنەکە دەمگرێتەوە و لەوە دەترسم نەکا دیسانەوە کارەبا ببڕێت و، هورووژمی تاریکی ڕامماڵێتەوە سەر وەختی جەڵتە ناوەختەکەی باوکم و ناشتنە باراناوییە پاییزییەکەی پارێکە ئەم وەختانە!.[1]