شەوانی هاوین و ئەستێرە ونبووەکان
#گۆران ڕەئوف#
ئێوارانی هاوین، لە بیرەوەرییەکانی مندا جێگەیەکی تایبەتیان هەیە. هەستەکەم وەک شتێک ئیدی لەدەستم چووە! ئێوارانێک دوای سەرخەوێکی عەسرانە، ئاوێکم بە خۆدا دەکرد، هەروا بەبێدەنگی چەندجار دەچومە بەر ئاوێنەی ژورەکەم، جلەکانی پیاسەکردنم لەبەردەکرد. بەدەم قژشانەکردنەوە دێڕە شیعری جۆراوجۆرم تێکەلاو دەکرد و بیرکردنەوەکانم ئاڵۆزبوون، باوەڕی جۆراوجۆر سەریانلێدابووم، بیرکردنەوە لە کەسێک بۆمن وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و مرۆییانە وەهابوو... لەگەڵ چەند هەڤاڵێکمدا دەڕۆیشتینەپیاسەکردن لە قەراغ شار، لەبن سنەوبەرەکاندا دادەنیشتین، باسمان لە نائومێدی و بێهودەیی ژیان دەکرد، باسگەلێکی قورس و بە زمانێکی ئاڵۆز، زۆرکات دەوەستاین و بەپێکەنینەوە بە گوێی یەکماندا دەچپاند:
داخۆ کەسێک گوێی لەم وتووێژەی ئێمە بێت دەبێت وەک کام جۆرە لە شێت باسمان بکات؟! پێدەکەنین و بەردەوام دەبوین لە پەنجەکردن بە برینەکانی ڕۆحماندا...
مەستانە دەگەڕاینەوە، دەستەکانمان لە ملی یەکتر دەئاڵاند، ژێر پێیەکانمان گرم دەبوو، ئەوەندە بە پێیان دەگەڕاین، ئەو کۆڵانانەمان تەیدەکرد کە ماڵی ئەو کچانەی لێبوو لە زەمەنێک لە زەمەنەکاندا پەیوەندی هەمەچەشنمان لەگەڵیاندا هەبوو... بینینەوەی ئەوان بۆ ئێمە هەستێکی سەیری لامان دروستدەکرد، هەستی ئەوەی بوینەتەپاڵەوان و ئەوان ڕەنگە هەواڵی ئەوەیان نەبیستبێت؟! پاڵەوانی پوچێتی و یاخیبون و زۆر وەهمی تر... هەستمان دەکرد گەر لە دەمەو ئێوارەیەکی وەها ماندودا نەمان بینن ئیتر ژیان چ بەهایەکی هەیە، هەستماندەکرد ژیان هەر ئەوەیە کەتێیدابووین، ئەوەی کە خۆمان واماندەزانی بەڕاستی پاڵەوانین!
ئێوارانی هاوین، ئاخ ئێوارانی هاوین، ئەی ئەو ئێوارانەی سورایی خۆر پشت چیاکانی دەگرتەوە و پتر لە ئاگرێکی بڵێسەدار دەچوو، من هەرگیز ناتوانم لە یادتکەم!؟
شەوانی هاوین زێدەتر حەزم بەتەنیایی بوو، حەزمدەکرد لە جێیەکدا بنوم ئەستێرە زۆرەکانی ئاسمانم لێوە دیاربێت، زۆربەی شەوانی هاوین گەر ڕەشەبای نەبوایە لە سەربان دەنوستین، جارانی شار وەک ئێستا نەبوو، کۆڵان و گەڕەکەکان وەک ئێستا جەنجاڵ نەبوون، هەر زوو بێدەنگی باڵی بەسەر شاردا دەکێشا، شار بەجارێک خامۆش دەبوو، کارەباش وەک ئێستا نەبوو، لەبەر چرادا دادەنیشتن و گوێمان لە ڕادیۆ دەگرت تا خەو دەیبردینەوە... شەوانە تا درەنگان لەجێی خەوەکەمەوە، تەماشای ئەستێرەی ئاسمانم دەکرد، گەر شتێک بڵێم ڕەنگە باوەڕنەکەن؟! باوەڕبکەن جاران ئاسمان ئەستێرەی زۆری پێوەبوو!! ئێستا وەک ئەوەی بمەوێت هەمان چێژ لە بینینی ئەستێرەکان وەربگرم، دەڕۆمە سەربان و بۆماویەک تەماشای ئاسمان دەکەم، بەلام ئەستێرەکان وەک جارانی شەوانی هاوین نەماون، دەڵێیی لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ئەگەرچی ساڵانێکی زۆر نییە، دەردی ونبونی ئەستێرەکان پەیدابووە، یان دەڵێی دەستێک هەیە ئارام ئارام ئەستێرەکان بە ئاسمانەوە دەچنێ، دەتوانم بڵێم ئەستێرەکان وەک ئەو کچانەی بەپلانەوە دەڕۆیشتین بە بەردەکەی ماڵیاندا و بەڵام هەنوکە ونبوون، ئەوانیش وەها ونبوون!
چێژی ئێواران و شەوانی هاوین بۆمن دۆخێکە هەرگیز لەوباوەڕەدانیم ڕۆژێک هەبێت بتوانم بەسادەییەوە لێیان بڕوانم، هەرگیز ناتوانم خەوتنی سەر سەکۆ و سەربان و هەڵمژینی هەوای فێنکی سپێدان لەبیربکەم.. وەک چۆن ناشتوانم ئەستێرە و کچە ونبووەکان لەبیرکەم! ئاخ ئەی ئێوارانی هاوین، ئەی ئەستێرە ونبووەکان ی ئاسمان و شار، ئێوە بۆ خێرا ونبوون؟![1]