ناونیشان: عەبدوڵڵا گوێ بەگوارە
تێکست: #تەڵعەت تاهیر#
لە پەڕتووکی: #ئەو گوڵەگەنمانەی بوونە گسک#
هەموو دایکەکان منداڵەکانیان بەو پیاوە دەترساند، ساواکانیان بەو پیاوە دەخەواند، گەنجەکانیش تیادابوو نەزۆک و هەشبوو بە منداڵبازیان دەزانی، عەبدوڵڵا گوێ بەگوارە پیاوێکی چل ساڵەی ئەسمەری باڵابەرز بوو دەست و ناو لەپی ڕەش ڕەش بوو، پرچێکی زۆر درێژتری لەو ژنانەی هەبوو کە سبەینانی پێنجشەمان لەبەردەم حەمام قەرەچووغ دەمانبینین، لەژێر ئەو پرچە درێژەیدا کە بە هەوای لێخوڕینی پایسکلە بێ قایشقوڕەکەی دەلەرییەوە، دوو گوارەی زێڕی عەیار تۆقێنەر دەبریسکانەوە، لە گەڕەکێکی وەک #کوران#ی ئەوسا کە ئەگەر کەسێک لە دووریی سەد مەترەوە بپژمیبا حەفتا کەس لە لایەن خۆیانەوە دەیانگوت خودا ڕەحم بە ئێمە و مردووەکانمان بکات، ئەستەم بوو پیاوێکی گوێ بەگوارە حسێبی کافرێکی زەمانی جاهیلیشی بۆ بکرێت، ڕاستیش خەڵکی کوران نەبوو ژوورێکی لای پیرێژنێک بە کرێ گرتبوو لە کۆڵانی گەنم فرۆشان بە بێدەنگی سبەینان دەڕۆیشت و ئێواران دەهاتەوە، نەمانبینی ڕۆژێک سڵاوێک لە کەسێک بکات تەنیا و بێکەس دەژیا تەنانەت سەرەتا وامان دەزانی کەڕ و ڵاڵە تا ئەو پیرێژنەی خاوەن خانووەکە درکاندی کە جار جارە بیستوویەتی بە دەنگێکی نزم لەبەرخۆیەوە گۆرانی دەڵێتەوە، نەمانبینی بێتە پرسەیەکە یان هیچ نەبێت دوو شیش علێوە لای دوکانەکەی مام سەید بخوات، مەلای گەڕەک بۆچوونی وابوو کە جنۆکەکان خواردنی بۆ دێنن کاتێک پیرەمێردەکانیش دەیانپرسی خواردنی جنۆکەکان چییە مامۆستا؟ ئەویش بە نەبرەی کەسێک کە خزمایەتی لەگەڵ حەنبەلییەکان هەبێت دەیگوت قاچی بەرازە لەناو تێزاب دەیکوڵێنن بەڵام مشتێک ساواریشی تێ دەکەن، ئەو کەسانەی شەوان درەنگ تانکی ئاوی سەربانیان پر دەکرد سوێندیان دەخوارد کە بیستوویانە پایدەری پایسکلەکە لەخۆڕا زنجیرەکەی سووڕاندۆتەوە، ئەو ئاشقانەی لە شەوە بێ مانگەکاندا دەچوونە ژووانی یارەکانیان سەربان و سەربان بازیان دەدا دەیانگوت بینیومانە دەستە بەتاوان ڕەشبووەکەی وەکو دوو چرا شەوقیان داوەتەوە، ئێوارەیەک پیرەمێردەکان لەبەردەم مزگەوتدا دامەیان نەکرد و بڕیاریان دا چەند گەنجێک بەدوای ئەو گوێ بەگوارەیە بنێرن بزانن ئەو ئەبو جەهلە سبەینان بۆ کوێ دەچیت و چ کارەیە؟! بۆ ئەمەش دەبووایە یەکدوو کەسی وەرزشوان هەڵبژێرن چونکە ڕاکردن بەدوای پایسکلسوارێکدا بە وتەی پیرەمێردەکان کەسێکی دەوێ ڕیخۆڵەی نەبێت، بۆ ئەم ئەرکە ئیمانییە من و سەعەیان هەڵبژارد سبەینەی ڕۆژی دواتر عەبدوڵڵا گوێ بەگوارە هەستایە سەر پەیدان و ئێمەش بەدوایدا ئەوەی باش بوو زوو زوو تایمی سوکانی پایسکلەکەی تێک دەچوو کە ئێمە بە هەناسەی سوارەوە پێمان وابوو بەهۆی گوناهە زۆرەکانیەتی جارجارەش بە پێکەنینەوە دەمانگوت نا ئەوە بەهۆی کێشی زیادەی گوارە و پرچە درێژەکەیەتی، ئەو کافرە ناچاربوو بوەستی و دابەزێ تایەکە بخاتە ناو لینگییەوە و تایمی سوکانەکەی بداتەوە دەنا هەر بەڕاستی ڕیخۆڵەی دەپساندین، مردین هەتا گەیشتینە #تەیراوە# دەڕابی دوکانێکی دیوار ڕەشی کردەوە لەبەرامبەریدا خۆمان لەتەنیشت ئەو عارەبانەیە شاردەوە کە لۆبیا و نۆکی دەفرۆشت، دنیایەک زۆپا و پرێمز و غازی سێ پایە و تەباخی بچووکی فتیلەدار لە دوکانە تاریکەکەیدا بەسەریەکدا هەڵچنرابوون بە خەتێکی جوان لەسەر کارتۆنێکی هەڵواسراوی سەر دیوار نووسرابوو (بۆ چاککردنەوەی هەموو زۆپا و تەباخێک بەتەنها چاککردنەوەی پرێمز بەخۆڕاییە) هاتە بەردەم دوکانەکە و بە دەنگێکی خۆش کە یەکەمجار بوو بیبیستین بانگی کردین: وەرن.. ویستمان ڕاکەین و گوتی: دەڵێم وەرن، بە لەرزەوە لەو پیاوە پرچ درێژە دەست ڕەشە گوێ بەگوارەیە نزیک بووینەوە نەوێراین بچینە ناوەوە و لەسەر بلۆکە ڕەش هەڵگەڕاوەکانی بەردەم دوکانەکە گڕمۆڵە بووین، سولاحیە ئاوی هێناو بەبێ ئەوەی بزانین لە ترسانە یان هیلاکی ئاومان خواردەوە یەکێک لە تەباخەکانی داگیرساند و قۆرییە بە تەنی و سوتووەکەی چای لەسەر دانا، چووە ئەوبەر لەسەر کاغەزێکدا کە دیاربوو کتێبی پەروەردەی نیشتمانییە هەندێک نۆک و لۆبیای هێنا و لە تەنیشتمان دانیشت، من یەکسەر ئارام بوومەوە کە لەسەر زۆپایەکی شکاودا بینیم کتێبی (احبک والبقیة تاتی)ی نزار قەببانی دانراوە نەشمزانی گوێی لێمە لەبەر خۆمەوە گوتم: ئەوەی شیعری نزار قەببانی بخوات پێویستی بە خواردنی جنۆکان نییە، تەماشای کردم و گوتی چما دەڵێن خواردنی جنۆکەکان دەخۆم؟! دەرکەوت نەک هەر ئێمەی دیوە بەڵکوو لەبەر خاتری ئێمە زوو زوو وەستاوە لە پاسکلەکەی دابەزیوە، ئیتر لە سەرەتاوە هەموومان بۆ گێڕایەوە هەرچی گوتراوە و هەڵچنراوە، بە خەندەی تاڵی ئەو کەسانەی لە دووریی ڕاهاتوون گوتی: بۆ ئەوەی ئەو هەموو ڕاکردنەی ئەمڕۆتان بەخەسار نەچێت هەندێک نۆک و لۆبیا بخۆن و چایەک بخۆن و بڕۆنەوە بە پلکە نەجاتیش بلێن ئیتر من چیتر نایەمەوە ئەو ژوورە و ئەو یاتاغە کۆنەی تێشیدایە گەردنی ئازاد بێت، بۆ کرێی پاس یەکەو درهەمێکی خستە ناو لەپمانەوە ویستمان قسەیەک بکەین پەنجەی شەیەتمانەی لەسەر دەم دانا، ڕۆیشتین یەکدوو هەنگاو و ئاوڕم دایەوە و پرسیم: لەبەر خاتری هیلاکیمان نا لە بەر خاتری کتێبی (احبک والبقیة تاتی) پێمان بڵێ ئەو گوارەیە چییە؟! بە دەنگی مرۆڤێک کە تا ئەم ساتە لەو مرۆڤترم نەدیوە، گوتی: $گوارەی خێزانەکەمە بە پرێمز سووتا.$
[1]